دنیا دوای ١١ی سێپته‌مبه‌ر
به‌شی دووه‌م: "جیهانی شارستانی" له‌كوێدایه
به‌ربه‌رییه‌ت حه‌تمی نییه
جه‌نگی تیرۆریسته‌كان ده‌توانێ سه‌ره‌تای یه‌كێك له خوێناوی‌ترین سه‌رده‌مه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخ بێت. هه‌رئێستاش ملیۆنه‌ها ئینسان هه‌ناسه سوار بووه. به‌ڵام ئه‌م ئاسۆیه حه‌تمی نییه. گۆڕه‌پانه‌كه ته‌نها به دوو لایه‌نی كێشمه‌كێشه‌كه به‌رته‌سك نابێته‌وه. هێزێكی سێیه‌م، دێوێكی نووستوو، له ئارادایه كه ده‌توانێ ئه‌وزاعه‌كه بگۆڕێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م دێوه له‌خه‌و هه‌ستێت، ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌توانێ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی گۆڕانكارییه‌كی ئیجابی‌و وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه بێت له جیهاندا كه مرۆڤایه‌تی له ده‌یه‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا لـێی بێ‌ئومێد ببوو. بوش‌و بلهرو خامه‌نائی، ئهمریكاو ناتۆ‌و ئیسلامی سیاسی، ئه‌وه نازانن كه به‌ڕاستی بهشهرییهتێكی شارستانی، جیهانێكی شارستانی، وجودی هه‌یه كه ره‌نگه له‌م نێوه‌دا له‌خه‌و راپهڕێتو له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگی تیرۆریسته‌كاندا به‌رگری له‌خۆی بكات. سه‌رباری ئه‌م هه‌موو تاریكییه‌و مه‌ترسییه‌ك كه له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌ی خه‌ڵكدا دایان ناوه، سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كه‌م ده‌توانێ سه‌ده‌ی به‌ربه‌رییه‌تی كاپیتالیستی نه‌بێت. ئه‌م رۆژانه، رۆژانێكی چاره‌نووسسازن.
میدیاكان روخساری ئایدۆلۆژی‌و مه‌عنه‌وی راسته‌قینه‌ی جیهان نیشان ناده‌ن. بۆچوونی خۆیان ده‌ڵێن، بۆچوونی زاڵ، بۆچوونی چینی ده‌سه‌ڵاتدار. بۆچوونێك كه به كه‌ڵكیان دێت. میلیتاریزم، تیرۆریزم، راسیزم، نه‌ته‌وه‌په‌رستی، فه‌ناتیزمی دینی‌و سودپه‌رستی، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ههواڵهكاندان، به‌ڵام ئه‌مانه له قوڵایی زه‌ینی زۆربه‌ی خه‌ڵكی سه‌رده‌می ئێمه‌دا جێگه‌یه‌كی مه‌حكه‌میان نییه. سه‌یركردنێكی ساده‌ی جیهان، نیشانی ده‌دات كه جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵكی جیهان له دهوڵهتو میدیاكان چه‌پترن، ئینساندۆستترن، ئاشتیخوازترن، یهكسانیخوازترن، ئازادترن، ئازادیخوازترن. خه‌ڵكی له هه‌ردوو به‌ری ئه‌م كێشمه‌كێشه نهنگینهدا، هیچ ئاره‌زوویه‌كیان له‌وه نییه كه سه‌رانی بۆرژوازی به‌سه‌ر خۆیاندا سوار بكه‌ن. ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای ملهوڕی ئه‌مریكا ده‌ستبه‌جێ بۆی ده‌رئه‌كه‌وێ كه سه‌رباری یه‌كێك له مه‌زنترین تاوانه تیرۆریستییه‌كان، سه‌رباری نمایشی زیندوو‌و لهحزهبهلهحزهی له‌لێدان كه‌وتنی دڵی هه‌زاران ئینسان، سه‌رباری ماتهمیو رقوبێزارییهك كه هه‌ركه‌سێك كه ویژدانی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك نه‌فرۆشتبێ داده‌گرێت، هێشتاش هه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵگای غه‌ربه، هه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌ی كه هه‌موو رۆژێك مێشكی شۆردراوه، هه‌ر ئه‌وانه‌ی كه له‌به‌یانییه‌وه تا ئێواره به راسیزم‌و دژایه‌تیكردنی بێگانه "ده‌رس" ده‌درێن، خوازیاری خۆبواردن، ئینساف، عهدالهتو كاردانه‌وه‌ی ئه‌قڵانی ده‌بن. خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه چ له‌دنیای چه‌په‌ڵی نێو كه‌لله‌سه‌ری خامهنائییهكانو خاتهمییهكانو مه‌لا محه‌مه‌د عومهرهكانو شێخه ورد‌و درشته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیداو، چ له ستۆدیۆ دیلۆكسهكانی سی ئێن ئێن‌و بی بی سیدا ئوممه‌تی موتهعهسبی موسڵمان‌و ئه‌ندامانی "شارستانیه‌تی ئیسلامی" وێنا ده‌كرێن، شانبه‌شانی خه‌ڵكی ئه‌مریكا ماته‌مبار دهبنو ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن. ده‌رك كردنی ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئیسلامی سیاسی بێزارن، ده‌رك كردنی ئه‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆر فراوانی خه‌ڵكی ئه‌وروپای غه‌ربی‌و ئه‌مریكا له‌ده‌ستی ملهوڕییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل وه‌ته‌نگ هاتوونو خۆیان له‌پاڵ خه‌ڵكی مه‌حرومی فه‌له‌ستیندا ده‌بیننه‌وه، ده‌رك كردنی ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه خوازیاری لابردنی گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر عێراقن‌و ده‌توانن خۆیان بخه‌نه جێگای دایك‌و باوكه جه‌رگ سوتاوه‌كانی عێراق كه بێده‌رمانیی مناڵه‌كانیان بۆ باوه‌شی مه‌رگ ده‌بات، ده‌رك كردنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م جه‌ماوه‌ره فراوانه‌ی خه‌ڵكی بهشهرهفو به‌ویژدانی جیهان له‌م شه‌ڕی بۆش‌و بن لادنهدا، ئه‌م دوو دۆسته قهدیمیو دوژمنه‌ی ئه‌مڕۆ، له‌گه‌ڵ هیچیاندا نین، هۆشێكی زۆری ناوێت. ئه‌م به‌شه‌رییه‌ته شارستانییه له‌ژێر كه‌لاوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌و مێشك داشۆرین‌و تۆقاندندا له غهربو شه‌رق بێده‌نگ كراون، به‌ڵام ده‌كرێ به‌ڕۆشنی ئه‌وه ببینرێت كه ئه‌م تهڵهكهبازییانهی قبووڵ نه‌كردووه. ئه‌مه هێزێكی مه‌زنه. ده‌توانێ بێته مه‌یدان. له‌پێناوی ئایندهی به‌شه‌رییه‌تدا ده‌بێ بێته مه‌یدان.
هه‌موو دژواریی كاره‌كه لێره‌دایه. هێنانه مه‌یدانی ئه‌م هێزه مه‌زنه. له جه‌نگی تیرۆریسته‌كاندا جه‌بهه‌كانی شه‌ڕه‌كه دیاری كراوه، ریزه‌كان لێك جیاكراوه‌ته‌وه، سه‌رچاوه‌و هێزه‌كان ئاماده‌كراون، ئه‌مه ڕوبهڕوبوونهوهیهكی عه‌سكه‌ری‌و سیاسی‌و دبلۆماسیی فراوانه، سه‌رباری هه‌موو ناڕۆشنییهكان، به‌ڵام چوارچێوه‌ی فیكری‌و سیاسی ئه‌م جه‌نگه بۆ سه‌رانی هه‌ردوو ئۆردوگاكه رۆشنه. به‌ڵام له جه‌بهه‌ی ئێمه‌دا، له جه‌بهه‌ی ئه‌و بهشهرییهتهدا كه ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م سیناریۆ سامناكه‌دا بوه‌ستێته‌وه، هه‌موو شتێك ناڕۆشنه.
گومان له‌وه‌دا نییه كه ریزی مقاوه‌مه‌ت له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگی تیرۆریسته‌كاندا هه‌ر له‌ئێستاوه له وڵاتانی جۆراوجۆردا پێكهاتووه‌و كه‌وتۆته هه‌ڵسووڕان. به‌ڵام هه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه ئیسلامیستهكانو ئه‌مریكا پێویستیان به تێۆریو ستراتیجێكی رۆشن، به لێكدانه‌وه‌یه‌كی هاوبهشو كارا هه‌یه، ئه‌م بزووتنه‌وه خهڵكییهش پێویستی به ئاڵایه‌كی فیكری‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵه مه‌بادئێكی ستراتیجیی كارا هه‌یه. بزووتنه‌وه سیاسییه جیاوازه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌نێو باڵی چه‌پدا، له ئاینده‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه ئه‌م مقاوه‌مه‌ته ئاراسته بكهنو رابه‌رایه‌تییه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه بگرن. پرسیاره‌كه لێره‌دایه كه چ خه‌تێك به‌سه‌ر خودی ئه‌م "چه‌پ"هدا زاڵه.
له به‌شی پێشوودا وتمان كه له‌پاڵ داڵه‌كانی هه‌ردوو جه‌مسه‌ردا، واته میلیتاریستهكانی ئهمریكاو فاشیسته‌كانی ئیسلام، دوو لێكدانه‌وه‌ی ئاڵۆزتر‌و پوختهترو "موحته‌ره‌مانه‌تر"یش بۆ دیفاع له هه‌ردوولای ئه‌م كێشمه‌كێشه له‌ئارادایه. له هاوشانی میلیتاریزمی ئه‌مریكادا كه‌سانێك هه‌ن كه فۆرمۆڵه‌ی جه‌نگی شارستانێتی له‌دژی تیرۆریزم جاڕ ئه‌ده‌ن. له هاوشانی ئینسانكوژهكانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیشدا، كه‌سانێك هه‌ن كه تیرۆریزمی ئیسلامی به "دژی-ئیمپریالیزم"ی میللی- دینیی‌و جیهان سێیه‌میی باوی ده‌یه‌ی حه‌فتادا پاساو ده‌كه‌ن. هیچ یه‌كێك له‌م لێكدانه‌وانه له‌بزووتنه‌وه‌ی مقاوه‌مه‌تی خه‌ڵكیدا نفوزێكی جدی نابێت. حیزب‌و گروپه‌كانی راستی سه‌نته‌ر له غهربو پاشماوه‌ی چه‌پی ته‌قلیدیی خوێندكاریی- رۆشنفكریی ده‌یه‌كانی پێشوو له غهربو شه‌رقدا ده‌بنه مشته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م فۆرمۆڵه ژیرانهترهی ئیعلامی جه‌نگیی هه‌ردوو لایه‌ن. ئه‌وه‌ی كه له‌ئاستی تیۆری‌و سیاسی‌دا ده‌توانێ بزووتنه‌وه‌ی ئایندهی خه‌ڵكی پێشره‌وی جیهان به‌لاڕێدا به‌رێت، به‌ڕای من هه‌ڵوێستی پاسفیستیو هه‌وڵی عه‌به‌سی لیبراڵییه بۆ پاراستنی ئه‌م وه‌زعه‌ی كه هه‌یه (ته‌نها به‌رگرتن به هێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان) وه‌یان گێرانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كه بۆ دۆخی پێشوو (پێش ١١ی سپتامبه‌ر).
روداوی ١١ی سپتامبه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی شێتانه‌ی بێپێشنهی كه‌سانێكی دابڕاو له ده‌روونی كۆمه‌ڵگا نه‌بوو. هه‌رچۆن كرده‌وه‌ی عه‌سكه‌ریی ئه‌مریكاش كه به‌م زووانه ڕوو ئه‌دات وا نه‌بوو. جیهان به‌رله ١١ی سپتامبه‌ر له هاوسه‌نگیدا نه‌بوو، به‌ڵكو له ره‌وتێكی گۆڕانكاریی پاشهوپاشگهڕانهوهدا بوو. كۆمه‌ڵێك گرفتی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی گرنگ له‌پشتی ئه‌م ئه‌م ڕووداوانه‌وه هه‌یه. ئه‌م گرفتانه‌ن كه جیهانیان به‌م ئاراسته‌یه‌دا بردووه. ئه‌م گرفتانه ده‌بێ وه‌ڵام وه‌ربگرنه‌وه. ١١ی سپتامبه‌ر گۆشه‌یه‌كه له‌وه‌ڵامی ئیسلامی سیاسی به‌م هه‌لومه‌رجه. هه‌رچۆن هێنانه سه‌ركاری تاڵیبان، وێرانكردنی به‌غداد، برسیكردنی خه‌ڵكی عێراق، تاساندنی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین، بۆمبارانی بهلگرادو ئێستایش "جه‌نگی درێژخایه‌ن له‌دژی تیرۆریزم" گۆشه‌یه‌كه له وه‌ڵامی سه‌رانی سه‌رمایه له ئهمریكاو ئه‌وروپا به‌م كێشمه‌كێشانه. بزووتنه‌وه‌ی حهڵكیی له‌به‌رامبه‌ر هه‌لومه‌رجێكی وه‌هادا ناتوانێ بزووتنه‌وه‌یه‌كی بانگه‌شه‌كه‌ر بۆ ئارامی‌و "هێرش بۆسه‌ر ئه‌فغانستان قه‌ده‌غه‌یه" بێت. ئارامی‌و پاریزگاری كردن له دۆخی ئێستا نه‌ته‌نها عه‌مه‌لی نییه، نه‌ته‌نها خه‌یاڵپڵاوییه، به‌ڵكو نه عادیلانه‌یه، نهئازادیخوازانهو نه كارا. بزووتنه‌وه‌ی مقاوه‌مه‌تی خه‌ڵكیی له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگی تیرۆریسته‌كاندا ته‌نها ده‌توانێ له‌ده‌وری وه‌ڵامه ئیسباتییهكان به گرفته سیاسی‌و ئابوورییه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رده‌می ئێمه‌و له‌ده‌وری هه‌ڵوێستێكی چوستوچالاك نه‌ك بۆ پاریزگاریكردن له دۆخی ئێستا، به‌ڵكو بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا، رێكبخرێت. ئێمه سه‌باره‌ت به هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی كه به‌م رووداوانه به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه، مه‌سه‌له‌ی باكورو باشوور، مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین، مه‌سه‌له‌ی عێراق، مه‌سه‌له‌ی ئیسلامی سیاسی، مه‌سه‌له‌ی ئهفغانستانو ئێران، مه‌سه‌له‌ی میلیتاریزم‌و زلهێزیی ئهمریكاو ناتۆ له سیستمی نوێی جیهاندا، مه‌سه‌له‌ی راسیزم، مه‌سه‌له‌ی قه‌ڵای ئه‌وروپاو تاد بهرنامهكاری سهربهخۆو وه‌ڵامی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بووه. هه‌ر ئه‌مه ده‌بێ ببێته بهرنامهكارو وه‌ڵامی بزووتنه‌وه‌ی مقاوه‌مه‌تی خه‌ڵكیی له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگی تیرۆریسته‌كاندا. ئه‌مه جیاوازی ئێمه‌یه له‌گه‌ڵ ئارامیخوازیی تاڵیبان‌و ئه‌و پاسیفیستانه‌ی كه كه‌لێن‌و كێشمه‌كێش‌و نائارامییه‌كانی دنیای پێش ١١ی سپتامبه‌ر نابینن، یان به‌لایانه‌وه گرنگ نییه. ئه‌گه‌ر ئێمه به‌رله هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه به‌رنامه‌یه‌كمان بۆ گۆڕینی جیهان بووه، بناغه‌ی ههڵوێستگیرییهكی مه‌بده‌ئی له هه‌لومه‌رجی ئێستاشدا ده‌بێ بردنه‌پێشه‌وه هه‌مان به‌رنامه‌كار بێت له‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌یه‌دا. ئێمه به‌نیازنین كه ئه‌فغانستان له‌ژێر ده‌ستی باندی ئینسانكوژی تاڵیباندا بهێڵینه‌وه، ئێمه به‌نیاز نین له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكای ده‌ست به مووشه‌كدا بژین، ئێمه به‌نیاز نین ئیسلامی سیاسی‌و حكومه‌ته ئیسلامییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌حه‌مول بكه‌ین، ئێمه به‌نیاز نین به بێوڵاتیی خه‌ڵكی فهلهستینو سه‌ركوتی هه‌موو ڕۆژه‌یان رازی ببین. ئێمه تیرۆریزممان نه‌ئه‌ویست، چ ئیسلامی‌و ئینتحاری و چ له‌لایه‌ن سوپا‌و كهتافیهپۆشهوه بێت، ئێمه ئه‌م هه‌ژارییه له نیوه‌ی جیهاندا قبووڵ ناكه‌ین، ئێمه سه‌ربازگه‌ی چوارده‌وره‌ی ئه‌روپامان ناوێت، ئێمه مل به راسیزم‌و قه‌ومپه‌رستی ناده‌ین. نه تاوانكاریی ١١ی سپتامبهرو نه ئه‌و جیهاده‌ی ناتۆ كه به‌م زووانه له هیندوكش رووئه‌دات، نابێ له بزووتنه‌وه‌یه‌كی چوستوچالاك بۆ گۆڕینی جیهان، ریزێكی خێرخواز‌و ئارامیخوازی بێڕهخنهو بێئهرك دروست بكات.
بزووتنه‌وه‌ی "ئینساندۆستانه"و ئاشتیخوازانه وه‌ڵامی هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ ناداته‌وه. به‌ڵام نفوزی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌تایبه‌ت له‌نێو خه‌ڵكی ساده‌ی كۆمه‌ڵگای غه‌ربیدا، به‌هۆی دژی زهبروزهنگییو ئینساندۆستیو هه‌روه‌ها محافهزهكاریی خۆبه‌خۆی خه‌ڵكه‌وه، زۆر فراوانه. هه‌ڵوێستێكی به‌م جۆره ده‌خاله‌تی ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان مه‌حكوم ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر حوكمڕانیی تاڵیباندا خۆی به به‌رپرس نازانێت. خه‌ڵك هاندان له‌دژی موسڵمانه‌كان‌و راسیزم مه‌حكوم ده‌كات، به‌ڵام هۆیه‌ك نابینێ بۆ گوشاردانان له‌سه‌ر ئیسرائیل‌و ئه‌مریكا به‌قازانجی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین. ئه‌م هه‌ڵوێسته هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ جاك ئه‌سترا ئه‌خوازێ له سهفهرهكهیدا (بۆ ئێران-وه‌رگێڕ) بۆئه‌وه‌ی به‌ڵكو ئه‌م كاره جه‌مسه‌ری تیرۆریزمی ئیسلامی ئارام‌و جڵه‌و بكات، جا با ئه‌مه حوكمڕانی ئه‌م گورگانه به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێرانه‌وه سه‌قامگیر بكات، ئه‌م هه‌ڵوێسته به‌رگری له مافه مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌ڵكی موسڵمانی وڵاتانی غه‌ربی ده‌كات، به‌ڵام له‌پێناوی نه‌هێشتنی بارگرژیدا، ره‌خنه‌گرتن له حیجابی ئیسلامی‌و بێمافییهكانی ژنان له وڵاته ئیسلامییه‌كان‌و ژینگه ئیسلامییه‌كان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و به‌ری پێده‌گرێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌مووان بۆ مه‌یدان چۆڵكردن‌و وازلێهێنانی هه‌لومه‌رجه‌كه ههربهوشێوهیهی كه‌پێشتر هه‌بوو، بانگه‌واز ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌سه‌ر زهینو كرده‌وه‌ی خه‌ڵكی ناڕازیدا زاڵ ببێت به‌شه‌رییه‌تی شارستانی مه‌یدان بۆ تیرۆریسته غه‌ربی‌و شهرقییهكان چۆڵ ده‌كات. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئاینده‌یه‌ك هه‌بێت، ئه‌وا به‌نده به په‌یدابوونی به‌رنامه‌كارێكی چالاك، ئازادیخوازانه‌و پێشڕه‌وه‌وه له‌ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌ڵكیدا. ئه‌مه كاری كۆمۆنیسته‌كانی ماركسه. ئه‌مه كاری ئێمه‌یه.
له به‌شی داهاتوودا ده‌چمه سه‌ر سه‌رخه‌ته گشتییه‌كانی به‌رنامه‌كارێكی چالاك له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگی تیرۆریسته‌كاندا. به‌لام پێویسته به‌كورتی ئاماژه‌یه‌ك بۆ فه‌وریترین مه‌سه‌له‌یه‌ك بكه‌م كه ئه‌م رۆژانه له‌ئارادایه، واته هێرشی ئه‌م زووانه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌فغانستان. ٩٩ له‌سه‌دی خه‌ڵكی جیهان ئه‌وه دهزاننو ده‌توانن به‌رۆشنی ئه‌وه ڕوونبكهنهوه كه بۆچی هێرشی عه‌سكه‌ریی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئهفغانستانو ته‌نانه‌ت ده‌ستگیركردنی بن لادنیش، كه ئامانجی راگه‌یه‌نراوی ئه‌م كرده‌وه سهربازیانهیهو له‌ڕووی عه‌مه‌لییه‌وه زۆر ناموحتهمهل دێته به‌رچاو، نه‌ته‌نها مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریزم له‌دژی ئهمریكاو ئینگلته‌را كه‌م ناكاته‌وه، به‌ڵكو موجازه‌فه‌ی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی ئاینده زۆر زیاتر ئه‌كات. زۆر ئاشكرایه كه خودی ده‌وڵه‌تانی ئهمریكاو ئه‌نگلته‌را ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌زانن. لێكدانه‌وه‌ی ره‌سمیی غه‌رب بۆ مه‌سه‌له‌كه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و لێكدانه‌وه هۆلیۆدیو جیمزباندییانهدایه كه وادیاره ئه‌وان پێیان وایه دهرخواددانی ئه‌م جۆره لێكدانه‌وانه به خه‌ڵكی سادهترو خێراتره. ملیۆنێر یان گانگسته‌رێكی شێت له گۆشه‌یه‌كی دووره ده‌ستی جیهاندا ده‌یه‌وێ شارستانێتی نابوود بكات، سه‌دام، میلۆسۆڤیچ، بن لادن، وه قاره‌مانانی ئه‌مریكایی بۆ نه‌جاتی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ونه خۆ. به‌ڵام لێكدانه‌وه‌كانی خۆیان نیشانی ده‌دات كه ئیسلامی سیاسی‌و تیرۆریزمی ئیسلامی یه‌ك باره‌گایه‌كی مه‌ركه‌زی‌و یه‌ك فه‌رمانده‌یی هاوبهشو یه‌ك رێكخراوێكی هه‌ڕه‌میی نییه، بزووتنه‌وه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌ییه كه له كۆمه‌ڵێك شانه‌و رێكخراو‌و تۆڕ‌و ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تیی پێكهاتووه كه به كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیی ره‌سمیی‌و ناڕه‌سمیی، وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی نیهێنی، به كۆمه‌ڵێك داهێنانی فراوانه‌وه له ئاستی محهللیدا، پپَكهوه به‌ستراون. بۆ غه‌رب، چوونه ناو ئه‌فغانستانه‌وه سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تێكی عه‌سكه‌ریی‌و سیاسی فراوانتره. ده‌ستگیری یان كوشتنی بن لادن ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ده‌بێت كه له ئاستی ناوخۆی ئه‌مریكادا له فه‌ورییه‌تی هه‌نگاوه عه‌سكه‌رییه‌كانی دواتر كه‌م بكاته‌وه‌و ببێته مسداقییهتێك بۆ "تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌مریكا"، كه ئه‌مه‌ش ده‌توانێ فه‌زای نێوخۆی ئه‌مریكا تا په‌لاماری تیرۆریستیی ئایندهی ئیسلامییه‌كان، وه ته‌نها تا ئه‌و كاته، ئارام بكاته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه هه‌نگاوێكی بچووكه له پرۆسه‌یه‌كی سیاسی‌و عه‌سكه‌ریی فراوانتر له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه مه‌ودای كۆتاییه‌كه‌ی تاكو ئیسَتا رانه‌گه‌یه‌نراوه. له دوالێكدانه‌وه‌دا ئه‌مه هێزنیشاندانێكه به ئیسلامی سیاسی. واته بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆنه‌په‌رستانه كه غه‌رب خۆی له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگاكانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هێنایه ئاراوه‌و، به‌مه‌به‌ستی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌پ له سیستمه سه‌رمایه‌دارییه تازه له‌دایكبووه‌كانی ئه‌م وڵاتانه‌دا وه هه‌روه‌ها وه‌كو گوشارێك بۆ سه‌ر بلۆكی شه‌رق ئه‌وانی هێنایه سه‌رشانۆ. ئه‌م هێزنیشاندانه ده‌كرێ به به‌رته‌سكیی بمێنێته‌وه، به‌ڵام به‌تایبه‌ت به‌هۆی خه‌سڵه‌تی ناموتهمهركزییو توندڕه‌وێتی ئیسلامی سیاسی‌و تیرۆریزمی ئیسلامییه‌وه، به ئیحتمالێكی زۆر به‌ره‌و یهكلاییكردنهوهیهكی بنه‌ڕه‌تیتر به‌كێش ده‌كرێت. ئیسلامی سیاسی به‌بێ پشتیوانیی غه‌رب ناتوانێ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بمێنێته‌وه. هه‌ر بهمهندهی ئێستا، په‌ره‌سه‌ندنی نه‌به‌ردی عیلمانیهكانو ئیسلامیه‌كان له پاكستان‌و كه‌وتنه حاڵی په‌یكه‌ری نیوه‌گیانی خاتهمییهكان له ئێران‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ی دووباره‌ی كێشمه‌كێشی نێوان باڵه‌كان، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن كه نه‌به‌ردی غه‌ب له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی‌دا ده‌توانێ ببێته هه‌وێنی گۆڕانكارییه‌كی جدی له هێزهاوسه‌نگی نێوان فراكسیۆنه‌كانی بۆرژوایی له‌م وڵاتانه‌دا به‌زیانی ئیسلامییه‌كان.
له‌به‌رامبه‌ر خودی هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆسه‌ر ئه‌فغانستان ده‌كرێ چی بڵێین. ئایا "ده‌ست له ئه‌فغانستان هه‌ڵگرن!" هه‌ڵوێستێكی مهبدهئیو پێشڕه‌وه؟ خه‌ڵكی ئهفغانستانو ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی شتێكی دیكه‌ی جگه له‌مه‌تان پێده‌ڵێن. ئاسۆی هه‌ره‌سی تاڵیبان، واته باندێكی ئینسانكوژ‌و ده‌ڵاڵێكی گه‌وره‌ی مادده بیهۆشكه‌ره‌كان، هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌فغانستانی خستۆته جۆشوخرۆشێكی گه‌شبینانه‌وه. خواستی روخاندنی تاڵیبان خواستێكی ئینسانی‌و پێشڕه‌وه. نابێ رێگابدرێت دژایه‌تی بهرحهقو مه‌بده‌ئیی له‌گه‌ڵ میلیتاریزمی ئه‌مریكادا به وێڵكردنی ئه‌فغانستان له‌ژێرده‌ستی تالیباندا راڤه‌بكرێت. ئه‌مه یه‌كێكه له نموونه زیندووه‌كانی ناكافی بوون‌و نادروستبوونی ئارامیخوازیو دیفاع له هه‌لومه‌رجێك كه له‌ئارادایه. خه‌ڵكی ئه‌فغانستان ته‌مه‌نێكه چاوه‌ڕێی رۆژی هه‌ره‌سی تاڵیبانن. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا بۆ رزگاركردنی ئه‌فغانستان پێنانێته ئه‌م وڵاته‌وه. خۆیان تاڵیبانیان هێنایه سه‌ركار. ئه‌مجاره ره‌نگه لاوازی بكه‌ن، به‌ڵام وه‌كو ئه‌مری واقع بوونی قبووڵ بكه‌ن. قه‌ولیان به موشه‌ره‌ف داوه كه حكومه‌تی ئایندهی ئه‌فغانستان دیسانه‌وه جێگه‌ی ره‌زامه‌ندیی پاكستان بێت. قه‌راره كۆمه‌ڵێك جانه‌وه‌ر لابهرنو هه‌ر له‌و قوماشه كه‌سانێكی دیكه له‌جێگایان دابنێن. هه‌ڵوێستی مه‌بده‌ئی به‌شداریكردنه له هاوشانی ئۆپۆزسیۆنی پێشڕه‌وی ئه‌فغانستان بۆ روخاندنی تاڵیبان لهجهرگهی هه‌لومه‌رجی ئێستاداو به‌رقه‌راركردنی ده‌وڵه‌تێكی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكه له‌م وڵاته‌دا. ده‌بێ ئه‌مه به‌سه‌ر غهربو ئهمریكاو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا بسه‌پێنرێت. هه‌رجۆره هێرشێكی هێزه‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی بۆسه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئهفغانستانو روخاندنی شار‌و لادێ‌و ژێرخان‌و ئامرازه ماددییه‌كانی ژیانیان ده‌بێ مه‌حكوم بكرێت. هه‌رجۆره به‌ندوبه‌ستێك له‌نێوان ئهمریكاو پاكستان‌و ئێران‌و باقی ده‌وڵه‌تاندا بۆ سه‌پاندنی داروده‌سته‌یه‌كی تر به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌فغانستاندا مه‌حكومه. به‌ڵام روخاندنی تاڵیبان له‌لایه‌ن سوپا ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه خۆی له‌خۆیدا مه‌حكوم نییه. تاڵیبان ده‌وڵه‌تێكی مه‌شروع نییه له ئه‌فغانستاندا. ده‌بێ بڕوخێنرێت. مه‌سه‌له‌كه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه كه له‌جێگای داده‌مه‌زرێت، هه‌روه‌ها زامنكردنی ئازادی‌و ئیمكانی عه‌مه‌لیی ده‌خاله‌تی خه‌ڵكی ئه‌فغانستانه له دیاریكردنی نیزامی سیاسی ئایندهی ئه‌م وڵاته‌دا.
مه‌نسووری حیكمه‌ت
Kurdish translation: Saeed Ahmad
hekmat.public-archive.net #2010ku.html
|