Status             Fa   Ar   Tu   Ku   En   De   Sv   It   Fr   Sp   Ca   Ru  

دیمانەی لەگەڵ مەنسوور حیکمەت سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران

لە نووسینی سەفا حائیری سەرنووسەری ئێران پرێس سێرڤس

(چاوپێکەوتنی ئەسڵی بە زمانی ئینگلیزییە)

لەندەن - دەزگای چاپەمەنی ئێران

ڕەنگە لە نێو هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێراندا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، مۆدێرنترین و پێشکەوتووترین و ڕۆژئاواییترین و پێشکەوتووخوازترین بێت. هەرچەندە بیرۆکە ڕاگەیەندراوەکانی بە خەیاڵی دەردەکەون، بە تایبەت لە سەردەمی جیهانگیری و دڵڕەقی سەرمایەداریدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حیزب شایستەیی ئەوەی هەیە کە دژی ڕەوتەکە بێت، ڕێگری لە تێڕوانینەکە بکات، نەترسێت لە تەحەدای ئەو تابۆیە تەقلیدییە کۆنانەی کە سەپێنراون بە ئیسلام. تابوەکانی وەک سێکس و ئازادی ڕادەربڕین و بۆچوون کە لەگەڵ ئیسلامدا ناگونجێت و قسەکردن لەسەریان بەهۆی ئیسلام و لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا قەدەغەیە.

ئەو حیزبە تیۆری ناسیۆنالیزم (دەبینین لە یوگۆسلاڤیای کۆندا چ زیانێکی لێدەکەوێتەوە) و فیدراڵیزم وەک چارەسەرێک کە لەلایەن هەندێک گرووپی وەک کوردەوە کە بە دوای سەربەخۆیی دەگەڕێن، ڕەتدەکاتەوە و لەبری ئەوە پێشنیاری ڕیفراندۆم دەکات. "ئەگەر بڕیاری جیابوونەوەیان دا، با بڕۆن. بەڵام ئەگەر دەنگیان دا بۆ مانەوە، هەموومان لە پێگەیەکی یەکسانداین، مافی یەکسان بۆ هەمووان و لەسەر بنەمای لێهاتوویی هەمووان و هیچی تر".

وەک مەنسور حیکمەت، سکرتێری گشتی گەنج و وزەبەخشی حیزب ڕایگەیاندووە، بەرنامە سیاسی و ئابوورییەکانی حیزب پێشتر لە هیچ شوێنێکدا ئەزموون نەکراون، بۆیە مرۆڤ ناتوانێ دڵنیا بێت کە ئایا دەکرێت یان نا. ئەوەی پارتەکە بەدوایدا دەگەڕێت زۆر لە کارکردن لە کیبوتز Kibbutz (کێڵگەی کۆمەڵایەتی) دەچێت کاتێک لە ئیسرائیل دەستی پێکردووە. بەڵام کیبوتزی Kibbutz ئەمڕۆ وەکو جاران پێشەنگ نییە.

لە خوارەوە دەتوانن چاوپێکەوتنێکی سێ کاتژمێری بخوێننەوە کە لە مەیخانە (pub) یەکی لەندەن ئەنجامدراوە. من بە پێی نەریتی کۆن و کۆنی هەموو ڕێکخراوە ژێرزەمینییەکان لەلایەن ژنە "پاسەوان"ێکی جوان و پرۆفیشناڵەوە بردم بۆ ئەم شوێنە.

سەفا حائیری
ژانویەی ١٩٩٩


سەفا حائیری: یەکەم پرسیارم بۆ ئێوە پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستاوە هەیە. دانپێدانانی سەرسوڕهێنەری وەزارەتی ئیتلاعات بەوەی کە بریکارەکانیان بەرپرسیار بوون لە کوشتنی ئەم دواییەی نەیارانی سیاسی و ڕۆشنبیران و بەیاننامەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی (خامەنەیی) کە تیایدا بەردەوام بیانییەکان تاوانبار دەکات کە لانیکەم ئەم سیناریۆیە نووسیوە.

مەنسور حیکمەت: سەیر نییە. ئەمەیە کە هەمیشە دەیڵێت - هەروەها وتی کە ئەمە کۆتایی پیلانەکە نییە. بەو مانایەی کە بەردەوامە لە هەڕەشەکردن. وا دیارە هێشتا موزایەدەی ئەوان لەسەر لێکدانەوەی فەرمی بۆ کۆمەڵکوژییەکان کۆتایی نەهاتووە. پێم وایە هۆکاری ئەوەی کە وەزارەتی ئیتلاعات بڕیاری قبوڵکردنی ئەمەی دا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک هیچی کەمتر قبوڵ نەدەکرد و ئەمەش دۆخەکەی بۆ ڕژیم مەترسیدار کرد. ڕەنگە هەندێک لە خەڵکی وەزارەتی ئیتڵاعات دەرکیان بەوە کردبێت کە کەسێکدەبێت کەمترین ئیمتیاز بدات و ڕەنگە هەندێک بەکرێگیراو بکاتە قوربانی. بەڕای من ئەوەی گرنگە ئێستا ئێرانییەکان بە گوێی خۆیان بیستوویانە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ماشێنێکی کوشتنە و خەریکی تیرۆرکردنی خەڵکی بێ تاوانە. ئەمەش لە بەرامبەردا لێکدانەوەی ترس لە خەڵک. بە یەک وشە ئەم بڕیارە سەرسوڕهێنەرە لەلایەن خەڵکەوە بەسەر دەسەڵاتی ئیسلامیدا سەپێنرا. ئەم بڕیارە ناسکی ڕژیمیش نیشان دەدات.

سەفا حائیری: لەم جۆرە چرکەساتانەدا دۆخی ڕژیم چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەنسور حیکمەت: ئەو سەردەمەت لەبیرە کە شا دەیگوت "دەنگی شۆڕشەکەتانم بیست"؟ ئێستا ئەم دەسەڵاتە لە هەمان بارودۆخدایە. دەنگی شۆڕشیش دەبیستن. ئەوان (ڕابەرەکان) خەریکە بکەونەسەر ئەژنۆ. ئیتر یەکگرتوو نین. مشتومڕێکی توند لە نێوان دەسەڵاتداراندا هەیە. نائاساییە ببیستین کە هەندێکیان ڕەخنە لە خامنەیی دەگرن، چونکە ئەو بیانییەکان تاوانبار دەکات. دابەشبوونەکە زیاترە لەوەی کە خەیاڵت بۆ دەکەیت. ئەوەندە گەورەیە کەسێکی وەک خامنەیی ناچار کرد بە واژۆکردنی بەیاننامەی وەزارەتی ئیتڵاعات. من واهەست دەکەم کە ئێستا کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ قبووڵی کردووە کە کوشتنەکان کاری خۆیانە. خۆیان لە لێوارێکی مەترسیداردا دەبیننەوە.

سەفا حائیری: پێتوایە دۆخەکە گونجاوە بۆ قسەکردن یان خەمڵاندنی تەمەن درێژی دەسەڵات؟

مەنسور حیکمەت: وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەستەمە. سەرەڕای ئەوەش پێم وایە ساڵێکی تر کۆماری ئیسلامی ئیتر نەک ناتوانێ ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو وڵات پشتگوێ بخات، بەڵکو تەنانەت ناتوانێ سەرکوتیان بکات. هێشتا ڕژیم دەستی باڵای هەیە بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە ڕژیم پێویستی بە بەرزکردنەوەی ورەی کارمەندەکانی ئاسایش و سیخوڕی هەیە و هانیان بدات بۆ کارکردن. با گرەو لەسەر ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک بکەین. کێ دەزانێ، ڕەنگە کۆماری ئیسلامی زووتر نەمێنێت.

سەفا حائیری: پێتوایە ئەوان بۆچی دوایین شەپۆلی تیرۆرکردنیان دەستپێکردووە و کێ لەپشتیەوەیە؟

مەنسور حیکمەت: پێموایە هەنگاوی یەکەم لە لایەن گرووپی شەلەمچە (چەتەکانی حیزبوڵڵای ئەنسار لە ژێر دەسەڵاتی پارێزگاران) و گرووپە گوشارەکانی دیکەی دەور و بەری خامنەیین کە نفوزیان لە پشتی ڕابەرەوەیەوە، هەڵگیراوە. پێم وایە خامنەیی ئەو کوشتارانەی زانیوە و پیرۆزی کردووە، بەڵام دەکرا بەسەر ئەویشدا بسەپێندرێت. سەردەمێک هەبوو لە زیندانەکاندا کەسانی لێخۆشبوویان دەکوشت و بە شانازییەوە ناوی قوربانیانیان ڕاگەیاند. ئێستا گەیشتوونەتە ئاستێک کە هەست بە ناچاری دەکەن سزای هەندێک لە خەڵکەکەیان بدەن بەهۆی کوشتنی نەیارەکانیانەوە. کەسانی سازشنەکەر لە دەوروبەری خامنەیی دەبێ زۆر لێی تووڕە بن بەهۆی پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرکردنی بریکارە ساختەکارەکان.

سەفا حائیری: با گفتوگۆکە بگۆڕین. ڕێکخراوەکەت ناوی حزبی کرێکارانی کۆمۆنیستە. لە سەردەمێکدا کە کۆمۆنیزم بە زۆرێک لە ئەنتیکەکانەوە لکێنراوە و کارتی ئەندامێتی حزبە کۆمۆنیستەکان لە مۆزەخانەکان و لە نێو کەلوپەلی کۆکردنەوەدایە، بۆچی ناوێکی وا سەیرتان هەڵبژارد و پلانتان چییە؟

مەنسور حیکمەت: هەموو ئەمانە لە بروشورەکانی ڕیکلامەکانماندا ڕوون کراوەتەوە. لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاریدا دەمانەوێت لێکدانەوەیەکی نوێ بۆ کۆمۆنیزم بخەینەڕوو کە جیاوازە لەوەی هەمووان لەبارەی کۆمۆنیزمەوە دەیزانن. کۆمۆنیزم وەک سۆسیالیزم، لێکدانەوە و مەیلە جیاوازەکانی، لە مانا و گرنگی مێژوویی ڕاستەقینە و ڕەسەنی خۆی خاڵی بووەتەوە. لە نێو هەموو کۆمۆنیزمە جیاوازەکانی ڕووسیا، چین، ڤێتنام، ئەلبانیا، کوبا و ڕۆمانیا، پێویست بوو جۆرێکی خۆمان هەبێت، ئەو جۆرەی کە لە بیرۆکەکانی مارکسیزمەوە نزیکتر بێت. جۆرێک کە لە بنەڕەتدا دژی ئایین و ناسیۆنالیزمە. لە کاتێکدا کۆمۆنیزمی ڕووسی و چینی ناسیۆنالیستی بوون و هەن و جێگە بۆ ئایین دەکەنەوە. بە واتایەکی تر ئەوەی ئەمڕۆ وەک شکستی کۆمۆنیزم دەخرێتەڕوو، شکستی ئەوانە نەک شکستی مارکس و ئەنگڵس. کۆمەڵگاکان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازە.

بە بۆچوونی ئێمە کۆمۆنیزم زیندووە. بەڵام بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ڕەنگە کۆمۆنیزم بە درەوشاوەیی ڕاستەقینەی خۆیەوە بناسێنرێت، وەک هێزێکی ڕاستەقینە بەرامبەر بە سیستەمی دڕندەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، سیستەمی سەرمایەداریی بێ سنوور. لێرەوە ناومان هاتووە.

سەفا حائیری: با وەک ڕۆشنبیران قسە بکەین. ناوی کۆمۆنیزم یان سیستەمی یەکسانیخوازی و هتد، جنۆکەی شتێکی وەک کتێبی جۆرج ئۆروێڵ ۱۹۸۴ یان گەڕانەوە بۆ کۆمۆنیزمی سەردەمی سۆڤیەت، کە ئازادی بە تەواوی پشتگوێ خرا، وەبیر دێنێتەوە. ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم ڕەچاوکردنانە، بەگریمانەیەک کە ئێوە دەسەڵات دەگرنە دەست، حکومەتەکەتان چ فۆرمێک دەگرێتەبەر؟ ئایا بە فەرمی دان بە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکدا دەنێیت بۆ دیموکراسی؟ ئایا پاشاگەرەکان یان ناسیۆنالیستەکان یان خومەینیەکان ئازادییان دەبێت؟

مەنسور حیکمەت: ئەمە پرسیارێکی دروستە و باسکردنی ترسی خەڵک لە کۆمۆنیزم و مارکسیزمیش باسێکی مەعقولە. سەرەتا دەبێ بڵێین ئەو ترسەی ئێوە باسی دەکەن، لە لایەن دوژمنانی کۆمۆنیزمەوە دروست بووە. ئەوانەی کۆنترۆڵی هەموو شتێک دەکەن، لە سیاسەتەوە تا زانکۆ، لە کڵێساکانەوە تا سیستەمی پەروەردەیی. ئەهریمەنێکی ترسناکیان لە مارکسیزم دروست کردووە. شەڕکردن لەگەڵ ئەم جنۆکە نەرێنییە ئاسان نییە. پێویستی بە کات و وزە و میدیای گشتی و سەرچاوەی دارایی زۆرە. بەتایبەت ئەگەر کەسێک بیەوێت وێنەیەکی ڕاستەقینە بخاتەڕوو کە کۆمۆنیزم و مارکسیزم چییە.

بەڵام بە شانازییەوە دەڵێین ئێمە یەکەم بزووتنەوەی سیاسی بووین کە باسی ئازادی بێ مەرجمان بۆ هەموو لایەک کردەوە بەبێ هیچ جیاوازییەک. ئێمە یەکەم بزووتنەوەی سیاسی بووین کە بە چەمکە ڕۆژئاواییەکانییەوە باسی ئازادیمان کرد. ئێمە بە بیانووی ڕەچاوکردنی وەک بەرژەوەندی نەتەوەیی، بەناو پیرۆزییەکانی ئایینی، یان بیروباوەڕی نەتەوەیی، دەم داخستن ڕەتدەکەینەوە. دڵنیام ئەگەر هەندێک ناسیۆنالیست یان شاخواز دەسەڵاتیان دەست بکەوێت، لەوانەیە (چالاکییەکانمان) سەرکوت بکەن، لەکاتێکدا ئەگەر دەسەڵاتمان دەست بکەوێت، ئەوان ئازادن دژایەتیمان بکەن. ئێمە باوەڕمان بە ئازادی هەیە بۆ هەمووان، بەوانەی ئاییندار و دژە ئایینیشەوە. ئەگەر بڕیارە باوەڕ بە کەسانی تر بکەیت، پێویستە باوەڕ بە ئێمەش بکەیت.

بەڵام من پێم وایە پێگەی ئێمە لەم ڕووەوە دەتوانرێت حسابی زیاتری لەسەر بکرێت، چونکە ئێمە هیچ جۆرێ لە ڕەچاوکردنەکانی وەک ڕەچاوکردنی ئایینی یان مافی پیرۆزی شاهانە و هتدمان نییە. ڕەنگە ئێمە تاکە گروپ بین کە خەبات بۆ یەکسانی ڕاستەقینەی مافی ژن و پیاو، قەدەغەکردنی لەسێدارەدان، چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان و مافی منداڵان دەکەین. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی وەک ئێمە لە دەسەڵاتدا نەبووە، تەنها بۆ ماوەیەکی کورت نەبێت لە سەرەتای سەردەمی بەلشەفییەکاندا. بەڵام لە کاتێکدا ئێمە هێشتا ئەم ئەزموونەمان نییە، وەک دەزانن ئایین لە ئێران، ئەفغانستان، پاکستان و هێشتا لە جەزائیر ئەم ئەزموونەی هەیە، ناسیۆنالیزمیش لە یوگۆسلاڤیا.

سەفا حائیری: کاک حیکمەت، تۆ قسەی باش دەڵێیت و وێنەیەکی جوانی حکومەتە بەڵێندراوەکەت دەدەیت، کە بەڕای من زۆر باشە. بەڵام ئەو ئازادییەی باسی دەکەیت لە ڕێکخراوەکەتدا جێبەجێ دەکرێت؟

مەنسور حیکمەت: لە پرسیارەکەت تێناگەم. هەرچی لێرەدا دەیڵێم لە بەرنامە و پرەنسیپەکانماندایە.

سەفا حائیری: بەرنامەکە لەبیر بکە. پرسیارەکەم سادەیە. کاتێک تۆ لە کۆمپانیەکەتدایت، ئایا کەسێک دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت ئەگەر لەگەڵ بۆچوونی تۆدا وەک سەرکردەیەک نەگونجێت، بەبێ ئەوەی دەربکرێت و بە هەزاران گوناه تۆمەتبار بکرێت، بەبێ ئەوەی زمانی ببڕدرێت، وەک ئەوەی فەرماندەی سپای پاسدارانی شۆڕش بەڵێنی بە نەیارانی ڕژێمی دابوو؟

مەنسور حیکمەت: ئەگەر ئەو یەکسانی و ئازادییەی کە لە ناو حیزبەکەی خۆماندا بەهرەمەند دەبین لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوا، بۆ نمونە پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەراورد بکەیت، ئێمە زۆر پێشکەوتووترین. خۆزگە ئێوەش بەشداری کۆنگرەکەمان بکەن. خۆزگە بە ئاشکرا کۆنگرە ببەستین. ئەگەر بەنهێنی کۆبوونەوەکانمان ئەنجام بدەین، ئەوە مەبەستی کۆماری ئیسلامییە کە ناچارمان دەکات وریا بین. بۆ ئاگاداریتان با بڵێین هەموو بڕیارەکانمان بە دەنگدان و پەسەندکردنی زۆرینەیە. هەموو کۆمیتە و نوسینگە و سکرتاریەتەکانمان بە دەنگدان هەڵدەبژێردرێن. بەپێچەوانەی زۆربەی ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر هەموویان نەبن، ئێمە تاکە ڕێکخراوین کە ناسنامەی ئەندامە بەرپرسیارەکانمان ئاشکرادەکەین. بڵاوکەرەوە و کارمەندانی سەرجەم بڵاوکراوەکانمان ناویان بەڕنی هێنراوە. هەر بابەتێک ناو و واژۆی نووسەرەکەی لەسەرە. هەندێک لە بڵاوکراوەکانمان چاوپێکەوتنیان تێدایە تەنانەت لەگەڵ دوژمنە قین لە دڵەکانماندایە.

سەفا حائیری: دوایین هەڵمەت کە بۆ بەرگریکردن لە کرێکارانی نەوتی ئێران ڕێکخرابوو، ئەوەندە گەورە بوو، هەمووان وا بیر دەکەنەوە کە ئێوە حیزبێکی گەورەن و لق و لقتان لە هەموو جیهاندا هەیە. چونکە توانای کۆکردنەوەی واژۆ لە زۆربەی سەندیکا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانتان هەیە. ئایا بەڕاستی تۆ ئەوەندە گەورەیت؟ بەڕاستی لە هەموو ئەم وڵاتانە لقت هەیە؟ واتە بۆ نموونە لە وڵاتانی دووری وەک ئوسترالیا و ژاپۆن؟

مەنسور حیکمەت: لە ئێستادا لقمان هەیە لە هەموو وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا جگە لە ئیتاڵیا و پورتوگال و ئیسپانیا. ئێمە لە ئەمریکا و کەنەدا، هەروەها لە ژاپۆن و ئوسترالیا، لە تورکیا و عێراق و پاکستان ئامادەین.

ئێمە بە پێچەوانەی زۆربەی گرووپە چەپەکانەوە، باوەڕمان بەوە نییە کە ڕادیکاڵ بوون لە گەشەکردنمان بوەستێنێت. دەڵێن پێویستە چەپەکان نەرمتر و میانڕەوتر بن بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت. پێم وایە تا زیاتر خۆمان بین باشترە. واتە چەپ و ماکسیمالیستی توندڕەو بوون یەکێکە لە سەروەت و سامانەکانمانە.

سەفا حائیری: ببورە، مەبەستت لە هەمووی چییە؟

مەنسور حیکمەت: مەبەستم ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت هەموو شتێک بەدەست بهێنین کە پێمان وایە هی خۆمانە. بۆ نموونە ئەگەر ۱۵٪ی دانیشتوانی ئێران غەیرە ئایینی و بەڕاستی ڕۆشنبیر و دژە سەرکوت و ئینتەرناسیۆنالیست و هتد بن، پێویستە ئەم بەشەی دانیشتووان بە بیرۆکەکانی ئێمە ڕابکێشن. بەشێکی گەورەی ژنان کە نیوەی حەشیمەتی ئێران پێکدەهێنن، پێویستە بچنە ناو بزووتنەوەکەمانەوە، چونکە ئێمە خەبات بۆ یەکسانی ڕاستەقینەی مافەکانی ژن و پیاو دەکەین. لە کۆمەڵگای سۆسیالیستی ئێمەدا هاتوچۆ و پەروەردە و خۆراک و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە خۆڕایی بۆ هەمووان بەردەستە.

سەفا حائیری: پێشتر سوید بەو شێوەیە بوو، بەڵام سیستەمەکەی لەیەک کەوت. ڕەنگە حکومەتی ئایدیاڵت لە کیبوتز بدۆزرێتەوە.

مەنسور حیکمەت: ڕەنگە.

سەفا حائیری: با باسی دونیا بکەین و لە ناوچەکانی خۆمانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێبکەین. بەڕای ئێوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەو ناوچانە بە ئیسرائیلیشەوە چۆن بێت؟

مەنسور حیکمەت: ڕای شەخسی خۆم دەردەبڕم، ڕەنگە بۆچوونی ڕێکخراوەکە نەبێت. وڵاتانی عەرەبی لەبەرچاو بگرن. زۆربەیان، هەرچەندە هەموویان نین، بەڵام گەندەڵ و دیکتاتۆر و دەست درێژکار و نادیموکراسی و کۆنەپەرستن. کێشەی سەرەکی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە کە وڵاتێکە لەسەر بنەمای ئایین دامەزراوە و ئەمەش دژی سیاسەتی ئێمەیە بۆ یەکسانی بۆ هەموو خەڵکی جیهان بەبێ گوێدانە ئایین و ڕەگەز و نەتەوە و نەژاد و هتد. شتێک کە ئەمڕۆ لەبارەی ئیسرائیلەوە ڕاست نییە. لە لایەکی ترەوە ئێمە ئیسرائیلیش بە نەتەوەیەک دەزانین کە لێرە لەدایک بووە. لە ڕووی سیاسییەوە ئیسرائیل مۆدێرنتر و دیموکراسیتر و خۆرئاواییترە. ئەگەر زیندانی تایبەتی هەبێت، ئەگەری هەیە لەوێ ناڕەزایەتی دەرببڕێت و ڕەخنە بگرێت. شتێک کە پێموانییە لە زیندانەکانی مەلیک حوسێن و مەلیک فەهددا مومکین بێت.

هەروەها ئێمە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە عەرەب و دانیشتوانی ڕەسەنی ئەم وڵاتە، کە لە هەموو مافەکانیان بێبەشن سەبارەت بە خاک و ژیانیان لەو وڵاتەی کەتێیدا لەدایک بوون. بەڕای ئێمە ئەمە نادیموکراسی و نامرۆڤانە و ناشارستانییە. بەڵام ئەمە تەوەری گفتوگۆیەکی ترە، کە ڕەنگە بابەتی سەرەکی پرسیارەکەت نەبێت.

سەفا حائیری: تۆ ڕاست دەکەیت. پرسیاری من ئەمەیە؛ ئایا پێویستە ئێران پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت یان نا؟

مەنسور حیکمەت: ئەگەر ئێمە لە دەسەڵاتدا بین، بە فەرمی دان بە حکومەتی ئیسرائیلدا دەنێین. هاوکات پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین. ئێمە چالاکیی ڕێکخراوەکانی وەک جیهادی ئیسلامی و حەماس ئیدانە دەکەین، نەک لە پێناو ئیسرائیل، بەڵکو لە پێناو بنەماکانی خۆماندا. بەڵام ئێمە بە دڵسۆزی و بە تەواوی بەرگری لە مافی گەلی فەلەستین دەکەین بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان.

لە هەمان کاتدا نابێت لە پاپا کاسۆلیکیتر بێت. ئەگەر فەلەستینییەکان بڕیاری دانوستانیان لەگەڵ ئیسرائیل داوە، ئێمە کێین پێیان بڵێین قسە مەکەن؟ بەڕای من تا کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین چارەسەر نەکرێت، ناوچەکە لە شارستانیەت و ئارامی بێبەش دەبێت. تەنها ئاشتییەکی ڕاستەقینە دەتوانێت یارمەتی خەڵکی ئەم ناوچەیە بدات بۆ ڕزگاربوون لە ئیسلام و دەسەڵاتە کۆنەپەرست و گەندەڵەکانی وەک سعودیە. بێگومان ڕۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی ڕژێمەکانی وەک سعودیە و ئەفغانستان نابێ بە کەم سەیر بکرێت.

* * *

ئەم چاوپێکەوتنە بە زمانی ئینگلیزی لە لایەن ئێران پریس سیرڤسەوە لە مانگی جانیوەری ١٩٩٩ ئەنجام دراوە. وەرگێڕانی: شەهلا تەهامی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر


Kurdish translation: Kawa Omer
hekmat.public-archive.net #3220ku.html