حیزبی کۆمۆنیست و ئه‌ندامه‌تیی کرێکاری
به‌شی یه‌که‌م
له حیزبی کۆمۆنیست واوه‌تر، زۆربه‌ی ڕهوتگهلیی سۆسیالیست، کرێکاریبوونهوه و ڕێکخراوبوون ته‌نانه‌ت وه‌ک ئه‌رک و پرانسیپیش چاولێ ناکه‌ن، زۆریان به یه‌کجار بیری شۆڕشی کرێکارییان هه‌ر وه‌لا ناوه. بۆ زۆربه‌یان سۆسیالیزم چوارچێوه‌یه‌کی گشتییه بۆ مرۆڤدۆستی، نیشتمانپه‌روه‌ری، سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و په‌ره‌گرتنی سه‌نعه‌تی، دیموکراسی و شتی تری له‌م چه‌شنه و هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه له لای ئه‌مانه سۆسیالیزم به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ڕێناباته‌وه سه‌ر کرێکار و خه‌باتی چینایه‌تی. زۆری تریش که پێیان وایه هێشتا بۆ کاری خۆیان پێویستییان به مارکسیزم و بابه‌تی وه‌ک پرۆلیتاریا و خه‌باتی چینایه‌تی هه‌یه، به ڕێگا و شێوه‌ی تر خۆیان له کرێکاریبوونهوه به مه‌عاف ده‌زانن، ڕه‌نگه هێشتا بار و دۆخی سیاسی له‌بار نه‌بێت، ڕه‌نگه بۆ پرۆلیتێریبوونی ڕێکخستن مه‌رج نه‌بێت حه‌تمه‌ن به‌ده‌نه و قه‌واره‌ی ڕێکخستنه‌که کرێکاری بێت، له‌وانه‌شه کرێکاران هێشتا به ئه‌ندازه‌ی کافی "هۆشیاریی چینایه‌تی"یان به‌ده‌ست نه‌هێنابێت. به‌ڵام بیانووه‌کان هه‌رچییه‌ک بن، مێژووی کۆمۆنیزم له ئێران و به‌تایبه‌ت مێژووی ده‌ورانی ڕابردوو پڕه له سازمان و ڕێکخراوی "پرۆلیتاری" که هه‌ر له بنه‌وه له خوێندکاران و زانایانی سه‌ر به چینی ناوه‌نجی کۆمه‌ڵ پێک هاتوون، ئه‌وه که لانی که‌م له هه‌ندێک ده‌وره‌دا لایه‌نی چینی کرێکاریان گرتووه، هیج گومان هه‌ڵناگرێت، ڕه‌نگه ئه‌مانه ئه‌گه‌ر به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبان_ که به له‌به‌رچاوگرتنی جێگا و شوێنی بابه‌تییان و ئه‌وه که هه‌میشه له په‌راوێزی خه‌باتی چینه‌کاندا بوون مه‌گه‌ر به هه‌ڵکه‌وت به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبان_ ژیان و هه‌لومه‌رجی کاری کرێکاران تا ڕاده‌یه‌ک ڕووه و باشی چووبا، به‌ڵام هیچ کام له‌مانه ئه‌م واقیعه‌ته ناگۆڕێت که ڕێک له‌په‌نا ئه‌مانه و هاوکات له‌گه‌ڵ پراتیکی "پرۆلیتاری"ی ئه‌مانه، خه‌باتی واقیعی چینایه‌تی، هه‌ر له ددانه‌جیڕه و مشتقووچاندنی هه‌موو ڕۆژه‌ی کرێکارانه‌وه، هه‌تا مانگرتنه‌کان و بزووتنه‌وه و جم و جووڵی ئاشکرا و به‌رینی کرێکاری، له مه‌یدانێکی تر له هه‌مان کۆمه‌ڵدا له‌سه‌ر ڕه‌وتی خۆی چووه و مه‌وجودییه‌ت و چالاکی ئه‌م ڕه‌وتانه که‌مترین کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی کردۆته سه‌ر ئه‌و خه‌باته.
قسه‌که لێره‌دا له‌سه‌ر بوون و نه‌بوونی حیزبی گه‌وره‌گه‌وره‌ی کرێکاری نییه. قسه‌که ئه‌وه‌یه که ڕێکخراوی کۆمۆنیستی_ جا به‌رینایییه‌که‌ی که‌م یان زۆر هه‌ر چه‌ندێ بێت_ ده‌بێت پێش هه‌موو شتێک ڕێکخراوی کرێکاری بێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شوێنی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی بۆ سۆسیالیزمه‌که‌یان پێویستییان به کرێکار نییه بتوانن گوێی خۆیان له‌م بار و دۆخه‌ی ئێستای ڕێکخراوه‌که‌یان بخه‌وێنن، تێکۆشه‌ری حیزبی کۆمۆنیست که بۆ گیرسان و شکڵ‌گرتنی کۆمۆنیزمێکی قودره‌تمه‌ندی کرێکاری خه‌بات ده‌کات، ده‌بێت به دیتنی ئه‌م بار و دۆخه، ئه‌و ناکۆکی و ناته‌بایی و گیروگرفتانه‌ی بێته به‌رچاو که پێویسته به جیددی سه‌رنجیان بداتێ.
باسی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران، گرێیه‌کی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی له پشته، مه‌به‌ست له‌م وتاره شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م گرێ و گیروگرفته و هه‌ڵهێنجانی ئه‌نجامی عه‌مه‌لییه بۆ زاڵبوون به سه‌ر ئه‌و گیروگرفتهدا. ئه‌م وتاره به‌پێی قسه و باسێک که سێ مانگ له‌وه‌پێش له سیمیناری کۆمیته‌ی شاره‌کاندا پێشکه‌شم کرد نووسراوه. من پێم وایه ئه‌م باسه یه‌کێکه له ئه‌ڵقه گرنگه‌کانی به‌ره‌وپێشچوونی کۆمۆنیزمی کرێکاری، چ له‌نێو حیزبی کۆمۆنیست و چ له ئاستێکی به‌رین له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی ئێران و ئه‌نجامه عه‌مه‌لییه‌کانی ئه‌گه‌ر په‌یگیرانه ڕه‌چاو بکرێن، ده‌توانێ سیمای سیاسی و جێگاوشوێنی عه‌مه‌لیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بگۆڕێت. دیاره باسی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران گۆشه‌یه‌که له نه‌به‌ردێکی به‌رینتر بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری. باسی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران سه‌ره‌نجام به هه‌موو لێکدانه‌وه و شیکردنه‌وه‌یه‌کی سیاسی که ده‌یانگرێته‌به‌ر، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی "ئه‌ندامه‌تی"، که مه‌سه‌له‌یه‌کی په‌یوه‌ست به "په‌یڕه‌وی ناوخۆ"وه‌یه. ئه‌و هه‌نگاوه دیاریکراوانه که به‌پێی ئه‌م باسه دیاری ده‌کرێن، ڕه‌نگه خۆی له خۆیدا ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی پێک نه‌هێنێت، به‌ڵام من هیوام وایه ئه‌م باسه کار بکاته سه‌ر ڕوانینمان بۆ حیزب و ئه‌و ڕه‌خنه گشتییه که به‌نێوی کۆمۆنیزمی کرێکاری باسی ده‌که‌ین، به‌هێز بکات.
کورته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به کرێکاریبوونه‌وه‌ی حیزب
چه‌ندین ساڵه حیزبی کۆمۆنیست به دانسقه "کرێکاریبوونه‌وه‌ی" کردووه‌ته ئامانجی خۆی، به‌درێژایی چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌وڵم داوه بۆ تێکۆشه‌رانی حیزب ئه‌وه ڕۆشن بکه‌مه‌وه که پێویستییه‌کانی ئه‌م ئاڵوگۆڕه کامانه‌ن؟ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت کرۆکی ئه‌م باسانه له چه‌ند ڕسته‌یه‌کدا به‌یان بکه‌م، ئه‌وه‌یه: سۆسیالیزمی کرێکاری بزووتنه‌وه‌یه‌کی زیندووی ناڕه‌زایه‌تی له کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدایه، که پێبهپێی ئه‌و شته‌ی خۆی ناوناوه بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌سه‌ر ڕه‌وتی تایبه‌تیی خۆی به‌ره‌و پێش هاتووه و خاوه‌نی چاره‌نووسی سه‌ربه‌خۆی بووه. پێکهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری، یانی ڕێکخستنی ئه‌و سۆسیالیزمه کرێکارییه وه‌ک حیزبێکی سیاسیی مارکسیستی، یانی حیزبییه‌تپێدانی بزووتنه‌وه‌یه‌ک که هه‌ر ئێستا (ئه‌گه‌رچی بێسه‌روسامانه و خۆڕێکخستنی ناوخۆیی لاوازه) بوونی هه‌یه.
چه‌پی تا ئێستا مه‌سه‌له‌که ئاوا نابینێت. بۆ ئه‌وان بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕێکخراو و حیزبه سیاسییانه‌ن که به‌نێوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم چالاکی ده‌که‌ن، هه‌ر ڕه‌وتێک ڕه‌نگه ئه‌م یان ئه‌و ده‌سته له حیزب و ڕێکخراوه‌کان (به هه‌ندێک سه‌نگ و پێوانه که زیاتر عه‌قیده‌تی و فیرقه‌یین) له چوارچێوه‌ی "بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی"دا حیساب بکات یان نه‌یکات. به‌ڵام به هه‌ر حاڵ تا باسی "بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی" ده‌که‌ن، په‌نجه بۆ کۆمه‌ڵێک حیزب و ڕێکخراوه ڕاده‌دێرن به‌رانبه‌ر به‌م حیزب و ڕێکخراوانه، چینی کرێکار و بزووتنه‌وه‌ی "خۆڕسک"ی ئه‌و چینه ده‌ستنیشان ده‌کرێت، له‌م بۆچوونانه‌دا بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی چینی کرێکار تا ئه‌و جێگایه ئیمکانی هه‌یه که ئه‌م حیزبانه کاریان کردبێته سه‌ری و ڕێکیان خستبێت. ئه‌مانه دیاره وجودی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سۆسیالیستیی کرێکاری له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته حیزبییه به‌فه‌رمی ناناسن.
هه‌م جێگا و شوێنی ئێستای چینی کرێکار و بزووتنه‌وه‌ی به ناو کۆمۆنیستی و هه‌م مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری، وه‌رشکسته‌یی ئه‌م پێشداوه‌رییه بۆرژوایییه ده‌رده‌خه‌ن، مانیفێستی کۆمۆنیست خۆی لهجهرگهی سۆسیالیزمێکی کرێکاریی زیندووی مه‌وجود له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ڕاگه‌یاندرا. مارکس و ئه‌نگڵس ته‌نانه‌ت ناوی به‌یاننامه‌که‌ی خۆیانیان له ناوێک وه‌رگرت که کرێکاران له بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی خۆیانیان نابوو، وه جه‌ختیان کرد که وشه‌ی "کۆمۆنیست" بۆیه به‌کار ده‌به‌ن، هه‌تا خۆیان له سۆسیالیزمی ناکرێکاریی سه‌رده‌می خۆیان جیا بکه‌نه‌وه و نیشانی بده‌ن، سه‌ربه‌و بزاڤه کرێکارییه‌ن، که به ناوی کۆمۆنیزم له کۆمه‌ڵدا هه‌یه بۆ مارکسیزم. ناڕه‌زایه‌تیی سۆسیالیستیی چینی کرێکار له کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داریدا، پێشفه‌رزێکی بابه‌تیی مه‌وجود بوو، ئه‌وان به‌ته‌مای داهێنانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی وا نه‌بوون که تا ئه‌و کاته که‌س نه‌ی دیبێ و نه‌ی بیستبێت، به‌ڵکوو خۆیانیان به خاوه‌ن بیر و ڕێکخه‌ری ئه‌و سۆسیالیزمه کرێکارییه ده‌زانی که به‌کرده‌وه له کۆمه‌ڵدا هه‌بوو. ئه‌مڕۆ پاش سه‌د و په‌نجا ساڵ که له تێکۆشانی مارکسیسته‌کان تێپه‌ڕ ده‌بێت، پاش نزیکه‌ی سه‌د و په‌نجا ساڵ که تیۆری مارکسیزم به شێوه‌ی جۆراوجۆر و یه‌ک له‌وانه له‌نێو جه‌رگه‌ی شۆڕشه مه‌زنه‌کاندا له‌ناوخۆی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا جێگر بووه. سۆسیالیزمی کرێکاری ئیتر به شێوه‌ی ته‌بیعی، مه‌یلی به‌ره‌و مارکسیزمه و له مارکسیزم ئیلهام وه‌رده‌گرێت. بۆ ده‌وره‌یه‌ک و له هه‌ندێک قۆناغدا له وڵاتانی جۆراوجۆر، حیزبه مارکسی و کۆمۆنیستییه‌کان به شێوه‌یه‌کی واقیعی، حیزبی ڕێکخه‌ری ئه‌و سۆسیالیزمه کرێکارییه بوون. مێژووی حیزبی سۆسیالیزم و مێژووی کۆمه‌ڵاتی و چینایه‌تی سۆسیالیزم هه‌میشه وه‌ک ئێستا لێک جیا و پێک نامه‌ربووت نه‌بوون. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه له مه‌وقیعیه‌تێکی ته‌واو جیاوازداین، ڕه‌وتی حیزبی به ناو کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی به هه‌موو لق و فیرقه‌کانییه‌وه ئیتر په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌م بزووتنه‌وه سۆسیالیستییه کرێکارییه‌وه نییه. ناڕه‌زایه‌تیی کرێکار له دژی سه‌رمایه‌داری، که پێبهپێی گه‌شه و په‌ره‌گرتنی سه‌رمایه‌داری تووندتر بووه‌ته‌وه و ئه‌مڕۆ کێشمه‌کێشی سه‌ره‌کییه له سه‌رتاپای سه‌رمایه‌داریدا، ئیتر هه‌رچی که‌متر و که‌متر ده‌خاڵه‌تی ئه‌م ڕه‌وته حیزبییانه‌ی تێدایه. ئێمه ئیتر ده‌بێ باسی دوو بزووتنه‌وه بکه‌ین، دوو بزووتنه‌وه به پاڵپشتی چینایه‌تیی جیاوازه‌وه، به ئامانجی جیاوازه‌وه، به چاره‌نووس و داهاتووی جیاوازه‌وه و به مه‌سه‌له و گیروگرفتی جیاوازه‌وه.
کۆمۆنیزمی کرێکاری واقیعه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سونه‌ت و نه‌ریتێکی زیندووی خه‌باتکارانه‌یه، ڕه‌وتێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه ڕێک هه‌ر وه‌ک لیبراڵیزمی بۆرژوایی که واقیعیه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌م سونه‌ت و نه‌ریتانه ده‌که‌ونه پێش حیزبه سیاسییه‌کان، زانستی سیاسیی بۆرژوایی حیزب به کۆمه‌ڵێک له ئه‌فراد ده‌زانێت که بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجی هاوبه‌ش له‌ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه، بۆ مارکسیزم حیزب ڕێکخراوی تێکۆشه‌رانی نه‌ریتێکی خه‌باتکارانه و بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. لیبرالیزم ده‌توانێت له ده‌وره‌یه‌کدا حیزبێک نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ی بکات یان نه‌ی کات، به‌ڵام مادام پایه بابه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌بن، نه‌ریتی لیبرالیزم وه‌ک ڕه‌وتێکی زیندووی نێو بۆرژوازی ده‌مێنێته‌وه و هه‌ر جاره حیزبێکی لیبراڵی تازه دێنێته کایه‌وه. هه‌ر بابه‌تی ئه‌مه، بۆ ناسیۆنالیزم و ڕێفۆرمیزمی بۆرژوایی و بۆ هه‌موو مه‌یله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تریش ده‌گونجێت. هه‌موو که‌س به ئاسانی له‌وه ده‌گات که بۆ نموونه، به‌ره‌ی میللی و هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی ناو ئه‌و به‌ره‌یه له نه‌ریتی لیبرالیزم و ناسیۆنالیزمی ئێرانییه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا و شکڵیان گرت. به‌ڵام ئه‌م نه‌ریتانه نه له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی میللی سه‌ریان هه‌ڵداوه و نه له‌گه‌ڵ ئه‌ویش کۆتایی‌یان پێ دێت. له بابه‌ت کۆمۆنیزمی کرێکاریشه‌وه هه‌ر ئه‌مه هه‌یه، نه‌ریتی کۆمۆنیزمی کرێکاری که ئینته‌رناسێوناڵی یه‌که‌م و بۆڵشه‌ڤیزم و شۆڕشه‌کانی ئه‌ڵمانیا و ڕووسیای به‌خۆیه‌وه دیوه، ده‌مێکه نه‌یتوانیوه پارتگه‌لی سیاسیی جیددی شکڵ پێ بدات. ده‌کرێت باسی هۆیه‌کانی ئه‌م نه‌توانینه بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌م نه‌توانینه هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک له‌و واقیعیه‌ته‌دا پێک ناهێنێت که کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕه‌وتێکی خه‌باتکارانه‌ی واقیعی و مه‌وجوده له کۆمه‌ڵدا.
که‌وایه قسه له‌سه‌ر شکڵپێدانی حیزبێکی کۆمۆنیستییه له‌نێو ئه‌م نه‌ریته خه‌باتکارانه‌یه‌دا. هه‌نگاوی یه‌که‌م هه‌ر ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌ر ئه‌وه ببینێ و تێی بگات که حیزبه شێوه سۆسیالیست و شێوه مارکسیسته‌کانی مه‌وجود، نه له‌نێو ئه‌م نه‌ریته‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه و نه کاری تێدا ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌رکی سه‌ره‌کی ده‌ستبه‌کاربوون و داڕشتنی ئه‌و حیزبه‌یه.
به‌م قسانه‌وه که کران، ده‌بێت چوارچێوه‌ی گشتیی باسه‌که‌مان سه‌باره‌ت به کرێکاریبوونه‌وه‌ی حیزب تا ڕاده‌یه‌ک ڕوونتر بووبێته‌وه. له‌په‌نای حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سۆسیالیزمێکی کرێکاریش به‌رانبه‌ر به بۆرژوازی له سه‌نگه‌ردایه. ئه‌م ڕه‌وته حیزبی نییه، به‌رنامه‌ی نووسراوی نییه، له‌نێو خۆیدا هه‌زار و یه‌ک خه‌ت و هه‌زار ناڕۆشنی هه‌یه، ڕێکخراوبوونی نێوخۆیی له ئاستێکی سه‌ره‌تایی و لانی که‌مدایه، حیزبی کۆمۆنیست ده‌بێت به‌م ڕه‌وته‌وه په‌یوه‌ست بێت و ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی هه‌یه بیڵێ و کارێکی هه‌یه بیکات، لێره بیڵێ و بیکات. کرێکاریبوونه‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیست یانی، به‌فه‌رمی ناسرانی حیزبی کۆمۆنیست وه‌ک ئامرازی په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکار له دژی سه‌رمایه‌داری به هۆی خودی ڕه‌وتی سۆسیالیزمی کرێکاری و کرێکارانی کۆمۆنیسته‌وه. ئه‌مه پێویستی به‌وه هه‌یه که حیزبی کۆمۆنیست له هه‌موو ئه‌و بیروبۆچوون و پێشداوه‌ری و په‌یوه‌ندی و کارکرد و شێوه و ڕه‌وشتانه که میراتی چه‌پی غه‌یره کرێکارین دابڕێ و به‌ته‌واوی له‌نێو ئه‌و سهنگهربهندییه کرێکارییه ئاماده‌یی هه‌بێت. ئه‌مه پێویستی به‌وه هه‌یه که حیزبی کۆمۆنیست ببێته قسه‌که‌ر و ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌م نه‌ریته کرێکارییه و ته‌نیا ئه‌مه، به‌رانبه‌ر به کوللی کۆمه‌ڵی مه‌وجود و کوللی بۆرژوازی.
ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران، گه‌ڵاڵه‌ی مه‌سه‌له‌که
ئه‌وه که ئێمه له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا ده‌بێت ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ی "ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران" بده‌ینه به‌ر باس و بۆ ئاسانکردنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران له حیزب‌دا ڕێگاچاره بدۆزینه‌وه، خۆی نیشانه‌ی ناکۆکی و پێچه‌وانه‌بوونێکی بنه‌ڕه‌تییه. ده‌بوو مه‌سه‌له‌که به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بوایه. حیزبی کۆمۆنیست به‌پێی پێناسه‌ی خۆی و به‌پێی چاوه‌ڕوانیی ئاسایی هه‌ر که‌سێک که جارێک مانیفێستی کۆمۆنیستی خوێندبێته‌وه، ده‌بوو حیزبێکی کرێکاری بێت. ئه‌گه‌ر له‌نێو ئێمه‌دا قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌ندامه‌تی دێته گۆڕ، ده‌بوو باسی مه‌رجه‌کان و پێویستییه‌کانی ئه‌ندامه‌تی غه‌یری کرێکاران له حیزبی کرێکاریماندا بێت. ئه‌م ناکۆکییه ده‌بێت هه‌موو ئه‌ندامێکی حیزبی کۆمۆنیست ڕاچه‌ڵه‌کێنێ و بیخاته سه‌ر بیرکردنه‌وه.
هه‌ندێک له هاوڕێیان مه‌سه‌له‌ی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران له حیزب‌دا وه‌ک نیشانکردێکی ئاماری چاو لێ ده‌که‌ن، سه‌دی چه‌ندی ئه‌ندامانی حیزب کرێکارن؟ خودی ئه‌وه که هاوڕێیان ئه‌م پێوانه‌یه له‌به‌رچاو بگرن هه‌ڵبه‌ت زۆر باشه، به‌ڵام هێنانه‌خواره‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که هه‌تا ئاستی ئاماره‌کان و سه‌دی چه‌ند، به حیسابی ئامار و ژماره سه‌ر ده‌شێوێنێت، ژماره‌ی ئه‌ندامانی کرێکار له‌چاو ئه‌ندامانی غه‌یره کرێکار له حیزب‌دا، له سه‌ره‌تای پێکهاتنییه‌وه هه‌تا هاتووه زیادی کردووه. ئه‌مڕۆ حیزبی کۆمۆنیست له‌م بابه‌ته‌وه گه‌یشتۆته پله‌یه‌ک که له‌نێو چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران له ده‌یان ساڵی ڕابردوودا بێوێنه‌یه. ده‌کرێت بڵێین زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و غه‌یره کرێکارانه‌ی له‌م ساڵانه‌دا بوونه‌ته ئه‌ندامی حیزب، له‌و هاوڕێیانه‌ن که له گه‌ل ڕێکخستنی حیزبی کۆمۆنیست کاریان ده‌کرد، به‌ڵام له مافی ئه‌ندامه‌تی به‌هره‌مه‌ند نه‌بوون، به‌ڵام له‌نێو ئه‌و هاوڕێیانه‌دا که پاش پێکهاتنی حیزب به ئێمه‌وه په‌یوه‌ست بوون، زۆربه‌ی زۆریان هاوڕێیانی کرێکارن له ڕاستیدا، به تایبه‌ت له سێ چوار ساڵی ڕابردوودا ڕووناکبیران و غه‌یره کرێکاران به ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م داواکاری ئه‌ندامه‌تی له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا بوون، له حاڵێکدا ڕووهێنانی کرێکاران به‌ره‌و کاری ڕێکخراو له گه‌ڵ حیزبی کۆمۆنیست‌دا گه‌لێک په‌ره‌ی گرتووه.
ئه‌م ڕه‌وتانه هه‌موویان موسبه‌ت و دڵخوازن، ئه‌مانه نیشانه‌ی توانایی بیلقووهی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانن بۆ گۆڕان به حیزبێکی به ڕاستی کرێکاری. به‌ڵام باسی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران، ئه‌م ئاماره شێنه‌یی و ساده‌یه‌ی مه‌به‌ست نییه. دواتر نیشانی ده‌ده‌م که چۆن ئه‌م ڕووهێنانه‌ی کرێکاران به‌ره‌و حیزب هێشتا له جه‌رگه‌ی سیاسه‌ت و سیسته‌مێکی ئهنداموهرگرتندا به‌ره‌و پێش ده‌چێت، که خۆی له بنه‌ڕه‌تدا ناکرێکارییه. بۆیه هه‌ر خودی ئه‌م ڕه‌وته‌ش به‌کرده‌وه له هه‌ر چه‌شنه مانا و ناوه‌ڕۆکێکی جیددیی چینایه‌تی داده‌ته‌کێت. به‌ڵام لێره‌دا ته‌نیا سه‌رنجی هاوڕێیان بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشم که مه‌سه‌له‌ی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران ئه‌وه نییه که تاک‌تاکی کرێکاران بێنینه نێو حیزب و بیان که‌ینه ئه‌ندام، به‌و مانایه‌ی ئه‌مڕۆ تێی ده‌گه‌ین، به‌ڵکوو قسه له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی به‌رینایی مه‌وجودییه‌تی حیزبه به جۆرێک که چالاکیی کرێکاری کۆمۆنیست، هه‌ر له‌و جێگایه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و چالاکییه به ڕێوه ده‌چێت، بگرێته به‌ر و بیکاته به‌شێک له خۆی. به وته‌یه‌کی تر له باسی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاراندا قسه له‌سه‌ر ڕوانینێکی تره بۆ مانای ئه‌ندامه‌تی و حیزبییه‌ت، به جۆرێک که ئه‌و خه‌باته کۆمۆنیستی و ڕادیکاڵه کرێکارییهش که هه‌ر ئێستا له په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌نگاته‌نگ له گه‌ڵ حیزب‌دا به‌ره‌و پێش ده‌چێت، هه‌رس بکاو بیکاته شێوازی سه‌ره‌کی خۆنواندنی حیزب له‌په‌نا ئامار و ژماره‌ی ئه‌و کرێکارانه‌ی هاتوونه‌ته نێو حیزب، فاکتی گه‌لێک گرنگتریش هه‌ن که به‌داخه‌وه هێشتا به‌و جۆره‌ی بایه‌د و شایه‌ده له حیساباتی ئێمه‌دا له‌به‌رچاو نه‌گیراون و کاریان نه‌کردۆته سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ڕێکخستن و نه‌ریته حیزبییه‌کانمان. نموونه‌یه‌ک له‌م فاکتانه، شکڵ‌گرتنی گورزێکی به‌رین له کرێکارانی کۆمۆنیست و تێکۆشه‌ری خه‌باتی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکارییه که به ته‌واوی ئیلهام له حیزب وه‌رده‌گرن و ئه‌گه‌ر به‌کرده‌وه په‌یوه‌ندی زۆر نزیکیان له گه‌ل ئێمه نییه، له‌به‌ر بێمهیلبوونیان نییه. جاری وایه دهنگوباسی چالاکی ئه‌م هاوڕێیانه بۆ ڕێکخه‌رانی حیزبی سه‌رسووڕهێنه‌ره. حیزبی ئێمه نه‌ک هه‌ر هێشتا نه‌یتوانیوه کوللی بزاوتی سۆسیالیستیی ڕادیکاڵی کرێکاران له‌نێو خۆیدا کۆ بکاته‌وه، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌شه له تێکۆشه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌م سۆسیالیزمه کرێکارییه‌شی که خۆیان هۆشیارانه له حیزب به نزیک ده‌زانن و پێی پابه‌ندن، به‌زۆری له ده‌ره‌وه‌ی سنووره حوقووقییه‌کانی حیزب ڕاگرتووه.
به وته‌یه‌کی تر، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هه‌ر ئێستا له دوو به‌ش پێک هاتووه، به‌شی فه‌رمی، سه‌رژمێرکراو و به‌ئه‌ندام وه‌رگیراو، ئه‌مه ئه‌و به‌شه‌یه که به شێوه‌ی ئاسایی پێی ده‌گوترێت حیزب. له‌م به‌شه‌دا تانوپۆی نا‌کرێکاری هێشتا زاڵه. به‌شی دووه‌م هێزێکی نافه‌رمی زۆر به‌رینتره که له کرێکارانی کۆمۆنیست و ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌کان پێک هاتووه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی حیزب بن، سیاسه‌ته‌کانی حیزب به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن و به شکڵ و شێوه‌ی غه‌یره ئه‌ساسنامه‌یی و به ڕواڵه‌ت به‌بێ ڕێوڕه‌سمی دیاریکراو له گه‌ڵ حیزب په‌یوه‌ند ده‌گرن. توانستی واقیعی حیزبی ئێمه له هه‌ر قۆناغێکدا به‌رهه‌می هه‌ردوو به‌شه‌که‌یه، به‌ڵام حیزب به شێوه‌ی فه‌رمی به‌داخه‌وه ته‌نیا ئه‌وه‌ی یه‌که‌مه، ئه‌م دوو لایه‌نییه له هه‌موو جێگایه‌کی ئێران‌دا هه‌یه، به‌ڵام کوردستان جێگایه‌که که ده‌کرێت به زه‌قترین شێوه ئه‌م حه‌قیقه‌ته و ئه‌م ناکۆکییه ببینیت. ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران به مانای ئه‌وه نییه که ژماره‌ی کرێکارانی به‌شی یه‌که‌م (ئه‌و به‌شه‌ی ئه‌مڕۆ ڕه‌سمییه‌تی په‌یدا کردووه) به شێوه‌ی خه‌تی زیاد بکات، ئه‌گه‌رچی لێره‌شدا ده‌بێت به‌بێ هیچ ئه‌ملا و ئه‌ولایه‌ک کرێکاران زیاتر بن، به‌ڵکوو به مانای به‌فه‌رمیناسینی ئه‌م به‌شه‌ی دووه‌م و په‌ره‌پێدانی ئه‌ندامه‌تی حیزبییه، هه‌تا ئه‌و ڕێکخراوه به‌رینه کرێکارییه ده‌گرێته به‌ر که له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئه‌مڕۆی حیزبه. کرێکاریبوونه‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیست یانی کرێکاریبوونه‌وه‌ی پراتیکی ئه‌و حیزبه، یانی ئه‌وه که پراتیکی کرێکاری کۆمۆنیست له‌به‌رانبه‌رکێی ڕاسته‌وخۆیدا به‌رانبه‌ر به سه‌رمایه، ببێته گرنگترین به‌شی پراتیکی حیزب، یانی تێگه‌یشتنێکی تر له حیزبییه‌ت، به جۆرێک که ئه‌م پراتیکه‌ی هه‌ر ئێستا به‌کرده‌وه هه‌یه و له گۆڕێدایه بگرێته به‌ر. هه‌لومه‌رجی ئێستا واقیعی نییه و له‌وه‌ش گرنگتر زیانه سه‌ره‌کییه‌که‌ی له‌وه‌دایه حیزب له‌و جێگا و شوێنه که خۆی له‌ده‌وری پراتیکی ئه‌م به‌شه کرێکارییه ڕێک بخا و کاریگه‌ریی شیاوی خۆی بکاته سه‌ر ئه‌م پراتیکه، مه‌حرووم ده‌کا. ئه‌م به‌شه کرێکارییه هه‌ر ئێستا به بڕوای من ئه‌ندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانه. ئه‌وه که ئه‌م به‌شه به‌رینه له باری حوقووقییهوه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی حیزب ماوه‌ته‌وه، به ڕاده‌یه‌کی زۆر تا ئێره‌ش ڕه‌وتی پته‌وبوونه‌وه‌ی کۆمۆنیزمی کرێکاری له حیزب‌دا شێنه‌یی کردۆته‌وه و کۆسپی خستۆته سه‌ر ڕێگای ئاڵوگۆڕپێدانی حیزبی ئێمه به حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاران، ئه‌م دۆخه ده‌بێت کۆتایی پێ بهێنرێت.
بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م باسه ده‌بێت ئاماژه به چه‌ند خاڵی تریش بکه‌م:
یه‌که‌م، کاتێک باسی حیزبی کرێکاری ده‌که‌ین مه‌به‌ست حیزبێک نییه که حه‌تمه‌ن کۆمه‌ڵانی کرێکاری هه‌روا له په‌یوه‌ند له گه‌ڵ خۆیدا ڕێک خستبێت (شتێکی وه‌ک مه‌وقیعیه‌تی سۆسیال دیموکراسیی ئه‌ورووپا هه‌تا پێش قه‌یرانی ده ساڵی ئه‌م دواییه) ئه‌مه بۆ کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕ له‌ده‌وره‌ی تایبه‌تدا ئیمکانی هه‌یه، ئه‌و شته‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه ئه‌وه‌یه که حیزبی کۆمۆنیست ده‌بێت به هه‌ر حاڵ هه‌تا ئه‌و جێگایه که وه‌ک حیزبێکی سیاسی مه‌وجودییه‌تی هه‌یه و چالاکی ده‌کات، ڕێکخه‌ر و کۆکه‌ره‌وه‌ی تێکۆشه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی چینی کرێکار و ڕابه‌رانی کرێکاران بێت، حیزبی کۆمۆنیست ده‌بێت حیزبی مه‌یلێکی کرێکاری بێت. ده‌بێت حیزبێک بێت له‌شوێنی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکارییه‌وه هه‌ستابێ و ده‌رگیری ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه بێت، بینای سه‌ره‌کی و چالاکییه سه‌ره‌کییه‌که‌ی ده‌بێت له به‌شی پێشڕه‌و و کۆمۆنیستی خودی کرێکاران پشتئه‌ستوور بێت. دیاره له‌م حیزبه‌دا شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست له‌نێو هه‌ر چینێکه‌وه هه‌ستابن جێگایان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام بڕبڕه‌پشت و ڕایه‌ڵ و پۆی ئه‌و حیزبه به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی، ده‌بێت له خودی کرێکاران پێک بێ و مه‌یدانی ئه‌سڵیی پراتیکی حیزب ده‌بێت له‌و جێگایه بێت که کرێکارانی کۆمۆنیست و حیزبیی له جه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تی کرێکاریدا به‌رانبه‌ر به سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری تيکه‌ڵ به جه‌ماوه‌ری کرێکاران ده‌بن.
دووه‌م، ئه‌م باسه‌ی من جیاوازییه‌کی گرنگی له گه‌ڵ باسی که‌سانێک هه‌یه، که ئه‌مڕۆ حیزب به حیزبی "پێشه‌نگ"ی چینی کرێکار داده‌نێن. من ناکۆکیم له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی "پێشه‌نگ"دا نییه، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌یه. لایه‌نگرانی ئه‌م فۆرموولبه‌ندییه له ده‌وره‌ی ئێمه‌دا به‌پێی نه‌ریت به‌دووی ڕێکخستنی ڕووناکبیران ده‌که‌ونه‌وه و له‌م فۆرمووله‌دا مۆڵه‌تنامه‌یه‌ک بۆ پێکهێنانی پارتگه‌لی چه‌پی نا‌کرێکاری ده‌بیننه‌وه. بۆ ئه‌مانه پێشه‌نگ هێشتا پێشه‌نگێکی عه‌قیده‌تییه و هێشتا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر توێژی خوێنده‌واری کۆمه‌ڵ. باسی من له باره‌ی پێشڕه‌و و ڕابه‌رانی عه‌مه‌لیی چینی کرێکاره‌وه، ئه‌و کرێکاره کۆمۆنیستانه‌ی له‌به‌رچاوه که هه‌ر ئێستا وه‌ک ڕابه‌رانی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری و موبه‌لیغ و ڕێکخه‌ری سۆسیالیزمی کرێکاری چالاکی ده‌که‌ن، ئه‌مانه ده‌بێت بڕبڕه‌پشتی هه‌ر حیزبێک بن که به ناوی کۆمۆنیست چالاکی ده‌کات.
"چه‌پی ڕادیکاڵ" و کرێکاران
ئه‌و کۆسپانه‌ی له‌سه‌ر ڕێگای ئێمه، وه‌ک حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی به حیزبێکی به‌کرده‌وه کرێکاری هه‌ن، به‌رهه‌می ڕه‌وتێکی دوورودرێژی مێژوویین. ئه‌مانه ڕهنگدانهوهیهکن له جیایی مێژوویی و گشتیی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران له چینی کرێکار و هه‌ر وه‌ک گه‌لێ جار و به شێوه‌ی جۆراوجۆر دووپاتم کردۆته‌وه. هه‌ر پێشڕه‌وییه‌کی ئێمه له گره‌وی دابڕانی فیکری و سیاسی و عهمهلیماندا له‌م چه‌په ڕادیکاڵه‌یه. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته به‌ره‌و پێش چووین، بۆیه له هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌کدا که له چه‌پی ڕادیکاڵی ده‌گرین، لێره و له‌وێ ده‌بێت به هێنانی هه‌ندێک تێبینی باسی جیاوازییه‌کانی حیزبی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته بکه‌ین. من له کۆتایی باسه‌که‌مدا باسی ئه‌م جیاوازییانه ده‌که‌م، چونکه به بڕوای من چاره‌نووسی حیزبی ئێمه هه‌تا ئێستاش هه‌ر وێکچوونه‌کان دیاریکه‌ری بوون نه‌ک جیاوازییه‌کان. مه‌سه‌له‌ی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران و په‌یوه‌ندیی عه‌مه‌لیی حیزب له‌گه‌ڵ کرێکاران، یه‌کێک له‌و نموونانه‌یه که ئێمه خه‌ریکین تاوانی ڕه‌چاوکردنی باوه‌ڕ و ئه‌زموون و پێشینه‌ی چه‌پی نا‌کرێکاری ده‌بژێرین.
مه‌به‌ستی من له چه‌پی ڕادیکاڵ له‌م باسه‌دا هه‌موو ئه‌و مه‌یله شێوه سۆسیالیستییه‌یه که دوابه‌دوای شکستی هێزه ته‌قلیدییه‌کانی ئۆپۆزیسێونی ئێران، به‌ره‌ی میللی و حیزبی توده و به‌تایبه‌ت دوابه‌دوای ئاڵوگۆڕه ئابوورییه‌کانی ئه‌نجامی "ڕێفۆرمی زه‌وی" له ئێران پێک هات، ڕێبازی چریکی و پاشان خه‌تی ٣ و له‌په‌نای ئه‌مانه‌دا گورزێکی به‌رینتر له گرووپه ماویست و لیبراڵ چه‌په‌کان، ئه‌و شکڵ و شێوه سازمانییه بوون که نوێنه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه بوون، به‌ڵام هه‌ر لێره‌دا ئه‌وه بڵێم که چوارچێوه‌ی گشتیی باسه‌که‌ی من بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له په‌یوه‌ندیی چه‌پی ڕادیکاڵ له‌گه‌ڵ کرێکاران، له چوارچێوه‌ی بازنه‌ی سیاسیی ئێران‌دا نامێنێته‌وه. ئه‌م ڕه‌وته له ئاستی جیهانیدا (ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و گرووپانه نه‌که‌ین که له ده‌وره‌کانی پێشتردا له کۆمێنترن دوور که‌وتبوونه‌وه) له ناوه‌ڕاستی په‌نجاکانی زایینییه‌وه به‌ره‌به‌ره به ڕه‌خنه‌گرتن له به‌ناو خه‌تی فه‌رمیی کۆمۆنیزم، که حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤێت نوێنه‌ری بوو، شکڵیان گرت. ترۆتسکیزم، ماویزم و چه‌پی نوێ سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه بوون. ئه‌م ڕه‌وتانه ئه‌مڕۆ ئیتر مه‌وزوعییه‌تی خۆیانیان له‌ده‌ست داوه و فه‌وتاون. له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کانه‌وه هه‌تا نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاکان ده‌وره‌ی چالاکی و ڕه‌ونه‌قی ئه‌م ڕه‌وتانه بوون، ئه‌مانه‌ش له ڕوانگه‌ی جیایی له چینی کرێکاره‌وه تایبه‌تمه‌ندی له چه‌شنی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێرانیان هه‌یه و دیاره کاریان کردۆته سه‌ر بۆچوون و پراتیکی ڕه‌وته ئێرانییه‌کان، به‌ڵام بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وتانه ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین، که سه‌رچاوه‌ی چینایه‌تی و چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان جیاواز بوو. چه‌پی ڕادیکاڵ له ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا ده‌قاوده‌ق به‌ره‌نجام و نوێنه‌ری ئه‌و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌و داخوازه چینایه‌تییانه نه‌بوو که له ئێران چه‌پی ڕادیکاڵ به‌ره‌نجام و نوێنه‌ریان بوو. بۆیه من باسه‌که‌ی خۆم له چوارچێوه‌ی چه‌پی ئێران‌دا ده‌که‌م، به‌تایبه‌ت که ئه‌مه‌یان له‌باره‌ی فۆرماڵ و ته‌قویمییه‌وه په‌یوه‌ندێکی ڕاسته‌وخۆتری له‌گه‌ڵ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا هه‌یه.
به تاککهوتنهوهی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران له چینی کرێکار، نه پێویستی به سه‌لماندن هه‌یه و نه جێگای سه‌رسوڕمانیشه. ئه‌م چه‌په له بۆشایییه‌کدا که به‌رهه‌می شکستی حیزبه نه‌ریتییه‌کانی ئۆپۆزیسێونی بۆرژوایی ئێران واته، حیزبی توده و به‌ره‌ی میللی بوو، شکڵی گرت، که له‌نێو خودی ئامانجه دێرینه‌کانی باڵه‌کانی چه‌پ و ڕاستی بۆرژوازیی تازه‌پێگه‌یشتووی ئێران‌دا، نوێنه‌ری ڕێفۆرمیزم و ناسیۆنالیزم بوون. ڕه‌خنه‌ی چه‌پی ڕادیکاڵ به‌رانبه‌ر به‌م حیزبه نه‌ریتییانه ڕه‌خنه‌یه‌ک بوو له‌وه که ئه‌و حیزبانه ئاڵای ئه‌و ئامانجه بۆرژوایانه‌یان وه‌لا نابوو، وه شێوه و ڕه‌وشتی هێمنانه‌یان بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه گرتبووه پێش. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌پی ڕادیکاڵ به‌رهه‌می بهدهستهوهگیرانی هه‌ر ئه‌م ئاڵایه بوو له لایه‌ن هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیکه‌وه، دیاره له هه‌لومه‌رجێکی ئابووری و سیاسی جیاوازدا چه‌قی خه‌بات بۆ ده‌ستکاریکردن و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی ئێران و دابینکردنی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ئابووری، له بۆرژوازییه‌وه بۆ ورده‌بۆرژوازی گوێزرایه‌وه. ئه‌م گوازتنه‌وه‌یه له هه‌مان کاتدا به‌رئه‌نجامی هه‌ندێک ڕه‌وتی فیکریی چاره‌نووسساز له بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له ئاستی جیهاندا بوو، هه‌روه‌ها هه‌ندێک ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له ئابووریی سیاسیی ئێران‌دا. من لێره‌دا ناتوانم بچمه سه‌ر ئه‌م باسانه، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، "ڕێفۆرمی زه‌وی" و ئه‌و ئاڵوگۆڕه گرنگانه که له‌و پرۆسه‌یه‌دا له بینای ئابووریی ئێران‌دا و له قه‌واره‌ی چینایه‌تیی کۆمه‌ڵدا پێک هاتن، گرنگییه‌کی چاره‌نووسسازیان له توانه‌وه‌ی حیزبه نه‌ریتییه‌کان و شکڵپێدانی ئه‌م چه‌په نوێیه و پاڵپێوه‌نانیان به‌ره‌و داخوازیی ڕادیکاڵتر و شێوه و ڕه‌وشتی توندڕه‌وانه‌تر له خه‌باتی سیاسی‌دا هه‌بوو. له پاڵ ئه‌م ئاڵوگۆڕه ئابوورییه، دۆخی جیهانیی بزووتنه‌وه‌ی به‌ناو سۆسیالیستی و به تایبه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی ماویزم و هه‌روه‌ها پۆپۆلیزم، ناسیۆنالیستی له ئه‌مه‌ریکای لاتین که هه‌ر کامیان به جۆرێک ستراتیژیی ناسیۆنالیزم و ڕێفۆرمیان له وڵاتانی ژێرده‌سته‌دا به‌یان ده‌کرد، ماته‌ریاڵی پێویست بۆ دیاریکردنی سیمای سیاسی و تیۆریی ئه‌م چه‌په نوێیه‌یان فه‌راهه‌م ده‌کرد.
به هه‌ر حاڵ ئه‌و شته‌ی ده‌بێت جه‌ختی له‌سه‌ر بکرێته‌وه، ئه‌وه‌یه که چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران به‌م جۆره هه‌ر له بنه‌وه له ناوه‌ند و جه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاریدا له‌دایک نه‌بوو و پێی هه‌ڵنه‌گرت. له ڕوانگه‌ی ئامانج و مه‌به‌سته‌کانه‌وه، ئه‌م چه‌په نوێنه‌ری مه‌یلێکی تایبه‌ت به‌ره‌و سۆسیالیزمی کرێکاری و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تی نه‌بوو. "خه‌باتی دژی ئیستیبدادی"، "دادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی" و "سه‌ربه‌خۆیی له ئیمپریالیزم" ناوه‌ڕۆکی سیاسیی ئه‌م چه‌په بوو. له باری عه‌مه‌لییه‌وه پێکهاته‌ی ئه‌م چه‌په، تێکۆشه‌رانی، کادره‌کانی، مه‌یدانی چالاکی، زمانی، ئه‌رکه‌کانی و کارکرده‌کانی و سه‌ره‌نجام ئه‌و شکڵ و شێوانه‌ی بۆ خه‌بات پێشنیاری ده‌کردن، هه‌ر هه‌موویان له چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه ناکرێکارییه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت، که ئه‌و چه‌په ئاڵای ئامانجه‌کانیانی هه‌ڵگرتبوو. من دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م لایه‌نه عه‌مه‌لییانه و نیشانی ده‌ده‌م که چۆن ئه‌م چه‌په که‌وایه‌ک بوو، به به‌ری ڕووناکبیرانی ناڕازیی بۆرژوازی دوورابوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده ڕۆشنه که بهجیامانهوهی چینی کرێکار له‌م چه‌په، ئاسایی و چارهه‌ڵنه‌گر بووه، به درێژایی ده‌ورانی پێش شۆڕشی ٧٩ ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رچاو له نێوان ئه‌م چه‌په و ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری و نێوه‌ندی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌دا نه‌بینراوه، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌م چه‌په به ئاشکرا ئه‌م جیایییه تیۆریزه ده‌کات. ماویست به جووتیاره‌که‌ی و چریکی شار به چیرۆکی مۆتۆڕی چکۆله و گه‌وره و شه‌ڕی چه‌کدارانه‌ی شۆڕشی ٧٩ یه‌که‌مین تێکهه‌ڵه‌نگوتنی واقیعی ئه‌م چه‌په له‌گه‌ڵ کرێکار، وه‌ک چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی مێژوویی ده‌وره‌ی شۆڕش بوو، مێژووی چه‌سپاندنی ئه‌م جیایییه و به‌ناچار له مه‌یدان ده‌رچوونی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌په به خۆی ده‌گوت مارکسیست دوو هۆی سه‌ره‌کی هه‌بوو، یه‌که‌میان، مارکسیزم له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه تیۆرییه‌ک (و له ڕاستیدا تاقه تیۆری موعته‌به‌ر) بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بار و دۆخێک که له ئارادا بوو به شێوه‌یه‌کی توندوتیژ. ئیده‌ی شۆڕش به مارکسیزمه‌وه گرێدراوه و هه‌ر که‌س که به درێژایی مێژووی ئه‌م چه‌رخه به‌شوێن ئاڵوگۆڕێکی له‌ناکاو و توندوتیژه‌وه بووبێت، ته‌نانه‌ت بۆ وه‌دیهێنانی ڕێفۆرمی ته‌واو بۆرژوایی، ناچار بووه له سیسته‌می فیکری خۆیدا جێگایه‌ک بۆ مارکسیزم بکاته‌وه. هه‌ر وه‌ک گوتم ماویزم و شێوه مارکسیسته‌کانی مه‌کته‌بی پهرهنهگرتوویی به ئه‌ندازه‌ی کافی مارکسیزمیان کردبووه گه‌لی و میللی که بۆرژوازیی ناڕازیی وڵاتانی ژێرده‌سته بتوانێت ڕه‌چاوی بکات. ئه‌م وه‌زعه هه‌ڵبه‌ت ئه‌مڕۆ گۆڕاوه و ئه‌و "مارکسیستانه" که ئاوا هاتبوونه مه‌یدان، خه‌ریکن به خێرایی له مه‌یدان ده‌چنه ده‌ر، ئه‌مڕۆ ئیدی بۆ ڕووناک‌بیری وڵاتی ژێڕده‌سته نه مارکسیزم مۆده و نه شۆڕش. به‌ڵام له ده‌وره‌یه‌کدا که چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران شکڵی گرت، مارکسیزم ته‌نیا ڕێگای وه‌ده‌ستهێنانی هه‌ر چه‌شنه ئیعتیبارێکی سیاسی وه‌ک ڕه‌وتێکی ڕادیکاڵ بوو.
هۆی دووه‌م له‌وه‌دا که ئه‌م ڕه‌وته خۆی به مارکسیزمه‌وه هه‌ڵواسی، مه‌وقیعیه‌ت و جێگاوشوێنی چینی کرێکار له خودی ئێران و ڕووهێنانی به‌ره‌و مه‌یدانی سیاسی له کۆمه‌ڵدا بوو. چه‌پی ڕادیکاڵ چینی کرێکاری به بڕبڕه‌پشتی "گه‌ل"ه‌که‌ی خۆی دانابوو، ئه‌گه‌رچی گوێی نه‌ده‌دایه داخواز و پێویستییه‌کان و ئامانجه سه‌ربه‌خۆکانی ئه‌و چینه، سه‌رجه‌م خۆی به نوێنه‌ر و لایه‌نگری کرێکار (وه‌ک به‌شێک له گه‌ل) ده‌زانی، به ڕاده‌یه‌ک که ئه‌م چه‌په له سیاسه‌تی خۆیدا، جا به هه‌ر به‌یان و بۆچوونێکه‌وه جێگای بۆ کرێکار ده‌کرده‌وه، به هه‌مان ڕاده به‌ناچار ده‌بوو مارکسیزمیش به‌رێته نێو ده‌زگای فیکریی خۆیه‌وه.
له ڕه‌وتی شۆڕشدا کرێکاران له چه‌پ نزیک بوونه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده کرێکار مادام بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی سه‌روسامانی نییه، مادام که حیزبی نییه، به‌رنامه‌ی نییه و خۆی به شێوه‌ی واقیعی و بیلفیعل ئاڵتێرناتیڤی سه‌ربه‌خۆی به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دروست نه‌کردووه، ناچار چاو ده‌بڕێته ڕادیکاڵترین و چه‌پترین ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی که له‌نێو کۆمه‌ڵ له ئارادان. هه‌ر ئه‌م میکانیزمه کرێکاران له هه‌موو وڵاتان به‌ره‌و باڵی چه‌پی بۆرژوازی ده‌بات. هۆی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕۆشنه، کرێکار نه‌ک به‌پێی ئاره‌زووی ته‌جریدی، به‌ڵکه به داخوازیی واقیعییه‌وه و بۆ باشبوونی ژیانی خۆی پێ ده‌نێته مه‌یدانی سیاسی. جێگاوشوێنی بابه‌تیی چینی کرێکار له به‌رهه‌مهێناندا به‌ناچاری وا ده‌کات، که هه‌موو چرکه و ساتێک به هیوای بچکۆله‌ترین ئاڵوگۆڕ، له‌نێو بزاوته سیاسییه‌کاندا یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت. به‌ڵام ئه‌مه به مانای ئه‌وه نییه که ئه‌م ڕه‌وتانه ده‌که‌ونه جه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری و ده‌بنه حیزبی ته‌بیعی و ئاسایی کرێکاران، چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران ته‌نانه‌ت ئه‌م هیوایه‌ی کرێکار و ئه‌م هاوجیههتییه سیاسییه بهناچارهی کرێکاریشی له ئێران وه‌کار نه‌خست، ئاسۆی ناسیۆنال ڕێفۆرمیستی، بیری دژی ئیستیبدادی و بینا و بۆچوونی ڕێکخراوه‌یی ڕووناکبیرانه و شێوه ئانارشیستی ئه‌م چه‌په ته‌نانه‌ت نه‌ی هێشتووه ئه‌م ڕه‌وتانه له لایه‌ن کرێکارانه‌وه بۆ ناڕه‌زایه‌تیی ئابووری و سیاسی به ده‌سته‌وه بگرین.
زۆر که‌س کاتێک مێژووی سۆسیالیزمی هاوچه‌رخی ئێران و به تایبه‌ت کارکردی ئه‌م سۆسیالیزمه له شۆڕشی ساڵی ٧٩دا ده‌نووسنه‌وه، مێژووی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه ده‌ور ده‌که‌نه‌وه. به‌ڵام واقیعیه‌ت ئه‌وه‌یه که سۆسیالیزمی کرێکاری، وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی بیلفیعلی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌درێژایی هه‌موو ژیانی ئه‌م چه‌په، ڕادیکاڵ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چه‌په و به‌بێ هیچ ته‌ئسیر وه‌رگرتنێک له هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ئه‌م چه‌په، به‌ره‌و پێش چووه. مێژوونووسانی تازه به گڕوگاڵکهوتووی چه‌پی ئێران، به ئیلهاموه‌رگرتن له ئه‌ده‌بیاتی بیست ساڵی ڕابردووی چه‌پی ئه‌ورووپا و له‌ژێر کاریگه‌ریی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌مڕۆی سۆڤێتدا، هۆکاری شکستی چه‌پی ڕادیکاڵی ئێران به‌وه ده‌زانن که گوێی نه‌داوه‌ته مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌موو چه‌پی ڕادیکاڵ، بێجگه له دیموکراتیزمی میللی و ڕادیکاڵ هیچی تر نه‌بوو. هه‌موو سات و کاتێکی ژیانی ئه‌م چه‌په خه‌بات بووه له دژی سه‌رکوتی دیموکراسی و پێشێل‌کرانی ده‌ستکه‌وته دیموکراسییه‌کانی ڕاپه‌ڕینی ڕێبه‌ندان له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه، ئه‌م چه‌په له پێناو دیموکراسیدا جه‌نگاو خوێنی دا، چه‌پی ڕادیکاڵ به ده‌لیلی به‌تاککه‌وتنه‌وه و هه‌ڵبڕانی خۆی له سۆسیالیزمی کرێکاری و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی چینی کرێکار شکستی خوارد. چه‌پی ڕادیکاڵ له په‌راوێزی سیاسه‌تدا مایه‌وه، چونکه بێجگه له سۆسیالیزمی توێژه په‌راوێزکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵ هیچی دیکه نه‌بوو، مێژووی ئه‌م چه‌په مێژووی خه‌باتی دیموکراتیک و دژی ئیستیبدادییه، مێژووی جم و جووڵی خوێندکاران و ڕووناکبیرانی لاو و پلمیک وکۆبوونه‌وه و لێکدابڕانی ڕێکخراوی ئه‌مانه‌یه. ئه‌م خه‌باته به هه‌ر حاڵ بۆ چینی کرێکار بایه‌خی هه‌یه، به‌ڵام مێژووی عه‌مه‌ل و کاری ڕاسته‌وخۆی کرێکاری و سۆسیالیزمی چینی کرێکار نییه، مێژووی مانگرتنه کرێکارییه‌کان نییه، مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کانی کرێکاران، به‌ربه‌ستکردن و ڕاوه‌ستانی چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان، کێشمه‌کێش له‌سه‌ر هه‌قده‌ست، سه‌رهه‌ڵدانی شانه‌کانی تێکۆشانی کۆمۆنیستیی کرێکاری، هاتنه‌مه‌یدانی ڕابه‌رانی ناوبه‌ده‌ره‌وه و ناسراوی نێو خه‌باتی ئابووری و مێژوویی و شتی تری له‌م چه‌شنه نییه. ئه‌م ڕووداوانه که به به‌رینایییه‌کی یه‌کجار زه‌ق و به‌رچاو له‌په‌نا ئه‌م چه‌په و له‌به‌رچاوی ناباوه‌ڕی ئه‌م چه‌په ده‌قه‌ومان، له‌ده‌ره‌وه‌ی پراتیکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م چه‌په مانه‌وه، چه‌پی ڕادیکاڵ باسی "په‌یوه‌ند"ی له‌گه‌ڵ چینی کرێکار ده‌کرد و به‌م جۆره دانی به‌وه‌دا دێنا، که له چینی کرێکار به‌تاک که‌وتۆته‌وه. به‌ڵام هه‌رگیز له‌وه نه‌گه‌یشت که قسه نه‌ک له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی "سۆسیالیزم" له‌گه‌ڵ کرێکاران وه‌ک توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که خۆیان له جێگای کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان دابڕێن و قسه له‌سه‌ر په‌یوه‌ستبوونه به‌و بزاڤه سۆسیالیستییه کرێکارییه که حاڵی حازر له‌نێو کۆمه‌ڵدا هه‌یه، بزاڤێک که کرده‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی کرێکاران ڕێک ده‌خات، ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و مانگرتنه‌کان پێک دێنێت، ڕابه‌رانی کرێکاری په‌روه‌رده ده‌کات، خۆهۆشیاریی سۆسیالیستیی چینی کرێکار گه‌شه پێ ده‌دات. کرێکاران هه‌تا هه‌ر جێگایه‌ک بکرێت، له کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌وه هه‌تا شوورا، یه‌کگرتوو ڕاده‌گرێ و مارکسیزم سه‌ره‌ڕای هه‌موو زێدهلق و پۆپ و خه‌وشه‌کان و هه‌موو ئه‌و بیرئاڵۆزییهی هه‌ر ئه‌م چه‌په پێوه‌ی هه‌ڵواسیوه، له‌ژێر ده‌ست و باڵ داده‌کێشێت هه‌تا به کاری به‌رێت. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه لاواز و بێسه‌روسامانه، حیزبییه‌تی وه‌خۆ نه‌گرتووه و قودره‌تی گه‌وره‌وگرانی خۆی نیشان نه‌داوه، به‌ڵام واقیعییه، واقعیترین سۆسیالیزمێکه که له ئێران‌دا هه‌یه.
جیایی چه‌پی ڕادیکاڵ له کرێکاران، یان دروستتر بڵێین له بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیزمیی کرێکاری، جیایییه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه و قووڵه، جیایییه‌کی تیۆری، به‌رنامه‌یی، پراتیکی و له یه‌ک وته‌دا کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مانه دوو بزووتنه‌وه‌ن بۆ دوو کۆمه‌ڵه ئاڵوگۆڕی جیاواز، بۆ دوو شۆڕشی جیاواز، به پشتئه‌ستووریی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کان، هه‌ردووکیان بیلفیعل هه‌ن و پراتیکن. وانییه یه‌کێکیان نوێنه‌ری سۆسیالیزم بێ و ئه‌وی دیکه چوارچێوه و هۆی بزووتنه‌وه‌ی خۆڕسکی کرێکاری بێت. له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر سۆسیالیزمێک هه‌بێت له‌وی دووه‌مدایه، ئه‌وی دیکه به ته‌واوی چوارچێوه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی میللی_ دیموکراتیکیی ڕووناکبیرانی ناڕازیی ئێرانی بوو. مارکسیزم، وه‌ک تیتر و تابلۆیه‌کی گشتی و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک داخوازیی سیاسی و ئابووریی ده‌سبه‌جێ، ئه‌مانه پێکه‌وه په‌یوه‌ند ده‌دا و لێکیان نزیک ده‌کاته‌وه، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه ئه‌مانه به هاوڕه‌گه‌ز دابنرێن.
ناکرێکاریبوونی ڕایه‌ڵ و پۆی چه‌پی ڕادیکاڵ که‌وایه دیارده‌یه‌کی چارهه‌ڵنه‌گر بوو، که له جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆکی سیاسی و جێگا و شوێنه چینایهتییهکهیهوه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، ئه‌م ڕه‌وتانه هه‌ر وه‌ک گوتم، نه‌ک له بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکار و له ناوه‌ندیی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکارییه‌وه، به‌ڵکه له درێژه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ناسیۆنالیست و دژی ئیستیبدادیدا شکڵی گرتبوو. چالاک‌بوون له‌نێو چینی کرێکار و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌م چینه‌دا، هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه باری ئاسایی و سروشتیی هه‌بوونی ئه‌م ڕه‌وتانه نه‌بوو. چریکه‌کان هه‌ر له بناغه‌وه به‌و پێشفهرزهوه ڕێبازی خۆیانیان داڕشتبوو که: سه‌رکوت ناهێڵێت و له ڕه‌وتی شۆڕشدا له‌گه‌ڵ کرێکاردا په‌یوه‌ندی ده‌گرێت. کاتێک که فاکتۆری سه‌رکوت ئیدی ده‌ورێکی وای نه‌بوو، جم و جووڵی توێژی خوێنده‌وار و ڕووناک‌بیری ورده‌بۆرژوا جارێکی تر سێبه‌ری خسته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تی. له ڕوانگه‌ی ئه‌م چه‌په‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆش پاشماوه‌ی ئه‌م چه‌په ڕادیکاڵه، "خوێندکار" هێشتا به شه‌یپوورچی و ئومێدی "شۆڕش" حیساب ده‌کا و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خوێندکاری فڵانه زانکۆ به ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به کوژانه‌وه‌ی کاره‌با ته‌قه‌یان له که‌وچک و ده‌وری هه‌ستاند، ڕه‌وتگه‌لی وه‌کوو ڕاهی کارگه‌ر، ئه‌وه‌نده‌یان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی پێی گه‌رم دابێن و بێنه سه‌ر زه‌وق و ڕۆژنامه‌کانی خۆیان له په‌یامی پیرۆزبایی گه‌رموگوڕ بۆ خوێندکاران و "بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری" پڕ که‌ن. به هه‌ر حاڵ خاڵی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که ئه‌م جیایی و بێگانهیییه له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری قه‌ت شتێکی به‌هه‌ڵکه‌وت نه‌بووه و ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر ناکرێکاریبوونی جێگای کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م چه‌په ده‌کاته‌وه.
له به‌شی دواتری ئه‌م نووسراوه‌یه‌دا به درێژی باسی ئه‌و میکانیزمه دیاریکراوانه ده‌که‌م، که ده‌بوونه هۆی جیایی عه‌مه‌لی و ڕێکخراوه‌یی کرێکاران له چه‌پی ڕادیکاڵ و له به‌شی کۆتاییدا ئه‌و هه‌نگاوه دیاریکراوانه که ئێمه ده‌بێت له ئاستی جۆراوجۆردا هه‌ڵیان گرین، بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌ندامه‌تیی کرێکاران له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا، به‌کورتی باس ده‌که‌م.
سه‌رچاوه:
حزب کمونيست و عضويت کارگرى (قسمت اول) -
"کمونيست"، شماره ٥١ -
تير ماه ١٣٦٨
وه‌رگێڕانی: ناسر حیسامی
تایپکردنه‌وه‌ی: کازم فاتیح
Kurdish translation: Naser Hesami
hekmat.public-archive.net #2380ku.html
|