دەوڵەت لە دهوره شۆڕشگێڕانهکاندا - ١
تیۆرى مارکسیستیى دەوڵەت و "دهورهکانی گوزار"
ئێستا ئیتر هەمووان دەزانن کە لە ڕوانگهى مارکسیزمەوە دهوڵهت ئامرازى دهسهڵاتداریی چینایەتیی چینێکە کە لە بارى ئابوورییەوە زاڵه. دهوڵهت ئامرازێکە بۆ لەزنجیردا بەستنەوەى چینە ستەملێکراو و چەوساوەکان و بۆ پاراستنى پهیوهندییهکانی خاوهندارێتی و بەرهەمهێنانى مەوجوود لە چنگ پەلامارى چینە بندەستەکان. لێنین لە کتێبى "دەوڵەت و شۆڕش"دا سەرەتا بە هێنانەوەى گەلێک نموونەى ڕاستەوخۆ لە نووسراوەکانى مارکس و ئهنگڵس، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چلۆن بە پێچەوانەى ئەو خۆشباوەڕییهی کە بۆرژوازى ڕەواجى پێ دەدا، دەوڵەت دیاردەیەکى سەرووچینایەتى و بانتر لە کۆمەڵ نییە کە گوایە پهیوهندییهکانی چینایەتى "هاوئاهەنگ" دەکا، یان نوێنەرایەتی "بەرژەوەندیی گشتى" دەکا. دەوڵەت، بە پێچەوانەى هەموو ئەو بۆچوونانەى کە لە کۆمەڵى بۆرژواییدا باون، نوێنەر و پارێزهرى قازانج و بەرژەوەندێکى چینایەتیى دیاریکراوە، یانى نوێنەر و پارێزەرى قازانج و بەرژەوەندیی چینێکە کە لە بارى ئابوورییەوە زاڵە. سەرهەڵدانى دەوڵەت لە بنەڕەتەوە لەگەڵ سەرهەڵدانى چەوسانەوە و دابەشبوونى چینایەتیی کۆمەڵ و سەرهەڵدانى دژایەتى و خەباتى چینایەتى هاوکات بووە.
هەر وەکوو باسم کرد، ئەم خاڵانە ئیتر ئەمڕۆ گەلێک ڕوونن و من زۆر لەسەر ڕوونکردنەوەى زیاتریان ناڕۆم، بەتایبەت چونکه لێرەدا باسەکەى من هەر لە بنەڕەتەوه ڕەخنەیەکە بەرانبەر بە تەعمیمدان و هەمەکیکردنى ئەم پێناسانە بە شێوەیهکی میکانیکى و کڵێشەیی و جێبهجێکردنیان بەسەر هەموو سات و کاتێکى پرۆسەى گەشە و هەڵدانى مێژوویی کۆمەڵدا و بەتایبەت لە "دهوره شۆڕشگێڕانهکاندا".
هەر لە سەرەتاوە دیارە، کە ئەو پێناسە مارکسیستییانەى دەوڵەت کە لەسەرەوە باسیان کرا، لە ڕاستیدا کارکردنى ئاسایی کۆمەڵیان لەبەرچاوه. ئەم پێناسه و لێکدانەوەیهی دەوڵەت لە بار و دۆخى "ئاسایی" کۆمەڵایەتیدایە، یانى لە دهورانێکدا کۆمەڵ تووشى ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانە نەهاتووە. ئەوە بیر دەخەمەوە کە ماتهریالیزمى مێژوویی کۆکراوەى ژمارەیی پێنج وێنەى ئیستاتیک لە پێنج شێوەى بەرهەمهێنانى "ئاسایی" (کۆمۆنى سەرەتایی، کۆیلایهتی، فیۆدالیزم، سەرمایەدارى و کۆمۆنیزم) نییە. لە ڕاستیدا ئەمە لهقەوارەخستنى ماتهریالیزمى مێژوویی لە لایەن ڕیڤیژینیستەکانەوە بە شێوەیەکى میکانیکییه. ماتهریالیزمى مێژوویی مارکس تەنیا بەیانى شێوە جۆراوجۆرەکانى بەرهەمهێنان و ڕاگەیاندنى جێگۆڕکێى ئەم شێوە جۆراوجۆرانە لە ڕەوتێکى زنجیرە ئاسایی مێژووییدا نییە، بەڵکوو دینامیزمى ئەو ڕەوتى گۆڕانە و تایبەتمەندییەکانى دهورانی گۆڕانکاریش دەگرێتەبەر و ڕوونیان دەکاتەوە. ئەم شێوە جۆراوجۆرانەى بەرهەمهێنان چلۆن و لە چ پرۆسەیەکدا جێگۆڕگێ دەکەن؟ ئەگەر ئەم دینامیزمە لەبەرچاو بگرین، ئەو کاته دەبینین کە بەشێکى سەرەکى لە شیکردنهوهی ماتهریالیستییانەى مێژوو بریتییە لە ناسینى تایبەتمەندییەکانى دهورهکانی گوزار و دهورهکانی گۆڕان، لەنێو ئەو پەیوەندى و پهیوهندییهکانی بەرهەمهێنانەدا کە هەر کامیان لە سەردەمێکى دوورودرێژدا شکڵى ئاسایی و شیاوى بەرهەمهاتنەوەى هەڵسووڕانى ئابوورى و زیانى کۆمەڵایەتیى مرۆڤیان پێک هێناوە. بە وتەیەکى تر شێوەکانى بەرهەمهێنان لەناکاو و دەستبەجێ جێگۆڕکێ ناکەن. نە فیۆدالیزم لەناکاو جێگاى خۆى بە سەرمایەدارى داوه و کۆمۆنیزم دەسبەجێ جێگاى سەرمایەدارى دەگرێتەوە. لێکدانەوەى دهورهکانی گوزار و ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵدا، بەشێکە لە ڕوانینى ماتهریالیستى بۆ مێژوو هەر وەک چۆن لێکدانەوەى شکڵە ئاسایییەکانى بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەى ژیانى کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، بەشێکە لە ڕوانینى ماتهریالیستى بۆ مێژوو. مارکس لە "سهرهتای ڕەخنەى ئابووریی سیاسی"دا بە ڕوونى باسى ئەم مەسەلەیە دەکا:
"هێزە بەرهەمهێنەرە ماددییەکانى کۆمەڵ لە قۆناغێکى دیاریکراوى گەشە و هەڵدانى خۆیاندا لەگەڵ پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانى مەوجوود، وە یان بە وتەیەکى تر (کە هەر بەیانە حوقووقییەکەیەتى) لەگەڵ پهیوهندییهکانی خاوهندارێتی کە ئەو هێزانەی پێشوو، لە چوارچێوەیدا هەڵسووڕاون، دەکەوێتە ناکۆکییەوە. ئەم (پەیوەند و پهیوهندییه مەوجوودە) کە پتر چوارچێوەکە بووە، بۆ گهشەپێدانى هێزە بەرهەمهێنەرەکان، ئیتر دەبنە کۆسپێک لەسەر ڕێگایان. ئەو کاته دەورەیەک لە شۆڕشى کۆمەڵایەتى دەسپێ دەکا".
دواتر ئاماژه بەوە دەکەم کە بەدرێژایی ئەم باسە، من چهمکی "دهورەکانى شۆڕشگێڕانه" بە مانایەکى بەرتەسکتر لە گشت دەورەى ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانەى کۆمەڵ، یانى ئەو دهورهی گوزارهی کە مارکس ئاماژهی پێ دەکا، بەکار دێنم، بەڵام با جارێ هەر ئەو مانا بەرینەى ئەم دهستهواژهیە لەبەرچاو بگرین و دیسانەوە بچینەوە سەر ئەو فۆرموولەیهی که دەوڵەتى پێناسه کرد. ئایا ئەم پێناسهیه دەتوانێ هەر بەم شێوەیهی ئێستاى، بۆ ناساندنى خەسڵەت و ناوەڕۆکى دەوڵەتەکان (هەر دەوڵەتێک) بەدرێژایی ئەم دهورانی گوزارى شۆڕشگێڕانەیە بەکار بهێنرێ؟ بە وتەیەکى تر ئایا ئەو فۆرموولەیه کە دەڵێ "دەوڵەت ئامرازى چینێکە کە لە بارى ئابوورییەوە زاڵە" لەگەڵ تایبەتییەکانى دهورەکانى گوزارى شۆڕشگێڕانە دێتەوە؟ وەکوو حوکمێکى پێویست نا! هەڵوێستى ئانارشیستەکان بەرانبەر بە دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا و هەروەها هەڵوێستى هى وەکوو یهکێتیی کۆمۆنیستى بەرانبەر بە دهستهواژهی کۆمارى شۆڕشگێڕ، چەند نموونەیەکى زیندوون لە داماویی تیۆرى ئەو کەسانە کە لە هەڵوێستى مارکسیستى بەرانبەر بە دەوڵەت هەر ئەو فۆرموولە فێر بوون و لە هەموو هەلومەرجێکدا دووپاتى دەکەنەوە.
بۆ نموونە، دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا دەوڵەتێکى دهورانی تێپەڕبوونە. بەڵام ئایا دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا دەوڵەتى چینێکە کە لە بارى ئابوورییەوە زاڵە؟ دیارە وا نییە. بەڵکوو دەوڵەتى چینێکە کە لە دژى ئەو چینە چەوسێنەرەى وا بەسەر بەرهەمهێناندا زاڵە ڕاپەڕیوە. دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا لە سەرەتاوە پشت بە ئابووریى مەوجوودى کۆمەڵ نابەستێ، نوێنەرى چینێک نییە کە لە بارى ئابوورییەوە بەسەر چینەکانى تردا زاڵە. ڕێک بە پێچەوانەوە، دەوڵەتێکە لە دژى ئابووریى مەوجوود. لە ڕاستیدا ئەم دەوڵەتە هەرگیز ناتوانێ تەنانەت لە داهاتووى خۆیشیدا، ببێتە ئامرازى دەسەڵاتدارێتى چینێک لە پهیوهندییهکی ئابووریی چینایەتیدا. شۆڕشى سۆسیالیستى، شۆڕشێکە لەدژى خودی خەسڵەتى چینایەتیی کۆمەڵ و خاوهندارێتی تایبهتى بەسەر ئامرازەکانى بەرهەمهێناندا و لەدژى خودی چەوساندنەوەى چینایەتییە. ئەو ئابوورییە نوێیەى کە بەرهەمى ئەو شۆڕشەیە، لەگەڵ لەناوچوونى فەلسەفەى بوون و مەوجوودییەتى دەوڵەت بەگشتى هاوتایه. شۆڕشى سۆسیالیستى، شۆڕشێکە کە هاوکات لەگەڵ لەناوبردنى دابەشبوونى چینایەتیی کۆمەڵ، دەوڵەتیش بەرەو نەمان دەبا.
بەڵام ئەگەر دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا ئامرازى پاراستنى ئەو پهیوهندییه بەرهەمهێنانە چینایەتییە نییە کە هەر ئێستا هەیە، ئەگەر بڕیار وا نییە، کە ئەو دیکتاتۆرییە سهرخانی سیاسی لەبار بێ بۆ خاوهندارێتی چینێک بەسەر ئامرازەکانى بەرهەمهێناندا، کەوایە فەلسەفەى بوونى چییە؟ یان بە وتەیەکى تر "لێکدانەوەى مارکسیستى"ى دەوڵەت چلۆن دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا لێک دهداتهوه؟
بەشێکى گرنگ لە کتێبى "دەوڵەت و شۆڕش"ى لێنین بۆ کێشە لەگەڵ ئەو بۆچوونە ئانارشیستییانەى کە بە چاوێکى میکانیکى و میتافیزیکى دەڕواننە بزووتنهوهی مێژوویی کۆمەڵ تهرخان کراوه، وە ناتوانن تێگەیشتنى خۆیان لە مەسەلەى دەوڵەت لە ئاستى تێگەیشتنیان لە "دەوڵەتی ئاسایی" واوەتر بەرن و بەم جۆرە لە دژى دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا هەڵدەستن. ئەگەر شۆڕشى سۆسیالیستى لەگەڵ توانەوەى چینەکان هاوتایه، کهواته توانەوەى دەوڵەتیش، کەوایە لەو نێوەدا دەوڵەتى دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا چ کارەیە؟ لێرەدا لێنین "لایەنێکى ترى"ى تیۆرى مارکسیستى دەوڵەت شى دەکاتەوە. دەوڵەتى دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا نەک لە "ئابوورى" لە خودی خۆیدا، بەڵکوو لە سیاسەت و لە خەباتى چینایەتییەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەوە تهوهری لێکدانەوەى مارکسیستى دەوڵەتە لە دهورە گوزاره شۆڕشگێڕانەکاندا:
"لە مانیفێستى کۆمۆنیستدا پوختەیەک لە مێژوو نیشان دەدرێ کە مرۆڤ وا لێ دەکا، کە دەوڵەت وەکوو ئۆرگانى دەسەڵاتدارەتى چینایەتى چاولێ بکا و ئەمە ناچار ئێمه بەو ئاکامە دەگەیهنێ کە پرۆلیتاریا ناتوانێ بۆرژوازى بڕوخێنێ، مەگەر پێش هەموو شتێک دەسەڵاتى سیاسی بەدەس بێنێ، سەروەریی سیاسی بەدەس بێنێ و دەوڵەت بکاتە "پرۆلیتاریای ڕێکخراو وەک چینى دەسەڵاتدار" وە ئەم دەوڵەتە پرۆلیتێرییە پاش سەرکەوتن دەسبەجێ ڕێگاى توانەوە دەگرێتە پێش، چونکه لە کۆمەڵێکدا کە دژایەتیى چینایەتى نەمابێ، دەوڵەت پێویست ناکا و ناتوانێ هەبێ. لێرەدا باسى ئەم مەسەلەیە نەکراوە کە لە ڕوانگەى پهرهسهندنی مێژوویییەوە دەوڵەتى پرۆلیتێرى چلۆن جێگاى دەوڵەتى بۆرژوایی دەگرێتەوە." (دهوڵهت و شۆڕش، بهرگی ٢٥، تێکڕای ئاسارهکان به ئینگلیزی، ل٤١١)
لێرەدا لێنین سەرنج دەداتە ئەو قۆناغە لە مێژووی کۆمەڵى مرۆڤ کە لە "پوختەیەکى گشتى"ى مێژوودا تەنیا وەک "خاڵ"ێک، وەک شوێنى پێکگەیشتنەوەى دوو نیزام، وەک ئەو بوارە زەمانییەى کە تێیدا دوو دەوڵەت جێگۆڕکێ دەکەن، بەرچاو دەکەوێ. ئەمە هەمان دهورهی گوزارە. ئەمە دهورهیهکى زۆر گرنگە لە ئاڵوگۆڕى مێژووییدا. لەم دهورهیهدا، یانى لە ماوەى پرۆسەیەکى کەم تا زۆر درێژخایەنى جێگۆڕکێی دوو نیزامدا، لەو جێگایەدا کە یەکێکیان تووشى ئاڵوگۆڕ بووە و ئەوى تریان هێشتا دانەمەزراوە، دەوڵەت چ دیاردەیەکە؟ ئەمە ئەو لایەنەى تیۆرى مارکسیستیی دەوڵەتە کە لە دەزگاى میکانیکیی ڕیڤیژینیزم و هەر بەم پێیە بەشى هەرە زۆرى چەپى ئێراندا، لەبیر دەچێتەوە:
"تەنیا ئەو کەسەى پهی بە جەوهەرى ئامۆژگارییەکانى مارکس بردووە، کە تێگەیشتنى دیکتاتۆریى تاقە چینێک نەک تەنیا بۆ هەموو جۆرە کۆمەڵگایەکى چینایەتى بەگشتى، ... بەڵکوو بۆ سەردەمێکى مێژوویی کامڵیش کە سەرمایەدارى لە "کۆمەڵگاى بێ چین"، یانی لە کۆمۆنیزم، جیا دەکاتەوە، پێویستە. شکڵ و قەوارەى دەوڵەتە بۆرژوایییەکان ئێجگار جۆراوجۆرە، بەڵام هەمووان یەک ناوەڕۆکیان هەیە. شکڵ و قەوارەى ئەم دەوڵەتانە هەرچى بێ، لە ناوەڕۆکدا حەتمەن هەموویان دیکتاتۆریى بۆرژوایین. دهورهی گوزار لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم بێگومان گەلێک شکڵى سیاسی جۆراوجۆر بەخۆ دەگرێ، بەڵام هەموویان یەک ناوەڕۆکیان دەبێ، کە ئەویش دیکتاتۆریى پرۆلیتاریایە". (هەمان سەرچاوە، لاپەڕه ٤١٨، تەئکید هى دەقى ئەسڵییە)
دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا دەوڵەتێکە لەگەڵ ئەم "دهورە مێژوویی"یه دیاریکراوە، یانى لەگەڵ دهورهى گوزارى شۆڕشگێڕانەدا دەگونجێ. دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا دەوڵەتێکە لە دژى ئابووریى سەرمایەدارى و لە هەمان کاتدا دەوڵەتێک نییە کە لەگەڵ ئابووریى کۆمۆنیستى بێتەوە. چونکه ئەو ئابوورییە نوێیه پشتى بە دابەشکردنى چینایەتى نەبەستووە و بەم بۆنەیهوە پێویستى بە دەوڵەت وەک هێزێکى زەبروزەنگنواندن نییە. ئەو دەوڵەتە، دەوڵەتێکە کە لە مەوداى نێوان ئەو دوو "ئابوورى"یەدایە و بەم بۆنەیهوە پێداویستى و فەلسەفەى وجوود و کاراکتهری خۆى ڕاستەوخۆ نەک لە ئابوورى و ژێرخانى ئابوورى، بەڵکوو لە شوێنێکى تر هەڵدێنجێ: لە شۆڕش، لە خەباتى چینایەتى کە بەدرێژایی دەورەى ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانە دەبێتە مەیدانى سەرەکى و چارەنووسسازى پهیوهندیی چینە کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بە یەکتر. دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا، خۆى دیکتاتۆرییەکە، بەڵام نەک بۆ پاراستنى ئەو پەیوەندییه بەرهەمهێنانە، ئەو پەیوەندییه چینایەتییە دیاریکراوە کە مەوجوودە، بەڵکوو بۆ تێکشکاندنى بهرگرییهک کە لەبەرانبەر گۆڕانى شۆڕشگێڕانەى ئەم پەیوەندییانەدا دەکرێ:
"دەوڵەت هێزى تایبەتیی سەرکوت"ه ... بەڵام لەم پێناسهیه ئەوە دەردەکەوێ "هێزى تایبەت بۆ سەرکوتى" پرۆلیتاریا لە لایەن بۆرژوازییەوە، سەرکوتى ملیۆن ڕەنجدەر لە لایەن تاقمێک دەوڵەمەندەوە، دەبێ جێگاى خۆى بداتە "هێزى تایبەت بۆ سەرکوتى" بۆرژوازى لە لایەن پرۆلیتاریاوە (یانى دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا ). مانای "فەوتان و لەناوچوونى دەوڵەت وەک دەوڵەت"یش هەر لەم مەسەلەیەدایە. ماناى "هەنگاوههڵگرتن" بۆ بهدەسهێنانى ئامرازى بەرهەمهێنان بەناوى کۆمەڵەوە، هەر لەوەدا ئیتر ئەوە ڕوونە کە ئەم جۆرە جێگۆڕکێیەى "هێزێکى تایبەت" (بۆرژوایی) لە گەڵ "هێزێکى تایبەت"ى تر (پرۆلیتاریا) بە هیچ جۆرێک ناتوانێ لە ڕێگاى توانەوە سەربگرێ". (هەمان سەرچاوە، لاپەڕه ٤٠٢)
"دەوڵەت ڕێکخراوى تایبەتى زهبروزهنگه. ... دەوڵەت ڕێکخراوی زهبروزهنگنواندنە بۆ سەرکوتى چینێکى دیاریکراو. بەڵام پرۆلیتاریا دەبێ کامە چین سەرکوت بکا. ڕوونە کە تەنیا چینى چەوسێنەر، یانی بۆرژوازى. زەحمەتکێشان دەوڵەتیان تەنیا بۆ سەرکوتکردنى بهرگریی چەوسێنەران پێویستە و تەنیا پرۆلیتاریایە کە دەتوانێ ئەم سەرکوتە بەرەو پێش بەرێ و جێبهجێ بکا". (هەمان سەرچاوە، لاپەڕه ٤٠٧)
لێرەدا لەگەڵ چهمکێکی گشتیترى دهستهواژهی دەوڵەت بەرەو ڕووین، چهمکێک کە له هەمان کاتدا سادەتر و هەمە لایەنەترە. دەوڵەت "هێزى تایبەتیی زەبروزەنگە" بۆ سەرکوتى چینایەتى. ئهمه خهسڵهتی هاوبەشى هەموو چەشنە دەوڵەتێکە. چ دەوڵەتى ئاسایی و چ دەوڵەتى دهورهى گوزار. لە هەلومەرجى ئاساییدا کە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەى ژیانى کۆمەڵایەتى لە چوارچێوەى پەیوەندییهکى دیاریکراوى بەرهەمهێناندایە، یان بە وتەیەکى سادەتر "ئابوورى" تهوهری دیاریکەرە لە پهیوهندی و کار و کاردانەوەى چینە کۆمەڵایەتییەکان لەبەرانبەر یەکتردا، دەوڵەت دەورى سەرکوتگەرانەى خۆى لە بنەڕەتەوە لە پەیوەند لەگەڵ پاراستنى ئەو پهیوهندییه بەرهەمهێنانە مەوجوودەدا دەبینێ، کە لە خزمەت چینێکدایە کە لەبارى ئابوورییەوە زاڵە. بەڵام لە دهورانى گوزاردایە و ئیتر توخمێکی دیاریکەر لە لێکدانەوەى دەوڵەتدا نییە، چونکه ناکۆکیی پهیوهندییهکانی ئابوورى مەوجوود، خۆیان لە پهیوهندییهکانی نێوان چینەکاندا هۆیەکى تازەیان هێناوەتە گۆڕ کە هەموو شتێکى خستووەتە ژێر کاریگهریی خۆیەوە، یانى شۆڕش و کێشەى نێوان شۆڕش و دژى شۆڕش. لێرەدا دەوڵەت ئامرازى یەکلاکردنەوەى ئەم مەسەلەیەیە. دەوڵەت لە دهورهى گوزاردا تا ئەو جێگایە وەک دەوڵەت کار دەکا، کە وەک ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەى ئەم مەسەلەیە، یانى شۆڕش بە کهڵک بێ. لێرەدا ئیتر دەوڵەت ڕاستەوخۆ ئامرازێکى سیاسی بۆ پاراستنى دەسەڵاتى ئابوورى نییە، بەڵکوو ئامرازێکى سیاسییە بۆ پاراستن، یان سەقامگیرکردنى دەسەڵاتى سیاسی. ئەگەر لە بوارى مێژووییدا دەوڵەت لەگەڵ پەیدابوونى زێدەبهرههم و چەوساندنەوە شکڵى گرت، ئەگەر لە کۆمەڵى ئاساییدا، لە کۆمەڵێکدا کە لە "حاڵى بەرهەمهێنان"دایە، دەوڵەت زامنى دەسەڵاتى ئابوورییە، لە دەورەى گوزاردا، دەوڵەت ئیتر ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە خودى خەباتى چینایەتییەوە هەیە، خەباتێک کە تا ڕادەى شۆڕشێک پەرەى ئەستاندووە. لێنین بۆ ڕوونکردنەوەى پێویستیی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا بە باشى ئەم خاڵە شى دەکاتەوە:
"تیۆرى خەباتى چینایەتى، کاتێک لە لایەن مارکسەوە سەبارەت بە دەوڵەت و شۆڕشى سۆسیالیستى بەدەستەوە دەگیرێ، بەبێ ئەملا و ئەولا دەسەڵاتى سیاسیی پرۆلیتاریا، یانى دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا دەسەلمێنێ ... بۆرژوازى تەنیا ئەو کاتە دەڕووخێندرێ کە پرۆلیتاریا ببێتە ئەو چینە دەسەڵاتدارە کە بتوانێ بهرههڵستی چارهەڵنەگر و تا دواهەناسەى بۆرژوازى تێک بشکێنێ و هەموو کۆمەڵانى زەحمەتکێش و چەوساوە بۆ سیستهمێکى ئابووریى نوێ ڕێک بخا". (هەمان سەرچاوە، لاپەڕه ٤٠٩)
ئۆپۆرتیۆنیستەکان و ئانارشیستەکان هەردووکیان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە شۆڕشى پرۆلیتێرى لەگەڵ دامەزراندنى دەوڵەتى دیکتاتۆرى ناکۆکى و دژایەتییان هەیە. بۆ یەکێکیان شۆڕشى پرۆلیتێرى دەبوایە موژدەدەرى "دیموکراسى و کۆتاییهێنان بە هەر چەشنە دیکتاتۆرییەک بێ، بۆ ئەوهى تریان شۆڕشى پرۆلیتێرى لەگەڵ توانەوەى دەوڵەتدا هاوتا بوو. هیچ کام لەم دوو ڕهوتانە نهیان دهتوانی لە تایبەتمەندییەکانى دهورهى شۆڕشگێڕانه، دهورهى گوزار و خەسڵەتى دەوڵەت لەم دهورهیەدا تێبگەن. لێنین بە ڕوونى نیشانی دەدا کە دەوڵەتى دهورهى گوزارى شۆڕشگێڕانە ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە خودى شۆڕشەوە هەیە، یانى پەیوەندى بە ڕووداوێکەوە هەیە کە مرۆڤەکان لە شوێنى ڕۆتین و هەمیشەیی ئابوورییان و لەو پەیوەندە هەمیشەیی و بەردەوامەى کە لە بەرهەمهێنانى کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ یەکتر هەیانە، بە شێوەیەکى "کاتى" جیا دەکاتەوە و دەیانخاتە بەرەنگارییەکى ڕوون و توندوتیژهوه. لە دهورهى شۆڕشگێڕانهدا، دەوڵەت، یان ئامرازى بەرەو پێشبردن، یان ئامرازى وەستاندنى شۆڕشە. دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا پێویستە، بەڵام نەک لەبەر ئەوەى پەیوەندییهکی تازهی بەرهەمهێنان پێک هاتووە و ئەم پەیوەندییە تازەیە پێویستى به سهرخانێکى سیاسی و گونجاو لەگەڵ خۆیدا ههیه، وە بەم بۆنەیهوە پێویستى بە دەوڵەتێکى گونجاو لەگەڵ خۆیدا ههیه، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە بۆرژوازى هەتا دواهەناسە بهرههڵستی دەکا. دەوڵەت ئێستا ئیتر وەک حیزب، وەک سوپای شۆڕشگێڕ و میللیی جەماوەرى، ئامرازێکە بۆ بەرەو پێشبردنى خەباتى شۆڕشگێڕانە و گۆڕینى سەنگ و سووکى هێزە سیاسییەکان. ئیتر تایبهتمهندیی "دەوڵەتى ئاسایی" بۆ وەسفکردنى دەوڵەتى دهورهى گوزار لەبار نییە. ئەو حوکمە چ بۆ دەوڵەتى چینە شۆڕشگێڕەکان و چ بۆ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانى بۆرژوازى ڕاستە.
بەشە جۆراوجۆرەکانى چەپى ئێران، بەدرێژایی شۆڕشى ساڵى ٧٩ و تەنانەت ئەمڕۆش لە لێکدانەوەکانیاندا سەبارەت بە دەوڵەتى بۆرژوایی دەسەڵاتدار نیشانیان داوە کە ناتوانن لەم حاڵە تێبگەن. ئەوان پێیان وا بوو، بۆئەوەى هەڵوێستێکى "مارکسیستى" بەرانبەر بە کۆمارى ئیسلامى وهرگرن، دەبێ "پایهگاى ئابووریى تایبەت"ى بەم ڕژێمە، شى بکرێتەوە و بینیمان کە چلۆن ئەم "مارکسیزم"ە ناتەواوه ئاکادیمیکە بۆ ناسینى دەوڵەتى کۆمارى ئیسلامى هەر جارە پەنجە بۆ یەکێک لە توێژە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە "بۆرژوازیى سەوداگەر"، "وردەبۆرژوازى باو"، "پاشماوەى دەرەبەگایەتى" و شتى لەم چەشنە ڕادەکێشێ و سەنگ و سووکیان دەکا. دەوڵەتى کۆمارى ئیسلامى وەک دەوڵەتى بۆرژوازى لە دهورهى شۆڕشگێڕانه"دا، یانى وەک دەوڵەتێکى بۆرژوایی کە لە دژى شۆڕش خۆى ڕێک خستووە، هاتبووە مەیدانەوە، هەتا کارى شۆڕش یەکلا بکاتەوە و چەپى ئێران چاوى لەم ناوەڕۆکە بەئاشکرا بۆرژوایییەى دەوڵەت دەپۆشێ و بۆ ڕوونکردنەوە و ناسینى کاراکتهر و جەوهەرى چینایەتى و کارکردى سیاسیی دەوڵەت، ئابوورییە "لاوهکی"یەکانى کۆمەڵى دەپشکنى. ئێمە وتمان ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکى بۆرژوا-ئیمپریالیستییە، چونکه لە شۆڕشى ٧٩دا ئامرازێکى چارەنووسساز بوو بەدەست گشت بۆرژوازییەوە. چەپى ئێران ئەم "چەپڕەوى"یەى ئێمەى لەدڵ گران هات. وە سەرەڕاى ئەوە، چەند ساڵ دواتر کاتێک بەرینایی کوشتار و سەرکوت بە ڕادەیەک گەیشت کە بە هەر حاڵ کەسانى تریش حازر بن بە کۆمارى ئیسلامى بڵێن بۆرژوایی. دیسانەوە ڕەخنەیان لە ئێمە گرت کە بۆچى خەسڵەتى بۆرژوایی کۆمارى ئیسلامیمان تەنیا لە ڕووى "سیاسەت"ەوە دەرکێشاوە و به وێنهی ڕێکخراوى سیاسیی "سەرمایەى مۆنۆپۆڵی" ڕیسوامان نهکردووه! لە هەردوو حاڵەتەکەدا، تێڕوانینی دەوڵەت لە ڕووى "ئابوورى"یەوە، بنهمای بیروبۆچوونى چەپى ئێرانە. لە حاڵێکدا دەوڵەت لە دهورهى شۆڕشگێڕانهدا بەدەست بۆرژوازییەوە ئامرازى ڕێکخەر و ڕابەرى دژى شۆڕشه و بەدەست پرۆلیتاریاوە ئامرازێکى پێویستە بۆ ڕێکخستن و بەرەو پێشبردنى شۆڕش. "ئابوورى" دەبێ چاوەڕوانى یەکلابوونەوەى شۆڕش بێت. ئەو کەسەى کە پەى بە "جەوهەرى تیۆرى مارکسیستیی دەوڵەت" بردبێ، دەبێ لە پەیوەندى ڕاستەوخۆى نێوان دەوڵەت و خەباتى ئاشکرای چینایەتى تێبگات. لەو دهورانهدا خۆنووسان بە "ئابوورى"یهوە، ئیتر بە ئاشکرا مرۆڤ لە مارکسیزم دوور دەکاتەوە.
نموونەیەکى ترى تێگەیشتنى میکانیکییانە و ئابووریخوازانە، شێوەى هەڵوێستى "یهکێتیی کۆمۆنیستى"یە بەرانبەر بە دەوڵەتى دیموکراتیکى شۆڕشگێڕ (چ لە ڕوانگەى ئێمەوە و چ لە هەڵوێستەکانى لێنین لە ساڵى ١٩٠٥دا)، لە لاى ئەوان لەبەر ئەوەى "دەوڵەت ئامرازى چینێکە کە لە بارى ئابوورییەوە دەسەڵاتى هەیە"، کەوایە دەوڵەتى دیموکراتیکى شۆڕشگێڕ ئۆتۆپیایە، چونکه ئەگەر ئابووریی سەرمایەداری بێت، ئەو دەوڵەتە بە ناچار دەبێتە ئامرازى ئەو چینەى کە لە بارى ئابوورییەوە "زاڵ"ه، وە ئەگەر ئابووریى سەرمایەدارى نەبێ، پێویستە شۆڕشێکى سۆسیالیستى بکرێ و بەم جۆرە دەوڵەتى دیموکراتیک پێویستیی بوونى خۆى لەدەست دەدا. لە ڕووى ئەو هەڵوێستەوەیە کە شۆڕشى دیموکراتیک و دەوڵەتى شۆڕشگێڕ دەدەنە بەر پەلامار و وایان پێ باشە هەتا ئەو کاتەى ئابووریی سەرمایەدارى بێ لە ئۆپۆزیسیۆندا بمێننەوە، وە هێرش دەبەنە سەر لێنین کە بۆچی باسى دیکتاتۆریى دیموکراتیکى کرێکاران و جووتیارانى کردووە. دیکتاتۆریى دوو چین ئیمکانى نییە، چونکه بە هەر حاڵ "ئابوورى"ى چینێک خهسڵهتی دهوڵهت دیارى دەکا! ئەوە داماوییە لە حاست تێگهیشتنى چهمکى دهوڵهت لە دهورەکانى شۆڕشگێڕانهدا.
به ههر حاڵ له درێژهی باسەکەدا زیاتر لەم حاڵهتە ورد دەبینەوە. لەم پێشەکییەدا پێویست بوو ئەم بابەتانە ڕوون بکەینەوە کە...
یەکەم ماتهریالیزمى مێژوویی تەنیا بە ماناى زانینى جۆربهجۆربوونى شێوهکانی بەرهەمهێنان، قانوونەکانى کارکردیان و یەک لەدوای یەکهاتنى مێژوویییان نییە. بهشێکی گرنگ لە ماتهریالیزمى مێژوویی بە تایبەت ئەو بەشە کە بە لاى توخمى شۆڕشگێڕەوە لەبارى عەمەلییەوە گرنگتر و چارەنووسسازترە، لێکدانهوهى دهورەکانى گوزاری شۆڕشگێڕانەیە کە دەکەوتە نێوان شێوهکانی بەرهەمهێنانەوە، باسى سەرپاکى ئەو دهورانەى شۆڕشە کە بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە بناغەیییە پێویستە. دهورانێک کە تێیدا مرۆڤەکان بە دهسهڵاتێکى زۆرتر لە جارانەوە بۆ دیاریکردنى چارەنووسى خۆیان دێنە مەیدان. ئەم بەشەى ماتهریالیزمى مێژوویی کە زۆربهى نووسراوە سیاسییەکانى مارکس، ئهنگڵس و لێنین بۆ شیکردنەوەى ئهوانه تەرخان کراون، گهلێک جار لەتویێ ئەو چوارچێوەسازییه ڕیڤیژینیستییانەدا کە بۆ "زانستى کۆمهڵ" ساز دهکرێن، دهشاردرێنهوه. ماتهریالیزمى مێژوویی لەدەست ئەمانەدا، هەتا ئاستى کرونۆلۆژییەکى میتافیزیکی شێوهکانی بەرهەمهێنان دێنە خوارەوە.
دووهم: تا ئەو جێگایەى کە پەیوەندى بە مەسەلەى دهوڵهتەوە هەیە، دهورەکانى گوزاری شۆڕشگێڕانە ئێجگار گرنگن و دهورێکی دیاریکەریان هەیە. لێرهدا دهوڵهت ڕاستهوخۆ دهبێته ئامرازێک بۆ پاراستن، وە یان بۆ بهدستهوهگرتنی دهسهڵاتى سیاسی وەک ئامانجى ڕاستهوخۆ، بۆ لێکدانهوهى دهوڵهت لەم دهورەیهدا ئیتر نابێ بەشى زۆری سەرنج و ڕوانینمان ڕوو بکاته مەیدانى ئابوورى، بهڵکوو دەبێ لە بنەڕەتەوە بڕوانینە مەیدانى خەباتى شۆڕش و دژى شۆڕش. دهوڵهت هۆى پێویستبوون و فەلسەفەى وجوود و بوونى خۆى لەم مەیدانە دهدۆزێتهوه و کاراکتهره چینایەتییەکەى بەو پێوانهیە هەڵدەسەنگێندرێ.
سێیهم: دهوڵهتى دهورهى گوزار و "دهوڵهتى ئاسایی" هەردووکیان لە پێناسهیهکی گشتیدا هاوبەشن. دهوڵهت هێزێکى زهبروزهنگی تایبەتە بو سەرکوتى چینایەتى. دهوڵهتى "ئاسایی"، یانى دهوڵهت لە کۆمهڵگایەکدا کە خەریکى کارکردى "ئاسایی خۆیەتى و تووشى قهیران نههاتووه، ئامرازى ئەو چینەیە کە لە بارى ئابوورییەوە دهسهڵاتدارە و هەر بەم بۆنهیهوه گهلێک تایبەتمەندیی دیاریکراو دەگرێتە خۆى. دهوڵهت لە دهورهى شۆڕشگێڕانهدا وهڵامدهرهوهى مەسەلەى شۆڕشە بەدەست بۆرژوازییەوە وەک ئامرازى ڕێکخستنى هێزی توندوتیژی دژبە شۆڕش، وە بەدەست پرۆلیتاریا و توێژه شۆڕشگێڕەکانەوە وەک ئامرازى ڕێکخستنى هێزی توندوتیژیی شۆڕشە. بە هەر حاڵ لەم دهورهیهدا ئەو دهوڵهتە تایبەتمەندییەکى نوێ پەیدا دەکا و لە هەمان کاتدا بهشێک لە لایەنە ئاسایییەکانى خۆى، یانی ئەو کارکرد و شێوهکانی بوونی خۆی کە لە دەورەى ناقهیرانیدا بوویەتى، لە دەس دەدا.
چوارەم: تیۆرى مارکسیستیی دهوڵهت، تەنیا هەلومەرجى ئاسایی لەبەرچاو ناگرێ، بهڵکوو دەرکێکى ڕۆشن لە دهوڵهت له دهورهی گوزاردا، دهوڵهت له دهورهی شۆڕشگێڕانه بە ماناى بەرینى وشەکە، بەدەستەوە دەدا. هەروەها تیۆرى مارکسیستى دهوڵهت، تواناى ئەوەى هەیە پرۆسهى گۆڕانی دهوڵهتى ئاسایی بۆ دهوڵهتى دەورەى شۆڕشگێڕ و بە پێچهوانهوە لێک بداتەوە و تایبەتییەکانى ئەو پرۆسهیە دەرک بکا. ئەم لایەنەى تیۆرى مارکسیستیی دهوڵهت زۆرتر لهنێو نووسراوە سیاسییەکانى ڕابهرانى مارکسیستدا، یانى لەو نووسراونەدا کە زۆرتر لە جەنگەى هەلومەرجى شۆڕشگێڕانەدا نووسراون دەدۆزرێنەوە.
|