بنەماکانی لادان و شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریا لەیەکێتی سۆڤیەت[۱]
نۆرەی یەکەم - دوای بۆچوونەکانی غولام کیشاوەرز
منصور حكمت: جگە لەبەشی کۆتایی قسەکانی سەبارەت بەپەیوەندی نێوان بۆرژوازی و پرۆسەی پیشەسازیی ڕووسیا، کەمنیش لەگەڵیدا هاوڕام، هاوڕێ غولام هەندێک ناڕوونی و کێشەی لەباقی قسەکانیدا بەجێهێشتووە. من بەشەخسی پێموایە لەڕێبازەکەیدا بۆ کێشەی سۆڤیەت، میتۆدۆلۆژیایەکی هەڵەی دەربڕیوە. هاوڕێ غولام ئاماژەی بەوەشکرد، دوو پایەی سەرەکی شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریا لەڕوسیا، لەبیرکردنی ئینتەرناسیۆنالیزم بوو، بەو مانایەی کە بنیاتنانی سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا مومکین نییە، پێویستیشە شۆڕشی جیهانی بەهانای شۆڕشی ڕوسیادا بێت. دووەم: دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا فۆڕمی تایبەتی خۆی وەربگرێت، واتە فۆڕمی کردەی ئیرادەی جەماوەری نەگرتبێت. دەرەنجامی من ئەوەیە کەهاوڕێ دەڵێت لەواقیعدا دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕووسیا دامەزرا و ڕەنگە دیکتاتۆری حیزب یان شتێکی لەو هاوشێوەیە دامەزراندبوو.
گومانی تێدا نییە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەبەردەم ئەرکە ئابورییەکانیدا شکستی هێنا، یان لەهەر حاڵەتێکدا ئەرکە ئابورییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر پرسێکن کەدەتوانێ ببنە چەقی لادانەکانی سیاسی و لەهەر حاڵەتێکدا پەیوەندییەکی جددی لەگەڵ ئەوەدا هەیە. بەبڕوای من ئامادەنەبوون بۆ ئەرکە ئابورییەکان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەشکستی بەلشەفییەکان لەڕووسیا. میتۆدۆلۆژیای هاوڕێ غولام لەڕاستیدا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ میتۆدۆلۆژیای حزبی شیوعی نێودەوڵەتی کە لێرەدا ڕەخنەی لێگرت. ئەم میتۆدۆلۆژیایە نائامادەیی بەلشەفییەکان لەئەنجامدانی ئەرکە ئابورییەکانی دوای شۆڕش پیرۆز و تیۆریزە دەکات. بەو حوکمەی کەبنیاتنانی ئابوریی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا مومکین نییە، ئەرکێکی ئابوریی لە وڵاتێکدا بۆ پرۆلیتاریا بەجێناهێڵێت و بەو هۆیەوە، لەبەردەم بۆرژوازیدا، کە جۆرێک لە ئەرکەکانی ئابوری بۆ باشترکردنی ماددی لەکۆمەڵگادا پێشنیار دەکات، بێبەرگری دەمێنێتەوە و هیچ بەدیلێکی نییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش شکست دەهێنێت، بەناچاری پرۆسەی بەپیشەسازیکردنی ڕووسیا بۆ بۆرژوازی جێدەهێڵرێت.
بەگشتی ئەوانەی بەم ڕوانگەیەوە مەحاڵبوونی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا پێشنیار دەکەن و دواتر وەڵامی "نێودەوڵەتی" دەدەنەوە کەشۆڕش تەنها لەئاستی نێودەوڵەتیدا دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی مانای ئابوری بۆ پرۆلیتاریا هەبێت، نائامادەیی تیۆری و پراکتیکی... بەلشەفییەکان بۆ روبەرو بوونەوە لەگەڵ ئەرکە ئابورییەکانی پرۆلیتاریادا دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات پیرۆز دەکەن. ئەمەش کێشەی باسی هەم هاوڕێ غولام و هەم حزبی شیوعی نێودەوڵەتییە، کەهاوڕێ هەوڵیدا سنووری بۆ دیاریبکات. بۆ ئێستا دەمەوێت ئەوەش زیاد بکەم کە ئامادەنەبوون بۆ پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی ئەرکە ئابورییەکانی شۆڕشی پرۆلیتاری لە وڵاتێکدا، لەکاتێکدا ئەم شۆڕشە بەهەر شێوەیەک بێت لە وڵاتێکدا ڕوویداوە، مانای ئەوەیە کەکۆمۆنیستەکان دژی هەڵوێستی بۆرژوازی (لەژێر دەسەڵاتی... ناونیشانی "بنیاتنانی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا" کەهاوڕێ غوڵام بەدروستی نیشانیدا کەچۆن بۆرژوازی پشتگیری لەم هەڵوێستە دەکات) بەدیلێکی ئابوری نییە. ئەگەر بکرایە بەیەکجار لەهەموو جیهاندا شۆڕشێک ڕووبدات و هەمووان ببنە سۆسیالیست، ڕەنگە بەهیچ شێوەیەک ناڕۆشنی نەمێنێت. تەواوی ئاڵۆزی خەباتی شۆڕشگێڕانە ئەوەیە کەڕەوتی ڕووداوەکان بەو شێوەیەی کەچاوەڕوان دەکرا ناڕوات و شۆڕشی کرێکاری بەمانایەکی سیاسی لەوڵاتێکدا سەردەکەوێت. لەم حاڵەتەدا، واتە لەدۆخی ڕووسیادا، ئەوە نائامادەیی کۆمۆنیزمە لەو وڵاتەدا لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەرکە ئابورییەکانی دوای شۆڕشدا، کە ڕێگە بەبۆرژوازی دەدات لەژێر ناوی سۆسیالیزمدا لەوڵاتێکدا بەشوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بڕوات، پرۆلیتاریاش ڕەخنە لەم "سۆسیالیزمە لە یەک وڵاتدا" ناگرێت. تەنانەت ئەو کەسەش کەڕەخنەی گرت دیسانەوە ئەم بێ ئامادەکارییەی پیرۆز کرد و ئەیوت دەبێت چاوەڕێی شۆڕشی جیهانی بکرێت. ئەمە ڕەخنەی بنەڕەتی منە سەبارەت بەباسی هاوڕێ غولام و دواتر بەڵگەی خۆم دەخەمەڕوو.
بەگشتی سەبارەت بەمەسەلە کێشەدارەکەی "سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا" دەبێت بڵێین لەفۆرمی ئێستای خۆیدا، چ بەشێوەیەکی نەرێنی و چ بە ئەرێنی، بەبڕوای من بۆرژوازی ئەو پێشنیاری کردووە بۆ پرۆلیتاریا.
لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک پرسیارم هەیە، وەڵامەکانیان یارمەتیدەر دەبن بۆ ڕوونکردنەوەی باسەکە. هاوڕێ غولام دوو لادانەکەی سیاسەتەکانی بەلشەفییەکانی لەسەر ئاستی جیهانی و لەسەر ئاستی ناوخۆ (لادانەکانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا) ڕوونکردەوە، بەڵام من تێنەگەیشتم کە ئایا پەیوەندییەکی هۆکارگەرایی لەنێوانیاندا دامەزراندووە یان بەبۆچوونی ئەو پەیوەندییان بەیەکترەوە نییە؟ ئەگەر دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بەڕاستی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بووایە و ئەو فۆرمە تایبەتەی شورایی لەشوێنی خۆیدا بووایە، چ گەرەنتییەک دەبوو کە سیاسەتی سۆڤیەتی لەسەر ڕاپەرینی چین یان ئەڵمانیا، یان لەئێران لەبەرامبەر کودەتاکەی ڕەزاخان و.. هتد سیاسەتی پرۆلیتاری دەمایەوە؟
لێرەدایە کە بەبڕوای من ڕۆڵی حیزبی پێشڕەو لەباسی غولام دا لەدەست دەچێت. بەڵام ئەگەر ئەم دوو بوارە لەیەکتر جیا بن، کامیان دەتوانێت مەرجێکی پێویست و بەس بێت؟ ئەگەر دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا شێواوی بوو، بەڵام سیاسەتی بەلشەفییەکان لەگۆڕەپانی جیهانیدا لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی شۆڕشی جیهانی بوو، ئێمە ڕووبەڕووی ڕووسیا ئەمڕۆیی نەدەبووینەوە؟ ئەگە پەیوەندیان بەیەکترەوە هەبوایە، ئەو پەیوەندیە چۆن دەبینێت؟
ئەگەر وەک مانیفێستی کۆمۆنیست و مارکس دەڵێن، شۆڕشی سۆسیالیستی و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەسەر دەستکۆتاکردنی دەستکۆتاکەرانە، پرسیاری داهاتووشم ئەوەیە کە ئایا توانای دەستکۆتاکردنی دەستکۆتاکەران لە وڵاتێکدا ئیمکانی هەیە یان نا؟ ئەگەر ئیمکانی هەیە، لەووڵاتێکدا بەدیلی پرۆلیتاریا بەمانا ئابورییەکەی لەبەرانبەر ئەم دەست کۆتاکردنە چییە؟ ئایا بەدیلی پرۆلیتاریا جۆرێکە لەسیستەمی ئابوری لەچەند وڵاتێکدا یان لەبنەڕەتەوە سیستەمێکی ئابوری جیهانییە؟ ئەگەر دەستکۆتاکردنی دەستکۆتاکەران لە وڵاتێکدا مومکین نییە ئەو کاتە پرسیارێک دێتە پێشەوە کەبۆچی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا کە لەبنەڕەتدا ئامرازی ئەم کارەیە، لەوڵاتێکدا مومکینە؟ لینین سەبارەت بەحکومەتی کرێکاران، بەشداری حیزبی سیاسی چینی کرێکار لەدەسەڵات و یان تەنانەت ڕەهابوونی دەسەڵاتی پارتی سیاسی چینی کرێکار لەدەوڵەتدا شایەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا نادات.
لەشۆڕشی ساڵی ١٩٠٥دا کاتێک لەنامەی "دوو تاکتیک"دا وەڵامی پاورۆس دەداتەوە، دەڵێت: ئەگەر سۆسیال دیموکراسی دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەمە بەمانای دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا نییە، بۆچی ئەم دەسەڵاتە بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی نییە بەڵکوو بۆ شۆڕشی دیموکراتیک و بەهێزی شۆڕشێکی لەو شێوەیە بەدەست هاتووە. بۆیە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا، حکومەتێکە کە بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی و هەروەها بۆ دروستکردنی گۆڕانێکی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگادا بەدەست هێنراوە. ئەگەر کردەوەیەکی لەو شێوەیە مومکین نەبێت، ئەوا خودی بەدیهێنانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و نەک تەنها بنیاتنانی سۆسیالیزم دەبووە زاراوەیکی جیهانی، بێگومانیش ئەمەش یەکێکە لەو ناڕۆشنیەی کە ڕەتکەرەوە ئایدیالیستەکانی "سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا" لە گفتوگۆکانیاندا دەیخەنەڕوو.
پرسیاری داهاتووشم ئەوەیە ئایا پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات ئەرکی ئابوریی هەیە یان نا؟ ئەگەر ئەرکێکی وای هەبێت، ئەوا ناوەڕۆکەکەی چییە و وێنەی چۆن ئەبێت؟ بەم شێوەیە دەمەوێت هاوڕێ غوڵام سنووری خۆی بەرانبەر ئەو ڕوانگەیە ڕوون بکاتەوە کە لەبنەڕەتدا نکۆڵی لەخەبات و ئەرکە ئابورییەکان بۆ پرۆلیتاریا لەقۆناغی دوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا دەکات.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە بەبڕوای من هاوڕێ غولام کاتەکانی توڕەیی لینین بەشێوەیەکی هەزمنەکراو وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لەباسەکانیدا خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە کەحکومەتی سۆڤیەت لەچ کاتێکدا بۆرژوازی بووە. هاوڕێ ئاماژەی بەوەدا کەلینین لەمێژوویەکی دیاریکراودا ووتی حکومەتی سۆڤیەت حکومەتی تزارییە ( قەیسەر). ئەمە هیچ مانایەکی تری نییە جگە لەوەی بڵێم منیش تزارم. ئەوەی کە لینین توڕە بوو، پاڵیش بەحزبەکەیەوە دەنێت و هەندێک جار بەشێوەیەکی زۆر تیژ مامەڵە لەگەڵ کێشەکان دەکات، بەبڕوای من هیچ بەڵگەنامەیەکی مێژوویی- شیکاری نییە بۆ ڕوونکردنەوەی سروشتی یەکێتی سۆڤیەت. ئەگەر بەڕاستی فۆرمۆلبەندی لەو شێوەیە هەموو بیروباوەڕی لینینی دەربڕیبێت، ئەوا بەشێوەیەکی سروشتی دەبوو لینین دەست بکات بەڕووخاندنی حکومەتێکی لەو شێوەیە.
نۆرەی دووەم
منصور حکمت:
هاوڕێ غولام وەڵامی هەندێک لەپرسیارەکانی منی دایەوە، بەڵام لەگەڵیاندا ناکۆکم. جەختیشی لەوە کردەوە کە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بۆ دەست کۆتاکردنە و لەڕووسیاش بۆ هەمان مەبەست بووە. بەڵام ئەڵتەرناتیڤی ئابوری دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بۆ ئەم دەستکۆتاکردنە – حاڵەتی ئێستای ڕووسیا- جگە لەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەت نەبێت بەهیچی تر نازانێت. ڕێککەوتنی هاوڕێ غولام لەگەڵ ئەمەدا لەبەر ئەوەیە کەهێزە بەرهەمهێنەرەکان دەبێت تا ڕادەیەکی دیاریکراو گەشە بکەن بۆ ئەوەی سۆسیالیزم لەڕووسیادا مومکین بێت. ئەمە باسێکی ناوەندگەرایی (سانتريستى) یە. مشتومڕێکی کۆن و کۆنە کە بەگشتی سۆسیالیزم تەنیا بە پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا و هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە دەبەستێتەوە و لەڕاستیدا سەرمایەداری دەوڵەتی دەکاتە قۆناغێک، وەک هاوڕێ خۆی دەڵێت " ئولوسيون" (چارەسەر) ئەنجام دەدەن نەک "تاکتیک". ئەگەر بڕیارە سەرمایەداریی دەوڵەتی قۆرخکاری قۆناغێک بێت کەهێزەکانی بەرهەمهێنان تێیدا گەشە بکەن تا سۆسیالیزم دەبێتە مومکین، ئەوا لەئیدیعایەی ئەو (کادت)[۲] دا چی هەڵە بوو کەدەیگوت سەرمایەداری دەوڵەتی یەک چارەسەرە، کۆمۆنیستەکانیش هەڕەمەکیانە بەتاکتیکیان دەزانی، لەم ڕوانگەیەوەیە کەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی لەکۆمەڵگای ڕووسیادا دەگۆڕێت بۆ یەک ئولوسيون و بازنەیەکی پەرەسەندن و هاوڕێ غولامیش ئەمە قبوڵ دەکات.
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ڕوانگەی کۆمۆنیزمی چەپ یان پارتە کۆمۆنیستیە ئینتەرناسیونالەکان، نائامەدیی پرۆلیتاریا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئابورییەکان دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات پیرۆز دەکات و تیۆریزە دەکات. ئەو سیستەمە فیکرییە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ئابورییەکی جیاوازی ناسەرمایەداری بۆ ئەو قۆناغە نییە. بەناچاری فۆرمێکی سەرمایەداری کەبڕیارە هێزە بەرهەمهێنەرەکان زۆر گەشە پێبدات، وەک بنەمای دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا دادەنێت و بەپێویستی نازانێت لەپرسی ئەڵتەرناتیڤی ئابوریی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا بیرلێبکاتەوە و ئامادەیی جێبەجێکردنی بێت. بەبڕوای من ئەم تێڕوانینە جگە لەوردە وردە و ئابوریگەرایی (ئکونۆمیسم) لەتیۆری مارکسیزمدا هیچی تر نییە. ئەوەی لینین لەچ چوارچێوەیەک بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی لێدەڕوانی مەسەلەیەکە و ئەوەشی کەهاوڕێکەمان ئێستا ناتوانێت لەهیچ شتێکی تر بیربکاتەوە جگە لەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەت نەبێت سەبارەت بەئابوری دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، ئەوەش مەسەلەیەکی ترە.
ئەگەر لینینیزم فێرمان بکات دیاردەکان وەک خۆیان وێنا بکەین، ئەوا دەبێت سەرمایەی قۆرخکاری دەوڵەت وەک خۆی وێنا بکەین. ڕەخنەی ئێمە لەسەرمایەداری ئەوەیە کەسیستەمێکی چینایەتییە، ئیستغلالکارە، زۆرینەی مرۆڤەکان سامانی کۆمەڵگا بەرهەم دەهێنن، بەڵام تەنها بەپێی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری خۆیان کرێ وەردەگرن و بەکورتی سەرمایەداری کۆیلایەتی کرێیە. بەڵام کاتێک کەبڕیارە بیروڕای خۆمان دەربارەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دەرببڕین یەکسەر دەڵێین ئەڵبتە فۆرمی کرێ و یاسای بەها دەمێنێتەوە و لەمەسەلەی سەرمایەداری قورخکاری دەوڵەتی ئەوە فەرامۆش دەکەین کەبڵێین سەرمایەداری سیستەمێکی ئیستغلالکارە بەهەر فۆرمێک و لەژێر دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا هەرچییەک بێت، ئیستغلالکارییە! ئایا قسەکە ئەوەیە کە پرۆلیتاریا لەماوەیەکی دوور و درێژدا گەشە بکات، کەهاوڕێ چەندین جار دەڵێت "دەیان ساڵ"، لەسەر بنەمای نیزامێک کەهێزە بەرهەمهێنەرەکان ئیستیغلال دەکات؟ بنەمای شۆڕشی کۆمۆنیستی دژی ئیستغلالکردنە، بەڵام هێشتا بۆچوونێکی وا هەیە کەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی یەکێکە لەقۆناغەکانی گەشەکردنی هێزی بەرهەمهێنەر.
شۆڕشی سۆسیالیستی کاتێک لەبنەڕەتدا لەدەستوری چینی کرێکاردا بڕیاری لەسەر دەدرێت کە لەڕووی مێژووییەوە پەیوەندییە بەرهەمهێنانە هەبووەکان ڕێگەیان لەگەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان گرتووە، بەڵام ئێستا بەڕواڵەت جۆرێک لەشۆڕشی سۆسیالیستی هەیە کەڕێگا بۆ گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان خۆش دەکات، لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی پەیوەندییە ئابورییەکانی باودا لەلایەن پرۆلیتاریاوە! من ئەمە قبوڵ ناکەم. من دەڵێم لینین لەو کاتەدا فۆرمولەی سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی دەربڕی چونکە کۆمۆنیزمی ڕووسیا پێشوەخت بیری لەئابوری شۆڕشگێڕی ئینتقالی نەکردبووەوە و کاری لەسەر نەکردبوو.
ڕەنگە بگوترێ ئەمە ڕوانگەیەکی نیشتمانییە بۆ شۆڕشێکی جیهانی. پێدەچێت توانای پرۆلیتاریا لە وڵاتێکدا بۆ گەیشتن بەشۆڕشەکەی بەئابوری ئەو وڵاتە نیشان بدرێت، بەڵام لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکاریە سۆسیالیستییەکان ئەو توانایە نیشان نادات. قسە لەسەر ئەمە نییە کەپرۆلیتاریای جیهانی زوڕنای سۆسیالیزمی لێداوە، کۆمۆنەکان فۆڕمی حکومەتی خۆی بەدەستهێناوە و مانیفێستی کۆمۆنیستیش فۆرمی ئایدیۆلۆژیی خستۆتە ڕوو، بەمشێوەیەش، دەکرێت پەیوەندی بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای خاوەندارێتی بەکۆمەڵ لەوڵاتێکی دواکەوتوو بنیات بنرێت. لەم نێوەندەدا پلانی سەرمایەداریی قۆرخکاری حکومەت هیچ مانایەکی تری نییە جگە لەوەی سەردەمی خاوەندارێتی تایبەت نەگەشتۆتە کۆتایی. ئەم بۆچوونە ئەم شێوە دیاریکراوەی ئابوریی لەئابوریی ڕووسیاوە وەرئەگرێت.
بیرۆکەکانی مانیفێستی کۆمۆنیست تێکەڵەیەکن لەڕەخنە لەسۆسیالیزمی فەرەنسی و ڕەخنە لەفەلسەفەی ئەڵمانی و ڕەخنە لەئابوری سیاسی ئینگلیزی. دەوترێت " دەبێت سۆسیالیزمی زانستی لەدەرەوەی سنووری وڵاتێکەوە و لەدەرەوەی چینەوە بهێنرێتە ناوەوە"، بەڵام چی لەسەرمان پێویستە بیکەین کاتێک گەیشتینە ئۆردوگای بەڵێندراو؟ ئەوەی پێویستە بکرێت، ئەوەی چارەنووسمان تاقیدەکاتەوە، گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە لەو وڵاتە تایبەتەدا یان لەگۆشیەکی تایبەتدا لەجیهاندا. ئەمە پێناسەیەکی ئیکونۆمیسمەکانە. ئەم ڕوانگەیە جگە لەسەرمایەداری هیچ بەدیلێکی ئابوری نییە بۆ ئابوری دوای شۆڕش. لینین سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی بە باشترین شێوە دەزانێت لە نێو ئەو فۆرمانەی کەهەن، کە دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت بۆ پاراستنی دەسەڵات و پاراستنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی بژێوی خەڵک لەو هەلومەرجەدا. بەڵام لەباسەکەی ئەمڕۆی هاوڕێ غولامدا، ئەم سیستەمە بۆتە مەرجێکی پێویست بۆ گەشەی هێزی بەرهەمهێنەر.
هاوڕێ دەڵێت، ئەو باسەی ئیمکانی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا لەدۆسیەی ڕووسیادا ڕەتدەکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا، ڕوون نییە بۆچی پێویست بەئەسناد و هێنانەوەی ووتەکانی مارکس و ئەنگڵس بۆ جیهانیبوونی سەرمایەداری دەکات. لەڕاستیدا لەئیستدلالی ئەو هاورێیەدا، باسی "سەرمایەداری سیستەمێکی جیهانییە" پێشەکییەکە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئابوریی ڕووسیا ناتوانێت سۆسیالیستی بێت. بەڕاستی هەرکەسێک بیەوێت سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا ڕەت بکاتەوە، ڕوانگەیەکی گشتی ڕەتدەکاتەوە و کەم کەس هەیە تەنها بەو ئارگیومێنتە ڕازی بێت کەسۆسیالیزم لەڕووسیادا نەدەتوانرا بەدی بهێنرێت. هاوڕێکەمان هەمان شتى کرد. بەئیستدلالکردنی گشتی ڕەتی کردەوە.
هەربۆیە ئەو پرسیارەی کەدێت بەخەیاڵمدا ئەوەیە کەبۆچی سەرەڕای ئەوەی کەسەرمایەداری جیهانییە، پێش ڕووخانی دەوڵەتی بۆرژوازی و سەرمایەداری لەوڵاتێکدا، خەباتی ئابوری لە وڵاتێکدا مانای هەیە، بەڵام لەسبەیی شۆڕشدا، خەباتی ئابوری چینەکان مانای نەماوە و سەرمایەداری لەسەر ژیانی خۆی بەردەوام دەبێت وتازەش بەشێوەیەکەی سەرسوڕهێنەر، واتە سەرمایەداری نەک هەر ئیستغلالکەر نییە، بەڵکو مافی کرێکارانیش دابین دەکات، کەڵەکەبوون دەکات و هێزە بەرهەمهێنەرەکان گەشە دەکات! جگە لەمەش ئەو جیاوازیەی لەگەڵ سەرمایەداریی سەردەمی شۆڕشی دیموکراتیک هەیە لەسەر ئەو بنەمایە کە ئەمەی یەکەمیان ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە و ئەوی تریشیان پەرە بەهێزە بەرهەمهێنەرەکان دەدات! سەرمایەداریی ئێران لە هەلومەرجی دامەزراندنی کۆماری شۆڕشگێڕانەدا، لەهەر قوناغێکی کورت یان درێژدا توانای پەرەپێدانی هێزی بەرهەمهێنانی نابێت. بەڵام لە باسەکەی هاوڕێدا، بەپێچەوانەوە سەرمایەداری، لەداهاتووی پەرە بەهێزە بەرهەمهێنەرەکان دەدات و ڕوونیش نییە کەئەگەر بڕیار وایە سەرمایەداری بەناونیشانی دەرکەوتنی گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنەران بەکاربهێنین ئێمە چ شتێکی سۆسیالیستیمان بۆ دەمێنێتەوە؟
دواکەوتوویی ئابوری ڕووسیا لەلایەن هاوڕێ غولامەوە لەکاتی گفتوگۆکاندا چەندین جار ئاماژەی پێدەکرێت. بەهەرحاڵ، سەرەڕای بوونی دواکەوتوویی، دەبێت شیکارییەک بدەین کەسەرکەوتنی شۆڕش و درێژەپێدانی بەگرتنەبەری ئەم یان ئەو سیاسەتی دیاریکراو لەتوانادا بوو ئەگینا ڕوونکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ دواکەوتوویی، هەمان تیۆری شکستگەرایی و مەحاڵبوونی شۆڕشی سۆسیالیستی لەڕووسیا دەخاتەڕوو. ئەوەی کە بەبێ شۆڕشی ئەڵمانیا شۆڕش لەڕووسیا سەرناکەوێت، ڕێنوێنییەکی کردەیی بەهیچ کەسێک نادات. لەم سیستەمە بیرکردنەوەدا سنووری نێوان مارکسیزم و نامارکسیزم دەشێوێت. لەنێوان ئەو کەسەی کەدەڵێت سۆسیالیزم لە ڕووسیادا کردەیی نییە، پەیوەندییەکانی کەهەن سەرمایەدارین، بەڵام حکومەتی کرێکاران لە کاردایە، لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەکات کەحکومەتی کرێکاران و پەیوەندییە هەبووەکان سۆسیالیستین، لە جیهانی واقیعدا، ئەم مەودایە تەنها جومگەیەکە.
هەڵوێستی ئابوریگەریی (ئکونوميستى) بەشێوەیەکی لۆژیکی مرۆڤ بەرەو جەبرگەرایی (دێترمینیزم) دەبات. لەم ڕوانگە جەبرگەراییەوە و ئابوریگەرایدا، ئەم ڕۆشتنە دەبێت ناچاری بێت، بەسەرمایەی دەوڵەتیشەوە دەبێت تێپەڕێنرێت. لەهەمان کاتدا بەبڕوای هاوڕێمان کەبڕیارە سەرمایەداریی دەوڵەتی بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بێت، دواجار بیرۆکراسی گەشە دەکات، ئامراز و میتۆدی پێویست بەکاردەهێنرێت و هەرکەسێک نەیەوێت ئەمانە قبوڵ بکات، ناچارە بڵێت هیچ شتێک عەمەلی نییە . پێویستە چاوەڕێی شۆڕشی جیهانی بین. ئەوەی لەمەدا نوێنەرایەتی نەکراوە لینینیزمە. هاوڕێکەمان دۆخی ئۆپۆزسیۆنی چەپ یان ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتووی وەک ئەوەی دوا قەڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕانە نیشان دەدا و لەبیری دەچێت ئەوەی لەڕاستیدا جێبەجێ کرا تێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتوو بوون.
من لەدژی بەپیشەسازیکردن نیم لەگشتیەکەیدا. ئەوەی لەبۆچوونی مندایە وەبیرخستنەوەی ئەو خاڵەیە کە مارکسیزمی شۆڕشگێڕ سنووربەندی لەگەڵ پرۆسەی گواستنەوەی بەپیشەسازیکردنی ئابوری ڕووسیادا نییە، وەک فکرێکی نەریتی ڕووسیا وەک وڵاتێکی بۆرژوازی. پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ هێڵی جودای خۆی لەسەر ئاستی ئابوری لەگەڵ بۆرژوازی شۆڕشگێڕدا ڕوون ناکاتەوە. شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ "بڕیاربوو" سەرمایەداری گەشە بکات و شۆڕشی ١٩١٧ تا ئێستاش "بڕیارە" سەرمایەداری گەشە بکات.
لەڕاستیدا لەسەر ئاستی سیاسی و لەشێوە و سیمای حکوومەتی دەرەنجامی شۆڕشدا، پرۆلیتاریا بەڕوونی خۆی لەداخوازییەکانی بۆرژوازی جیاکردەوە، بەپێچەوانەوەی ئەمەوە، لە بواری ئابوریدا، تەنانەت خودی لینینیش سنووربەندیەکی لاوازی لەگەڵ بۆرژوازی گەورە هەبوو کەدەیویست ئابوری ڕووسیا بەپیشەسازی و مۆدێرن بکات.
بەرنامەی پرۆلیتاریا لەسیاسەتدا جیاوازە، بەڵام لەبواری ئابوریدا بەو جۆرە نییە. بەرنامەیەکی ئابوری-کۆمەڵایەتی دیاریکراو بۆ قۆناغی گواستنەوە کە سەرمایەداری نەبێت بوونی نییە. بەم شێوەیە، لەدوای قۆناغی شەڕی ناوخۆ و دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی پرۆلیتاریا، کاتێک مەسەلە ئابورییەکان بوون بەهنوکیی، ڕەوتێک هاتە مەیدان کەوەڵامی بۆکێشەکە هەبوو. لەهەلومەرجێکی وەهادا بەیانکردنی ئەوەی کەشۆڕش جیهانییە چارەی دەردی کەسی نەدەکرد. بەتایبەت ئەگەر ئەوە بزانین کەهێڵی ستالین – بوخارین بەپاڵپشتی پسپۆڕانی فەرمانگەکان و ئەو بۆرژوازیانەی لەدەرەوە پشتیوانیان لێدەکرد، چارەسەرێکی دیاریکراوی خستە بەردەم چینی کرێکاری ڕووسیا و ئابوری کۆمەڵگا. ستالین لەمێژووی ڕووسیا دا ئەو کەسەیە توانی ڕوسیا لەهەژاری و نەهامەتی ڕزگار بکات و وەڵامی کێشەیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای دوای شۆڕش دایەوە. ئەگەر ترۆتسکی یان ئوزنسکی یان هەر کەسێکی تر شکستی هێنا، بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەوە نەبوو بۆ دیموکراسی، بەڵکو لەبەر ئەوەی وەڵامێکیان بۆ ئەم کێشەیە نەبووە. لە بنەڕەتدا وەڵامیان نەدایەوە.
هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێین کێشەکە لەهەردوو لاوە وەڵامێکی هەڵە وەردەگرێت. ئەو کەسەی کە گەشەسەندنی ئابوری ڕووسیا بەبێ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی سوسیالستییە دەخاتە ژێر ناونیشانی سۆسیالیزمەوە، بۆرژوازییە و لەبەرانبەر کەسێکی تر کەدەڵێت چینی کرێکار هیچ بەدیلێکی نییە، هەروەها ئەویش لەڕووی ئابوریەوە خەتی بۆرژوازی هەیە. ئەگەرنا دەبێت وەڵامی کۆمۆنیستێک ئەوە بێت کە "بنیاتنانی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا" واتە قۆناغی خوارەوەی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی تەنانەت لەووڵاتی "غانا" شدا دەکرێت، چونکە سۆسیالیزم بریتیە لەکۆمەڵێک پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، لەنێوان مرۆڤەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان، هەروەها شێوازی دابەشکردنی داهاتی کۆمەڵایەتی. لەهەر حاڵەتێکدا هاوڕی غولام هەر ناوێک بۆ بۆچوونەکانی هەڵیبژێرێت، جەختی سەرەکی بۆچوونەکانی ئەوەیە کە لەڕووسیا لەو سەردەمەدا هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ئابورییەکی غەیرە سەرمایەداری بەکردەیی نەبووە و لەم حاڵەتەشدا من ئەوە دەڵێم ئەگەر ئەو جۆرە کارانە پراکتیکی نەبوون، ئەوە مانای وایە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بێمانا بووە.
بەبۆچوونی من دەتوانرێت ئابوری کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی پێناسە بکرێت. دروشمی "بۆ هەریەکە بەپێی کارەکەی" ڕەهەندی دابەشکردنی مەسەلەکەمان پێنیشان دەدات. بەڵام خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و پلاندانان و.. هتد ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و تەکنیکییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو. "بۆ هەریەکەیان بەپێی کارەکەی" بەهیچ شێوەیەک بەمانای سەرمایەداری نییە. لێرەدا هەموو کەسێک بەهێندەی کارەکەی کە بۆ سامانی کۆمەڵگای زیادکردووه، ئەوەندە وەردەگرێت، لێرەدا تەنیا سەختی و چڕی و ماوەی کارەکە بنەمای هەڵسەنگاندی کارە. ئەمە سەرمایەداری نییە چونکە هەموو کەسێک دوای لێبڕینی قازانج بڕی کارەکەی پێنادرێت. هەر کەسێک بەپێی کارەکەی پێدەدرێت، لەدوای لێبڕینی بڕێک کەپێویستە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەرفراوانی کۆمەڵگادا. ئەم بڕە پارەیە لەلایەن ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتییەوە دیاری دەکرێت. بێگومان ئەمەش کۆمۆنیزم نییە. چونکە پێناسەی "لە هەریەکەوە بەپێی توانای خۆی، بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆی" پێویستی بەکەموکوڕی نییە، بەڵام هێشتا کەموکوڕی لەسۆسیالیزمدا هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت بەپێویستی بنەمای "ئابوری" بۆ دابەشکردن دیاری بکرێت.
هاوڕێ غوڵام خاڵی دیکەی سەبارەت بەگۆڕانی بیرۆکەی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا پێشنیار کرد، کە بەبڕوای من پێناسەکە دەکاتە مردوو و وەستاوی دەکات. لەتیۆری مارکسیزمدا دەوڵەت لەشوێنێکدا وەک کۆمەڵێک زیندان و دادگا و سوپا پێناسە دەکرێت و لەشوێنێکی دیکەشدا بە سەرپێکهاتەیەکی سیاسی فراوان کەسیستەمی بەرهەمهێنان لەخاوەندارێتییەکی دیاریکراو دەپارێزێت و دووبارە بەرهەمهێنانەوە دەپارێزێت. ئێستا دەڵێی بۆچی لەنێوان ساڵانی ١٩١٧ بۆ ١٩٢١، دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و سەرخانی سیاسی لەگەڵ خاوەندارێتی سوسیالیستیدا ناگونجێت، یان بۆچی حکومەتی گشتی کرێکاران دیموکراتیکی نییە؟
لەڕووی مێژووییەوە بەلشەفییەکان هەڵەیان نەدەکرد. حیزبی پێشڕەوی چینی کرێکار هەستا و دەستی بەسەر زیندان و دادگا و چەک و..... هتد گرت. ئەم حیزبەش پێش ئەوەی دەسەڵات بەدەست بهێنێت نوێنەری پرۆلیتاریا بووە و دوای ئەوەش هەر نوێنەری پرۆلیتاریا بوو. ئەگەر پرۆلیتاریای ڕێکخراو وەک ئۆپۆزسیۆن بەمانای ڕاپرسیکەری هەموو کرێکاران نییە، ئەوا پرۆلیتاریا ڕێکخراو وەک حکومەت مەرج نییە بەپێویستی مانای ڕاپرسی هەموو تاکەکانی کرێکار بێت، بەڵکو بەمانای دانانی دامەزراوە پێشەنگەکانی چینی کرێکارە لەهەڵوێستە سەرەکییەکاندا. ئێستا ئێوە وەڵام دەدەنەوە کەمیکانیزمی حیزبی پێشڕەو بەو چینەی نوێنەرایەتی دەکات دیموکراسی نییە. وەڵامی من ئەوەیە کەئەمە یەکێکە لەڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و هەمووی نییە. مەسەلەکە لەم ڕوانگەیەوە لە ڕاستیدا نەبینینی ڕۆڵی ڕێبەر و پێشڕەوە لەحیزب و لە کۆمەڵگادا. پێناسەی سیاسەت وەک دەربڕینی دیموکراسی، یان چین، یان ئابوری هەڵەیە. بەشێکی گرنگی سیاسەت بەتیۆری شۆڕشگێڕانە دیاری دەکرێت، ئەگەریش ئەو تیۆرە شۆرشگێرانە بێت، ئەوا دەسەڵاتی هەڵخڕانی وەک دیموکراسییە وایە، تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگدان. لەهەمووی سەرلێشێواوتر دەبوو ئەگەر بەلشەفییەکان بۆ ڕاپەڕین چاوەڕێی بۆچوونی شورا یان کۆمیتەکانی شار بوونایە. ئەگەر قبووڵی بکەین کە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەو مانایەیە کەپرۆلیتاریا لە ئۆپۆزسیۆندایە، لەدەسەڵاتدا وەک چۆن پرۆلیتاریا لە حکومەتدایە، بۆچی هەر کەفۆرمێکی حکومەت پێشنیار کرا، دەستبەجێ خواستی یەک یاسای بنەڕەتی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنی دەکەین؟
لینین دەڵێت، هەموو حکومەتێک دیکتاتۆرییە، لەپێناو دیاریکردنی ماهیەتی چینایەتی ئەو دیکتاتۆریەتە، پێویستە ئەوە ببینین ئامانجی کام لەچینەکان بەزۆر بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت. ئەگەر هەموو سەرنجەکانت لەسەر پێکهاتەی ڕێکخراوەیی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا چڕبکەیتەوە، جەوهەر و ماهیەتە چینایەتییەکەی و ڕۆڵی لەسەرکوتکردنی بەرخودانی ئیستغلالکاراندا پشتگوێ بخەیت، بەسروشتی دەتوانی ڕەخنە لەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا زیندوو بگریت کەهەمان کار ئەنجام دەدات، کە بۆچی دیموکراسی نییە و.... هتد. وەک بنەمایەک وەڵامەکەت دەست دەکەوێت کە ئەم حکومەتە لە ڕەحمی دیموکراسیەوە لەدایک نەبووە، نە دەرفەت هەیە و نە دوژمنانی پرۆلیتاریاش ڕێگا بەئەگەرێکی لەو شێوەیە نادەن.
ئەگەر قسە لەسەر لینینیزمە، لینینیزم ئەو توخمە چالاکەیە کەهەوڵدەدات زۆرترین سوود لەماددەی هەبووەوە بدۆزێتەوە، ئەگەر ئەو ماددیش خەلق نەبوو، ئەوا خەتای لینینیزم نییە. ئەو دامەزراوە دیموکراسیانەی کە بۆ پڕۆلیتاریای ئێوە پێویست بوو، لەو سەردەمەدا بوونیان نەبووە. سەبارەت بەپەروەردەی چینی کرێکاری ڕووسیا بەلشەفیزمەوە لەلایەن بەلشەفیەکانەوە ئەوەش زیادەڕەوی تێدایە. بەلشەفییەکان بە ٤-٥ هەزار کەسەوە چوونە ناو شۆڕشی شوباتەوە. لە دۆخێکدا کە هیچ هێزێکیان لە گوندەکاندا نەبوو و لە شارەکانیشدا کەمبوون.
بەبۆچوونی من دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەڕووسیا دامەزرا، بەشێوەیەکی زۆر خێرا دامەزرا کەتەنانەت نەیتوانی خۆی ئامادە بکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەرکە ئابورییەکانی. وێنەیەک کەهاوڕێکەمان لەسەر دیکتاتۆریەتی دەیدا وێنەیەکی خەیاڵییە. بەو مانایەی کە لەبەیانی گەییشتن بەدەسەڵات، عەمەلی نابێت. دیکتاتۆری پرۆلیتاریاش ڕابردوو و داهاتوویەکی هەیە. ناکرێت سەرەتاکەی مۆری حزبی چینایەتی پێشەنگی لەسەرنەبێت، بەڵام لەکۆتاییەکەی دەبێت مۆری شوراکانی لەسەربێت.
لەگشتیدا پوختەی قسەکانی من ئەوەیە کەباسەکەی هاوڕێ غوڵام لەچوارچێوەی هەمان دیالۆگی "شۆڕشی جیهانی بەرامبەر بەتێزی سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا" دایە. تەواوی ئەم دیالۆگە مشتومڕێکە، بەدیاریکراوی لەنێوان دوو بەشی غەیرە لینینیستیدا بەدرێژایی مێژووی چەپ، لەقووڵایی و لەڕەهەندی چینایەتیدا مشتومڕێکە لەنێوان بۆرژوازی گەورە و بۆرژوازی لیبراڵیدا.
پرسی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا لەچوارچێوە مێژووییەکەیدا نەک لەلایەن پرۆلیتاریا بەڵکو لەژێر فشاری بۆرژوازیدا وروژێندرا. لەو کاتەدا ئەوانەی ئەم بابەتەیان ڕەتکردەوە، بەڕاستی نوێنەرایەتی بەرژەوەندی پرۆلیتاریایان نەدەکرد، بەڵکو نوێنەرایەتی جەهل و نەزانی و بێهیوایی پرۆلیتاریا و نائومێدی و بێدەسەڵاتی پرۆلیتاریایان دەکرد. بەڵام من لەگەڵ ئەوەدام کەئەوان نزیکتربوون لەپرۆلیتاریا تا ڕەوتەکانی تر. ئەگەر بەدرێژایی مێژوو، لینینیزم هەمیشە نوێنەرایەتی ئەڵتەرناتیڤێکی پرۆلیتاریای کردبێت بۆ هەلومەرجێکی دیاریکراو، هەربۆیە ئەوان لینینیست نەبوون. لەدونیای ئەمڕۆدا ئەم کێشەدارە ناتوانیت بیخەیتەڕوو جگە لەگشتاندن نەبێت و چیتر ناتوانم ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ بکەم. لەڕوانگەی منەوە، بەمانای گشتی و سادەی وشەکە، "سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا" پراکتیکییە. بێگومان من دژی ئەو ڕەوتەم کە لەڕووسیا دا لەوکاتەدا سۆسیالیزمی لەوڵاتێکدا پێشنیار کرد لەپێناو بەکارهێنانیدا وەک بەرگێک بۆ پشتکردن لەشۆڕشی جیهانی و خاوکردنەوەی لێواری تیژی شۆڕش لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ڕیفۆرمخوازی ناوخۆیی و بانگەشەی سازانی چینایەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەوەی لەڕاستیدا ڕوویدا ئەوە بوو کەبەلشەفییەکان چوونە ناو شۆڕشی ١٩١٧ و دەستیان بەسەر حکومەتدا گرت و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایان دامەزراند. بەهۆی ناڕوونی و نەبوونی ئامادەکاری لەڕوونکردنەوەی ئەرکە ئابورییەکانی شۆڕشدا، کاتێک ئابوری بوو بەپرسی سەرەکی ئەم کۆمەڵگایە، بەکردەوە تەنیا چینێک واتە بۆرژوازی بەدیلێکی هەبوو. هەربۆیە بەشێک لەپرۆلیتاریا ئایدیالی بۆرژوازی بەناونیشانی ئایدیالی سۆسیالیستی دانایەوە.
لەم ڕووەوەشەوە جیاوازی من لەگەڵ هاوڕێ غولام ئەوەیە کەئابوریی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەسەرمایەداری نازانم. هەروەها بەلشەفییەکان دەتوانن بەدوای هەندێک فۆڕمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بگەڕێن کەسەرمایەداریی قۆرخکاری دەوڵەتی نین، بەدڵنیایشەوە پێویستە ئەم کارە بکەین. بەڵام تیۆری هاوڕێش هەمان شت سەبارەت بە دۆخی ئێمە گشتگیر دەکات. ئەم کارە یان ئەو کارەی بەلشەفییەکان پێی هەستان کارێکی بەناونیشانی کەسانێک کەهەوڵی هێشتنەوەی دەسەڵات دەدەن و وەڵامێکی ئابوری بەبژێوی خەڵک دەدەنەوە، قابییلی درک کردنە. به ڵام ئەوەی کەمن ناڕەزایەتی و مخالیفم، سیستمی بنیاتنانی پێورە ئابورییه کانی بەلشەفیکەکان بوو وەک پرۆسەیەکی گەشەسەندنی ڕاگوزاری (ئینتیقاڵی).
نۆرەی سێیەم
منصور حکمت:
هاوڕێ غولام باسەکەی بەشێوەیەک خستەڕوو کەفۆرمولەکردنی ئابوریی من "بۆ هەریەکەیان بەپێی کارەکانی.." بووە و بەڕواڵەت ئەمە بەرنامەیەکی زۆر تایبەتە و ئەمەش بەدیلی منە لەبەرانبەر ئەوەی ڕوویدا یان بەدیلی منە بۆ قسەکانی هاوڕێ. جەختکردنەوەم لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە بوو نەک لەسەر شتێک کەسیفەتێکی تایبەتمەندی و جیاکەرەوە بێت یان دەربڕینی کۆمەڵێک مەرجی ئابوری بێت. پاشان کاتێک قسەکانی هێنایەوە، لانیکەم چاوەڕێی ئەوەم دەکرد کەئەو بابەتانە باس بکات کەتێدا لینین یان هەر بەلشەفیکییەکی دیکە بۆچوونەکانی هاوشێوەی لێدوانەکانی منی بەشێوەیەکی ئەرگومێنت ڕەتکردۆتەوە. بەڵام ئەو هەمان باسە کۆنەکەی کرد کەلینین دەیگوت سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەت ڕێگایەکە کەدەبێت بەناچار تێیپەڕێنین، هەر شتێکی تریش ڕشتنی ئاوە بۆ ناو ئاشی بۆرژوازی، ئاڵوگۆڕە زۆرەملێکە دەبێتە هۆی سەرمایەداری قۆرخکاری. ڕوون نییە بۆچی پێداگریی دەیان جار لینین لەسەر ئەوەی کەئەم حکومەتە حکومەتێکی کرێکارییە و ئەرکەکانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا جێبەجێ دەکات وا لەدۆستەکەمان ناکات دەست لەئارگیومێنتەکەی هەڵبگرێت کە ئەم حکومەتە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا نەبوو، بەڵام بەهێنانەوەی وتەیەکی لینین کەئاڵوگۆڕکردن بەرەو قۆرخکاری دەبات، ئەرکی هەر جۆرە باسێکی ئابوری ڕوون دەکاتەوە. لەڕاستیدا مەسەلەکە ئەوە نییە کەئەگەر ئاڵوگۆڕەکە بەئازادانە بهێڵینەوە، دەگۆڕێت بۆ قۆرخکاری، بەڵام لینین دەڵێت ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە بۆ ڕێگریکردن لێی و ئەگەر گۆڕا بۆ سەرمایەداری باشترە قۆرخکارییەک بێت و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا بێت. مەبەستی من ئەوەیە کەئەوان چارەسەرێکی باشتر یان شتێکی تریان نەدەبینی. هەروەها لە ئارگیومێنتەکانی ترتدا قسەی سەرکردەکانی پارتی بەلشەفیک سەبارەت بەپێشێلکردنی ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری و بنەمای دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا دەهێنیتەوە. ئەوەی کەدەبوو بزانن کەبەبێ شۆڕشی ئەڵمانیا شۆڕشی ڕووسیا سەرناکەوێت، یان میکانیزمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا فڵان و فڵانەیە، ئارگومێنتێکی زۆر مەحکەم نییە. چونکە ئەم بیرۆکانە کە ئێوە دەریدەبڕن بیرۆکەی هەمان حیزبن و نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئەم حیزبە تەنها بانگخواز (موبەلیغ)ی بوو، حیزبێک کەباڵی شۆڕشگێڕی سۆسیال دیموکراسی و باڵی کۆمۆنیستی بزووتنەوەی کرێکاری بوو. بەڵام ئەم بیرۆکانە پێشێل کران. بەڵام بەپێچەوانەی هاوڕێ غولامەوە، من پەنجەم خستە سەر ئەو پرسانەی کەئەم حیزبە قسەی لەسەر نەکردووە، واتە شۆڕشی پرۆلیتاری ساڵی ١٩١٧ لەمەودوا چیتر پێویست نییە ئامانجی ئابورییەکانی شۆڕشی بۆرژوازی ڕووسیا بێت، پێویست بوو پێشتر چارەسەری هەبوایە. جگە لەوەش پێویستە ئەم بەدیلە لەشۆڕشی ئێرانیشدا بەردەست بێت. لەگەڵ ئەمەشدا لەساڵانی ڕابردوودا ئەڵتەرناتیڤی چەپگەرای ئێران سەرمایەداریی دەوڵەتی قۆرخکاری بوو و ئێستاش هەروایە.
بەم شێوەیە ئەم جۆرە هەڵوێستانەی هاوڕێ ئێمە دەخەنە پێگەی ئەو کەسانەی کە لەلایەک لەپێگەیەکی ئایدیالیستییەوە هێرش دەکەنە سەر سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا و لەلایەکی دیکەشەوە خۆیان لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرس و کێشە و گرفتانە بەدوور دەگرن کەبۆرژوازی و هێڵی ستالین پێشنیاریان کردبوو. هاوڕێ غوڵام لەکۆتا بەشی قسەکانیدا ئەگەری بنیاتنانی ئابورییەکی ناسەرمایەداریی قبوڵ کرد و لێرەدایە کەدەتوانین بڵێین ئەگەر بەڕاستی ئەگەرێکی وا هەیە، بۆ ناتوانرێت پێی بڵێین بنیاتنانی سۆسیالیزم.
وەک لەگفتوگۆی هاوڕێیاندا ئاماژەی پێکراوە، کۆمۆنیست سیستەمێکی جیهانییە، چینی کرێکار چینێکی جیهانییە، شۆڕشەکەیشی شۆڕشێکی جیهانییە و سەرەڕای ئەمەش دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا جۆرێکە لە حکومەت و ئەم حکومەتە دروست دەبێت لە وڵاتان. دەوڵەتی جیهانی سەرمایە بەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا جێگەی ناگرێتەوە، بەڵکو حکومەتە بۆرژوازییەکانی وڵاتان بەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا جێگەیان دەگرێتەوە. ئێستا ئەگەر بتوانرێت دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەوڵاتێک یان چەند وڵاتێکدا جێگیر بکرێت، ئیتر ئابوری قوناغی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا چیتر مانایەکی نێودەوڵەتی پەیدا ناکات و لەڕووی تیۆریەوە دەبێت بەمانای ئابوری دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەو وڵاتەدا بێت یان لەوڵاتانی تردا. مەسەلەکە ئەوەیە: ئابوریی قوناغی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا چییە؟ وەڵامی ئەم کێشەیە بۆ بەلشەفیکەکان ڕوون نەبوو و ئەوەی بەڕواڵەت ڕوونە نادروستە. چونکە دانانی سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی وەک ئابوریی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا - کەمن لەگەڵیدا ناکۆکم- لەڕاستیدا وەڵام نەدانەوەیە بەکێشەکە و پێناسەنەکردنی هیچ جۆرە ئابورییەکی تایبەتە بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. ڕەنگە وەڵامی هەندێک کەس ئەوە بێت کەقۆناغێکی لەو شێوەیە ئابورییەکی تایبەتی نییە و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا تەنیا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخستنی سیاسی چینی کرێکارە.
دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا، ڕێکخستنی چینی کرێکارە بۆ سەرکوتی بەرگری بۆرژوازی لەبەرانبەر دەستکۆتاکردنی سیاسی و ئابوریدا. وەک باس کرا، لینین بەم بنەمایە پێیوابوو کەحکومەتی سۆڤیەت بۆ دەستکۆتاکردنی بۆرژوازی بووە، ناوی دەنێت سۆسیالیستی، هەرچەندە ڕووسیا لەو ساتەوەختە تایبەتەدا سۆسیالیستی نەبوو، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ئامانجێکی وای هەبوو، بێگومان ئامانجێکی وا، ئامانجێکی مەحاڵ نەبوو. ئەو گریمانەیەی کەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا بەو پێکهاتە تەشکیلاتیەی کەهاوڕێ غولام خوازیارە کە لەڕووی ئابورییەوە پشت بەسەرمایەداریی قۆرخکاری دەوڵەتی دەبەستێت، توانای جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی بەدروستی هەیە، ئەوەش هەڵەی تەواوەتییە. ئەگەر ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لەڕاگەیاندنی پەیوەندی سیاسی و زارەکی تێپەڕن، لەڕاستیدا ئەوە مانای ئەوەیە کەپەیوەندی بە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەوڵاتێکدا هەیە. چینی کرێکار کاتێک دەتوانێت زۆرترین ڕێژەی هاوکاری نێودەوڵەتی و سیاسەتی ئینتەرناسیۆنالیستی پیشان بدات کەزۆرترین شتەکانی ناو وڵاتەکەی خۆی پرۆلیتەریزە کردووە. پێناچێت مەعقول بێت چاوەڕوانی لەچینی کرێکار بکەین کە لەناوخۆدا گیری خواردوە بەململانێی نێوان کار و سەرمایەوە، بەڵام بتوانێت سووتەمەنی شۆڕشی جیهانی لەئەڵمانیا و.. هتد دابین بکات.
لەکۆتاییدا ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە: ڕێکخستنی ئابوری کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات چییە؟ ئایا هێشتا ڕێکخراوێکی بۆرژوازییە؟ ئەگەر قبووڵی بکەین کەچینی کرێکار وەک چینێکی کرێکاری ڕێکخراو دەتوانێت خزمەت بەشۆڕشی جیهانی بکات و بێگومان دوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی ئەم ڕێکخراوە تەنیا لەحیزب و نیقابەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئابورییەکەیشی خوازراوە، بەسروشتیش ئێمە هەروەها دەبێت قبووڵی بکەین کەچینی کرێکار لەباشترین جۆری ڕێکخستنی ئابوریدا، دەتوانێت خزمەت بەشۆڕشی جیهانی بکات. ئایا ئەمە دەبێتە ڕێکخراوێکی ئابوری بۆرژوازی؟ ئەگەر ئەمە بەهۆی بێتوانایی چینی کرێکار لەدروستکردنی ئابوری و شێوازه کانی دیکه زۆرملێی بێت، ئەوا باسەکە لێرەدا دەبێت بەباس لەهێز و تاکتیک. یان بەپێی پێناسەکە، لەسەردەمی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریادا، ڕێکخستنی ئابوریی پرۆلیتاریا بەئاگاهانە بۆرژوازی دەمێنێتەوە؟ بێگومان ئەمە نادروستە، ڕێکخستنی نابورژوازی لەبواری ئابوریدا بۆ پرۆلیتاریا لەسەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا مومکینە.
یەکێک لە هاوڕێکان، لەشیکردنەوەی مەیدانێکی تایبەتی خەباتی ئابوریی پرۆلیتاریا دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، باشتربوون و خۆشگوزەرانی چینی کرێکار وەک ئاڕاستەیەکی سەرەکی دانا. بەدڵنیاییەوە و بەسادەیی ئەم مەسەلەیە ئەوە دەوروژێنرێت کە ئەم جۆرە خۆشگوزەرانییە بۆ ئەمڕۆ و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو نییە. بۆیە بەتەنیا بەسوودوەرگرتن و بەکارهێنانی لەگیرفانی بۆرژوازییەوە ئەوە دابین نابێت. بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی دەبێت ڕێکبخرێت و بەشێوەیەکی دیاریکراو ڕێکبخرێت، ئەگینا ناتوانرێت باس لە ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری بکرێت. کاری ئینتەرناسیۆنالیستی ڕاستەقینەی پرۆلیتاریای ڕووسیا ئەوەیە کە ڕووسیا بکاتە قەڵای شۆڕشی جیهانی و هەموو شتێک کە لەڕووسیاوە دابین دەکرێت بخاتە خزمەت شۆڕشی جیهانییەوە. ئەگەر پاش ماوەی کرێکاری بەکرێگرتەیەک، پێش و دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات، سامانی چینی کرێکار پێکبهێنێت، ئەوا چینێکی لەو جۆرە دەتوانێت تا ڕادەیەکی دیاریکراو بەشداری لە ئینتەرناسیۆنالیزمدا بکات. هەرچەندە ڕوانگەی هاوڕێ غوڵام زیادەڕەوی لەکارپێکردن و کاریگەرییەکانی ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری دەکات. بەواتایەکی تر ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری بەهاوتای شۆڕش دەزانێت لەجیاتی چینەکانی وڵاتانی تر. لەکۆتادا شۆڕشی ئەڵمانیا ئەرکی چینی کرێکاری ئەڵمانیایە و هێزی بزوێنەری سەرەکی ئەم شۆڕشە چینی کرێکاری ئەو وڵاتەیە، وەک هەر شۆڕشێکی دیکە، لەقۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا شێوەی خۆی دەگرێت و دێتە ئاراوە. دەستخستنە سەر کلیلێک، گڵۆپی سوڕانەوە هەڵناگیرسێت. چینی کرێکاری ئەڵمانی دەبێت بۆ شۆڕش ئامادە بێت نەک زینۆڤیڤ[۳]. شکستی شۆڕشی ئەڵمانیا بە هەڵەی (ڕادک) ڕوون ناکرێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئینتەرناسیۆنالیزم زیادەڕەوی دەکرێت بۆ ئەوەی جەخت لەسەر مەحاڵبوونی پراکتیکی ئینتەرناسیۆنالیزمی ڕاستەقینە بکاتەوە.
ئێمە پرسیار دەکەین لەچ دەورەیەکدا ئابوری وەک پرسێکی سەرەکی دەوروژێنرێت، واقیعەکە ئەوەیە کە ئابوری وەک پرسێکی بابەتیی خۆی دەخاتەڕوو. کاتێک دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەڕووسیا پاڵ بەدوژمنە سیاسیەکانیەوە نا و تا ڕادەیەک متمانەی سیاسی بەخۆی پەیدا کرد، بەڵام لەڕووی ئابورییەوە هیچ شتێک نەبوو کەدابینی بکات بۆ کۆمەڵگا. ئەو شتەی کەبەڕاستی فشاری خستە سەر حکومەت و حیزب، سوپای سپی، دەستێوەردانی ئینگلیزەکان نەبوو، بەڵکو برسێتی و نەخۆشی بوو، بەیەک وشە ئابوریی بوو.
ئەگەر دوو قۆناغی سیاسی و ئابوری بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەبەرچاو بگرین، دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕووسیا بەجددی نەچووەتە قۆناغی ئابورییەوە، ئەو قۆناغەی کەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەگشتی سەقامگیری سیاسی خۆی بەدەست دەهێنێت ئەرکە ئابورییەکان دەست پێدەکات. ئەو پرسە ئابوریانەی کەهەبوون بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی بوو. بەم تێبینییە، لەجوڵانەوە و بۆچونەکانی لینین بۆ ئەو ڕێوشوێنانە کە لەهەندێک حاڵەتدا لەڕادەبەدەر بیرۆکراتی بوون و لە هەندێک حاڵەتدا نەهێشتنی ڕۆڵی جەماوەریان لەخۆگرتبوو، وەک ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی تێدەگەم و هەوڵ نادەم ئەوانە بەناونیشانی ڕێوشوێنی ئابوری دیکتاتۆری پرۆلیتاریا تیۆریزە بکەم . ئەمە کارێکە کەهاوڕی غولام دەیکات و ئەمە بۆ لینینیزم هەڵەیە. لەو هەلومەرجەی کەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا سەقامگیری سیاسی خۆی بەدەست هێناوە، دەبێت ئەرکە ئابورییەکان دەبێت شتێکی تر بن جگە لەسەرمایەداری دەوڵەتی. بۆیە بەرگریی لینین لە سەرمایەداری دەوڵەتی لەچوارچێوەی پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و پاراستنی هاوسەنگی هێز لەکۆمەڵگا و بەدەستهێنانی پشتیوانیی جووتیاران و هتد دەگونجێت. ئەگەر لینینیش لەهەندێک حاڵەتدا هەمان مانای بەکارهێنابێت، من بەخزینی دەزانم.
بە پێویستی دەزانم ڕوونی بکەمەوە کە ئەو لێدوانەی سەرەوە بەو مانایە نییە کەهیچ ڕەخنەیەک لەسیاسەتی بەلشەفییەکان بەرامبەر بەچین و ئێران و تورکیا و ئەڵمانیا نەگیرێت. ئەو شێوازەی هاوڕێکەمان بەکاری هێناوە لادان (ئینحراف) بەلادان ڕوون دەکاتەوە. لەو قۆناغە تایبەتەدا، دانانی پرۆلیتاریا لە ژێر مایکرۆسکۆپدا بە پێوەرە بەرزەکان لەڕاستیدا ڕێگە نادات پرۆلیتاریا هەڵە بکات. سوڕاندنی سەری تیرەکە بەرەو بەرژەوەندیی بۆرژوازی لەلایەن فلڵان کەسەوە بنەمای بۆرژوازیکردنی دەوڵەتە، بەتەنیا تێبینیەکی پێشێلکراوە بۆ تیۆرییەکانی لەلایەن حزبەوە، وەسفکردنی بەحزبێکی غەیرە کرێکاری، ئەو شتە چییە جگە لەوە فرسەت بەپرۆلیتاریا نادات کەکارێک بکات؟ هەڵوێستێکی لەو شێوەیە پێچەوانەی گرتنەبەری ڕەوتە مێژووییەکان و نەبینینی ڕەوتی زیندووی شۆڕشە. لێرەدا باس لەهەندێک کەموکوڕی مێژوویی دەکەین لەحزبی بەلشەفیدا، ئەمەیە کە پێویستە ڕوون بکرێتەوە.
نۆرەی چوارەم
منصور حکمت:
هاوڕێ غوڵام پێشنیاری کرد کەبەدیلمان لەبەردەم سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتدا چییە؟ مەسەلەی پرسی من لەم ئاستەدا نییە کەپیشەسازییەکانی شەکر و بەرهەمە بەکارهێنراوەکانی شەکر دەبوو گەشەیان کردبا یان پیشەسازی قورسیان پەرەپێدابا. بەڵکو مەسەلەکە لەسەر ئەو فۆرمانەی خاوەندارێتی و ئەو شێوازانەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتییە کەڕۆڵی چینی کرێکار نەجودا لەئامرازەکانی بەرهەمهێنان بەڵکو لەپەیوەندی لەگەڵ ئەواندا و لەڕۆڵی بڕیاردەردا لەبەرچاو دەگرن. دەکرا پێشوەختە ئەم جۆرە کێشانە دیاریبکرێن. هەر بەم تێڕوانینەیە کەپێویستە سەرنجی چینی کرێکار ئاراستەی سیاسەت و خەباتی شۆڕشگێڕانە لەسەر ئاستی جیهانی و خەباتی دژی بۆرژوازی لەئاستی ناوخۆدا بکرێت. بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ چینی کرێکار ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کەدەتوانێت حوکمی خۆی بکات بەسەر کۆمەڵگادا و هەموو ئەگەرەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتەکەی وەک چینی دەسەڵاتدار بخاتە ناو خزمەتی شۆڕشگێڕی جیهانییەوە و ئەمەش پێویستی بەڕێکخستنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی هەیە. کۆمەڵگایەک دەتوانێت لەپلەی یەکەمدا خەبات بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە ماددییەکانی ژیانی خۆی و بۆ ئەوەش دەبێت بەرهەم بهێنێت و ئەم بەرهەمهێانەش دەبێت ڕێکبخرێت.
بەڵام مەسەلەکە لەوەدایە کەحیزبی بەلشەفیکی ڕووسیا، بەهۆی نەبوونی ئامادەکارییەوە، وەک توخمێکی هەرزی شۆڕش لە ڕێنماییکردنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا ناتوانێت بەتەواوی ڕۆڵی پێشڕەو لەدوای شۆڕش بگێڕێت. چینی کرێکاری ڕووسیا لەبیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وردە وردە توخمێکی پێشڕەو لەخەباتی خۆیدا نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش وەڵامی ئەو کەسانەی کەدەیانەوێت قەرەبووی نەبوونی توخمە پێشڕەو بەبەشداریکردنی جەماوەر بکەنەوە ناگەنە شوێنی خۆیان. نەبوونی خەت و ناڕۆشنی توخمی پێشڕەو بە ڕەوانەکردنی بڕیاری سیاسی بۆ جەماوەری بەرفراوان چارەسەر نابێت. کێشەکە لەوەدایە کە لەو ساتەوەختەدا شۆڕشگێڕیانەدا حیزبی بەلشەفی هێشتا تا ڕادەیەک لەڕووی ئابورییەوە دابڕاو بوو لەشۆڕشگێڕیی بۆرژوازی ڕووسیا لەسەدەی بیستەمدا، لەو قۆناغەشدا نەک تەنیا لینین، بەڵکو بلێخانوف و مێنشەفیکەکان سەرمایەداری وەک تاکە ڕێگە دەبینی.
نۆرەی پێنجەم
منصور حکمت:
هاوڕێ غولام دەڵێت قسەکانی من بەقەد ئینحراف (لادان) بەئینحراف ڕوون دەکەنەوە. پشتبەستنم بەو ڕاستییە بوو کەئەو هاوڕێیە لادان لەهەڵوێستەکانی حیزبی بەلشەفییەکان بەلادان لەهەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی بەلشەفیەکان ڕوون دەکاتەوە. ئینتەرناسیۆنالیزم و گرنگیدان بەمەسەلەکانی شۆڕشی جیهانی، ڕوونکردنەوەی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا لەتێز و تایبەتمەندییەکانی پارتی بەلشەفیک بوون. لەکاتێکدا من مامەڵە لەگەڵ پرسێک دەکەم کە هەر لەسەرەتاوە لە تیۆری پارتی بەلشەفیدا نەبووە. لاوازییەکی وا لە ٣-٤ ساڵی یەکەمدا خۆی نیشان نادات. لەشۆڕشی ساڵی ١٩٠٥دا، بەبڕوای بەلشەفییەکان، تەوەری ئابوریی شۆڕشەکە پەرەسەندنی سەرمایەداری بوو، لانیکەم بەبۆچوونی من لەتێزەکانی مانگی نیساندا، لینین لەپێوەند لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەمەی ڕەتکردەوە. بۆیە ڕوونکردنەوەکەم لەسەر بنەمای لادانێک نییە لە تێزێکی مارکسیستی. بەڵکو ئەوە ئەوەیە کەدەبوو هەندێک مارکسیست دیدێکی ڕوونیان هەبووایە سەبارەت بەئابوریی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە هەموو حکومەتێک دیکتاتۆرییە. پۆچەڵکردنەوەی ئەو جۆرە حوکمە زۆر قورسترە لەوەی کە هەر حوکمێکی تر لە مارکسیزمدا ڕەت بکرێتەوە. چۆنە حکوومەتی کرێکارانە، خزمەت بەسیاسەت و بەرژەوەندی چینی کرێکار دەکات و هێز بەکار دەهێنێت، بەڵام دیکتاتۆری پرۆلیتاریا نییە؟ ئەگەر حکومەتێکی لەو شێوەیە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا نەبێت، یان نابێت دیکتاتۆری بێت یان نابێت سەر بەپرۆلیتاریا بێت. ئەگەر دیاردەیەکی زۆر تایبەت و چوارچێوەدار نەزانین، ئەو حکومەتەی کە لەئەنجامی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هاتە ئاراوە، دیکتاتۆری بوو و دیکتاتۆریش کاری دەکرد، هاوڕێ غولامیش ئەمە قبوڵ دەکات. ئێستا ئەگەر ئەم دیکتاتۆریەتە خزمەت بە چینی کرێکار نەکات، هاوڕێکەمان دەبێت وەڵام بداتەوە کەخزمەت بەچ چینێک دەکات؟
ئەمە بەرئەنجامێکی دروست نییە لەمارکسیزم، وەک ئەوەی مارکسیزم یەک یۆتۆپیایی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا وەسف کردبێت کەدەبێت پێیبگات. بەپێچەوانەوە مارکسیزم هەموو شتێکی هەبوون ڕەچاو دەکات، دەگوترێت سەرپێچی لێبکەیت. مارکسیزم نەخشەی ڕێکخراوەیی و ئیداریی پرۆسەی بڕیاردان و ڕۆڵی جەماوەر و حیزبی لەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا پێناسە نەکردووە. لەو شوێنەی کە لەبەرنامەدا باسمان لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کرد، دوای ڕوونکردنەوەی دەردەسەریەکانی سەرمایەداری و پێویستی سۆسیالیزم، دەڵێت گۆڕینی سۆسیالیزم بەسەرمایەداری بەچاکسازی و بۆچوون و ڕێگەی ئاشتیانە مومکین نییە و پێویستی بە توندوتیژی هەیە.
لەبنەڕەتدا مارکسیزم لەپلەی یەکەمدا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەپەیوەند لەگەڵ دەسەڵاتی چینێک پێشنیار دەکات نەک لەپەیوەندی لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات. ئێستا ئەگەر کەسێک فۆرمی خوازراوی دیاردەیەک بکاتە بنەمای ڕەخنە لەفۆرمی ئینتقالی، فۆرمی سەرەتایی و سەرەتایی خۆی، کەسێکی لەو جۆرە ئایدیالیستە. لەکۆتایشدا، ئەگەر ڕەخنەکانتان لەسەر ئاراستەی جوڵەی ئەم حکومەتە بێت، ناتوانن ئەنجامگیری ئاراستەی کۆتایی بکەن لەفۆرمی سەرەتاییەوە. هەردوولا دەیانەوێت ڕوونی بکەنەوە کەچۆن شۆڕش لە ڕووسیا شکستی هێنا. بەڵام بەم تێبینییە کەدەمەوێت نیشان بدەم کەچۆن دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا شکستی هێنا و دەیانەوێت ئەوە ڕوون بکەنەوە کەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا بەهیچ شێوەیەک دروست نەبووە، چونکە لەگەڵ نامیلکە خوازراوەکەدا ناگونجێت سەبارەت بەبناغەکانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا. دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا مەرجێکی پێویستە بۆ سەرکوتی بەرگری ئیستغلالکاران لەلایەن چینی کرێکارەوە، ڕەنگە چینی کرێکاری خوێندەوار لەکۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا هەر لەیەکەم ڕۆژەوە فۆرمی کۆمۆن دروست بکات و ئیدارەی کۆمەڵگاش بەپلەبەندیەکی باشتر بێت لەسەردەمی بۆرژوازی، لەڕووسیاش ئەو فۆرمە دواکەوتووە و لەم ئێرانەشدا فۆرمێکی دیکە وەردەگرێت. وەکو تر لینین لەدرێژەی قسەی هاوڕێدا دەڵێت: "هەندێکجار ئیرادەی چینێک وەک ئیرادەی حزبێک و تەنانەت ئیرادەی تاکێک خۆی دەردەخات". لێرەوە لینین بەبەڕێوەبردنی تاکەکەسی دەگەێنێت. لەکۆتاییدا باسەکە لەسەر ئەو ڕاستییەیە کەهەندێک جار ئیرادەی چینەکە بەفۆرمەکانی تر خۆی نیشان دەدات. بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت هۆکاری ئەوە ڕوون بکاتەوە کەچینی کرێکار نەیتوانی ۵ ساڵ دوای شۆڕش ئیرادەی خۆی دەرببڕێت، نە بەو فۆرم و نە بە هیچ فۆرمێکی تر، لەگەڵ کێشەی فۆرمەکەی لە خاڵێکی دیاریکراودا، لێرەدا ڕووبەڕووی میتۆدۆلۆژییەکی تر دەبینەوە لەشیکاری ڕووسیادا. بەلشەفییەکان دەبوو هەستن و دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوانیش دەبوو شکست بە سپییەکان[۴] بێنن، جا سۆڤیەت ڕازیبێت یان نا. دیکتاتۆری پرۆلیتاریا دیاردەیەکی زیندووە و دەبێت بە زیندووی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم باسەدا، ئەوەندەی هاوڕێ غولام مۆدێلەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، منیش لەگەڵیدام، بەڵام ئەوەندەی ئەو ئەمە دەکاتە بنەما بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی شکستی شۆڕش لەڕووسیا،بە میتۆدۆلۆژیایەکی هەڵەی دەزانم.
نۆرەی شەشەم
منصور حکمت:
ڕوخسار دروستکردنی هاوڕێ غوڵام لەسەر بوون یان نەبوونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ئەگەر بەشێوەی گشتی ئاماژە بەکەموکوڕی و زیانەکانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لە ڕووسیا بکردایە ، دەکرا تا ڕادەیەک قبوڵ بکرێت. بەڵام مەسەلەکە لەوە گرنگترە. ئەو ئەمە وەک ڕەخنەی تیۆری خۆی بۆ ڕوونکردنەوەی شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریا لە ڕووسیا بەکاردەهێنێت و منیش لەگەڵیدا نیم. ئەوەی کەدیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا نەگۆڕی بۆ فۆرمی خوازراو، یەکێکە لەو بابەتانەی کەدەبێت ڕوونبکرێتەوە. ئەوەندە سادە نییە کە لەبەرئەوەی ئەمەی نەگۆڕی بۆ واقیع و بەلشەفییەکان نەیانبینی، شۆڕش شکستی هێنا. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کەکتێبی "حکومەت و شۆڕش"ی لینین لە هەمان ساڵاندا چاپ و بڵاو بووەتەوە.
لەهەر حاڵەتێکدا بەڕوونکردنەوە جیاوازەکانی شۆڕشی ڕووسیا گەیشتوینەتە ئەنجامێکی جیاواز و ڕێنمایی جیاوازمان بۆ داهاتوومان دەست دەکەوێت و ئەمەش گرنگی پرسەکەیە. ئەگەر تێزەکەی هاوڕێ غولام وەک بنەمایەک وەربگرین - بێگومان قسەکانی دواتری جیاواز بوون لە قسەکانی یەکەم- بە پێی قسەی یەکەمی، دەرئەنجامی شۆڕشی ئێران دیارنییە، بۆچی ڕوون نیە کە لەشوێنەکانی تر شۆرش دەکرێت و شۆڕشی ئێران پشتیوانی جیهانی بەدەست دەهێنێت، ئەگەرنا سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا کردەیی نابێت. بەپشت بەستن بەم بۆچونانەی دوایی، وا دیارە هاوڕێ سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا بەکردەیی دەزانێت، بەڵام بەشێوەی گۆڕینی دیکتاتۆری کەحزب محورەکەیەتی بەدیکتاتۆریەتی و ئامڕازی کرداری حوکمڕانی تەواوی چین، ئەوا سەرکەوتنی شۆڕش مسۆگەر دەکات. کلیلی مەسەلەکە لێرەدا نییە و ڕەنگە چارەسەرێکی لەو شێوەیە بۆ حزبێک کە ئامادەیی نییە، ڕەنگە بەزەرەر بێت. بەم شێوەیە لەهەڵسەنگاندنی بارودۆخی دیاریکراوی ڕووسیادا لەتەنیشت ئەو ڕەوتانە دادەنرێت لەو گۆشەنیگایەوە کەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا نەگۆڕاوە بۆ فۆرمی ئایدیاڵی خۆی، فشاریان لەسەر حکومەتی ئەو سەردەمە دروستدەکرد. بە واتایەکی تر، دوورییەکەی دیاریکراوی نەبوو لەگەڵ خەتی بەرگری لەیاخیبوانی کرۆنشتات[۵] ، یان دیموکراتی-ناوەندگەرایی، یان ئۆپۆزسیۆنی چەپدا. لەکاتێکدا مەبەستی من ئەوەیە کە هیچ کام لەم ڕەوتانە نوێنەری پرۆلیتاریا نەبوون (ئەوان نوێنەری خەتی مارکسیستی نەبوون).
ئەوەی من دەیڵێم دەبێتە بەرئەنجامێکی تر، ئەویش ئەوەیە کەحیزبی پرۆلیتاریا تەنانەت پێش شۆڕشیش دەبێت ئامادە بێت بۆ جێبەجێکردنی شێوازی تایبەتی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەلشەفییەکان بەبێئەوەی پلانێکیان هەبێت بۆ دەستکۆتاکردنی تەواوی بۆرژوازی، چوونە ناو شۆڕشەوە. هێشتا لەساڵی یەکەم و دووەمی شۆڕشدا، لینین ناوبەناو دەگەڕایەوە بۆ بیرۆکەی دیکتاتۆری دوو چینی، ئەمە هەمان ئەو حزبەیە کەکۆمیتەی ناوەندییەکەی هەر لەدەستێوەردانی لینین لەگەڵ تێزەکانی ئەپریلدا کەباوەڕی وابوو شۆڕشی شوبات بیرۆکەی دوو چینی جێبەجێ کردووە و کۆمەڵگای ڕووسیا خستۆتە سەر ڕێگای گەشەی سەرمایەداری.
لە نێوان تێزەکانی ئەپریلی لینین و باسکردنی سەرمایەداریی قۆرخکاری دەوڵەتیدا کەلێنێک هەیە. ئەم کەلێنە کەلێنی پاشەکشێی لینینیشە. ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە هێندەی کار کە لەسەر تیۆری ئیمپریالیزم و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کرا، ئەوەندەش کار لەسەر تیۆری شۆڕشی پرۆلیتاری و ئەرکە ئابورییەکانی بکرایە، ڕەنگە پاشەکشەیەکی لەو شێوەیە پێویست نەبوایە.
حیزبێک دەتوانێت بەرەو دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا هەنگاو بنێت کەپشتی بەتەواوی بەهێزی چینی کرێکار دەبەستێت و بەرنامەی دەستکۆتاکردنی خۆی زانراو بێت. لەکاتێکدا بەلشەفییەکان هەستان بەپرۆسەی زەوتکردنی زەویەکان، بەڵام لەکۆتایدا بەئەنجامیان نەگەیاند. تەوەری ئابوری شۆڕشی پرۆلیتاریا تا مانگی نیسانی ١٩١٧ هەمان تەوەری شۆڕشی بۆرژوازی بوو. تێزەکانی نیسان ئەمە دەگۆڕێت، بەڵام ئەم باسە ئەوەندە قوڵ و بەرفراوان نابێت. بەلشەفییەکان بەبەرنامەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کەسەرپەرشتی فۆرمێکی سەرمایەداری دەکرد هاتنە ناو شۆڕشەوە. دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کەناوەڕۆکی ئابوری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریای ڕووسیا لەساڵی ١٩١٧دا هێشتا ناڕۆشن بوو، زیاتر ناڕۆشن بوو لەدیدگای ئەو بۆ ئینتەرناسیۆنالیزم ، دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و ئەرکەکانی لە ڕووی سیاسەتەوە و... هتد.
تێبینیەک لەسەر ئەم وەرگێڕانی ئەم باسەی منصور حکمت.
* ماوەیەک لەمەوبەر بۆ وەڵامی هەندێک پرسیار دەگەڕام لەبواری ئابوری مارکسدا، ئەم باسەی منصور حکمت ( زمينه هاى انحراف و شکست انقلاب پرولترى در شوروى) بەرچاوکەوت. باسێکی تابڵێت گرنگ و بەپێز. کاتێک خوێندمەوە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بۆیە هەوڵمدا وەریبگێڕم بۆ خۆم تاکو زیاتر لێى تێبگەم و سوودی لێوەرگرم بۆ باسی کتێبێکم. من لەزمانی فارسی تێدەگەم، بەڵام ئاستی ئەوەم نییە کەبتوانم وەرگێڕان بکەم لەزمانی فارسیەوە بۆ کوردی. وەرگێڕانەکەی خۆم نارد بۆ هاوڕێیەکی خۆم ( سالار کرداری) تاکو تەماشایەکی بکات، یان ئەگەر وەرگێرانەکەم گونجاوە، پێداچوونەوەیەکەی بۆ بکات بۆ ئەوەی کەسانی تر لێی سوودمەند بن. خۆشبەختانە توانیم ئەو کارە بکەم. بۆیە بڕیارم دا دوای چاکردنی بڵاوی بکەمەوە. باسەکە گفتوگۆیەکە لەیەکێک سمینارەکانی حزبی کۆمۆنستی ئیران لەناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەنێوان منصور حکمت و غولامی کیشاوەرز، کەتێدا منصور حکمت وەڵامی سەرنجەکانی غولام دەداتەوە.
[۱] (زمينه هاى انحراف و شکست انقلاب پرولترى در شوروى)- منصور حکمت- ۱۹۸۵. سمینارێکی حزبی لەسەر شکستی شوڕشی ئۆکتوبەر لەیەکێتی سوڤیت، . سەرجاوەی باسەکە ( مارکسيسم و مساله شوروى، شماره يک - بولتن نظرات و مباحثات (ضميمه بسوى سوسياليسم) اسفند ١٣٦٤). وەرگێڕانی لەفارسیەوە- کاوە کەریم. پێداچوونەوەی فارسی- کوردی، سالار کرداری.
[۲] پارتی کادت، پارتی دیموکراتی دەستووری یان دیموکراتە دەستوورییەکان پارتێکی سیاسی بوو لەڕووسیا کە لەلایەن لیبراڵەکانەوە لە ئۆکتۆبەری ١٩٠٥ بە سەرکردایەتی مێژوونووس پاڤێل میلیوکۆڤ دامەزرا. ئەو حیزبە بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی خۆسەپێن و هێنانەکایەی دەسەڵاتی پاشایەتی دەستووری دەکرد. وەرگێڕ
[۳] گریگۆری یڤسێیڤیچ زینۆڤیێڤ شۆڕشگێڕێکی ڕووسی و سیاسەتمەداری سۆڤیەت بوو. زینۆڤیێڤ بەلشەفیکی کۆن و دیار بوو، نزیکترین هاوڕێی ڤلادیمێر لینین بوو. وەرگێر
[۴] لێرەدا مەبەست لە لەشکری سپییە، کە لەبەرانبەر بەلشفیەکاندا دەستی دایە بەرگری. وەرگێڕ
[۵] یاخیبوونی کرۆنشتات ، یاخیبوونێکی گەورەی دەریاوان و سەرباز و خەڵکی مەدەنی سۆڤیەت بوو لە شاری بەندەری کرۆنشتات، کە دەکەوێتە دوورگەی کۆتلین لە نزیک پترۆگراد (ئێستا سانت پترسبۆرگ)، لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢١. یاخیبوونەکە ڕووداوێکی سەرەکی بوو لە ساڵانی سەرەتای ڕووسیای سۆڤیەتدا و زۆرجار وەک تەحەدای ڕاستەوخۆ بوو بۆ حکومەتی بەلشەفییەکان . وەرگێڕ
Kurdish translation: Kawa Karem
hekmat.public-archive.net #1160ku.html
|