"ناقارهمانان"
"به‌ڵێن بده، که ئه‌گه‌ر من توانیم قاره‌مان بم
تۆ لانی که‌م وه‌کوو ئینسانێکی به‌ویژدان ڕه‌فتار بکه‌ی"
جان لوکاره، ماڵی ڕووسیا
|
---|
ئیره‌جی ئازه‌رین له حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی ئێران‌دا دوو وتاری نووسی، دوو "دواستون"ی کورت بۆ بڵاوکراوه‌ی ئینته‌رناسیۆناڵ. له دووه‌مین و دوایین نووسینیاندا له ته‌مووزی ١٩٩٤، له یاداشتێکدا به ناونیشانی "ده‌ورانی ناقارهمانی"، گله‌یی له‌وه کرد که گوایه سه‌رده‌می قاره‌مانی له ڕیزه‌کانی چه‌پدا به‌سه‌ر چووه. وتی ڕوو وه‌رگێڕانی "لاوانی خوێنه‌واری چینی ناوه‌نجی ئێران" له "هه‌ڵسوورانی ڕێکخراوه‌یی سیاسی"دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حیساباتی بهقاڵانه، هه‌وڵێکه بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی جێگه‌وڕێگه‌ی شایسته و "سازگار له‌گه‌ل جێگاوڕێگهی چینه‌که‌ی خۆیان له زنجیره پله‌وپایه‌کانی هه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگایه"دا. ئیره‌جی ئازه‌رین له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که "پێشبینی ڕوودانی شۆڕشی کرێکاری، ته‌نانه‌ت پێشبینی پێشڕه‌ویی کرێکاران له چوارچێوه‌ی هه‌ر ئه‌م نیزامه باڵاده‌سته‌دا، به‌بێ قاره‌مانییه جه‌معی و فه‌ردییه‌کان ته‌نها ده‌توانێ خۆشباوه‌ڕییه‌کی ئه‌حمه‌قانه بێت.
ئیره‌جی ئازه‌رین ئه‌مه‌ی وت و ... ڕۆیشت!
٭ ٭ ٭ ٭
ئیره‌جی ئازیز،
نامه‌که‌ت سه‌باره‌ت به کۆتاییهاتن، یان سڕینه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌تیت له حیزب‌دا، به‌پێی مه‌نتیق نه‌ده‌بوو ڕوو به من بنووسرێ. من له ڕاستی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌وه که باست کردوون، له‌وه نزیکتر بووم که بتوانم له قازانجی تۆدا شایه‌تی بده‌م، یان داوه‌رێک بم که بڕیار بێ، حوکم له‌سه‌ر به‌رائه‌تی تۆ بدات. منێک که ده‌زانم بۆچی ڕۆیشتی، چۆن ڕۆیشتی، خه‌ریکی چی بووی، منێک که ده‌زانم بۆچی له ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه، چه‌ند که‌سن، چ کارێک ئه‌توانن بکه‌ن و چی ناتوانن بکه‌ن، منێک که ده‌زانم توانایی و لێوهشاوهیییهکانتان چییه، سیاسه‌ته‌کانتان کامانه‌یه، خۆشه‌ویستی و کینه‌تان له کوێوه‌یه، حیساباتتان چ "بهقاڵانه" و چ له جۆرێکی تر بێت، له چ قوماشێکه، به‌م پێیه نامه‌که‌ی تۆ نه‌ده‌بووایه ڕووی له من بێت. نامه‌که‌ی تۆ، بۆ شاردنه‌وه و ڕه‌نگکردنی ڕاستییه‌کان بۆ که‌سانێکه که ناوی تۆیان بیستووه و کینه‌یه‌کیان به‌رامبه‌ر به ئێمه له‌دڵدایه. بۆ ئه‌سغه‌ر که‌ریمی و منه، به‌ڵام ڕووی له‌وانه.
ده‌ڵێی "فیربووم " که زۆر جار له‌پشتی درۆوه خۆفریودان حه‌شاردراوه. به ڕاستی ده‌ربڕینێکی حه‌کیمانه‌یه، به‌ڵام ڕاستییه‌کی ئه‌وتۆ له‌م ده‌رسه‌دا نییه. له سه‌دا ٩٩ی درۆکانی دنیای ئه‌مڕۆ له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ڕوون و ئاشکرای سیاسی و ئابووری و له لایه‌ن ده‌زگا پسپۆر و پیشه‌یییه‌کانی درۆبڵاوکردنهوه و درۆههڵبهستنهوه ده‌کرێت، که خۆیان باش ئه‌و حه‌قیقه‌تانه ده‌ناسن وا که‌مه‌ریان بۆ قڵپکردنهوهیان به‌ستووه. کێشه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئه‌م حیکمه‌ته وه‌رگیراوه شه‌رحی حاڵی خۆشت نییه. کێشه‌ی کاری تۆ لێره‌دا خۆفریودان نییه.
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که ئه‌مه‌ش بڕیاره "مانیفێستی" تۆ بێت، ئیعتیبارنامهیهکه بۆ پێشکه‌شکردن به حیزبی ئیستیقاله. بڕیاره له جێگایه‌ک، به جۆرێک، بۆ هه‌ڵگرتنی له په‌روه‌نده، تۆش هه‌ستابیت و شتێکت وتبێ. ئه‌مه بڕیاره ئه‌و بێده‌نگی و دهستکێشانهوهیهی که له پێناوی "به‌رژه‌وه‌ندیی بزووتنه‌وه"، وه نه‌ده‌کرا و نهمدهتوانییهکان له چاوترووکانێکدا قه‌ره‌بوو بکاته‌وه. ئه‌گینا بۆچی ده‌بێ ڕێگا ئاوه‌ڵا بکه‌ن و فه‌رش ڕاخه‌ن و له سه‌رووی مه‌جلیسه‌وه داتبنێن؟
به‌م پێیه هێشتا هه‌ر "ده‌ورانی ناقارهمانی"یه.
ئێمه دۆستی دێرینیش بووین، ئه‌م دۆستایه‌تییه به‌نرخ بوو. ده‌کرا ئه‌مه مامه‌ڵه‌ی پێ نه‌کرێ. من هێشتا نایکه‌م، به‌ڵام له ڕووی سیاسییه‌وه ڕێز بۆ ڕێباز و کار و شێواز و مه‌یل و خه‌ون و خه‌یاڵتان قائیل نیم. من خۆم ئومێدێکم به ئایینده‌ی سیاسیتان نییه. پلاتفۆرمی سیاسیی ئێوه پلاتفۆرمێکی ڕاسته. ئه‌م پلاتفۆرمه له ده‌ورانی ڕکود و کاتێک که "لاوانی خوێنه‌واری چینی ناوه‌نجی" بڕیار بوو به موحاسه‌باتی "بهقاڵانه" سیاسه‌ت به قازانجی جێگاوڕێگای چینایه‌تیی خۆیان بخه‌نه لاوه، ڕه‌نگه بیتوانیبایه له پێشوازی به‌هره‌مه‌ند بێت. به‌ڵام سه‌خته بتوانێ پلاتفۆرمێک بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سیاسه‌ت و هێزکۆکردنه‌وه له هه‌لومه‌رجی سیاسیی پڕ له هه‌ڵچوون و داچوونی ئه‌مڕۆدا ئه‌گه‌ر بکرایه پێشتر کشتگر و ئه‌میر خوسرهوییهکان کردبوویان.
به بڕوای من ئێوه حیزب دروست ناکه‌ن، به‌و به‌ڵگه ساده‌یه که حیزب دروستکردن وا پێویست ده‌کات که ئێوه "بنیاتنه‌ر"ه‌کان و "ڕووخسار"ه به‌نرخ و به‌ڕێزه‌کان، ڕێز له ڕا و بۆچوونی که‌سانی تر و پرانسیپی هه‌ڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ڕابه‌ری حیزبێک بگرن و مل به ئه‌ندامبوون له کۆڕێکدا به ڕای یه‌کسانه‌وه له گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی لاوترن و بگره به تواناتریشن، بده‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاماده بوونایه ئه‌مه قبووڵ بکه‌ن، کۆتایی "کانوونی کۆمۆنیزمی کریکاری"، کۆتایی "هاوڕێبازی(تان) له‌گه‌ڵ مه‌نسوور حیکمه‌ت، بۆ پێکهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیستی کریکاری نه‌ده‌بوو. ئێوه حیزب دروست ناکه‌ن، چونکه حیزب دروستکردن پێویستی به‌وه‌یه، جیاوازییه‌کانتان بڵێن، پێویستی به‌وه‌یه، شه‌هامه‌تتان هه‌بێت که بۆچوونه ئیسپاتییهکانتان ڕۆشن و ڕاشکاوانه بخه‌نه ڕوو، بیخه‌نه به‌ر داوه‌ریی که‌سانی تره‌وه، به‌رپرسیارێتی ئاکامه‌کانیشی له ئه‌ستۆ بگرن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توانای ئه‌مه‌تان ببوایه، پێویستییه‌کتان به په‌نابردن بۆ ڕێگای تر، بۆ "خزمه‌ت به سۆسیالیزم" نه‌ده‌بینی. ئێوه حیزب دروست ناکه‌ن، چونکه نه‌ک بۆ حیزبییه‌ت، به‌ڵکوو له دژی ئه‌و هاتوونه‌ته مه‌یدان، ئێوه حیزب دروست ناکه‌ن، چونکه که‌سی ئه‌م کاره نین.
ئیره‌جی ئازیز، به‌هانه‌کانی تۆم خوێنده‌وه، تێگه‌یشتم چ ڕێگایه‌کت هه‌ڵبژاردووه، به‌داخه‌وه‌م.
نادر (م. ح.)
١ ته‌مووزی ١٩٩٩
hekmat.public-archive.net #2580ku.html
|