ئینتهرناسیۆناڵ: بنچینەى ڕەخنەى مارکسیستى لە دیموکراسیی لیبراڵى و پەرلەمانى وهکوو چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێبوونى عەمەلیی ئازادیی سیاسى لە کۆمەڵگا چییە؟
مهنسوور حیکمهت: دواتر کەمێک ئیسپاتیتر چەند قسەیەک سەبارەت بە دهستهواژهی ئازادى دەکەم. بەڵام دەربارەى دیموکراسیی لیبراڵى یەکەم خاڵ کە دەبێ سەرنجى بدرێتێ ئەوەیە کە سەرەڕاى ئەوەى لیبراڵیزم و بیرکردنەوەى دیموکراسیى پەرلەمانى وهکوو هەموو شێوە ئایدیۆلۆژی و تیۆرییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوایییەکان هەوڵ دەدات ڕیشەى چینایەتیى خۆى بشارێتەوە و وهکوو کۆمەڵە پرانسیپ و ڕاستییەکى گشتى و "مرۆیى" دەرکەوێت، بەڵام ناوەڕۆکى چینایەتى و جێگاوڕێگاى لە ڕێکخستنى دەسەڵاتدارێتى بۆرژواییدا بە ئاسانى دەبینرێ. هەر وهکوو وتم، لیبراڵیزم ئایدیۆلۆژییهکه له خاوهندارێتی بۆرژوازیییهوه وهرگیراوه و داکۆکی له خاوەندارێتیی بۆرژواییش دەکات. لیبراڵیزم وهرگێڕراوی میکانیزمى بازاڕ و پێداویستییەکانێتى بە زمانى تیۆریی سیاسی و حوقووقی. دیموکراسیی لیبراڵى بە پەرلەمان و هەڵبژاردن و شتەکانى دیکهیهوه، نیزام و سەرخانى سیاسیی کۆمەڵگایەکە کە تایبهتمهندییه بنچینهیییهکانی لە ئاستێکى بنەڕەتیتردا لەسەر بنەماى پەیوەندیى بەشە جیاجیاکانى کۆمەڵگا بە دەسەڵاتى سیاسییەوە دیارى کراوە. ئایدیۆلۆژیی زاڵ ماهییهتی دهسهڵاتی سیاسی دهستنیشان ناکات، بهڵکوو لهوهوه سهرچاوه دهگرێت و ئاراستهی دهکات. بەم پێیە دیموکراسى لیبراڵى ڕێک پێچەوانەى ئەو شتەیە کە بانگهشهی بۆ دەکرێت. دیموکراسیى لیبراڵى چوارچێوەیەک بۆ بەشداریکردنى جەماوەرى خەڵک لە کاروبارى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسیدا نییە، بهڵکوو پاکانە و ڕووپۆشێکە بۆ پیادەکردنى دەسەڵاتى چینێک، کەمایەتییەک، بەسەر کۆمەڵگادا. لەبەرامبەر دەستدرێژى و ملهوڕییەکانى خاوەن دەسەڵاتەکاندا، پارێزراوبوونى مافە سەرەتایییەکانى مرۆڤ، چ گشتى و چ فەردى، زامن ناکات، بهڵکوو چەند بڕیار و پێوانەیەکە بۆ شێوەى شەرعییەتپێدانى حاشاکردن، وە یان زەوتکردنى ئەم مافانە. دیموکراسى چهمکێکە پەیوەندە بەشەرعییەتپێدانى دەوڵەتەوە، نەک بەجێگیربوون، وە یان دیاریکردنى کهسایهتیی سیاسیی دەوڵەتەوە. دەوڵەتى دیموکراتیک دەوڵەتێکە، ڕهوابوون و قانوونیبوونی لە دەنگدانى خەڵکەوە وهردەگرێت. بەڵام خودى وجوودى دەوڵەت، دەسەڵاتەکەى، ئەو بەرژەوەندییانەى کە بەشوێنیانەوەیە و ئەو چینەى کە دەوڵەتى لەدەستدایە لە ڕێگەى دەنگدان و پەرلەمانەوه دیارى ناکرێن و لە ڕێگەى پەرلەمانەوە ناپارێزرێن. ئەمانە ئیتر لەدەرەوەى پرۆسەى دیموکراتیک و لەجەرگەى خەباتى چینایەتیى بەرینتر و بە هۆی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێن.
دیموکراسیى لیبراڵى شێوازێکە بۆ ڕهواییبهخشین بە دهسهڵاتدارێتی هەر ئێستا دامەزراوى بۆرژوازى و شاردنەوەى خەسڵەتە چینایەتییەکەى-بەڵام خودى ئەم دهسهڵاتدارێتییهیه، ئازادى پێشێل دەکات و لەگەڵیدا ناکۆک و ناتەبایە. دیموکراسیى لیبراڵى، وە یان هەر مەکتەبێکى سیاسیی دیکە، کە چوارچێوەى فیکرى و ئیدارى ئەم حاکمییەته بێت، هەر بەم چەشنە بە ئازادى بێگانەیە. تەنانەت لە کامڵترین دیموکراسیى ڕۆژئاواییشدا، پەرلەمان، دەستوورى وڵات، نهریتەکان، یاسا لیبراڵییەکان و شتى دیکە، پایەکانى دەسەڵاتى سیاسی و جێوڕێى ئەسڵیى بەماددیکردنیشى نین. لەبنەڕەتدا حاکمییەتى بۆرژوازى لەسەر زۆرنواندن، یان هەڕەشەى زۆرنواندن لەدژى خەڵک ڕاگیراوە. سەرکوت، تۆقاندن و فریودان تهوهری حوکوومهتى بۆرژوایییە. هێزى چەکدارى سەرکوتگەر، چ سوپا و پۆلیسی ئاشکرا و چ دەزگا نهێنییەکانى سەرکوت، دادگاکان و زیندانەکان و تەواوى سیستهمى دادوهری و سزادان، ئەمانە هەموویان کهناڵه ئەسڵییەکانى دەسەڵاتدارێتى و زامنى پاڕاستنى ئەم دەسەڵاتەن. بڕیارە سیاسییە بنەڕەتییەکان لەناو کۆڕ و کانوونە جۆراوجۆرەکانى چینى دەسەڵاتدار و لە ڕێگەى ئۆرگان و دەزگا نافهرمییهکانەوە دەدرێن و تەنانەت کارى نوێنەرایەتیى ئەنجوومەن خۆى لەخۆیدا بە ماناى ئاگاداربوونى نوێنەرانى ناوبراو لە کارکردەکانى نییە، نەخوازەڵا بەشداریکردن تیایاندا. تەنانەت لە نیزامە دیموکراتیکەکانیشدا ئەنجوومەن لە زۆر باردا، ئامرازی بنچینهیی نییە بۆ ئەوەى ئەم سیاسەتە پەسەندکراوانە دەرخواردى خەڵک بدات. ئەمە لە بنەرەتدا کارى ئاژانسەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى چینى دەسەڵاتدارە.
تا ئەو جێگایەى دەگەڕێتەوە سەرمافە سەرەتایییەکانى خەڵک، ئەوا درێژە و مانەوەیان پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە دڵگەورەیی و تەحەموولى ئابوورى و سیاسیی بۆرژوازییەوە هەیە. هیچ دیموکراسییەک لە دنیادا نییە کە چهمکی "بار و دۆخى نائاسایی" و حوکوومەتى سەربازى و هەڵوەشاندنەوەى مافە مەدەنییەکان لە یاساکان و نهریتە حوقووقییهکاندا تێهەڵکێش نەکرابێت. هیچ کەس نابێت بۆ ساتێکیش لەوە بەگومان بێت، کە تەنانەت لە کاتێکدا بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنێکى ئاسایی لە وڵاتێکى وهکوو بەریتانیادا باڵى چەپى خودى حیزبى کار (کرێکار) بێتە سەرکار، ئەوا هەر لە هەمان ساتى تەواوبوونى هەڵبژاردنەکەوە ڕەوەندى دەخاڵەتى سوپا و پۆلیسى نهێنى بۆ سەرەوژێرکردنى بهتۆپزی و سەرووقانوونى دەوڵەتى ناوبراو دەستپێ دەکات. خاسییەتى ئەم پاشا و شاژنانە کە لە کۆشکەکانى دیموکراسیى ڕۆژئاواییدا بە خەرجێکى بێشومار وهکوو سرکە هەڵگیراون ئەوەیە کە لە ڕۆژى تەنگانەدا وهکوو نیشانە بەرزەکانى وڵات و نیشتمان و سوپا دژى "خراپ کەڵک لێوەرگرتنەکانى چەپ" لە دیموکراسى بێنە مەیدان. مەبەستم ئەمەیە کە بازاڕى گەرمى دیموکراسیى لیبراڵى تەنانەت وهکوو چوارچێوەیەکى حوقووقیی شکڵى بۆ حاکمییەتى بۆرژوایى، یان زامنکەرى مافە فەردى و مەدەنییەکان، بەدەورانە ئاسایی و بێ قەیرانەکانەوە تەنگەبەر دەبێتەوە. لە دەورانى قەیرانگرتوودا، لە دەورەیەکدا کە ململانێى چینایەتى توندوتیژ دەبێتەوە، تەنانەت سەرکەوتنى سۆسیالیستییانەى چینى کرێکار وهکوو هەڕەشەیەکى بیلقووه بۆ چینى دەسەڵاتدار دێتە ئاراوە، لە شەوێکدا ئەم بار و بنەیە دەپێچرێتەوە.
هەر چۆنێک بێت، نیزامى پەرلەمانى میکانیزمێکى ناڕاستەوخۆى بەشداریکردنى خەڵکە. نەک خەڵک، بهڵکوو بڕیارە کەسانێک بە نوێنەرایەتى ئەوان دەخاڵەت لە دەسەڵاتدارێتیدا بکەن. ئەم نوێنەرانە لە نیزامى پەرلەمانیدا "نوێنەرى پابەند" نین، واته، بەرپرسیار نین لەوەدا کە ویست و ئارەزووى ئەوانەی کە هەڵیان بژاردوون سەبارەت بە مەسەلە جۆراوجۆرەکان دەرببڕن، بهڵکوو لە پەرلەمانەکان و کۆڕ و کۆمەڵەکانى یاسادانان و شتى دیکهدا بۆچوون و ڕاى خۆیان ڕادەگەیەنن. بە واتایەکى تر، خەڵک نەک بۆ نوێنەرایەتى و قسەکردن لەجیاتى خۆیان، بهڵکوو وهکوو جێنشینى خۆیان لە مەسەلەى دەسەڵاتدارێتیدا هەڵیان دەبژێرن. بەم پێیە پرۆسەى هەڵبژاردن بە ماناى پرۆسەى مەشروعییەتپەیداکردنى دەوڵەتە، نەک دەخاڵەتى خەڵک لە سیاسەتدا. وە ئەمە، وهکوو پێشتریش وتم، مەسەلەى بنەرەتیی دیموکراسییە واتە، بەرقەرارى حوکوومهتێک کە بهڕواڵهت لە خەڵکەوە هەڵقوڵاوە. هەڵبژاردن ئەمە بۆ چینى دەسەڵاتدار دەستەبەر دەکات. هەر چەند ساڵ جارێک لە لایەن خەڵکەوە ئەم مۆرى تهئیدە وەردەگرن و دەچن بەسەرکارى خۆیانەوە. دەنگدەر هەر وهکوو پێشتر لە باسێکى تردا ڕوونم کردەوە، نەک وهکوو مرۆڤێکى دیاریکراو بە بۆچوونێکى دیاریکراوەوە، کە لە ماوەى نێوان دوو هەڵبژاردنیشدا هەروا زیندووە و قسەى هەیە، بهڵکوو وهکوو تاکێک کە دەژمێردرێت، لەم سەرژمێرییە ناوبەناودا ئامادە دەبێ. نە کەسێک لێى دەپرسێت و گوێى لێ دەگرێ، نە دەستى بە جێگایەک دەگات و نە تا چوار ساڵى دیکە، کە دووبارە دەنگى بێ بایەخى لە نۆبەیەکى تردا بخاتەوە سندوقەوە، سەبارەت بەو یاسایانە کارێکى لەدەست دێ، نوێنەرانى ناوبراو سەبارەت بە ژیانى ئەو پهسەندیان دەکەن. دیارە دەتوانێ لەم ماوەیەدا ناڕەزایەتى دەربڕێ، بەڵام بە مەرجێک کە شار نەشێوێنێ و ناڕەزایەتییەکەى نەبێتە هۆى ڕوودانى پشێوى لە کاروبارى ئاسایی کۆمەڵگادا و زەحمەت و ناڕەحەتییەکى وا بۆ بۆرژوازیى سیاسەتمەدار و بۆرژوازیى کاسب دروست نەکات. ئەگەر وایش نەبێ، ئەوا وهکوو کرێکارى کانهکانى بەریتانیا، لەباربوونى خۆى بۆ بەهرەمەندبوون لە مافە مەدەنییەکانى لەدەست دەدات.
ئینتهرناسیۆناڵ: لە ڕوانگەى خواستى پەیگیرانەترى دیموکراسییەوە، چەندین ڕەخنەى جۆراوجۆر لە مۆدێلى پەرلەمانى دەگیرێت وهکوو، ئەوەى کە ناتوانرێت نوێنەرەکانى لە لایەن ئەوانەوە کە هەڵیان بژاردبوون لاببرێن، مۆنۆپۆڵکردنی دەزگاکانى ڕاگەیاندن لە لایەن بۆرژوازییەوە، پڕخهرجیبوونى مەسەلەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا وهکوو، کاندید و تا ڕادەیەکیش وهکوو دەنگدەر، هەڵبژاردنى کۆمەڵە دەوڵەتێک کە بەکردەوە بەشێکى کەمى خەڵک دەنگى داونەتێ، چ بە هۆى کەمى ڕادەى بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکان و چ بە هۆى شێوەى دیاریکراوی دهسنیشانکردنی کورسییەکانى پەرلەمانەوە لەسەر بنچینەى دەنگى حیزبەکان و شتى لەم بابەتە. ئەم جۆرە ڕەخنانە لە دیموکراسى لە باسەکەى ئێوەدا چ جۆرە جێگاوڕێگا و بایەخێکى هەیە؟
مهنسوور حیکمهت: ئەمانە ڕەخنەگهلێکى بنەڕەتى نین لەم سیستهمە. بەشێکیان وهکوو ناڕەزایەتى لەو سیستەمانەى لە چەشنى بەریتانیا کە کورسییەکانى پەرلەمان بەپێى ڕێژەى سەدى ڕاستەوخۆى دەنگەکان دابەش ناکرێن، لە بنەڕەتەوە تەنانەت وهکوو ڕەخنەش ناژمێردرێن. هەر چۆنێک بێت، لە پێش هەموو کەسێکهوه، خودى بیرمهندانی بۆرژوایی بە ڕوونى و ڕاشکاویی تەواوەوە ئەم کەموکووڕییانە باس دەکەن و بە گەڕانەوە بۆ پرانسیپهکانی دیموکراسى و لیبراڵیزم، باش و خراپیى ئەم خاڵانە بۆ هەموومان لێک دەدەنەوە. لاوازیی بنەڕەتى، خاڵێک کە بە بڕواى من کرۆکى ڕەخنەى مارکسیستییە لەم نیزامە، ئەوەیە کە مەسەلەى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسی به بەشێکى جیا لە ئابووریى سیاسی و خەباتى چینایەتی لە کۆمەڵگادا دەژمێردرێت و ڕاڤهیهکی حوقووقی و ئیداریى ڕووت بۆ دەوڵەتى بۆرژوایی دەخرێتە ڕوو. ئەو وێنایهی کە لاى وایە ئەوە خەڵکن کە تا ئێستا لە پرۆسەیەکى کەم و زۆر ئازاد و دادپەروەرانەدا، بە دەنگى خۆیان دەوڵەت هەڵدەبژێرن، وێنایهکی ئاوهژووه، لەسەر بنەماى دابەشکردنى دەسەڵاتى ئابوورى، لەسەر بنەماى دەسەڵاتى سەرمایە بەسەر ژیانى بەرهەمهێنان و کۆمەڵایەتیدا، لەسەر بنەماى هاوسەنگیى ئایدیۆلۆژیکى کۆمەڵگا و خۆ هۆشیاریی خەڵک، خاوەنى چینایەتیى دەوڵەت پێشتر دیارى کراوە. بەر لە هەڵبژاردن و پەرلەمان، هێزى چەکدارى سەرکوتگەرى بۆرژوایی بۆ پارێزگارى بهتۆپزی لەم دەسەڵات و دەوڵەتە هەیە و ڕێکخراوە. یاسا و حوقووقه جەزایییەکان، بە نووسراو و نەنووسراوەوە، بۆ پارێزگارى لە دەسەڵاتى بۆرژوازى و پیرۆزڕاگرتنى وێنای بۆرژوا لە کۆمەڵگادا، هەروەها دادگا و زیندانەکانیش بۆ دەستەبەرکردنى جێبەجێبوونیان لە ئارادان. هەڵبژاردن ئەوە دیارى دەکات، کە کام ڕهوت و پارت و کۆمەڵە ئەفراد، بە کام بەرچاوڕۆشنى بەرنامەیی و شێوەکانییەوە، بەڕێوەبردنى ئەم سیستەمە و دیاریکردنى کاره لهپێشینه تهنفیزییەکانى بۆ دەورهیەک لە ئەستۆ دەگرێت. کۆمەڵە ڕەخنەیەکى لەو بابەتە، کە هەر چۆنێک بێت لەڕووى دڵسۆزییەوە بۆ حاڵى چەپ دەخرێتە ڕوو، هۆى بنەڕەتیى ئاکامى چەپى ڕادیکاڵ لە نیزامە پەرلەمانییەکاندا پەردەپۆش دەکات و مۆرى ڕاست و دروستى لە خۆشخهیاڵیی پەرلەمانیی چەپ بە تایبەتى لە وڵاتانى ئهورووپاییدا دەدات. بە پێچەوانەى وێنای ڕەخنەگرانى دیموکرات لە دیموکراسیى پەرلەمانى، هۆى بنچینەیی ئەوەى کە چەپى ڕادیکاڵ لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر بە کەمى شتێک بەشتێک دەکات ئەوە نییە کە پارەیان نییە تەبلیغات بەڕێ بخەن، پرۆسەى هەڵبژاردن دیموکراتیک نییە، یان فۆرموولی ماتماتیکی دیاریکردنى کورسییەکان لە پەیوەند بە ژمارەى دەنگەکانەوە بە قازانجى حیزبە گەورەکان کار دەکات و شتى لەم بابەتانە. هۆیەکە ئەمەیە کە دەنگدەر و بەر لە هەموومان جەماوەرى فراوانى خودى چینى کرێکار، وێنایهکی واقیعیتر و خۆشخهیاڵی کهمتری سەبارەت بە جێگاوڕێگاى هەڵبژاردن و پەرلەمان لە ژیانى خۆیاندا هەیە. دەزانن کە هەڵبژاردن ئامرازی ئاڵوگۆڕى ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا نییە. دەزانن کە خاوەنى چینایەتیى دەسەڵاتى سیاسی لە ڕێگەى هەڵبژاردنى پەرلەمانییەوە دیارى ناکرێت. دەزانن کە لانی زۆرى چاوەڕوانى لە پەرلەمان بریتییە لە کۆمەککردن بە مەسەلەى کۆمەڵە ڕێفۆرمێکى دیاریکراو. دەزانن کە هەڵبژاردن بۆ بوون و نەبوونى سەرمایە و سەرمایەدارى نییە، بهڵکوو بۆ ئەوەیە کە بەشى ئەوان لە ئیمکاناتى کۆمەڵگاى ئێستا لە دهورەى داهاتوودا هەندێ کەم و زیاد بکات، دەزانن کە ئاکامى هەڵبژاردنى پەرلەمان تەنها ڕەنگدانەوەیەکى کەم تا زۆر وەفادارانەى هێزهاوسەنگییەک دەبێ کە ئێستا لەدەرەوەى پەرلەمان و دیموکراسیدا، لەناو چینەکاندا بەرقەرارە. ڕەنگە کرێکار هۆشیارانە دوژمنى سەرمایەدارى بێت، بەڵام لە هەڵبژاردنى پەرلەمانیدا بەگشتى، نەک دەنگ بەو حیزبانە دەدات کە خوازیارى شۆڕش لە دژى سەرمایە، بهڵکوو دەنگ بە باڵى چەپى بۆرژوازى خۆى دەدات. دەنگ بە حیزبێک دەدات کە بە حیسابى خۆى دەتوانێ جێگاوڕێگاى لە پەیوەند بهو سهرمایهیهی کە لهکاردایه چاک بکات. ئەگەر ئاڵوگۆڕى ڕیشەیی وەک شتێکى عەمەلى نەیاتە بەرچاو (کە خودى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن و ڕهسهنایهتیی پەرلەمان و لهئارادابوونی بار و دۆخى ناشۆڕشگێڕانە ئەمە لە خەڵک دەگەیەنێت)، ئەوا ئەو کاتە زۆر ئاسایییە کە توێژە بێبەشەکان کە ئیتر دەبێ بە ڕێفۆرم ڕازى بن، بەو کهسایهتی و حیزبە ڕێفۆرمخوازانەى چینى دەسەڵاتدار دەنگ بدەن کە بەحیسابى خۆیان تواناى ماددیى عەمەلیکردنى ئەم ڕێفۆرمانهیان هەیە. گیروگرفتى چەپ ئەمە نییە کە بۆچى دیاریکردنى کورسییەکان بە ڕێژەى ڕاستەوخۆى دەنگەکان نییه و بۆچى حیزبێکى ترۆتسکیستى لاکۆڵان لە تواناى ڕاگەیاندنى تەلەفیزیۆنیی یەکسان بەهرەمەند نییە، تا بهڵکوو لەناو ٤٠٠ نەفەردا ئەویش بۆ خۆى نوێنەرێکى هەبێت. گرفتەکە لە وێدایە کە لە بار و دۆخى ئاساییدا، کرێکار بەگشتى، ئەو کەسە بە نوێنەرێکى باش بۆ کهوتنهدوای بەرژەوەندییە ڕۆژانەکانى خۆی لەم ڕێرەوە تایبەتەدا نازانێ، کە لە هەڵوێستى شۆڕش له دژى سەرمایەوە دەیەوێ بۆ ماوەى چوار ساڵ ببێتە نوێنەرى ئەنجوومەن. خەڵک تەنها لە دەورانى قهیرانی شۆڕشگێڕانەدا نەبێت (کە لەو بارەدا ئیتر پەرلەمانیش وهکوو جاران لە کۆمەڵگایەکدا کە ئارامیی تێدا نییە، ناوەندى یاسادانان نییە، بهڵکوو بڵندگۆیەکە بۆ ئاژیتاسیۆن و مانۆرى سیاسی)، ئیتر به تەواوى شارەزای بڕیاربازى پەرلەمانییەکانن و چاودێری دەکەن. یەکێک لە گرنگترین ئەو بڕیارانه ئەوەیە، کە براوەى چینایەتیى یارییەکە لەپێشەوە دیارە، ئهگهر نا، هەموو ئەم بار و بنەیە دەپێچرێتەوە.
ئینتهرناسیۆناڵ: بەم پێیە بە بڕواى ئێوە، بەدیهێنانى ئەم جۆرە چاکسازییانه لە نیزامى پەرلەمانیدا، ئەم نیزامە لە تهسویری مارکسیستى بۆ ئازادى نزیکتر ناکاتەوە؟
مهنسوور حیکمهت: باسی ئازادى لە ڕوانگەى مارکسیستییەوە بە تەواوى لە لاپەڕەیەکى ترەوە دەستپێ دەکات. بابەتى دیموکراسى "دەوڵەتى شەرعى"یە. بەڵام ئازادى دهستهواژهیهک نییە پەیوەندى بە شێوەى حوکوومەت و پەیوەندیى نێوان تاک و دەوڵەتەوە هەبێت، بهڵکوو پەیوەندی بە خودى حوکوومەت و بوون و نەبوونى دەوڵەتەوەیە. چهمکی بنەڕەتى لە باسى ئازادیدا، چین، وهبهرهێنان و سەرکوتى چینایەتییە. ئەمە سەرچاوەى دەوڵەتە. مەرجى ئازادیی واقیعى مرۆڤ، سڕینەوەى دابەشبوونى چینایەتى، کۆتاییهاتنى وهبهرهێنانی بەشێکى کۆمەڵگا لە لایەن بەشێکى ترەوه، لەنێوچوونى بنەماى سەرکوت و زەوتکردنى ئازادى و لە ئاکامدا ئاوابوون و نەمانى دەوڵەتە وهکوو ئامرازی داسەپاندنى بەرژەوەندییە چینایەتییەکان و پاڕاستنى باڵادەستیی چینایەتییه. نیزامى پەرلەمانى نەک هەر به ئهندازهی نووکە دەرزییەک لەم چهمکانه نزیک نابێتەوە، بهڵکوو خۆى یەکێکە لەو ڕێگرى و کۆسپانەى کە کۆمەڵگاى مرۆیى لە ڕێرەوى ئازادیی کامڵ و واقیعیدا دەبێ لەسەر ڕێگاى لابەرێت. چهمکی ئازادى لە مارکسیزمدا بۆ مەیدانى سیاسەت و ئابوورى، وە یان بۆ کۆمەڵگا و فیکر بەشبەش ناکرێت. ڕزگارى، ڕزگارییهکی تەواو کەماڵە. ناوخۆیی و دەرەکى. هەر ئەو پرۆسەیە ئەو ڕێگرییە ناوخۆیییانە لەناو دەبات کە ڕێگا لە ئیرادەى ئازادیى مرۆڤەکان دەگرێت، لەخۆ نامۆبوونى مرۆڤەکان و هەموو ئەو بەرژەوەندییە ماددی و مەعنەوییە لنگەوقوچانەى کە مرۆڤەکان بۆ قهبووڵکردنى ئەخلاقییانەى نایەکسانى و کۆیلەیەتى و قهبووڵکردنى دەورى سەرکوتگەر و سەرکوتکردن و پاڵپێوە دەنێت، لەنێو دەبات. یاساکان و پێویستیی یاساکان هەردووکیان پێکەوە لەنێو دەچن. هەر ئەو پرۆسەیەى کە یەکسانى دێنێ، لەگەڵ خۆیدا مرۆڤدۆستى و ڕێزگرتنى قووڵ لە ئاسودەیی و ئازادیی یەکتریش دێنێ. ناکرێ لە لایەکەوە کەسێک هەبێ، کرێ بدات و بهشوێن قازانجەوە بێت، لەولاشەوە کەسێک کرێ وەربگرێت و ناچار بە کارکردن بکرێت و کەچى لە مەیدانى سیاسیشدا ئازاد بێت. ناکرێ چینە باڵادەستەکان و چینە چەوساوەکان هەبن و دەمارگیرى و دواکەوتوویی و زوڵم و زۆردارى و تاوان لە ئارادا نەبن. ئازادیی واقیعى، تەنها بەرهەمى ئاڵوگۆڕى سۆسیالیستییانەى کۆمەڵگا و دەرچوونى مرۆڤە لە دەورانى وەحشیگەرییە چینایەتییەکەى. ئازادیی واقیعى، چهمکێکى کۆمەڵایەتى و هەمەلایەنەیە، نەک تەنها چهمکێکى حوقووقی و کارگێڕی. بەم پێیە ئازادیی واقیعى بابهتێکی دیموکراسى نییە، چونکە دیموکراسى و لیبراڵیزم دواى بەفەرزوەرگرتنى بنهمای کۆمەڵایەتى و ئابووریى بۆرژوایی و دواى بەفەرزوەرگرتنى بوونی سەرمایە و قازانج و کرێ و بازاڕ و خاوەندارێتیى تایبەتى، دەچێتە سەر تایبهتمهندییهکانی سەرخانى سیاسى و کارگێڕیی کۆمەڵگا.
ئینتهرناسیۆناڵ: ئایا ڕەخنەى ئێوە لە دیموکراسی، هیچ مۆرکێکی دەورانى نییە؟ مەبەستم ئەوەیە، کە ئایا لەڕووى مێژوویییەوە، سەرهەڵدانى دیموکراسى وهک ئامرازێک بۆ بەرینکردنەوەى ئازادیی واقیعیى مرۆڤەکان نەبووە، وه یان ئێستا ناتوانێ لە هەندێ کۆمەڵگادا بەو شێوەیە بێت؟ ئایا ڕەخنەى مارکسیستێکى ئەم سەردەمە لەم بیرکردنەوە و نیزامە، ڕەخنەیەکە لە کۆنبوونى، وە یان لە ناتەبایی هەمیشەیی و بناغەیی ئەو لەگەڵ ئازادیی واقیعیدا؟
مهنسوور حیکمهت: لە هەردووکیان. بە بڕواى من لەم ڕووەوە ڕەخنەى ئێمە لە لیبراڵیزم و دیموکراسى، وهکوو ڕەخنەی ئێمه لە خودى شێوەى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارییە. کاتێک کهسی بەرهەمهێن لە وابەستەیی بە زەوى و لەژێر کۆنترۆڵی ئەربابى دەرەبەگ دەردەچێت و دەبێتە "کرێکارێکى ئازاد" کە دەتوانێ ئازادانە هێزى کارەکەى بفرۆشێت، پێشڕەوییەکى مێژوویییە. بەڵام هیچ کەس چهمکی "کرێکارى ئازاد"، کە لە واقیعدا بە ماناى مرۆڤێکى داماڵراوە لە هەموو جۆرە موڵکییەتێک، کە ناچارە هێزى کارى خۆى بفرۆشێت، لەگەڵ ئازادیى واقیعیى مرۆڤەکان لە مەیدانى ئابووریدا بەیەک شت دانانێت. پەیدابوونى دیموکراسى و بەرقەراریى کۆمەڵە مافێکى مەدەنى لەسەر بنچینەى پرانسیپه لیبراڵییەکان و پەیدابوونى دهستهواژهی تاک و هاوڵاتى وهکوو بنەماى ڕواڵهتیی بەدەستهێنانى مەشروعییەتى حوکوومهت، پێشڕەوییەکى مێژوویی لە بەرامبەر حوکوومهتە ڕههاکاندا بوو. بەڵام ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ئازادیى واقیعیدا، لەگەڵ ئەو تیۆرهی کە بزووتنەوەى سۆسیالیستى بە هەموو تەوەهومات و ناڕۆشنییەکانییەوە و هەر ئەو کاتە بۆ ئازادیى واقیعی دەیخاتە ڕوو، دواکەوتووانەیە. سۆسیالیزم و دیموکراسى، دوو فیکرەن بەدرێژایی مێژووی سەرمایەدارى، شانبەشانى یەکتر وجودیان هەبووە و گەشەیان کردووە. دوو بزووتنەوە لە تەنیشت یەکدا و ناتەبا لەگەڵ یەکتر و بێگومان لە زۆر حاڵەتیشدا تێکەڵ بەیەک. بەم پێیە ڕەخنەى سۆسیالیستى لە دیموکراسى و بەدیلی سۆسیالیستى بۆ دیموکراسى بە ئەندازەى خودى دیموکراسى کۆنە. ڕەخنە جەوهەرییەکانى سۆسیالیزم لە دیموکراسى، کە لە واقیعدا ڕەخنەیە لە تێڕوانین و پێناسەى بۆرژوایی بۆ ئازادى و بۆ دەوڵەت و سەرخانى سیاسی لە سەرمایەداریدا، سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر بە هەمان ڕادەى ئەمڕۆ مەوزوعییەتى هەبووە. ئەو تیۆرەى کە پێى وایە، بەرقەرارى دیموکراسى، بەو تێگەیشتنەى کە من لەم باسەدا لەسەر دیموکراسى بەدەستەوەم دا، لە هەندێ کۆمەڵگاى ئەمڕۆدا، هێشتا دەتوانێت هۆیهک بێت بۆ بەرینبوونەوەى ئازادیی مرۆڤەکان، بە بڕواى من تیۆرێکى ساویلکانەیە و دوورە لە هەر ڕوانگەیەکى ڕەخنەگرانە. بەو مانایە کە ئازادیخوازى لەم وڵاتانەدا دەداتە دەست خوا (واتە لهکۆڵ خۆى دەکاتەوە/ و.). ئهمڕۆ ئیتر دیموکراسى کۆمەڵە حوکمێک سەبارەت بە ئازادیى چاپەمەنى و بیروباوەڕ و مامەڵەى باش لەگەڵ کەمایەتییەکان (تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک ئەمانەش بووبێت) نییە، مۆدێلێک نییە کە بتوانرێ دڵخوازانە لە هەموو شوێنێک عەمەلى بکرێتەوە، بهڵکوو ناونیشانێکە بۆ ڕژێمێکى سیاسیی بۆرژوازیى ئەم سەردەمە. ناکرێت خوازیارى دیموکراسى بیت وهکوو ئۆرگانێک و سەرخانێکى سیاسیی پتەو و قایم، وهلێ حوکوومهتى بۆرژوازیت نهوێ. لەبەر ئەمە، ئەوە بۆرژوازى و بەرژەوەندییەکانى ئەوە کە ماناى عەمەلیى دیموکراسى و بەشى خەڵکیى کۆمەڵگایەک لە ئازادى لە هەر بارێک و لە هەر دەورهیەکدا دیارى دەکەن. ئەگەر لە جێگایەکدا بۆرژوازى ئیستیبدادى بێت و بایەخێک بۆ مافه فەردى و مەدەنییەکان دانەنێت، کە ئەمە کەمکەم خەریکە لە کۆتایی سەدەى بیستەمدا هەموو دنیا دەگرێتەوە، ئەوکاتە چاوەڕوانیکردنى بەرینبوونەوەى ئازادى لە ڕێگاى دیموکراسییەوە خەڵک و خۆ هەڵخەڵەتاندنە. ئهمڕۆ ئیتر دیموکراسى خۆى وهکوو ئەنتیتێزى فیۆداڵیزم و پاشایەتیى ڕهها و حوکوومهتى دینى ناناسێنێ، بهڵکوو ڕێک و ڕاست قەڵغانى بەرگریى بۆرژوازییە لەبەرامبەر ئازادیخوازیى کرێکار و ئەو کۆمەڵە چاوەڕوانییە ئازادیخوازانەیەى کە لە جیهانى ئەمڕۆدا ئیلهام لە سۆسیالیزمەوە وەردەگرن.
ئینتهرناسیۆناڵ: بەم شێوەیە ئایا بە بڕواى ئێوە وشه و چهمکی دیموکراسى، ناکرێ لە لایەن چینى کرێکار و بزووتنەوەى کۆمۆنیستیى کرێکارییەوە سوودى لێ وەربگیرێت؟ با پرسیارەکە ئاوا بخەمە ڕوو: بۆچى ناتوانرێ لەبەرامبەر گوزارشتی بۆرژوایی بۆ دیموکراسى، گوزارشتێکى پرۆلیتارى و سۆسیالیستانە بۆ دیموکراسى هەبێت، هەر بەو جۆرەى کە لە ئەدەبیاتى کۆمۆنیستى و لەوانەش لە بیرى خودى لێنیندا ههبووه و لەناو کۆمۆنیستەکاندا دهستهواژهیهکی کۆن و مەقبووڵ بووە؟
مهنسوور حیکمهت: من دژایهتییهکی فۆنەتیکیم لەگەڵ بەکارهێنانى وشهى دیموکراسیدا نییە. لە زۆر باردا خەڵک لەجیاتى چهمکی ئازادى، بەرقەراریى مافە مەدەنییە ناسراوەکان، وە یان تەنانەت لەجیاتى بوونى تەحەمولى سیاسی و کۆمەڵایەتى لە بەرامبەر بیروڕا و عادهت و نهریته جۆراوجۆرەکان و شتى لەم بابەتانەدا، لەم دهستهواژهیە کەڵک وەردەگرن. ئەوەى کە من دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، ئەم چهمکه لەو جێگایەدا کە وهکوو ئایدیاڵێکى سیاسی بەکار دەبرێت و بەتایبەتى لەو جێگایەدا کە چەپ دەچێتە سەر ناساندن و پیاهەڵدانى، چهمکێکی گومڕاکهره و لەڕووى سیاسییەوە زیان لە خەبات بۆ ئازادیى واقیعی دەدات. باسەکەى من ئەوەیە کە دیموکراسى هاوتاى ئازادى نییە. دیموکراسى شێوازێکی حوکوومەتى و زنجیرە ئایدیا و پراکتیکێکى سیاسییە لەگەڵ بوونی کۆمەڵایەتى سەرمایە و ئەو بێمافییە سیاسییانەدا دەگونجێت کە لێوەى سەرچاوە دەگرن، بە تایبەتى لە سەردەمى ئێمەدا هیچ پەیوەندییەکى بە بەرینبوونەوەى مافەکانى جەماوەرى خەڵکەوە نەماوە. دیموکراسى ناوێکى سیاسی و ئارمێکە بۆ بار و دۆخێکى سیاسی و ئابووریى کۆنەپەرستانە کە تیایدا پیرۆزیی بازاڕ تهوهری بنچینهیییهتی.
ئەوە ڕاستە، کە تا ئێستا وشهى دیموکراسى بە گشتى لە ئەدەبیاتى کۆمۆنیستیدا لایەنێکى پۆزهتیڤی هەبووە و وهکوو وشهیەکى بنچینەیی لە خەباتى سیاسیدا و لە مەسەلەى تاکتیکدا حیساب کراوە، بەڵام ئەمە ئیتر بە بڕواى من دەبێ ئاڵوگۆڕى بەسەردا بێت، چونکە بار و دۆخى بابهتی و ماناى عەمەلیى دیموکراسى و هەروەها تێڕوانینى کۆمەڵگاى ئەمڕۆ بۆ دیموکراسى ئاڵوگۆڕى بەسەردا هاتووە. ئەوەش بڵێم کە خودى مامەڵەى بیریارانی کۆمۆنیست لەگەڵ دهستهواژهی دیموکراسیدا هەر لە نووسینە سەرەتایییەکانى مارکس و ئهنگڵس (١٨٤٣-١٨٤٧) سەبارەت بە ڕەوەندە فیکرییەکان و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانى ئهورووپاوە، تا دەگاتە شێوە مامەڵەى لێنین لەجەرگەى شۆڕشى ڕووسیا، لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکانى سەرەتای ساڵانى بیستەکانی ئەم سەدەیەدا، ئاڵوگۆڕێکى واى بەسەردا هاتووە، کە خۆى لە لایەکەوە پێشاندەرى پلەیەک لە لێووردبوونەوەى تیۆرییە و لەوەش گرنگتر پێکهاتى کۆنکرێتى دیموکراسى و دیموکراتیزمە لە دنیاى واقیعیدا. لە نووسراوە مارکسیستییە کۆنەکاندا لە نێوان پرانسیپی دیموکراسى بە ماناى حوکوومهتی خەڵک، یان حوکوومهتی خەڵکى لەگەڵ لیبراڵیزم و پەرلەمانتاریزم وهکوو ناوەڕۆکى عەمەلیى دیموکراتیزمى بۆرژوایی، لێک جیاکردنەوەیەکى بەرجەستەتر له ئارادایه لەچاو ئەوەى ئەمڕۆ من دەیڵێم. لە کاتێکدا لیبراڵیزم و دیموکراسیی بۆرژوایی بە ڕۆشنى بە خاوەندارێتى تایبەتى و بازاڕ و سەرمایەوە گرێ دەدرێنەوە، دیموکراسى بە مانا گشتییەکەى بە ناونیشانى "کۆماریخوازى" و کۆتایی پاشایەتییە ڕههاکان، بە ناونیشانى خواستى بوونى خەڵک بە سەرچاوەى دەسەڵات و دامەزراندى کۆمەڵگایەکى شارستانى پشتبەستوو بە یاسا و دڵسۆز بۆ ئاسودەیی و بەختەوەریی هاووڵاتیان و شتى لەم چەشنە تەماشا دەکرێت. لەم بارەدا دیموکراسى وشهى ڕۆژە. لە مێشکى خەڵکدا هاوتاى هۆشیاربوونەوەى خەڵکە بە مافەکانیان و ویست و ئارەزوویانە بۆ بەدەستەوەگرتنى کاروبارى خۆیان. لەسەر ئەم بنەمایەوەیه کە مارکس و ئهنگڵس چەندین جار لە "دیموکراسیى کۆمۆنیستى" لە "ئێمە دیموکراتەکان"، لە "دیموکراسیى واقیعی"، بۆ جیاکردنەوەى دیموکراسیى کرێکاران لە دیموکراسیى بۆرژواکان و خانهدانەکان و هەروەها لە ئاسوودەیى و خۆشگوزەرانى مرۆڤ وهکوو ئامانجى دیموکراسى و ئەم جۆرە شتانە دەدوێن. بە بڕواى من ئەمە ئاسایییە، چونکە جەنگى کۆمەڵایەتى بۆ مانادان بە وشهى دیموکراسى لە ئارادایە و ئەم جۆرە فۆرموولبەندییانە خۆیان بەشێک لە تەقەلاى کۆمۆنیستەکان و کرێکارانى سۆسیالیستن بۆ دانانى سۆسیالیزم لە دەستوورى کارى کۆمەڵگایەکدا کە لەبەرامبەر ئیستیبداددا پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى بە "دیموکراسى" ناو دەبات. دواتر بێگومان لە نووسراوەکانى مارکس و ئهنگڵسدا لێک جیاکردنەوەیەکى یەکجار ڕۆشنتر لە نێوان کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان لەگەڵ دیموکراتەکان و دیموکراسیدا دەکرێت و دیموکراسى دەبێتە وشهیەک کە زۆرتر لەجەرگەى قسەکردن سەبارەت بە ڕادیکاڵیزمى بۆرژوایی و جم و جووڵى وردەبۆرژوازى دێتە ئاراوە. هەر چۆنێک بێت لە سەرهتاى کاردا، مارکس و ئهنگڵس تا ڕادەیەک سۆسیالیزمیان تەنانەت وهکوو ئامانج و ناوەڕۆکى عەمەلیی سەرکەوتنى دیموکراسى، وهکوو بەدیهاتنى دیموکراسیى واقیعی باس کردووە. سەردەمى لێنین سەردەمێکى جیاوازە. دیموکراسى بەکردەوە بە لێکدانهوهی بۆرژوا-لیبراڵییانەى خۆیەوە جێ کەوتووە و کەمتر ئەو مانا گشتى و بێ شکڵە "کۆماریخوازى"یهی کۆنى هەیە. لێنین تەنانەت هەوڵى داوە، بنەماکانى مانەوەى ڕادەیەک لە تەحەمولى سیاسی و ئازادییە مەدەنییەکان لە وڵاتانى سەرمایەدارى پێشکەوتوودا، لەسەر بنەماى بوونى نیزامێکى جیهانى و ئیمپریالیستى و دابەشکردنێکى نێونەتەوەیی ئازادى و داپلۆسین ڕۆشن بکاتەوە. لێنین زۆر زیاتر لە ڕابەرانى پێشووى کۆمۆنیزم خۆى بە بەرپرسیار دەزانێت کە لەگەڵ ئەو دیموکراسییەى لە واقیعدا هەیە، لەگەڵ لیبراڵیزم و نیزامى پەرلەمانى و هەڵبژاردنەکەیدا، ڕووبەڕوو بێتەوە و وێنایهکى کۆنکرێتتر لە دیموکراسیى کرێکاریی پشتبەستوو بە دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا و شووراکان بەدەستەوە بدات. بەڵام دەرکەوتنى سیماى حوکوومهتی کرێکارى وهکوو "دیموکراسى"ی کرێکارى بۆ لێنین، زیاتر لایەنێکى دیفاعى هەیە و لە بنەڕەتدا لە پلمیک لەگەڵ کهسانێکدا دەهاتە ئاراوە، کە لە هەڵوێستى پێشداوەرییە لیبراڵییەکان و نیزامى پەرلەمانییەوە ئازادییه سیاسییەکان لەژێر سایەى حوکوومهتی کرێکاریدا دەخستە ژێر پرسیارەوە. خودى چهمکى دیموکراسى بۆ لێنین ئیتر زیاتر لە جاران لەجەرگەى پراتیکى سیاسیی بۆرژوازیدا جێگا داگیر دەکات، "دیموکراسى شۆڕشگێر" دهستهواژهیهک کە لێنین پێى باش بوو سەبارەت بە ڕادیکاڵیزمی دەستەنگانى غەیرە پرۆلیتێرى بەکارى بەرێت، لە نووسراوەکانى ئەودا لە سەروبەندى شۆڕشى ئۆکتۆبەر و بەتایبەتی له دواى شۆڕشدا، ئیتر بە تەواوى وهکوو تەمایولات و بزووتنەوەیەکى ناپرۆلیتارى و جیاواز لە سۆسیالیزمى کرێکارى بەکار دەبرێت. ڕادیکاڵیزم و ئازادییخوازیی کرێکارى بە سۆسیالیزم و ڕادیکاڵیزمى ناکرێکارى بە "دیموکراسیى شۆڕشگێڕ" وەسف دەکرێن.
دوو خاڵ لە تێڕوانینى لێنیندا بۆ دیموکراسى، شایانى سەرنجدانە: یەکەم، دیموکراسى زیاتر لە جاران لە یەک ئایدیاڵى گشتى، لە یەک هاوتاى سیاسییەوە بۆ چهمکی ئازادى، دەبێتە بار و دۆخێکى سیاسیی موشەخەس و تهنانەت ڕاگوزەر کە بە وێستگەى سەر دووڕێیانێک و بە بەردەبازێک بۆ شۆڕشی سۆسیالیستى لە قەڵەم دەدرێت. ئەوە ڕادەگەیەنرێ کە سۆسیالیزم واتە زیاتر ڕۆیشتن لە دیموکراسى، واتە گەیشتن بە ئازادیی واقیعی. دووەم، بار و دۆخی دیموکراتیکى جێمەبەستى کرێکاران، وهکوو دەورهیەکى ڕاگوزەر، زیاتر لە جاران لەگەڵ شکڵ و چوارچێوەیەکى غەیرە لیبراڵى و شووراییدا وەسف دەکرێت. پراکتیکى ڕاستەوخۆ و لەخوارەوەى کرێکاران و توێژە ژێردەستەکان و هەروەها ئۆرگانە جەماوەرییەکانى ئەم پراکتیکە ڕاستەوخۆیە بەرجەستە دەبێتەوە. بە واتایەکى تر، دیموکراسى لە شێوە مامەڵەى لێنیندا ڕەسەنایەتى و حەقانییەتى خۆى لەو توێژە کۆمەڵایەتییانەوە بەدەست دێنێ، کە لە هەر دەورهیەکدا پایە و بناغەکەى پێک دەهێنن و ئەو بار و دۆخەش بە دیموکراتیک دەژمێردرێ کە ڕێگرییەکانى بەڕێوەچوونى ئیرادەى سیاسیی توێژە دەستتەنگەکان تیایدا لەنێو چووبێت. بۆ لێنین بوون و مانەوەى ئازادییە سیاسی و مەدەنى (تەنانەت بۆرژوایی)یەکان کە بە بڕواى ئەو بۆ پێشڕەوى چینى کرێکار حەیاتییە، خۆى بە بەڕێوەچوونى ئیرادەى ئەو چینانەوە کە بە پێچەوانەى بۆرژوازییەوە لەم مافانە کەڵک وەردەگرن بهنده.
تهداعیبوونى دیموکراسیش لە پلەى یەکەمدا لەگەڵ بەرێوەچوونى ئیرادەى ڕاستەوخۆ و لە خوارەوەى جەماوەر و ئۆرگانە ڕاستەوخۆ و ناوچهیییەکانى ئەم حەرەکەتە، نەک بەوەى کە کۆمەڵێکى زانراو لە ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و ئۆرگانە یاسادانەرە هەڵبژێردراوەکانى وەک پەرلەمان، بە نۆرەى خۆى بەڕەچاوکردنى هەلومەرجەکانى ئەو دەورهیە قابیلى دەرککردنە. لەو دەورەیەدا لە لایەکەوە لە ئهورووپا دیموکراسیى پەرلەمانى بووه به شتێکى جێکەوتوو، وه پەیوەندیى لیبراڵیزم و پارلەمانتاریزمى بۆرژوایی لەگەڵ کۆنەپەرستیی کاپیتالیستى و ئیمپریالیستیدا دەتوانرێت زیاتر ڕۆشنتر ببینرێت. لە لایەکى ترەوە بەکردەوە خەریکە هەڵسانە سۆسیالیستییەکان لەپێناو بەدەستەوەگرتنى دەسەڵاتى سیاسیدا لە دەستوورى بزووتنەوەى چینى کرێکاردا جێ دەکەوێت. توانایییەکانى بزووتنەوەى چینى کرێکار بە شێوەیەکى بابهتى لە ڕێفۆرمی پەرلەمانى زیاتر تێپەڕى کردووە.
لە ڕێچکەى شێواندنی مارکسیزم لە سۆڤێت لە سەردەمى ستالیندا و دواتریش لە ئهزموونی چین و پەرەسەندنى ماویزمدا، پەیوەندیى دهستهواژهی دیموکراسى لەگەڵ ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە لایەکەوە و لەگەڵ بە عەمەلیبوونى ئیرادەى لەخوارەوەى توێژە دەستەنگەکان لە لایەکى دیکەوە بەتەواوى وەلا دەنرێت. لە لایەکەوە دیموکراسی دەبێتە ناوى خوازراوى چەند توێژێکى کۆمەڵایەتیى تایبەتى کە سەربەخۆ لە سیاسەت و ئامانجە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانیان تەنها بە ئیعتیباری جێگاى ئابوورییان بە "دیموکرات" لەقەڵەم دەدرێن، لەلایەکى دیکەشەوە خودى ئەم توێژانە چ لە تێڕوانینى سیاسیدا و چ لە دنیاى واقیعدا، بەو هێزە سیاسییانه و بەو دەوڵەتانە جێگایان دەگیرێتەوە کە "نوێنەرى" چینایەتى ئەوانن. زۆر بە سادەیی، بار و دۆخێکى دیموکراتیک کە لەم مەکتەبانەدا بە دیموکراسیى خەڵکى، یان جەماوەرى ناو دەبرێن، بار و دۆخێکە کە حیزبە "خەڵکى"یەکان تیایدا دەسەڵاتیان لەدەستدایە. لەم جۆرە دیموکراسییانەدا کە فۆرمی بنهڕهتیی حوکوومهتکردن لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانى بلۆکى سۆڤێت و چین و پەیڕەوە سیاسییە دوور و نزیکەکانیاندا بوو، ئەوەى کە پاکانەى دیموکرات لەقەڵەمدانى ڕژێم دەکات، خەڵکیبوونى دەوڵەت نەک لهئارادابوونی ئازادییە فەردى و سیاسی و مەدەنییەکان، وە یان ئۆرگانە ناوچهیییەکانى بڕیاردانى جەماوەرى و شتى لەم چەشنە.
ئەم لێکدانهوه دەوڵەتى-خەڵکییە بنچینەی دهرکیی چەپى دژى ئیمپریالیستیی جیهانیی سێیەمی لە دیموکراسى بوو. ڕەنگە لەبیرتان بێت، کاتێک لە سەرەتاى شۆڕشى ساڵى ٧٩دا، ئێمە قسەمان لە ئازادییە بێ قەید و شەرتە سیاسییەکان دەکرد لە بابەتى ئازادیى بڵاوکردنەوە و چاپەمەنى و شتى لەم بابەتە، تەنانەت ڕادیکاڵترین بەشى چەپی ئەوسا، خەتى٣ و دەوروبەرەکانى، تەزوو بە لەشیاندا دەهات. بەوەیان تاوانبار دەکردین کە دەمانەوێ بڵاوکراوەى میزان بپارێزین! لە مەکتەبى ئەواندا، یان هەر چۆنێک بێت لە دهربڕینه شێوە سۆسیالیستییەکانیاندا کە بیانەوێ و نەیانەوێ لە ستالین و ماوتسیتۆنگەوە بە میرات بۆیان بەجێ مابوو، دیموکراسیى خەڵکی بە ماناى بەدەسەڵاتگەیشتنى بەرەیەکى یەکگرتووى حیزبە خەڵکییەکان بوو. ئەمەى کە مافەکانى تاک لەم نیزامەدا چییە، ئازادیى بڵاوکردنەوە و مانگرتنى خەڵک لە ڕوانگەى ئەوانەوە چى بەسەر دێ، ئیتر ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە مەیدانى لیبراڵیزمەوە هەبوو.
ئەم تێڕوانینە دەوڵەتگەرایی و خەڵکییانەش بۆ دیموکراسى، زەمینەى کۆمەڵایەتیى خۆى هەبوو. ئەمە شتێک نەبوو بێجگە لە ناسیۆناڵ ڕێفۆرمیزمى ئیمپریالیستیى وردەبۆرژوازى و ڕۆشنبیرانى ناڕازى لە دواکەوتوویى ئابوورى لەم جۆرە وڵاتانەدا. بڕیار بوو دیموکراسى خەڵک، ڕژێمێکى سیاسی بۆ گەشەى ئابوورى و پیشهسازی و کۆتاییهێنان بە وابەستەیی بە ڕۆژئاواوه بێت و ڕژێمێکى سیاسی بۆ بەدەستهێنانى "سەربەخۆیی" ئابوورى و بەرزکردنەوەى ئیعتیبارى سیاسیی وڵات بێت. چونکە پەرەسەندنى ئابوورى و سەربەخۆیی سیاسی ئەو تەمایولاتانە بوون کە خەڵک و توێژە خەڵکییەکانى دیارى دەکرد. لەبەرامبەردا، ئازادیی فەردى، بەرینبوونەوەى ڕۆشنبیرى، جۆراوجۆربوون و بەرەوسەرچوونى ئاستى بەکاربردن (استهلاک)، هەموو وهکوو تەمایولاتى بۆرژوایی و ناتەبا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى خەڵکدا حیساب دەکران. لەپشتى هەموو ئەمانەوە، دەتوانرا هەوڵ و تەقەلاى بەشێک لە بۆرژوازیی جیهانیی سێیەم و وڵاتانى دواکەوتوو ببینرایە کە دەیویست بە ڕێکخستنى دەوڵەتێکى بەتوانا و نەتەوەیی، لەسەر بنەماى هەڵخڕاندنى ئایدیۆلۆژیکى جەماوەرى کرێکار و زەحمەتکێشى کۆمەڵ، بۆ ڕازیبوون بە هەلومەرجى سەختى ئابوورى و تەنگەبەریی سیاسی، قۆڵى پەرەپێدان و پیشهسازیکردنى ئابووریى نیشتمانیی لێ هەڵماڵێت. دیموکراسى و دیموکراسیى خەڵک، هۆی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکى دەوڵەتێکى بۆرژوایی لەو چەشنە بوو. بە بڕواى من لەگەڵ پەیدابوون و دواتر بەسەرچوونى دهستهواژهى دیموکراسیى خەڵکیدا، ئیتر دەورانى شانبەشان ڕۆیشتنى کرێکار و سۆسیالیزم لەگەڵ دهستهواژهی دیموکراسیدا بەفهرمى تەواو دەبێ، چونکە لە دیموکراسیى خەڵکیدا، ڕێک وهکوو دیموکراسیى لیبراڵى، دهستهواژهى دیموکراسى جارێکى دیکە دەبێت بە ئامرازی شەرعییەتپێدانى دەوڵەتى چینایەتى-بۆرژوازیى دەسەڵاتدار.
ئەم واقیعییەتەى کە دەورەی نوێى خۆشەویستبوونى دیموکراسى کە لەم ساڵانەدا بینیومانە بە فهرمى لەجەرگەى بەپیرۆزدانانى بازاڕ و بە نەمر ناساندنى کاپیتاڵیزمدا شکڵ دەگرێت، خۆى شایەدى ئەوەیە کە ئیتر دەورانى ڕادیکاڵیزەکردن و "بهڕەسەن"کردن و کرێکاریکردنى دهستهواژهى دیموکراسى لە لایەن سۆسیالیستەکانەوە بەسەر چووە. دیموکراسى لە هەر دەورەیەکدا بەرهەمێکى دیاریکراوى مێژوویییە و ناگاتە هەر شوێنێک کە لێکۆڵهرەوەکانى دەیانەوێ. ئێمە ئیتر نە لە سەردەمى مارکس و چاوکرانەوەى کرێکار سەبارەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەکانداین و نە لە سەردەمى لێنین و یەکەمین شۆڕشە کرێکارییەکان بۆ بەدەستەوەگرتنى دەسەڵاتداین. ئەمە سەردەمێکى تازەیە. بۆگەنیى کردەوەکانى سەرمایەدارى و ئابوورى و سیاسەتەکەى بڵاو بۆتەوە. هەر کەس سەرپشکە لەوەى هەر وشهیەک بەکار بێنێ کە مەبەستەکەى ڕوون دەکاتەوە. بەڵام بە بڕواى من، چهمک و دهستهواژهى دیموکراسى بۆ کۆمۆنیزمى کرێکارى هیچ ڕێگایەک ڕۆشن ناکاتەوە. زیاتر لەوەى ببێتە مایەى هۆشیارى، ناڕۆشنى دروست دەکات، زیاتر لەوەى ڕیزى ئازادیخوازیى دنیاى ئەمڕۆ پێناسە بکات، بە خێڵێکى گەورە لە خراپترین دوژمنانى ئازادیى مرۆڤ لە کەدارى دەکات، زیاتر لەوەى نیزامى کۆمەڵایەتیى شایستەى ژیانى مرۆڤ پێناسە بکات، مۆرى پشتیوانی لە نیزامە گەندەڵ و سەرکوتگەرەکانى ئێستا دەدات. بە بڕواى من دەبێ ئەم وشهیە وەلا بنێین و هەر چەنده نابەدڵیش بێت، لەم شانۆگەرییە منداڵانەیەى دوادوایی سەدەى بیستەمدا بەشدارى نەکەین. ئێمە دیموکرات نین، ئێمە ئازادیخوازین، سۆسیالیستین بەرگرى لە مرۆڤ و حورمەت و مافە فەردى و گشتییەکانى لەبەرامبەر نیزامى چینایەتیى حاکمدا دەکەین. ئامانجى مێژوویی ئێمە دیموکراتیزەکردنى دەوڵەت نییە، بهڵکوو لەنێوبردنى کۆڵەکەکانى وجودیەتى. ئێمە لێبڕاوانە داکۆکی لە ئازادییە فەردى و مەدەنییەکانى مرۆڤەکان دەکەین لەبەرامبەر دەسدرێژییەکانى دەوڵەت و حیزبەکاندا بە دیموکراتیک و نادیموکراتیکەوە، بە پەرلەمانى و ناپەرلەمانییەوە، وە پێمان وایە کە تەنها شۆڕشى سۆسیالیستیی کرێکار و ئەو مرۆڤانەى کە بەدەورى ئاڵاى ئەم شۆڕشەدا گرد و کۆ دەبنەوە، دەتوانن کۆمەلگایەکى ئازاد بە ماناى واقیعی وشهکە دابمەزرێنن.
ئینتهرناسیۆناڵ: یەکێک لە ڕیشەکانى بە خۆداچوونەوە لەناو سۆسیالیستەکاندا لە ڕووخانى بلۆکى ڕۆژهەڵاتەوە، ڕەخنەیە لەوەى کە پێى دەووترێ کەمڕەنگبوونی ئایدیاڵى دیموکراسى لە کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمى تا ئێستادا و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەى هێنانەناوەوە و تێکردنى سۆسیالیزم بە چهمکی دیموکراسى ئەم بەناو کەموکووڕییە پڕ بکرێتەوە. هەروەها چەندین مەیلى جیاجیا وای لێک ئهدهنهوه، کە نەبوونى دیموکراسى لە سۆڤێت و وڵاتانى بلۆکى ڕۆژهەڵات، هۆکارێکى سەرەکیی تێکشکانى ئەم نیزامانە بووه. ڕاى ئێوە سەبارەت بەم جۆرە ڕەخنە دیموکراتیکانە چییە، چ لە مارکسیزم و چ لە ڕەوتى پەرەسەندن و پێکهاتن و سەرەنجام ڕووخانى سۆڤیەت وهکوو بلۆکێک کە لافى سۆسیالیزمى لێ دەدا؟
مهنسوور حیکمهت: بە بڕواى من، ئەم جۆرە ڕەخنەگرانە دوو دەستەن، یەکێکیان مەبەستى لە دیموکراسى هەمان مانا موشەخەسە بۆرژوا-لیبراڵییەکەیەتى و باسە واقیعییەکەشیان ئەمەیە کە نەک تەنها تیۆریى سیاسیی مارکسیزم، بهڵکوو بنەما ئابوورییەکانیشى دەبێت پێداچوونەوەى تێدا بکرێت و دەبێ هەم بازاڕ و هەم دیموکراسی بە ماناى پراکتیکە پەرلەمانى و ڕۆژئاوایییەکەى بۆ ئەم تێڕوانینە زیاد بکرێت و لەگەڵیدا ئاوێزان بێت. پووچى و بۆرژواییبوونى ئەم جۆرە هەڵانە لە ڕوانگەى کۆمۆنیستییەوە کە لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرى ئابووریى بۆرژوایی و سەرخانى سیاسیی کۆمەڵگاى بۆرژوایییە و مارکسیزمى لەم بار و دۆخەدا ناسیووە و قهبووڵى کردووە، پێویستى بە ڕوونکردنەوە نییە. ناتوانرێ بهر بە کەسێک بگیرێ، کە دەیەوێ بە تێکەڵکردنى مارکسیزم و بازاڕ و مارکسیزم و لیبراڵیزم مەکتەبێکى سێیەم دروست بکات. بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەم جۆرە مەکتەبە تێکەڵ و پێکەڵە، نە پەیوەندییەکى بە ڕزگاریی لە سەرمایەدارى دەبێت و نە بە ئازادیى مرۆڤەوە و لە کۆتاییشدا نە لە لایەن بزووتنەوەى سۆسیالیستیى کرێکارییەوە بەدەستەوە دەگیرێت. بەڵام قسەوباسى ئەوانەى کە پێیان وایە دهستهواژهى تاک و ئازادیى تاکهکهسی بە مانایەکى گشتیتر لە کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا کهمڕەنگ بووە، دەبێ بە شێوەیەکى کۆنکرێتتر وەڵام وەربگرێتەوە. دیارە لێرەدا بواری باسى دوورودرێژ لەم بارەیەوە نییه. من تەنها بە باسکردنى ئەم خاڵە ئیکتیفا دەکەم، کە بیانەوێ و نەیانەوێ ئەم ڕەخنانە لەژێر کاریگەرى پراکتیکى جهمسهری فهرمیی کۆمۆنیزم لە سۆڤێت و چین و پەیڕەوانیاندان و بیانەوێ و نەیانەوێ ئەم پراکتیکە بە گشتى، یان بەشێکى لەسەر مارکسیزم دەنووسن. جگه لەم حاڵەتە بە بڕواى من ئەوە زۆر سادەیە کە مرۆڤ بە گەڕانەوە بۆ ئامانجەکان و لێکدانەوە مارکسیستییەکان، بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆمۆنیزم پێش ئهوهی خەتى سۆڤێت ئاڵوگۆڕی بهسهردا بێت، ئەوە نیشان بدات کە چۆن مارکسیزم نەک تەنها هیچ پێویستییەکى بە ڕێفۆرمی ئازادیخوازانە نییە، بهڵکوو چ لەڕووى شیکاری و چ لە مێژووى واقیعیی جیهاندا، به هۆى ئازادیخوازیی لەڕادەبەدەر و پێداگرتنى شێلگیرانە لەسەرى، هەمیشە ئەم ڕەوتە کەوتۆتە بەر هێرشى بیریاران و سیاسەتمەدارانى بۆرژوایی. ئەگەر تهفسیری کۆمەڵگا لە دهستهواژهى ئازادى و نرخ و حورمەتى مرۆڤ بەدرێژایی دوو سەدەى دوایی قووڵتر بووبێتەوە، ئەوە لە بنەڕەتدا قەرزارى مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە. مارکسیزم تەفسیرێکى ئەوەندە ماکزیمالیستی لە ئازادیی مرۆڤ هەیە و ڕواڵەتەکانى زنجیری دیلێتى مرۆڤەکان ئەوەندە هۆشیارانە نیشان دەدات، کە بە بڕواى من مایەى گاڵتەجارییە ئەگەر کەسێک بە ئیلهاموەرگرتن لە ئهزموونی دیموکراسیى ڕۆژئاوا، بیەوێ ئازادئەندێشانەترى بکات. کەسێک کە مرۆڤەکان هەر تەنها بە وابەستەنەبوونیان بە زەوییەوە و بوونى مافى مامەڵەکردن بە پارەوە لە بازاڕدا و خاوەن دەنگبوونیان لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەندا بە ئازاد لەقەڵەم بدات، زەحمەتە بتوانێ شتێکى بەکەڵک بۆ ئەو تێڕوانینە زیاد بکات کە تەنانەت لە ئازادترین دیموکراسییەکاندا زەبوونى ئینسانەکان لەبەرامبەر دەسەڵاتى هەمەلایەنەى سەرمایەدا دەخاتە ڕوو. هەر چۆنێک بێت بە بڕواى من گومانی تێدا نییە، کە تەفسیرى مارکسیستییانەى ئازادى، مەیدانێکە کە دەبێ بەجیاواز بچینە سەرى، ئەگەر بە ڕاستى ئێمە دەمانەوێ لە بەرامبەر فریوکارییە دژى سۆسیالیستییەکانى ئێستادا ڕابوەستین.
سەبارەت بە سۆڤێت دیارە کە باسەکە شتێکى ترە. دیارە کە لە سۆڤێتدا دیموکراسیى لیبراڵى حاکم نەبوو. ئەمە هەرگیز مەرج نییە بەو مانایە بێت کە هاوڵاتیى یەکێتیى سۆڤێت تەنانەت لە مەیدانى سیاسیدا بە ناچارى مافێکى کەمترى لە هاوڵاتییەکى وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان هەبووبێ. لە زۆر باردا، بۆ نموونە لە مەیدانى ئەو یاسایانەى پەیوەندییان بە یەکسانى ژن و پیاو، مافى هاووڵاتى، یان لە مەیدانى خوێندن و تەندروستیدا، مافى بەشداریکردن لە بڕیارەکان و پێوانەکانى شوێنى کار و ژیانەوە هەبووە، ئەوە بلۆکى ڕۆژهەڵات بوو کە بە ئازادییەکى زیاتر بۆ فەرد قایل بوو. بەڵام جیاوازی نێوانیان سەرەنجام بریتى بوو لە میکانیزمەکانى بێمافکردنى عەمەلیی خەڵک لە هەردوو جهمسهرهکەدا. ئەم مەسەلەیە لە نیزامى پەرلەمانیدا بە نەرم و ناسکییەکى زیاتر و بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت. بەڵام بە هەر جۆرێک بێت ڕووخانى بلۆکى ڕۆژهەڵات بە هۆى نەبوونى دیموکراسیى لیبراڵییەوە نەبوو. هەر وهکوو پێشتر باسمان کرد، بنچینهی مەسەلەکە لە مایهپووچیی ئابووریی مۆدێلى سۆڤێت و بێتوانایییەکهی لە بوارى بەدیهێنانى گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانى دوو دەیەى دوایی و وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانى کۆمەڵگایەکى پیشهسازیی پێشکەوتوودا بوو. لە کۆتایی دەیەى پەنجاکاندا سۆڤێت بە هەمان ئەندازە غەیرە لیبراڵى بوو. لە هەمان کاتیشدا گەشەیەکى ئابووریى بەرزى هەبوو، وە نیشانەیەکیش لە داچوون و ئاوابوونى لە ئارادا نەبوو. لە چینى ئەمڕۆدا ئیستیبداد حاکمە، کەچى ئاستى گەشەى، مایەى سەرسووڕمانى ڕۆژئاوایە. ئەگەر بکرێ شتێک سەبارەت بە پەیوەندیى دیموکراسى لەگەڵ پاشەکشەى سۆڤێتدا بووترێ ئەوەیە، کە نەخوازەڵلا بەو جۆرەى کە کادرى کۆنى حیزبى کۆمۆنیستى سۆڤێتى پێشوو، ئێستا پێى وایە، ئەگەر تەسلیمبوون بە بازاڕ بەبێ هەڵکردنى چراى سەوز بۆ مافە لیبراڵییەکان ئەنجام بدرایە (کارێک کە چین خەریکە دەی کات)، واتە "پێرێسترۆیکاى بێ گلاسنۆست"، ئەوا پاشەکشە و ئاوابوونى سۆڤێت ئا بەم شێوە کامڵ و دراماتیکییە ڕووى نەدەدا.
وە سەرەنجام بە بڕواى من ڕەخنە لە نەبوونى ئازادیی سۆسیالیستى لە کۆمەڵگاى سۆڤێتى پێشوودا ئەم لاوازییەى هەیە کە بەفهرمى، یان بە ناڕاستەوخۆ مۆرى تهئید لە ئابووریى سۆڤێت و بلۆکى ڕۆژهەڵات دەدات. ئازادیی سۆسیالیستى تەنها دەتوانێ لەسەر بنەماى گۆڕانکارییەک لە بنچینەی ئابووریی کۆمەڵگادا، لە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێناندا شکڵ بگرێت. ئازادییەکى لەم جۆرە لە سۆڤێتدا وجوودى نەبوو، چونکە هەرگیز ئاڵوگۆڕێکى لەم چەشنە لە بنچینەى ئابووریى کۆمەڵگادا ڕووى نەدا. چاوەڕوانکردنى ئازادییەکى لەو بابەتە لە بلۆکى ڕۆژهەڵات مانایەکى ترى نییە جگە لەوەى کە وێنای خودى ڕەخنەگر لە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانى سۆسیالیستى، جیاوازییەکى ئەوتۆى لەگەڵ هەمان نیزامى دەسەڵاتدار لەم بلۆکەدا نییە. ئەمە هەڵوێستى ڕەوتە ترۆتسکییە ڕەسەنەکان و زۆربهی چەپى نوێ بووه و بە بڕواى من سەراپا پڕە لە ناڕۆشنى و ناڕۆشنیش پەرە پێ دەدات. تەنانەت نەبوونى ئازادى بە دهربڕینه کرێکارى و مارکسیستییەکەیشی لە ههنگاوهکانی یهکهمدا، هۆى ئاوابوون و پاشەکشەى بلۆکى ڕۆژهەڵات نەبوو. بە بڕواى من دەبێ ماناى کۆمەڵایەتى و مێژوویی پشت ئەم مەیلە، واتە شەیدابوون و سەرقاڵبوون بە دیموکراتیزەکردنى سۆسیالیزم لەم سەردەمەدا تێبگەین. بۆچوونى مارکسیزم سەبارەت بە ئازادى و جێگاوڕێگاى دهستهواژهی ئازادى لە بزووتنەوەى کۆمۆنیستیدا لە ماوەى سەدە و نیوێکدا لەوە ناسراوتر بووە کە کەسێک بێ ئاگا ئەمڕۆ بیەوێ لە بۆتەى تاقیکردنەوە و ڕاستکردنەوەى بدات. ئەوەى کە ئەم جۆرە سەرقاڵییە دەکاتە مۆدێلى ئێستا، باڵادەستیى فیکریی و هاتوهاوارى تەبلیغاتی باڵى ڕاست سەبارەت بە دیموکراسییه. بەشێکى چەپ لە ڕەوتى پاشەکشەکردندا خەریکه فەرمانى داگیرکەران جێبەجێ دەکات. خەریکه مێژووى تا ئێستاى سۆسیالیزم و بناغەکانى بیروباوەڕى سۆسیالیستى بەپێى ڕیوایەتى ڕهوتی سەرکەوتوو دەنووسێتەوە و دووبارە بیرى لێ دەکاتهوە. ئەمە کڕنۆشبردنێکى سیاسییە، نەک چاوکرانەوە لهبهرامبهر ڕاستییە زانستییە نوێکان. بەم پێیە تەواوى ئەم کێشە و سەرقاڵییانە بە بڕواى من بێ بەهان. بێ بههان بەڵام بێ بایەخ نین. لەبەر ئەوەى بزووتنەوەى سۆسیالیستیى چینى کرێکار لە مەنگەنە دەدەن و دەیخەنە کەنارەوە. دەبێ لهبەرامبەریدا بوەستییەوە، بەڵام نەک بەجیددیگرتنى حاڵەته زانستییەکەى، بهڵکوو بە ئاشکراکردنى حەقیقەتە سیاسییەکەى.
|