ئه‌ڵته‌رناتیڤی كۆمۆنیزمی كرێكاری گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕادیۆی ئینته‌رناسیۆناڵ ساڵی ٢٠٠١
ده‌قی نوسراوه له كاسێتهوه
جه‌وادی: له‌م به‌شه‌ی به‌رنامه‌دا گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ مه‌نسور حكمه‌ت، لیده‌ری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران‌دا، ساز ئه‌كه‌ین. مه‌نسور حكمه‌ت به‌خێر بێیت بۆ به‌رنامه‌كه‌مان.
مه‌نسور حكمه‌ت: زۆر سوپاستان ئه‌كه‌م.
جه‌وادی: مه‌نسور حكمه‌ت، دوێنێ سه‌باره‌ت به ئاڵوگۆڕه‌كانی كه ساڵی ڕابردو ڕویاندا، له ئاسۆی گۆڕانكاریه‌كانی ساڵی ئاینده‌وه قسه‌تان كرد. وا دێته به‌رچاو كه ساڵێكی پڕ له گۆڕانمان پشت سه‌ر ناوه و ساڵێكی چاره‌نوسسازمان له‌به‌رده‌مدایه. ساڵی پار بزوتنه‌وه‌ی دوه‌می خورداد شكستی خوارد. خه‌ڵك سه‌رنجیان چۆته سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی سهرنگونكردن وجووڵانه‌وه‌ی ئهحزابێك كه له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا چالاكن. خه‌ڵك به دوای ڕێگاچارهوهن و حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران هێزێكی جدی و مه‌تره‌حی ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌یه. بۆچی ئه‌بێ ئه‌م حزبه هه‌ڵبژێرن؟
مه‌نسور حكمه‌ت: حزبه سیاسیه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان نوێنه‌رایه‌تی چه‌ند ئامانجێك ئه‌كه‌ن و ئه‌یانه‌وێت ببنه مایه‌ی ئاڵوگۆڕ. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری نوێنه‌ری یه‌كسانی، ئازادی، دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرن، یه‌كسانی ژن و پیاو، ڕزگاربوون له چه‌وسانه‌وه‌ی به‌كرێ و چه‌ندین ئامانجی تره. خه‌ڵك ئه‌بێ حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری هه‌ڵبژێرن چونكه ئه‌مه ته‌نها ڕێگایه‌كه به بڕوای من بۆ ئازادی سیاسی و ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینسانی و بۆ كرانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی له ئێران‌دا. خه‌ڵك ئه‌توانن حزبه سیاسیه‌كانی تر بخه‌نه ڕیزێكهوه و خواسته‌كانی خۆشیان له‌و ڕیزه‌دا بنووسن، خواسته‌كان و سیاسه‌ته‌كانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری به‌راورد بكه‌ن و ببینن كه بۆچی ئه‌بێ حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری هه‌ڵبژێرن. ئایا مه‌لایه‌كی میانڕه‌و كه بۆ نمونه له جیاتی ده‌ركردنی هه‌ژده حوكمی به‌رده‌باران له ساڵێكدا، ده‌نگ به شه‌ش جاریان بدات، ئه‌مه ئاره‌زویه‌كه كه ئه‌بێ خه‌ڵكی ئێران بیانبێت؟ ئایا ئه‌وه‌ی كه بۆ نمونه ژنان حجابهكانیان تۆزقاڵێك بهێننه خواره‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ریان؟ یان ئایا ئه‌و خواسته‌ی كه ئه‌بێ خه‌ڵكی ئێران هه‌یبێت كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسانه كه نمونه بێ بۆ جیهانی ئه‌مڕۆ؟ خه‌ڵكی ئێران ئێستا دوای چه‌ندین ساڵ یه‌كه‌م جاره هه‌لی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان به ده‌ستهێناوه كه ئه‌توانن سیستمێكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی بگۆڕن و به بڕوای من ئه‌بێت بڕیاری گه‌وره بده‌ن. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی نوێنه‌ری ئه‌م گۆڕانكاریه بنه‌ڕه‌تیه‌یه له كۆمه‌ڵگادا.
ماجدی: ئێوه باستان له‌وه كرد كه ’’ئایا مه‌لایه‌ك كه شه‌ش كه‌س به‌رده‌باران ئه‌كات یان حجاب...‘‘. من پێم باشه بچینه سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه. یانی هه‌ر كه‌سێك كه په‌یوه‌ندیه‌كی دیاریكراوی به مه‌سه‌له‌یه‌كه‌وه هه‌یه و بتوانێت له مه‌یدانێكی دیاریكراوی مافه مه‌ده‌نیه‌كان یان ئابوریه‌كاندا وه‌ڵام وه‌ربگرێته‌وه. یه‌كه‌م پرسیارم ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك خۆشگوزه‌رانی ئابوری ئه‌وێت، ژیانێكی خۆشگوزه‌ران و به‌خته‌وه‌ری ئه‌وێت، له‌مباره‌یه‌وه حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران چی ئه‌ڵێت و چ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه؟
مه‌نسور حكمه‌ت: ته‌ماشا كه‌ن، له بنه‌ڕه‌تدا ململانێ له نێوان دو به‌ره‌ی ئه‌سڵی كۆمه‌ڵگادایه. به‌ره‌یه‌ك كه پێی وایه مرۆڤه‌كان دێنه دنیاوه تاكو كار بۆ شتێك بكه‌ن كه ناوی سه‌رمایه‌یه و به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه بتوانن دوباره سبه‌ینێ ئه‌وه‌نده ماندو بن كه بتوانن بێنه بازاڕه‌وه و پاره به ده‌ستبهێنن و بڕۆن بژێوی خۆیان دابین بكه‌ن. به‌ره‌یه‌كی تریشیان باس له‌وه ئه‌كات كه مرۆڤه‌كان یه‌كسانن، تاكه‌كان ئازاد و یه‌كسانن و كۆمه‌ڵگا ئه‌بێت سود له هه‌ر كه‌سێك به ئه‌ندازه‌ی ئاماده‌ییه‌كه‌ی وه‌ربگرێت و هه‌ر كه‌سێكیش به ئه‌ندازه‌ی پێویست پێداویستیه‌كانی بخرێته به‌رده‌ست. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه تیایدا مرۆڤه‌كان كاڵا نین، هێزی كاریان نابه‌ن بۆ بازاڕ بیفرۆشن به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوڵاتین هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی دێنه دنیاوه هه‌مان مافیان هه‌یه له ڕوی ئابوریه‌وه و ئه‌بێت دابین بكرێت، له خواردن و بژێوی و خانهولانهوه بگره هه‌تا پێویستیه سیاسی و فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی و فێربوون و ته‌ندروستی و پزیشكیه‌كان و.. هتد سیستم به مافی خه‌ڵكی ئه‌زانێت. سه‌رئه‌نجام جه‌نگی نێوان دوو به‌ره‌ی بنه‌ڕه‌تی سه‌رمایه یان سۆشیالیزمه. له به‌ره‌ی سه‌رمایه‌دا نوێنهرانێكی جیاواز هه‌ن. هه‌یه كه ئه‌یه‌وێت بازاڕی ئازاد به هه‌موو پۆخڵهواتهكانیهوه به‌ربداته گیانی خه‌ڵك، یه‌كێ هه‌یه كه ئه‌ڵێت بۆ نمونه با بێین به‌شێك له ته‌ندروستی له ده‌ستی بازاڕی ئازاد ده‌ربهێنین و بیكه‌ینه به‌شێك له ئه‌ركه‌كانی ده‌وڵه‌ت. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له ڕووی ئابوریه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئه‌یه‌وێت سیستمێك بخاته به‌رده‌م و بۆ سیستمێك تێئه‌كۆشێت كه تیایدا مرۆڤه‌كان وه‌ك هاوڵاتیانی ئازاد به‌شیان هه‌یه و ئه‌بێ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگا به ئه‌ندازه‌ی پێویستیان ده‌سته‌به‌ر بكرێ. ئه‌مه بنه‌مای گشتی كۆمۆنیزمه. به‌رنامه‌ی ئابوری بۆ ماوه‌ی كوری و تایبه‌ت بۆ نمونه بۆ ئه‌مساڵ و ساڵی ئاینده گه‌ر بمانه‌وێ باسیان لێوه بكه‌ین ئه‌بێ بچینه سه‌ر وردهكاریهكانیان، به‌ڵام ئه‌م چوارچێوه گشتیه‌یه كه پێم وایه ئه‌بێ هه‌موو كه‌سێك بیری لێبكاته‌وه. دوو سیستمه، یه‌كێكیان له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌وسانه‌وه‌ی تاك له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌وه و یه‌كێكیان له‌سه‌ر بنه‌مای كاری هاوبه‌ش و هاوكاری ئازادانه‌ی مرۆڤه‌كان بۆ پێكه‌وه‌نانی كۆمه‌ڵگایه‌ك. ئه‌م دوو سیستمه جاوازن. ئێمه پێمان وایه یه‌كێكیان هه‌ژاری و نه‌گبه‌تی دێنێت به‌و شێوه‌یه‌ی تا ئێستا هێناویه‌تی و یه‌كێكیشیان خۆشگوزه‌رانی و ئازادی دێنێت.
جه‌وادی: له وه‌ڵامی ئه‌م خاڵه‌ی ئێوه‌دا به گشتی ئه‌وه دێته پێشه‌وه كه ئه‌م ئاڵوگۆڕه پێویسته، ئاڵوگۆڕێكی ئایدیاڵیه (نمونه‌ییه) به‌ڵام نابێت، ڕێگه ناده‌ن، ناهێڵن، عه‌مه‌لی نیه...
حكمه‌ت: هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه قسه‌یه‌كی عه‌جیب نیه. پێم وایه یه‌كه‌م كۆیله‌یه‌ك كه وتویه‌تی كاكه ئه‌بێت كۆیله‌تی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، حه‌تمه‌ن سه‌د كه‌س له ده‌وری كۆبوونه‌ته‌وه و وتویانه: ’’كاكه، ئه‌مه چ قسه‌یه‌كه، ئه‌م قسانه باشن به‌ڵام عه‌مه‌لی نیه!‘‘ یان ئه‌و جوتیاره‌ی كه وتویه‌تی ’’من نامه‌وێت جوتیاری خانێكی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بم.‘‘ پێیان وتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌م قسانه بكه‌یت سه‌رت ئه‌په‌ڕێنن و ئه‌م قسانه خه‌ونه و شتی تری له‌م بابه‌ته.. ئێ باشه مرۆڤایه‌تی دو سێ هه‌زار ساڵ له نێو ئه‌و سیستمانه‌دا ژیانی گوزه‌راندوه و دواییش بینراوه كه ئه‌كرێت بگۆڕدرێت. سۆشیالیزم سه‌رده‌مانێكی زۆره سه‌لماوه كه مه‌سه‌له‌یه‌كی عه‌مه‌لیه. ئه‌وه‌ی كه تاك تاكی مرۆڤه‌كان دابنیشن و بڕیار بده‌ن كه ئه‌بێ چی بهرههمبهێن، به چ جۆرێك ئه‌بێ به‌كاری بهێنن، كه‌سێك كار بۆ كه‌سێكی تر نه‌كات و بگره بۆ هه‌موان و بۆ كۆمه‌ڵگا كار بكه‌ن، ئه‌وه‌ی كه بژێوی كه‌سێك به بارمته نه‌گرن كه هه‌ر ئه‌بێ بڕوات و كارێك په‌یدا بكات، گیانی ده‌رچێت تاكو ڕێگه‌ی پێ بده‌ن خانه‌ولانه‌ی هه‌بێت یان خواردن بدات به مناڵه‌كانی. ئه‌مانه عه‌مه‌لین و شتێكی عه‌جیب نیه. ئه‌گه‌ر كه‌سێك بڵێ ئه‌مه ناكرێت، پێی ئه‌ڵێین ئه‌و ته‌بلیغاته‌ی كه ئه‌ڵێت ’’ئه‌مه ناكرێت‘‘ به‌شێكه له ڕه‌وه‌ندی پێش‌گرتن به‌و گۆڕانكاریه. كه‌سێك كه ئه‌ڵێت ناكرێت به ڕای من كه‌سێكه له به‌ره‌ی به‌رامبه‌ره‌وه هاتووه و ته‌بلیغاتی نه‌رێنی ئه‌كات، هاتووه جه‌نگی ده‌رونی بكات. چۆن ناكرێت؟ زۆر كاری تر هه‌ن ئه‌كرێن، كه‌چی ئه‌مه‌یان ناكرێت؟ ئێستا بارودۆخی به‌رهه‌مهێنان و هونه‌ری كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆ به‌جۆرێكه كه به ته‌واوه‌تی ئه‌توانێت كۆمه‌ڵگای سۆشیالیستی ڕێكبخات، جێبه‌جێی بكات، به‌رنامه‌ڕێژی بۆ بكات. هیچ پێویستی به‌وه نیه هێزێكی كوێری به ناوی بازاڕ و هۆكاره‌كانی وه‌ك هه‌ژاری و موحتاجی چاره‌نوسی ئابوری كۆمه‌ڵگا دیاری بكات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا بڕیاری هوشیارانه‌ی كه‌سانێكی شاد و یه‌كسان ئه‌توانن ئه‌و بڕیاره بده‌ن.
ماجدی: ته‌ماشاكه، پرسیارێك هه‌یه كه له هه‌موو شوێنێك ئه‌كرێت: ئه‌وه‌ی كه ئێوه به شێوه‌یه‌كی واقعی چۆن ئه‌توانن ئه‌و سۆشیالیزمه جێبه‌جێبكه‌ن و ئه‌و خۆشگوزه‌رانیه كه ئه‌یڵێن خانه‌ولانه بۆ هه‌مووان، ته‌ندروستی خۆڕایی، په‌روه‌رده و فێركردنی خۆڕایی و ئه‌وه‌ی كه هه‌موو كه‌سێك ئازاده بچێته سه‌ر كار ئایا ئێوه به واقعی ئه‌مه دابین ئه‌كه‌ن؟ ئه‌مه له‌گه‌ڵ بارودۆخی كۆمه‌ڵگا و سروشتی مرۆڤدا نایه‌ته‌وه. ئێوه بۆ ئه‌مه ئه‌ڵێن چی؟
حكمه‌ت: به ڕای من باسی سروشتی مرۆڤ باسێكی پوچه. مرۆڤ ئاكاره‌كانی، پێوانه‌كانی و به‌هاكانی سه‌ر به سه‌رده‌مێكی كاتی و مێژوییه كه تێیدا ژیان به‌سه‌ر ئه‌بات. زۆرێك له به‌هاكانی دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئێستا بۆ ئێمه جێی باوه‌ڕ نین كه مرۆڤه‌كان به‌و جۆره بیریان كردۆته‌وه. سه‌رئه‌نجام زۆر حوكمی ڕۆشن و به‌های كه ئێمه پێمان وایه ئه‌مڕۆ ئیتر فه‌رزه و مرۆڤ به گشتی به‌مجۆره‌یه، سه‌د ساڵی تر خه‌ڵك ئه‌ڵێن ئه‌مه چ بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییانه بووه كه مرۆڤه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و بیست هه‌یانبووه. سه‌رئه‌نجام ئه‌بێ باسی به‌هاكان بخه‌ینه لاوه. باس له ڕووی عه‌مه‌لیه‌وه ئه‌وه‌یه كه چۆن بتوانرێت كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌و شێوه‌یه پیاده‌بكرێت، ڕێگریه‌كانی پێكهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌وجۆره دوو ته‌وه‌ری گشتیه. یه‌كێكیان ڕێگری سیاسیه، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه دێت كه ڕۆشنه چینی ده‌سه‌ڵاتدار كه قازانجی له گۆڕانكاری كردنی ئه‌م سیستمه‌دا نیه و ئه‌یه‌وێت پێشی پێبگرێت، به ڕێگا و شێوازی سیاسی پێش به گۆڕانكاری ئه‌گرێت. ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته‌كانه، ڕۆڵی كڵێساكانه، ڕۆڵی ده‌زگا ئاینیه‌كانه، ڕۆڵی ڕۆژنامه‌كان و میدیاكانی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه كه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به شێوازی سیاسی ڕێگری بكه‌ن له‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان، كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆشیالیستی به‌ده‌ستبهێنن، سه‌ركه‌وتوو بن. له ئه‌شكه‌نجه و سێداره و گوللـهبارانهوه تا ته‌بلیغاتی هه‌موو ڕۆژه‌ی میدیاكان به‌شێكن له هه‌وڵێكی هوشیارانه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدار تاكو سیستمه‌كه‌یان بپارێزن. ئێستا ڕۆشنه كه ئه‌گه‌ر ئێوه بێن و بڵێن كاكه گیان پێویست ناكات هۆكانی به‌رهه‌مێنانی كۆمه‌ڵگا موڵكی كه‌سێكی دیاریكراو بن، ئه‌توانن موڵك و ماڵی كۆمه‌ڵگا بن و كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌مهێنانه‌وه به‌وان ڕێبكخات، چ پێویستیه‌ك هه‌یه له ده‌ستی ئه‌م كاك حاجی یان ده‌ستی ئه‌و سه‌رمایه‌داردا بن و من بۆ ئه‌و كار بكه‌م و ئه‌و بژێوی من بدات به‌ڵام كاڵاكان ببات و بیانفرۆشێت بۆ خۆی، ئه‌كرێت كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌مه‌كانی له چاوی كاڵاوه سه‌یر نه‌كات، ئیتر ڕۆشنه كه كاك حاجی دڵگران ئه‌بێت و یه‌كێتی سه‌رمایه‌داران نیگه‌ران ئه‌بێت و نه‌خشی ده‌وڵه‌ت ئه‌سڵه‌ن له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا ئه‌وه‌یه كه بێت و پێش به چینی كرێكار و بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بگرێت و نه‌هێڵێت سه‌ركه‌وتوو بێت. له ڕێگه‌ی لێدان له حزبه‌كانیه‌وه. له ڕێگه‌ی سه‌ركوتكردنی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه، له ڕێگه‌ی دروستكردنی سه‌ركوت و داپڵۆسینه‌وه، له ڕێگه‌ی ته‌بلیغاتی درۆیینه‌وه كه شه‌و و ڕۆژ ئه‌كرێت. ئێوه ئه‌گه‌ر بۆ ته‌له‌فزیۆنه‌كان و میدیاكانی ڕۆژئاوا دابنیشن له‌وه تێئه‌گه‌ن كه ئه‌یانه‌وێت قسه‌ی پوچ وه‌ك حه‌قیقه‌ت ده‌رخواردی خه‌ڵك و نه‌وه‌ی داهاتوو بده‌ن و له‌م ڕێگه‌یه‌وه سیستمه‌كه‌یان ئه‌پارێزن.
سه‌رئه‌نجام ڕێگری یه‌كه‌م كه ئه‌بێت له به‌ین ببرێت ڕێگریهكی سیاسیه. یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌یه كه ئه‌بێت ده‌وڵه‌ت به ده‌ستبهێنرێت. یه‌كه‌م شت ئه‌بێت ئه‌و چینانه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندیان له‌و كۆمه‌ڵگا ئازادهدایه و له بنه‌ڕه‌تدا چینی كرێكار و كه‌سانێك كه ئاسۆی ئه‌م چینهیان قبوڵه ده‌سه‌ڵات به ده‌ستبهێنن. ده‌ست به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی و ده‌وڵه‌تی چینی سه‌رمایه‌داردا بگرن. دواتریش ئه‌گه‌ین به مه‌سه‌له ئابوریه‌كان. ئایا له ڕووی هونه‌ریه‌وه، له ڕووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، له ڕووی تهكنۆلۆژیهوه، له ڕووی سیستمه‌كانی بارهه‌ڵگرتن و گواستنه‌وه‌وه، له ڕووی توانای بهرنامهڕێژیهوه ئه‌توانرێت كۆمه‌ڵگایه‌ك پێكبهێنرێت كه مرۆڤه‌كان له ڕێگه‌یه‌كه‌وه به وێنه‌ی به‌كاربه‌ر بێن و بڵێن چ پێداویستیه‌كیان هه‌یه و له ڕێگه‌یه‌كی تریشه‌وه خۆشیان به وێنه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ر بڕۆن لیستێك له‌و شتانه‌ی پێویستیانه به‌رهه‌مبهێنن؟ له ڕووی ئابوریه‌وه ئه‌مه زۆر عه‌مه‌لیه.
به بڕوای من دژواریه‌ك له‌به‌رده‌م كۆمۆنیزم و سۆشیالیزمی ئه‌مڕۆدا له بواری ئابوریهكهیدا نیه، له بواری ڕێكخستنی ئابوری سۆشیالیستیدا نیه، له بواری سیاسیهكهیدایه. ئایا ئه‌م سه‌ركه‌وتنه سیاسیه ئه‌توانرێت به ده‌ست بهێنرێت؟ جیاواز له سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به بڕوای من سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆمۆنیستێك كه مومكین بوو بتوانێت ده‌سه‌ڵات به ده‌ستبهێنێت له وڵاتێكی وه‌ك ڕوسیادا ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه بوو كه له ڕووی ئابوریه‌وه زۆر دژوار بوو كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌مجۆره بتوانێت ئابوریه‌كی له‌م چه‌شنه، ئابوری ئازاد و یه‌كسان ڕێكبخات. به‌ڵام ئێستا سه‌رده‌مێكی تره. توانای به‌رهه‌مهێنه‌ری مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی بێوێنه گه‌شه‌ی كردووه. په‌یوه‌ندیه زانیاریه‌كانی تاكه‌كان به‌یه‌كه‌وه له ئاستێكی زۆر باڵادایه. یانی ئێوه هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌توانن ڕای هه‌موو مرۆڤه‌كان بپرسن. له ڕووی هونه‌ریه‌وه عه‌مه‌لیه، هه‌مووان ئه‌توانن ئه‌وه ببینن له جێگه‌یه‌كدا دوو دێڕ له كۆمپیوته‌رێكدا تایپ بكه‌ن وله جێگه‌یه‌كی تر مه‌علوم ئه‌بێت كه كێ چی ئه‌وێت، ژماره‌ی پێڵاوه‌كه‌ی چه‌نده، چه‌ند پانتۆڵی ئه‌وێت، ئایا ته‌له‌فزیۆنی ئه‌وێت یان نا، ئایا ئامێری تاقیكهرهوهی (تێسته‌ر) ئه‌وێت یان نا، عه‌ساره‌ی ئه‌وێت یان نا، مه‌نجه‌ڵی كوڵاندنی برنجی ئه‌وێت یان نا، پێڵاوی وه‌رزشی ئه‌وێت یان نا، چی ئه‌وێت؟ هه‌موو كه‌سێك ئه‌توانێت پێداویستیه‌كانی بخاته به‌رده‌می كۆمه‌ڵگا. پێویست ناكات بازاڕێك هه‌بێت كه مرۆڤ بڕێك پاره بخاته گیرفانیه‌وه و دوایی بڕوات بزانێت له‌وێ بۆ نمونه ئه‌توانێت دوو پانتۆڵ بكڕێت به پاره‌یه‌ك كه ئه‌سڵه‌ن پێیه‌تی یان نا. مرۆڤه‌كان ئه‌توانن بڵێن چیان ئه‌وێت، قوتابخانه‌كان ئه‌توانن بڵێین چیان ئه‌وێت، داموده‌زگاكان ئه‌توانن بڵێن چیان ئه‌وێت و ئنجا ئه‌گه‌ین به لیستێك له‌و كاڵا و پێداویستیانه كه كۆمه‌ڵگا ئه‌بێ ئه‌وانه به‌رهه‌مبهێنێ یان دابینیان بكات. له‌و ڕووه‌وه هه‌مان ئه‌و مرۆڤانه وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ران ئه‌م لیسته ئه‌خه‌نه به‌رده‌می خۆیان و به‌مجۆره به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێكئهخهن.
ئه‌وه‌ی كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه عه‌جیب و غه‌ریب دێته به‌رچاو له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م سیستمه‌ی هه‌یه ڕاهاتووین، ڕاهاتووین ده‌وڵه‌ت هه‌یه، ڕاهاتووین كاكی فڵان به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌یه، ڕاهاتووین سه‌رمایه هه‌یه و سه‌رنجڕاكێشه كاتێك بیر له‌مه ئه‌كه‌یته‌وه. ئه‌گه‌ر بریكاری وه‌زیر داوای زیادكردنی موچه‌كه‌ی بكات وه‌زیر بانگی پۆلیس ناكات گازی فرمێسك‌ڕێژ بكا به ژووری بریكارهكهیدا. به‌ڵام گه‌ر كرێكار بڵێت ’’كاكه كرێكهمان بده‌ن، كرێی كاری پارمان بده‌نێ‘‘، هێرش ئه‌كه‌نه سه‌ر لایه‌ك له كۆمه‌ڵگا. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌یه‌وێت لایه‌نی خاوه‌ن كۆنتراكت، په‌یڕه‌وی له كۆنتراكتهكهی بكات، هێرشی ئه‌كه‌نه سه‌ر. ئێوه ئه‌ڵێن ’’من كرێكارم و ئێوه كرێی یه‌ك ساڵتان نه‌داومه‌تێ‘‘ هێرشتان ئه‌كه‌نه سه‌ر. وه به ڕاده‌یه‌ك ئه‌م توندوتیژی و ئه‌م فشار و ئه‌م سه‌ركوت و ئه‌م تهحریفاتهی بۆرژوازی و میدیاكان و ئاین و چی و چی به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا سه‌پاون كه باوه‌ڕ ناكه‌ین ئه‌شێت به جۆرێكی تر بژین. ئه‌وه‌نده‌ش دژوار نیه. ئه‌گه‌ر له شه‌ڕی ئه‌مانه ڕزگارمان بێ به ته‌واوه‌تی ئه‌توانین به‌جۆرێكی تر بژین. سه‌یركه‌ن، خێزانێك كه بژێوی خۆی دابین كردووه و له بازاڕه‌وه ئه‌یهێنێته‌وه له ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌كاریبهێنێت، ئیتر لێره له ماڵه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای كرێ له نێوان تاكه‌كانیدا بوونی نیه. ئیتر ئه‌زانین كه كۆمه‌ڵێك له ده‌وری یه‌ك دائه‌نیشن و ئه‌و شته‌ی كه هه‌یانه پێكه‌وه بهكاریدێنن. سه‌رئه‌نجام ئێوه كه له خێزان ئه‌چنه ده‌ره‌وه، ئیتر ئه‌بێ بۆ كه‌سێكی تر كار بكه‌ن. ئه‌گه‌ر پاره‌تان نه‌بێ مافی ژیان كردنتان نیه، مافتان نیه شت بكڕن، مافتان نیه شت به‌كاربهێنن. ئه‌و شتانه‌ی كه مافی ئێوه‌یه ئه‌بێ بڕۆن مۆڵه‌تی به‌كارهێنانه‌كه‌ی له ڕێگه‌ی كاركردن بۆ كه‌سێكه‌وه به ده‌ست بهێنن، جا ئه‌ویش تواناییه‌كی دیاریكراوی شت كڕین به ناوی كرێوه بدات به ئێوه تا بڕۆن شت بكڕن، ئه‌گه‌ر بشتوانن.
ئه‌م سیستمه چینایه‌تیه، ئێمه ڕاهاتووین به‌مجۆره بێ. ئه‌گه‌ر له ڕووی سیاسیه‌وه به‌رگری له‌سه‌ره‌وه تێكبشكێنین، ئه‌گه‌ر ئازاد بین بۆ بڕیاردان له كۆمه‌ڵگادا، ئه‌و كات ئیتر نمونه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆشیالیستی شتێكی ئه‌وه‌نده ئاڵۆز نیه به بڕوای من. ئه‌كرێت لایه‌نه‌كانی تریشی لێكبدرێته‌وه، ئه‌وه‌ی كه جیهانێكی سه‌رمایه‌داریه ئایا وڵاتێكی سۆشیالیستی ئه‌توانێت به‌رده‌وام بێت، یان بازرگانی نێونه‌ته‌وه‌یی چی لێ دێت و شتی تری له‌م بابه‌ته. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه قابیلی چاره‌سه‌ركردنن به بڕوای من. كێشه‌كه ئێستا، به بڕوای من له ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژیهوهیه. ئایا ئه‌توانین به‌رگری مه‌زنی چینی ده‌سه‌ڵاتدار تێكبشكێنین، ده‌وڵه‌ت به‌ده‌سته‌وه بگرین، كۆمه‌ڵگا ئازاد بێ و كاروباری خۆی بگرێته ده‌ست یان نا؟
جه‌وادی: پرسیاری من ئه‌وه‌یه كه هیچ مرۆڤێك ڕاستی و دروستی ئه‌م داواكاریانه ڕه‌ت ناكاته‌وه. كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆشگوزه‌ران له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه تاریكی و وێرانه‌یی و هه‌ژاری و نه‌گبه‌تی له هه‌ناویدایه. مه‌سه‌له‌كه لێره‌دایه كه خه‌ڵك چۆن و له چ پرۆسه‌یه‌كدا ئه‌توانن هه‌ڵبژێرن، ئه‌م به‌دیله هه‌ڵبژێرن له نێو به‌دیله خراپ و خراپترهكانی تردا كه به گشتی له كۆمه‌ڵگادا بوونیان هه‌یه و ئه‌خرێنه به‌رده‌م؟
حكمه‌ت: یه‌كه‌م به‌وجۆره نیه كه هه‌موو خه‌ڵك ئه‌مه هه‌ڵئه‌بژێرن. ئه‌گه‌ر هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك بگرین، زۆر كه‌س هه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندیان له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا هه‌یه. تۆ نا‌توانیت لیوای سوپایه‌ك بیت كه ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له كارگه‌كاندا چاودێری كرێكاران بكات و ڕۆشنبیران بێده‌نگ بكات و پێش به نووسینی وتار و ده‌ربڕین بگرێت و ئه‌حزاب سه‌ركوت بكات و به‌رژه‌وه‌ندی له سیستمێكی عاقڵانهدا بێت كه مرۆڤه‌كانی ئازاد بن. ئه‌و كه‌سه له‌م ڕێگه‌یه‌وه ئیمتیازاته‌كانی خۆی مه‌یسه‌ر ئه‌كات. سه‌رئه‌نجام به‌شێكی كه‌مینه له كۆمه‌ڵگا به‌رژه‌وه‌ندیان له سیستمی ئێستادا هه‌یه و مقاوه‌مه‌تی ئه‌وه ئه‌كه‌ن كه ئیمتیازاته‌كانیان له ده‌ست نه‌ده‌ن گه‌ر گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئایا خه‌ڵك چۆن ئه‌م به‌دیله هه‌ڵئه‌بژێرێت؟ به بڕوای من ڕێگاكه‌ی ئه‌وه نییه كه وه‌ك ئاینێك، یان گروپێكی ئاینی یه‌ك یه‌ك له ده‌رگای ماڵی خه‌ڵك بده‌ین و مژده‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگا تازه‌یه‌یان پێ بده‌ین. ئه‌مه ڕه‌وه‌ندێكی سیاسیه. ئه‌حزابی پێشڕه‌و دێنه مه‌یدان، به‌رنامه‌یان ڕائه‌گه‌یه‌نن، لانی كه‌مێكی هێز له ده‌وری خۆیان كۆئه‌كه‌نه‌وه تاكو بتوانن له‌م خه‌باته سیاسیه‌دا سه‌ركه‌وتوو بن. ئیتر دوای ئه‌مه‌یه كه له‌م ڕه‌وه‌نده‌دا جه‌ماوه‌ری به‌رین باوه‌ڕ به‌م ئاسۆیه و ئیمكانبوونی ئه‌هێنن. ئه‌گه‌ر پێیان وابێت كۆمۆنیزم ئاینێكه هه‌وڵ ئه‌دات ڕێیه‌ك نیشان بدات و ده‌ستی به هیچ جێگایه‌كه‌وه به‌ند نیه، خۆ كه‌سێك به هه‌وای ئه‌و ڕێنیشاندانه ژیانی واقعی خۆی جێناهێڵێ و له باره‌گای سۆشیالییزمدا خۆی نیشته‌جێ بكات. كۆمۆنیزم ئه‌بێت بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی زیندوو بێت كه خه‌ڵك ئه‌بینن ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه توانای سه‌ركه‌وتنی هه‌یه. ئه‌بینن ئه‌توانێت بۆ نمونه له ئێران به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا سه‌ركه‌وێت، به‌سه‌ر باڵی ڕاستی سه‌ر به ڕۆژئاوا، سهڵتهنهتخوازهكان، پارێزگارانی ناسیۆنالیست، كه بینیمان چ كۆمه‌ڵگایه‌ك پیاده ئه‌كه‌ن، سه‌ركه‌وێت. ئه‌توانێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا په‌یوه‌ندیه‌ك پێكبهێنێت كه بتوانێت پارێزگاری له مانه‌وه‌ی خۆی بكات، ئه‌توانێت كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌به‌رێت، ئه‌توانێت له ئاستێكی فراواندا پێش به چینی ده‌سه‌ڵاتدار بگرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه ببینن ئه‌و كات ئیتر ناباوهڕترین مرۆڤه‌كان ئه‌ڵێن ئه‌بێت ئه‌م سیستمه تاقی بكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر ته‌نها ڕێنیشانده‌ری بكه‌ین ئیتر به بڕوای من ئه‌مه وه‌ڵامده‌ره‌وه نیه. ئه‌بێت حزبی سیاسی دروست بكه‌ین و ئه‌بێت له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدا به‌شداری بكه‌ین. به بڕوای من كلیلی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه كۆمۆنیزم به وێنه‌ی حزبێكی سیاسی زیندوو خۆی مه‌تره‌ح بكات و ڕوخساری خۆی وا نیشان بدات كه مومكینه بتوانێت سه‌ركه‌وتو بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه ببێت، ئه‌و كات زۆرێك له‌و ناباوهڕیانه جێی خۆیان ئه‌ده‌ن به پێشوازیكردن و په‌یوه‌ست بوون، به بڕوای من.
ماجدی: ئێستا با بچینه سه‌ر ئازادی، مافه مه‌ده‌نیه‌كان، مافه‌كانی مرۆڤ. له‌م مه‌سه‌لانه‌دا كۆمۆنیزمی كرێكاری ئه‌ڵێ چی و بۆچی ئه‌بێ خه‌ڵك هه‌ڵیبژێرن؟
حكمه‌ت: به بڕوای من هه‌ر كه‌سێك بیر له ئازادی و ئازادیخوازی ئه‌كاته‌وه پرسیارێكی ساده هه‌یه كه ئه‌بێت له خۆی بكات و وه‌ڵامه‌كه‌شی په‌یدا بكات. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌سڵه‌ن بۆچی سه‌ركوت و ئیستبداد هه‌یه؟ بۆچی چه‌ند كه‌سێكی كه‌م هه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیان له‌وه‌دایه حزبی سیاسی بوونی نه‌بێت، ڕۆژنامه ده‌رنه‌چێت، كه‌سێك نه‌توانێت هه‌رچیه‌ك ئه‌یه‌وێت ده‌ریببڕێت، بۆچی ئه‌سڵه‌ن پێش به ئازادی ڕاده‌ربڕین ئه‌گیرێت؟ كێشه چیه؟ به دوای ئه‌و قسانه‌دا كه كردمان وه‌ڵامه‌كه‌ی ساده‌یه. چه‌ند كه‌سێكی كه‌م هه‌ن كه له باری ئابوریه‌وه ئازادی به قازانجیان نیه. ئه‌گه‌ر ئازادی ئه‌وه هه‌بێ كرێكاران ڕێكخراو بن، ئه‌حزابی چه‌پ پێكبهێنرێن، ئایدیای تازه ده‌رببڕدرێن، خه‌ڵك ڕه‌خنه له ئه‌فسانه بگرێت و شتی تری له‌م بابه‌ته، پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری و مشهخۆریهكانی كه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵگا لاواز ئه‌بێت. سه‌رئه‌نجام بوونی سه‌ركوت ناگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌دڕه‌فتاری دیكتاتۆرێك، بگره له‌به‌ر پێویستی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری و قازانجه. یه‌كه‌مین پرسیار لێره‌دا وه‌ڵام وه‌رئه‌گرێته‌وه. ئنجا چ ڕه‌وتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، چ هێزێكی چینایه‌تی ئه‌توانێت ئازادی بێنێته‌دی؟ ئه‌و هێزه ئه‌توانێت ئازادی بهێنێته‌دی كه كۆمه‌ڵگاكه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و چه‌وسانه‌وه و چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌سانی تر دانه‌مه‌زرابێت. به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دا نه‌بێت كه كه‌سانی تر بێده‌نگ بكات، به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دا نه‌بێت كه پێش به ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی بیروڕای خه‌ڵك و ئایدیا تازه‌كان و... هتد بگرێت.
پاشان ئه‌گه‌ین به كۆمۆنیسته‌كان و سۆشیالیسته‌كان و چینی كرێكار. چینی كرێكار، كۆمۆنیزم كۆمه‌ڵگایه‌كی ئه‌وێت كه كه‌سێك كه‌سێكی تر نه‌چه‌وسێنێته‌وه و كه‌س به‌سه‌ر سه‌ری كه‌سه‌وه نه‌بێت. له سیستمێكی له‌م چه‌شنه‌دا بڕیار نیه كرێكار بێت كۆمه‌ڵگایه‌كی چه‌وسێنه‌ری تازه له جێی ئه‌وه‌ی پێشوو دروست بكات، بڕیاره سیستمێك دروست بكات كه تیایدا چه‌وسانه‌وه نیه، كه‌سێك به‌رژه‌وه‌ندی له چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌سانی تردا نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێت خاوه‌نی شتێك بێت كه سه‌رمایه‌كه‌یه‌تی. هه‌موو سه‌رمایه موڵكی كۆمه‌ڵگایه و خه‌ڵكیش هاوڵاتیانی ئازادن. سه‌رئه‌نجام ئه‌وه كۆمۆنیزم و سۆشیالیزمه كه به واقعی به‌رژه‌وه‌ندی له ئازادی ڕاده‌ربڕین، ئازادی ئه‌حزاب و ئه‌وه‌دا هه‌یه كه تاكه‌كان هه‌رچیه‌كیان ئه‌وێت بتوانن ده‌ریببڕن. له‌به‌رئه‌وه‌ی بڕیار نیه پێش‌گرتن له قسه‌كردنی خه‌ڵك بنه‌مای ده‌سه‌ڵات یان بنه‌مای مانه‌وه‌ی سیستمی ئابوری بێت.
ئه‌مه یه‌كه‌م پرسیارێكه كه بكرێت. ئه‌گه‌ر بۆ نمونه كه‌سێك بێت و بڵێت ’’من نوێنه‌ری سه‌رمایه‌ی پیشه‌سازیم یان سه‌رمایه‌ی ڕۆژئاوایی من نوێنه‌رایه‌تی ئه‌كه‌م یان ئێمه بازرگانی بازاڕین، ئێمه لایه‌نگری ئازادی ڕادهربڕینین‘‘، پرسیارێك كه من له‌وی ئه‌كه‌م ئه‌وه‌یه، ئێوه گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌ن، یه‌كه‌م بۆچی تا ئێستا كۆمه‌ڵگاكه‌ی ئێوه ئه‌م شێوازه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌داوه، به تایبه‌تی له ئێران؟ وه دووه‌م، ئه‌گه‌ر ئێوه لایه‌نگری ئازادی ڕاده‌ربڕینن و سبه‌ینێ فڵانه ڕابه‌ری كرێكاری وتی ئێمه مافی خۆمان ئه‌وێ، ده‌ست له كار ئهكێشینهوه، مان ئه‌گرین، یه‌كێتی كرێكاری دروست ئه‌كه‌ین، شورا دروست ئه‌كه‌ین، یانی ئێوه مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه لێ ئه‌گه‌ڕێن كه ئه‌و كه‌سه بێت قسه‌كانی بكات، هێزه‌كه‌ی كۆبكاته‌وه، كرێكاران یه‌كبخات و كرێكه‌ی به‌ده‌ستبهێنێت؟ پاشان ئایا پێتان وا نیه خاوه‌ن كارگه‌كان كۆئه‌بنه‌وه و ئه‌ڕۆن په‌یوه‌ندی به ئه‌مریكاوه ئه‌كه‌ن، ده‌می سوپا ئه‌به‌ستن و كوده‌تایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌دا ئه‌كه‌ن كه ئه‌و قسه‌یه بكات؟ كاتێك سه‌رمایه هه‌یه، ئازادی له مه‌ترسیدایه. تا كاتێك سه‌رمایه هه‌یه ئازادی ڕاده‌ربڕین شتێكی شكڵیه و هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت ئه‌توانن پێشێلی بكه‌ن. چه‌ندین جاربینیومانه حكومه‌ته نیمچه لیبراڵه‌كان و نیمچه دیموكراته‌كان له‌و وڵاتانه‌ی كه دوو ساڵه هاتونه‌ته ده‌سه‌ڵات، هه‌ر كه مانگرتن په‌ره‌ی سه‌ندووه و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری گه‌شه‌ی سه‌ندووه و ڕۆژنامه‌كان فراوانتر بڵاوبوونه‌وته‌وه، ژه‌نه‌راڵێك، سوپایه‌ك، كه‌سێك كوده‌تایه‌كی كردووه و شته‌كانی گێڕاوه‌ته‌وه بارودۆخی پێشتر له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی تیادا خه‌رج نه‌كه‌ن. ئه‌و جێگایانه‌ی وه‌ك ئه‌وروپای ڕۆژئاوا كه جۆرێك له دیموكراسی تێدا هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه جیهان دابه‌ش بووه. ئیستبداد و دیكتاتۆریه‌ت خۆی له وڵاتانی جیهانی سێیه‌مدا نیشان ئه‌دات و له‌م ڕێگه‌یه‌وه ڕاده‌یه‌ك له پشتیوانی فه‌رهه‌نگی و سیاسی بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی دابین ئه‌كات. ئه‌گه‌ر ئابوری له‌وێش بكه‌وێته ته‌نگانه‌وه، ئه‌وانیش ده‌ستیان شل ناكه‌ن له سه‌ركوت. مانگرتنی كرێكارانی كانه‌كانی به‌ریتانیا نمونه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه. كه‌سان هه‌بوون كه له شاره‌كه‌ی خۆیانه‌وه پێویست بوو شه‌ش سه‌د كیلۆمه‌تر به‌ولاوه‌تر بڕۆن تاكو په‌یوه‌ست بن به مانگرتنی كرێكارانی كانه‌كانه‌وه به‌ڵام بێ هیچ پاساوێك له ماڵه‌كانیانه‌وه پێشیان پێ‌گرتن. ئامێری ته‌بلیغاتی حكومه‌تیان به‌گه‌ڕخستبوو بۆ ڕشاندنی جنێو و ژه‌هر له دژی كرێكارانی كانه‌كان و ڕابهرهكانیان. سه‌رئه‌نجام سه‌ركوت به‌شێكه له سیستمی سه‌رمایه‌داری و له به‌رامبه‌ریشیدا ئازادی و مافه مه‌ده‌نیه‌كان پێشمه‌رجی پێویسته بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و سۆشیالیستی.
ڕه‌نگه پێمان بڵێن ئێ باشه له سیسمتی سۆڤیه‌ت و چیندا ئه‌وانه پیادهنهكران؟ به بڕوای من ئه‌بێت گوێگرانی ئێوه ئه‌وه بزانن كه ئه‌وانه سیستمی كۆمۆنیستی نه‌بوون. كۆمه‌ڵگای سۆڤیه‌ت به شۆڕشێكی كرێكاری ده‌ستی پێ كرد به‌ڵام حكومه‌تی ئه‌م شۆڕشه كرێكاریه به كرده‌وه بۆ ١٠ ساڵ كه‌وته ده‌ستی هێزه ناسیۆنالیستیهكانهوه كه ویستیان جۆرێكی تر له ئابوری تازه‌ی سه‌رمایه‌داری ڕاوه‌ستاو له‌سه‌ر بنه‌مای كاری به‌كرێ دابمه‌زرێنن. چین هیچ كاتێك كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆشیالیستی نه‌بووه. ئه‌و كات ماركسیزم و كۆمۆنیزم ئه‌و ئاڵایه بوون كه ئه‌توانرا له‌ژێریدا كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان بۆ چه‌ند ئاماجێكی سیاسی یه‌كگرتوو بكرێن. وه زۆر بزووتنه‌وه كه له ناوه‌ڕۆكدا كۆمۆنیستی نه‌بوون ئه‌م ئاڵایه‌یان به ده‌سته‌وه گرت. هه‌روه‌ك چۆن ئێستا دیموكراسی مۆدێله، زۆرێك هه‌ن به خۆیان ئه‌ڵێن دیموكراتین، هه‌تا فاشیسته‌كانیش به خۆیان ئه‌ڵێن دیموكراتی. ئه‌و كات، له ده‌یه‌كانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستدا كۆمۆنیزم ئه‌وه‌نده خۆشناو بوو كه هه‌موو بزووتنه‌وه میلیه‌كان، بزووتنه‌وه‌كانی وڵاتسازی، بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستیهكان، بزووتنه‌وه‌كانی لایه‌نگر له بهدهوڵهتیكردنی ئابوری ناوی خۆیان نابوو سۆشیالیستی و كاریان ئه‌كرد. سه‌رئه‌نجام ئه‌وانه نابێ به ناوی كۆمۆنیزمه‌وه بنووسرێت.
كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆشیالیستی كه ئێمه باسی ئه‌كه‌ین كۆمه‌ڵگایه‌كی كراوه و ئازاده كه هه‌موو كه‌سێك مافی هه‌یه هه‌ر قسه‌یه‌كی پێخۆشه ده‌ریبڕێت. سه‌رئه‌نجام ده‌ربڕینی ڕا مافی مرۆڤه یه‌ك جار دێته دنیاوه و مافی هه‌یه هه‌رچی پێی خۆشه بیڵێت. هیچ كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی نیه بڕوات ده‌می كه‌سانی تر بگرێت. ئه‌مه گریمانه‌ی ئێمه‌یه و پێموایه كۆمه‌ڵگای سۆشیالیستی دابینی ئه‌كات و پێشموایه تاكه ڕه‌وتێك كه له گۆڕه‌پانی سیاسی ئێران‌دا داكۆكی ئه‌كات له‌مجۆره له ئازادی بێ به‌ند و مه‌رج و ئه‌وه‌ی كه هیچ مه‌رجێك بۆ بیركردنه‌وه و ده‌ربڕینه‌كه‌ی دانه‌نرێ، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریه. ئێوه بڕۆن بكه‌ونه قسه له‌گه‌ڵ حزبه سیاسیه‌كاندا، یه‌كسه‌ر مه‌رجه‌كانی خۆیانتان پێ ئه‌ڵێن، به مه‌رجێك كه سوكایه‌تی به پیرۆزیه میلیه‌كان نه‌كرێت، سوكایه‌تی به پیرۆزیه نیشتمانیه‌كان نه‌كرێت، سوكایه‌تی به پیرۆزیه ئاینیه‌كان نه‌كرێت، گونجاو بێت له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگماندا، سنوره نه‌ته‌وه‌یی و ئادابه‌كان و عاده‌ته‌كان نه‌شكێنین، حكومه‌ت له‌ق نه‌كه‌ین. وه هه‌ر ئه‌وه‌نده هه‌ستیان كرد جێگه‌وڕێگه‌یان كه‌وتۆته مه‌ترسیه‌وه، بارودۆخی نائاسایی ڕائه‌گه‌یه‌نن. هه‌تا هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئێستا گفتی كرانه‌وه‌ی سیاسی ئه‌ده‌ن بارودۆخی نائاسایی رائه‌گه‌یه‌نن و كوده‌تا ئه‌كه‌ن. باڵی ڕیفۆرمخوازی حكومه‌ت، كه خۆی هه‌ر گاڵته‌جاڕیه، ئه‌وان هه‌تا به‌ڵێنی ئازادی ڕاده‌ربڕینیش ناده‌ن، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه بڵێین نایهێننهدی. جۆرێك سیستمی ئیستبدادی ئیسلامیان ئه‌وێت كه هه‌ر ماوه جارێك ده‌ستی خوێنینی به دهسڕێك بسڕێته‌وه. ئه‌وان ئه‌مه‌یان ئه‌وێت.
جه‌وادی: با بچینه سه‌ر لایه‌نێكی تری مه‌سه‌له‌كه. له په‌یوه‌ند به ڕیزی ئۆپۆزسیۆنه‌وه كه ته‌ماشا ئه‌كه‌ین ڕێگه‌چاره‌ی دیاریكراو هه‌یه. باسی مافی مرۆڤ هه‌یه و ئه‌وه‌ی ئێمه خۆمان لایه‌نگری جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤین و ئه‌مه‌شیان كردووه به ئاڵای خۆیان. جیاوازی داواكاریه‌كانی كه حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له‌م بواره‌دا هه‌یه‌تی چیه و لێكچونی ئه‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌و جاڕنامه‌یه‌ی مافه‌كانی مرۆڤدا چیه؟
حكمه‌ت: جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ بنه‌ماكه‌ی ئه‌وه‌یه كه خاوه‌ندارێتی به ڕه‌سمی ئه‌ناسێت و داكۆكی له خاوه‌ندارێتیكردنی هۆكانی به‌رهه‌مهێنان ئه‌كات. گریمانه‌ی ئه‌سڵی ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای بازاڕه، گریمانه‌ی ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌داریه. كاتێك جاڕنامه ئه‌خوێننه‌وه ئه‌بینن باسی مافی مه‌ده‌نی له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داریدا ئه‌كات. باسی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه كه به هه‌مان به‌ڵگه مافه مه‌ده‌نیه‌كان ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌ز ئه‌مێننه‌وه. بۆ %٩٠ ی خه‌ڵكی جیهان به شێوه‌یه‌كی نیمچه هه‌ستپێكراویش نایه‌ته‌دی. له كاتێكدا كه له ده وڵاتی ئه‌وروپای ڕۆژئاوادا پله‌یه‌ك له دیموكراسی و لێبورده‌یی (تۆڵرانس) و یهكترقبوڵكردنی ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار نیشاندراوه، %٩٠ ی خه‌ڵكی جیهان له ژێر سایه‌ی حكومه‌ته سهركوتگهرهكاندا ئازارئه‌كێشن و ته‌واوی ئابوری جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌م ڕێگه‌یه‌وه ژیانی خۆی به‌سه‌رئه‌بات. باسی ئێمه ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ڵێنی بۆ ئه‌دات گۆشه‌یه‌كی بچوك و سێبه‌رێكه له‌و ئازادیه فراوانه‌ی كه سۆشیالیزم گره‌نتی ئه‌كات. پرسیارێك كه هه‌یه هه‌روه‌ك ووتم ئه‌وه‌یه كه كێ چ به‌ڵێنێك ئه‌دات؟ پرسیار ئه‌وه‌یه كه كێ له‌سه‌ر بنه‌مای جێگهوڕهگهی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه و له جێگه‌وڕێگه‌ی ئابوری بزووتنه‌وه‌كه‌یه‌وه ئه‌توانێت ئه‌مه بهێنێته‌دی. من به‌ڵێنی ئازادی له كه‌سێك قبوڵ ناكه‌م كه كرێم پێ ئه‌دات تاكو كاری بۆ بكه‌م. چونكه ئه‌گه‌ر من كرێیه‌كی زیاتر داوا بكه‌م ئه‌و ناچاره سه‌ركوت بكات. هه‌ر به‌و ساده‌ییه ئه‌مه ئه‌و پێكهاته‌یه‌یه له پشتی ئه‌م مهسهلهیهوهیه. له هه‌ر جێگایه‌ك كرێكاران بیانه‌وێ كرێكانیان ئاستێك ببه‌نه سه‌ره‌وه كه قازانجی كه‌سێكی به‌رامبه‌ر ناچاربێ بێته خواره‌وه، ئه‌و كه‌سه ڕێگایه‌ك په‌یدا ئه‌كات كه پێش به‌و مانگرتن و ڕێكخستنه بگرێت. به‌ڵام هه‌رواش به‌رته‌سك نه‌كرێته‌وه. ئه‌گه‌ر كرێكاران بیانه‌وێت هوشیار بن به‌وه‌ی كه ئه‌م جیهانه ئه‌توانێت به‌جۆرێكی تر بێت، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ئاین له ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان و خێزانیان ڕیشه‌كێش بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ژن و پیاو یه‌كسان بن، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئازادی ڕه‌خنه له باوه‌ڕه كۆن و خورافیهكان و نه‌ریته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كان بوونی هه‌بێت، هه‌موو ئه‌مانه جێگیری چینی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه و له كۆتاییدا ئه‌مه خۆی له دابه‌زینی قازانجهكهیدا نیشان ئه‌دات. ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان ئه‌م كۆت و به‌نده له خۆیان بكه‌نه‌وه، ئیتر به خۆڕایی كار بۆ كه‌سێك ناكه‌ن.
سه‌رئه‌نجام داهێنان و پێشكه‌وتنی فیكری به پله‌یه‌ك سه‌ركوت ئه‌كرێن. له وڵاته پێشكه‌وتوه‌كانی سه‌رمایه‌داریشدا سه‌ركوت ئه‌كرێن، پێتان وانه‌بێت كه ته‌نها له ئێران به‌ر به ڕه‌خنه‌گرتن له ئاین ئه‌گرن بۆ نمونه. له وڵاتانی ڕۆژئاواش پێش به ڕه‌خنه‌گرتن له ئاین ئه‌گرن. ئه‌گه‌ر تۆ مامۆستایه‌ك بیت و دوو جار له دژی عیسای مه‌سیح قسه بكه‌یت، سبه‌ینێ كاره‌كه‌ت له ده‌ست ئه‌ده‌یت. به‌م ساده‌ییه نیه. یان گه‌ر تۆ وه‌ك ژورنالیستێك بێیت و له جه‌نگی ئه‌مریكا له دژی عێراقدا بڵێیت بۆچی بۆمب ئه‌نێن به به‌غداده‌وه و خه‌ڵكی بێ‌تاوان ئه‌كوژن، كاره‌كه‌ت له ده‌ست ئه‌ده‌یت. یا ئه‌گه‌ر بڵێیت ئایا له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له هیرۆشیما و ناكازاكی و تاوانی جه‌نگ كه‌س دراوه به دادگای نێوده‌وڵه‌تی یان نا؟ نازانرێ چ به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌دا دێت له ئه‌مریكا یان ئه‌وروپای ڕۆژئاوا. ئه‌مه ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه ئه‌وانه هه‌یانه.
به بڕوای من نابێت به‌ڵێنی ئازادیخوازی له كه‌سێك قبوڵبكرێ كه به دوای قازانجه‌وه‌یه. كه‌سێك ئه‌توانێت ئازادیخواز بێت كه ئاماده بێت قبوڵی بكات مرۆڤه‌كان له ڕووی ئابوریه‌وه یه‌كسان بن. ئه‌گه‌ر نا نایه‌كسانی ئابوری یه‌كسه‌ر ئه‌بێت به نایه‌كسانی سیاسی، وه منێكیش كه نایهكسانم له ڕوی سیاسیه‌وه ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕم، له به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی هه‌یه و سه‌ركوت ئه‌كات. ئاستی جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌موو شوێنێك به‌مجۆره‌یه.
ماجدی: سه‌باره‌ت به خۆشگوزه‌رانی و ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی قسه‌مان كرد تا ئه‌و جێگایه‌ی كه قسه‌مان كرد. مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه دێته پێشه‌وه یه‌كسانیه، له‌ناوبردنی هه‌ڵاواردنه له نێوان ژن و پیاودا، له نێوان نه‌ته‌وه و میلهتهكاندا، له‌م باره‌یه‌وه كۆمۆنیزمی كرێكاری چی ئه‌ڵێت؟
حكمه‌ت: بنه‌مای كۆمۆنیزم له‌ناوبردنی هه‌ڵاواردنه. یانی گریمانه‌ی بیرۆكه‌ی كۆمۆنیستی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤه‌كان یه‌كسانن، جیاواز له ڕه‌نگ و ئه‌تنیك و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن. مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك یه‌كسانن، ئه‌بێت مافی یه‌كسانیان هه‌بێت و نه‌ك ته‌نها مافی یه‌كسانیان هه‌بێت به‌ڵكو ئه‌بێت له جێگه‌وڕێگایه‌كی یه‌كساندا بن بۆ به‌دیهاتنی ئاره‌زوه‌كانیان. ڕه‌نگه من و ئێوه له ئه‌مریكا مافمان هه‌بێت ببینه سه‌رۆك كۆمار به‌ڵام شه‌ست ملیۆن ته‌نها پاره‌ی تهبلیغاتێكه كه نه‌فه‌رێك ببێت به كاندید بۆ سه‌رۆك كۆمار و شانسی ده‌نگهێنانی هه‌بێت. هه‌ركه‌سێك شه‌ست ملیۆن دۆلاری هه‌یه ئه‌توانێت خۆی كاندید بكات به‌ڵام نازانم چه‌ند كه‌س به‌مپێیه مافیان هه‌یه ببنه سه‌رۆك كۆمار. وتم نمونه‌ی زۆر هه‌ن. تا ئه‌م ساته‌وه‌خته له ئه‌مریكا ژنێك نه‌بۆته سه‌رۆك كۆمار یان ڕه‌شپێستێك ته‌نانه‌ت جورئه‌تی نه‌كردوه خۆشی كاندید بكات. هه‌موو ئه‌مانه واقعیه‌تێك ده‌رئه‌خه‌ن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م مرۆڤانه له جێگه‌وڕێگایه‌كی یه‌كساندا نین له كۆمه‌ڵگادا بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌و مافه سیاسیه ڕوكهشیهش كه گوایه ئه‌ڵێن هه‌موان هه‌یانه، سود وه‌ربگرێت. باسی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری و باسی كۆمۆنیزم به شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌كسانی_هه‌م شكڵی و هه‌م سیاسی_ وه هه‌م له یاسا و هه‌م له ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه به جۆرێك كه هه‌موو كه‌سێك له جێگه‌وڕێگایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی چونیه‌ك بۆ به‌دیهاتنی ئاره‌زوه‌كانی و ئاماده‌ییه‌كانی به‌هره‌مه‌ند بێت.
جه‌وادی: سه‌باره‌ت به یه‌كسانی ئابوری قسه‌مان كرد. هه‌ندێك له په‌یوه‌ند به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه وا باس ئه‌كه‌ن كه مرۆڤه‌كان یه‌كسان نین، كاری یه‌كسان ناكه‌ن، هه‌لومه‌رجی یه‌كسانیان نیه، ئاماده‌یی جیاوازیان هه‌یه بۆچی ئه‌بێ یه‌كسان بن له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه‌دا كه به‌رهه‌م دێت؟
حكمه‌ت: به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بهدهستیناهێنن. یه‌كسان به‌ده‌ستهێنان واته ئه‌وه كه هه‌موان بۆ نمونه دوو كیلۆ برنج به‌ده‌ستبهێنن، یان هه‌موان بۆ نمونه ته‌له‌فزیۆنێكی شاشه ٢٥ به‌ده‌ستبهێنن. مه‌به‌ست له یه‌كسانی ئه‌مه نیه. له كۆمۆنیزمدا مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه هه‌ركه‌سێك له جێگه‌وڕێگایه‌كی چونیهكدا بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێداویستیه‌كانی. مرۆڤه‌كان به هه‌مان به‌ڵگه‌ی كه خواسته‌كانیان وه‌ك یه‌ك نیه، سه‌رئه‌نجام ئه‌و شته‌ی كه له كۆمه‌ڵگاوه ده‌ستیان ئه‌كه‌وێ وه‌ك یه‌ك نابێ. ئێمه باوه‌ڕمان وا نیه كه مرۆڤه‌كان ئه‌بێت وه‌ك یه‌ك و هاوشێوه بن. به پێچه‌وانه‌وه، ئێمه ئه‌ڵێین هه‌مه‌جۆری و جیاوازیه‌كان ئه‌بێت بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌دیبهێنرێت. ئێوه ئه‌تانه‌وێت ببنه وێنه‌كێش ئه‌بێ بتوانن ببنه وێنه‌كێش، كه‌سێك ئه‌یه‌وێت ببێته پزیشك ئه‌بێ بتوانێت ئه‌م كاره بكات. مرۆڤه‌كان ئه‌بێ بتوانن جیاوازیه‌كانیان به‌دیبهێنن و بتوانن خۆشیان بن. له ڕاستیدا ئه‌وه سیستمی سه‌رمایه‌داریه كه مرۆڤه‌كان ئه‌كات به یه‌ك و وه‌ك یه‌كیان لێ ئه‌كات. هه‌موومان یه‌ك جۆر خواردنمان ئه‌ده‌نێ، یه‌ك جۆر جلمان ئه‌ده‌نێ، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه جۆرێك له ژیان ئه‌خه‌نه به‌رده‌می هه‌موومان، سیناریۆكانی ئه‌و ژیانه ته‌قریبه‌ن هه‌مووی له یه‌ك ئه‌چێ. وابه‌سته به‌وه‌ی كه له خێزانێكی هه‌ژار یان كرێكاری هاتونه‌ته دنیاوه ئایندهیهكیان له پێشه‌وه بۆیان دیاریكردووه، جگه له هه‌ندێ حاڵه‌ت، هه‌مووان ئه‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه بڕۆن كه بۆیان دانراوه. سۆشیالیزم ڕێك به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌یه، نایه‌وێت مرۆڤه‌كان هاشێوه و وه‌ك یه‌ك لێبكات. ئه‌یه‌وێت بیانخاته جێگه‌وڕێگایه‌كی یه‌كسانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌رچیه‌ك خۆیان بیری لێ ئه‌كه‌نه‌وه ئه‌وه به‌دیبهێنن و ئامادهییهكانیشان بره‌و پێبده‌ن. ئه‌مه هه‌رگیز باسكردن له هاوشێوه‌كردن نیه، قسه له‌سه‌ر چونیه‌ك بوونی مافه‌كانیان و یه‌كسانبوونی جێگهوڕێگایانه.
ماجدی: پرسیارێك كه زۆر لێمان ئه‌كرێ له كۆبوونه‌وه جیاجیاكاندا، یان له لێدوانه‌كاندا یان بۆ ڕادیۆی ئه‌نته‌رناسیۆنالی ئه‌نێرن ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر كۆمۆنیزمی كرێكاری له ئێران به ده‌سه‌ڵات بگات، كاتێك گه‌یشته ده‌سه‌ڵات، چۆن ئه‌توانێت به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ڕۆژئاوا، ده‌وڵه‌ته‌كانی ڕۆژئاوا و ئه‌مریكا بوه‌ستێته‌وه؟ مه‌سه‌له‌ی بۆمباران كردن و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سیستمه سه‌رنگون بكه‌ن. بینیمان كه ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا و ناتۆ له جێگای جیاجیا ئه‌مه‌یان ئه‌نجام داوه. وه‌ڵامی ئێوه به‌مانه چیه؟
حكمه‌ت: یه‌كه‌م ئه‌بێ له نێوان كۆمۆنیزمی كرێكاری و ئه‌و شته‌ی كه به‌ناوی چه‌پی ڕۆژهه‌ڵاتی كۆنه‌وه ناسراوه جیاوازی بكرێ. له ڕووی فه‌رهه‌نگیه‌وه، له ڕووی ئاسۆ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه، له ڕووی ئایدیاڵه سیاسیه‌كانیه‌وه ڕیشه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكاری له ڕۆژئاوادایه، له سۆشیالیزمی كرێكاری ئه‌وروپادایه. سه‌رئه‌نجام ئێمه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌كه‌ین كه ڕهوهندێك و مه‌یلێكی شۆڕشگێڕانه و سۆشیالیستی ڕۆژئاوایی له ئێران دێته سه‌ركار. بیروباوه‌ڕه‌كانی ماركسه، بیروباوه‌ڕه‌كانی ئه‌نگڵسه، ئایدۆلۆژیای كۆمۆنیستی كرێكاری پیشه‌سازی ئه‌وروپای ڕۆژئاواییه. ئه‌مه قسه‌كردن نیه له‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی بۆ نمونه چینی كه له‌به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوادا هاتۆته مه‌یدان یان بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كه به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوای مه‌سیحی هاتۆته مه‌یدان. قسه له‌سه‌ر تێڕوانینێكی تره كه ڕیشه‌كانی له مێژووی مه‌ده‌نیه‌تی ڕۆژئاوادایه به‌و مانایه‌ی كه له‌به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داریدا هاتۆته مه‌یدان. سه‌رئه‌نجام ئه‌و كه‌لێنه‌ی كه مومكینه كه‌سێك پێی وابێ له نێوان بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له ڕووی فه‌رهه‌نگیه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی زاڵ له ڕۆژئاوادا هه‌یه، كۆمۆنیسته‌كان ئه‌و كه‌لێنه‌یان نیه. ڕه‌نگه هه‌ندێ كۆمۆنیستی سه‌ره‌تایی ئه‌و كه‌لێنه‌یان هه‌بێ، كه ئێمه به‌وانه ناڵێین سۆشیالیست. به‌ڵام كۆمۆنیزمی كرێكاری بزووتنه‌وه‌یه‌كی مۆدێرنه. ڕیشه‌كانی له مێژووی مه‌ده‌نیه‌تی ڕۆژئاوادایه. ڕیشه‌كانی له په‌یدابوونی كرێكاری پیشه‌سازی و كۆمه‌ڵگای مۆدێرنی پیشه‌سازیدایه. سه‌رئه‌نجام به مانایه‌ك هاندانی فه‌رهه‌نگی له دژی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری تیایدا له‌سه‌ر حوكم بێ عه‌مه‌لی نیه. ئه‌مه كۆمه‌ڵگایه‌كی كراوه‌یه كه هاوڵاتی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی به ته‌واوه‌تی ئه‌توانێت لێی تێبگات. به‌وجۆره نیه كه بڵێن: ئه‌مه په‌نهان و شاراوه‌یه، فه‌رهه‌نگی خۆیانه، ئێمه نازانین و دواتر بتوانن دێ‌و و درنجی لێ دابتاشن. هه‌ر كه‌سێك ئه‌توانێت بێت له تارانی سۆشیالیستی پیاسه بكات و ببینێت كه خه‌ڵك لێره به چ جۆرێك ئه‌ژین، گوێ له چ جۆره گۆرانیه‌ك ئه‌گرن، چ ئاهه‌نگێك ئه‌گێڕن، به چ جۆرێك وانه ئه‌ڵێنه‌وه، به چ جۆرێك وانه ئه‌خوێنن و په‌یوه‌ندیه فه‌ردیه‌كانی ئه‌وان چیه. سه‌رئه‌نجام بۆ چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ڕۆژئاوا زۆر سه‌خته بتوانن كۆمه‌ڵگای سۆشیالیستی ئێرانی ژێر سایه‌ی سیستمێكی كۆمۆنیستی كرێكاری وه‌ك شه‌یتان نیشان بده‌ن. یانی ڕای گشتی له ڕۆژئاوا یه‌كێكه له پشتیوانیهكانمان چونكه ئه‌ڵێن ئه‌مه كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاده. دووه‌م ئه‌وه بزووتنه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی چینی كرێكاره كه ئێمه ئه‌بێ له ئێستاوه هه‌وڵ بده‌ین كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و ههڵیبخڕێنین. به‌وجۆره نیه كه ئه‌گه‌ر چینی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌مریكا یان ئه‌وروپای ڕۆژئاوا هه‌ر كارێك بیانه‌وێت بتوانن بیكه‌ن. به‌م ساده‌ییه نیه.
كۆمه‌ڵگایه‌كی كراوه و ئازاد، كه دانهخرابێ و به دیواری ئاسنین ده‌ور نه‌درابێ، كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرن، كۆمه‌ڵگایه‌كی ئینسانی كه له‌لایه‌ن جیهانی ڕۆژئاواوه قابیلی بینینه به بڕوای من پارێزراوه له‌به‌رامبه‌ر هاندانی سه‌ربازی باڵه‌كانی ڕاستی كۆمه‌ڵگای ڕۆژئاواییدا. من له‌مباره‌یه‌وه گه‌شبینم و پێموایه كارێكی سه‌خته. ناتوانن به ئێران بڵێن حكومه‌تی سه‌دام حسێن یان وه‌ك لیبیای لێهاتووه چونكه هه‌موو په‌یامنێرانی نێوده‌وڵه‌تی له‌وێن و نیشانی ئه‌ده‌ن كه ئه‌مه وڵاتێكی پێشكه‌وتوو و یه‌كسان و ئازاده. جێگایه‌كه كه سزای له سێداره‌دانی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، یه‌كسانی ژن و پیاوی ڕاگه‌یاندووه، ته‌ندروستی به مافی هه‌موان داناوه، په‌روه‌رده و فێركردنی به خۆڕایی بۆ هه‌مووان دابین كردووه، گواستنه‌وه‌ی كردووه به خۆڕایی كه هه‌ر كه‌سێك بۆ هه‌ر جێگایه‌كی شار ئه‌یه‌وێت ئه‌توانێت بڕوات. وا به ئاسانی ناتوانرێت هێرش بكرێته سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵگایه. كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراو نیه كه بتوانی به ئاره‌زوی خۆت وێنای بكێشی. ئه‌م ئازادی و كراوهییه زۆرترین سه‌رمایه‌ی ئێمه‌یه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕۆژئاوا. له سه‌رو ئه‌وه‌شه‌وه، ئێمه له ڕووی دیپلۆماسیه‌وه ناكه‌وینه ڕقه‌به‌رایه‌تی ئه‌وان. زۆر ڕۆشنه كه شۆڕش له‌و وڵاتانه ئه‌ركی چینی كرێكاری ئه‌و وڵاتانه‌یه و هه‌ر كۆمهكێكیشیان پێویست بێت ئه‌یكه‌ین. به‌ڵام حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له حكومه‌تێكی سۆشیالیستیدا بڕیار نییه له دژی جیهانی ڕۆژئاوا و له دژی ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ڕۆژئاوا و ناتۆ جموجۆڵ بكات و بكشێته پای جه‌نگ له‌گه‌ڵیان. ئه‌بێ ڕێگایه‌كی عاقڵانه بگرینه به‌ر. ئه‌بێ كۆمه‌ڵگای خۆمان ڕێكبخه‌ین. ئه‌بێ ئازادی له‌وێ بهدیهێنین و نمونه‌یه‌ك به ده‌سته‌وه بده‌ین كه خه‌ڵكی جیهان واقعه‌ن به شۆڕ و شه‌وقه‌وه بێن و بیانه‌وێ له وڵاتی خۆشیان پیاده‌ی بكه‌ن. ئه‌مه كارێكی عه‌مه‌لیه.
* * * * *
وه‌رگێڕانی له فارسیه‌وه: جه‌مال محسن -
جونی ٢٠١٦
تێبینی: ئه‌م ده‌قه كوردیه له ده‌قه فارسیهكهوه وه‌رگیراوه كه له‌لایه‌ن دنیس میر (ئازاد)ه‌وه له كاسێتهوه نووسراوه‌ته‌وه. له بنه‌ڕه‌تدا گفتوگۆیه‌كی ڕادیۆی ئینته‌رناسیۆناڵه كه له‌لایه‌ن علی جوادی و ئازه‌ری ماجدیهوه له‌گه‌ڵ مه‌نسور حكمه‌ت سازدراوه، ده‌قه فارسیه‌كه له‌سه‌ر وێبلاگی مه‌نسور حكمه‌ت به‌م لینكه ده‌ست ئه‌كه‌وێت.
Kurdish translation: Jamal Muhsin
hekmat.public-archive.net #3400ku.html
|