یه‌کێتیی کۆمۆنیستی ئه‌ناتۆمى لیبراڵیزمى چه‌پ
مارکسیزم و پراکتیکى شۆڕشگێڕانه: ده‌رباره‌ى میتۆدۆلۆژیی لێنین{١}
جیاوازى لێنین و بۆڵشه‌ڤیکه‌کان له بناغهییترین ئاستیدا له‌گه‌ڵ مه‌نشه‌ڤیزم، جیاوازییه‌کى میتۆدۆلۆژییه. به‌ڵام ئه‌م جیاوازییه له‌و شوێنه‌دا نییه که "یه‌کێتیی کۆمۆنیستى" به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌م جیاوازییه له ڕه‌وشى شیکردنه‌وه‌ى شێوازى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌دارى و "هاوسێیه‌تى و ئه‌و هاوپێکهاتووانهى به‌رهه‌مهێناندا نییه که له‌ودا هه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌م جیاوازییه له‌و جیاوازییانه‌وه په‌یدا نه‌بووه، که له شیکردنه‌وه‌ى فۆرمیلاسیۆنه ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى کۆمه‌ڵگاى ڕووسیادا هه‌ن. "یه‌کێتیی کۆمۆنیستى" له پێناو ڕۆشنکردنه‌وه‌ى میتۆدۆلۆژى لێنیندا، بانگهێشتى خوێنه‌ر ده‌کات بۆ دووباره خوێندنه‌وه‌ى کاپیتاڵى مارکس (هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش بینیمان که چۆن ئه‌م کتێبه‌ش، به پشتبه‌ستن به تهعمیمکردنى چه‌ند بینراوێک له "دنیاى بچووکى کارخانه‌ى ئینگلیزى" تا ئاستى نموونه‌یه‌کى دابڕاو له کۆمه‌ڵگاى سه‌رمایه‌دارى هێنراوه‌ته خواره‌وه). به‌ڵام میتۆدۆلۆژیی مارکسیزم به ماناى ورد و کۆى وشه‌که، نه له کاپیتاڵه‌وه ده‌ستپێ ده‌کا و نه به ته‌واوى و ڕاسته‌وخۆ له کاپیتاڵدا ڕۆشن کراوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت نه به شێوه‌یه‌کى له‌پێشدا دانراویش پێویسته له‌وێدا بۆى بگه‌ڕێین. کاپیتاڵ نموونه‌یه‌کى به‌رجه‌سته‌ى به‌کارهێنانى میتۆدۆلۆژیی مارکسه له مه‌یدانێکى گرنگى ڕه‌خنه‌گریدا. به‌ڵام کاپیتاڵ دانراوێک نییه که بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ى خودى ئه‌م میتۆدۆلۆژییه بشێت، میتۆدۆلۆژییه‌ک که به مه‌یدانى ئابوورى سیاسییه‌وه سنووردار نابێته‌وه. "یه‌کێتیی کۆمۆنیستى" ئه‌وه پشتگوێ ده‌خات که مارکس خۆى له ساڵى ١٨٤٥دا، چه‌ندین ساڵ به‌ر له نووسینى کاپیتاڵ، ماتهریالیزمى تایبه‌تى خۆى، یانى کۆمه‌ڵه‌ى ههبوونناسى، ئیبستمۆلۆژیا و میتۆدۆلۆژیی خۆى له ١١ تێزى کورت‌دا ده‌رباره‌ى فۆیه‌رباخ (که چه‌قى باسهکانى کتێبى ئایدیۆلۆژیاى ئه‌ڵمانى پێک ده‌هێنێ) به ڕۆشن‌ترین شێوه خستۆته ڕوو. "تێزه‌کان ده‌رباره‌ى فۆیه‌رباخ" و "ئایدیۆلۆژیاى ئه‌ڵمانى" ئه‌و دانراوه بنه‌ڕه‌تییانه‌ن که پێویسته بۆ ده‌رککردنى میتۆدۆلۆژیی مارکس بۆیان بگه‌ڕێنه‌وه. بابه‌تى ئه‌م تێزانهش ئیتر باسێک نین ده‌رباره‌ى ئابووریی سیاسى، به‌ڵکوو باسه ده‌رباره‌ى ڕه‌خنه له ماتهریالیزمى میکانیکى و ئیسکۆلاستیک و بنیاتنانى ڕوانگه‌یه‌کى ڕه‌خنه‌گرانه‌ى زانستى و په‌یگیر له باره‌ى هه‌موو جیهان و ده‌وروبه‌ره‌وه که کۆمه‌ڵگا و پراتیکى ئینسان له کۆمه‌ڵگادا تێیدا ته‌وه‌ره‌یه. ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت لێنین و ڕه‌وشى ئه‌و (وه‌ک یه‌ک مارکسیستى واقیعى) بناسێ، ئه‌وا ده‌بێ له تێزه‌کانى مارکس ده‌رباره‌ى فۆیه‌رباخ و فێرکارییه‌کانى ئه‌وه‌وه سه‌باره‌ت به پراتیکى شۆڕشگێڕانه و ئه‌و ماتهریالیزمهى که ئه‌م پراتیکه تێیدا ته‌وه‌ره‌یه بۆ تیڕوانینى جیهان، ده‌ستپێ بکات، نه‌ک له "په‌ره‌سه‌ندنى سه‌رمایه‌داریی ڕووسیاوه".
میتۆدۆلۆژى لێنین، هه‌مان میتدۆلۆژییه که به‌پێی بنه‌ما، پێویسته هه‌ر مارکسیستێک لێیه‌وه ده‌ستپێ بکات. ئه‌مه‌ش شتێکى زیاتر نییه له وهفاداربوونى به‌کرده‌وه‌ى ئه‌و بۆ ماتهریالیزمى تایبه‌تی مارکس. یانى ماتهریالیزمى پراتیک- ماتهریالیزمێک که دیالێکتیک په‌یوه‌ندى پێکه‌وه گرێدراوى پراتیکى ئینسانى له‌گه‌ڵ جیهانى بابه‌تیدا به‌ده‌ست هێناوه. به‌م مانایه‌ش میتۆدۆلۆژیی لێنین به شێوه‌یه‌کى گشتى به‌ده‌ره له هه‌ر جۆره خۆتایبهتمهندبوونێک، له‌چاو مارکسیزمى ئهرسهدۆکسدا. به‌ڵام کاتێک ده‌یهێنینه‌وه یاد که چۆن ته‌فسیرى ئیسکۆلاستیکى و میکانیکى و دیترمینستى و هاوشێوه‌کانى بۆ مارکسیزم چه‌نده ڕهواجێکى فراوانى هه‌یه. کاتێک که قه‌واره‌یه‌کى یه‌کجار گه‌وره له ئه‌ده‌بیاتى ڕیڤیژینیستى له‌به‌رچاو بگرین، کاتێک که بۆچوونى مه‌نشه‌ڤیکه‌کان له سه‌ره‌تاى سه‌ده و بۆچوونه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى کۆتایى سه‌ده‌ى بیسته‌م، که هه‌موویان به‌ناوى مارکسیزمه‌وه ده‌خرێنه ڕوو، هه‌موو ئه‌مانه بهێنینه‌وه یاد، ئه‌و کاته‌ش به‌وه ده‌گه‌ین که وه‌فادارى بۆ مارکسیزمى واقیعیی مارکس له ڕاستیدا یه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی خودییه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه خودییهى لێنین، لێنینیزم و ئه‌و مهیلانهیه که ئاڵاى خه‌باتیان له‌دژى لادانى بۆرژوازى له مارکسیزمدا به‌ده‌سته‌وه گرتووه.
تایبه‌تمه‌ندیى ماتهریالیزمى مارکس، ئه‌وه‌یه که پراتیک به شێوه‌یه‌کى گشتى و پراتیکى شۆڕشگێڕانه به شێوه‌یه‌کى تایبه‌تى جێگایه‌کى بڕیارده‌رى له تیڕوانین و جیهانبینى ڕه‌خنه‌گرانه‌دا هه‌یه. ئه‌وه‌ى مارکس ماتهریالیزمى بۆ خۆجیاکردنه‌وه له ماتهریالیزمى کۆن، به "ماتهریالیزمى پراکتیک" ناو ده‌با و به تایبه‌تیش وشه‌ى "کومۆنیست" و "ماتهریالیستى پراکتیک" به هه‌مان ته‌ریب به‌کار ده‌بات{٢}، خۆى نیشانه‌یه‌کى تره بۆ ڕۆڵى میحوه‌رى چه‌مکى "پراتیکى شۆڕشگێڕانه" له مارکسیزمدا. ده‌ڵێین چه‌مکى "پراتیکى شۆڕشگێرانه"، چونکه مارکسیزم شتێکى واوه‌تر له ماته‌ریالیزم له فه‌لسه‌فه و پراتیکى شۆڕشگێرانه له سیاسه‌تدا نییه. مارکسیزم پراتیکى شۆڕشگێڕانه به وێنه‌ى چه‌مک و گاتیگۆرییهکى فه‌لسه‌فى، له تهجریدترین ئاستدا ده‌باته نێو ڕه‌خنه و ئیبستمۆلۆژیاوه. به‌م جۆره‌ش پراتیکى شۆڕشگێڕانه، له‌پاڵ ده‌سته‌واژه‌یه‌کى وه‌ک بابه‌تى، خودى هه‌بوون، ناسین و ... هتد. به وێنه‌ى چه‌مکى لێکدانه‌وه ده‌باته نێو قووڵترین ئاستى ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه‌وه. پراتیکى شۆڕشگیڕانه، ته‌نها بانگه‌وازێکى سیاسى- ئه‌خلاقى نییه، به‌ڵکوو یه‌کێک له گۆشه بنه‌ڕه‌تییه‌کانى ڕه‌خنه‌گرتنه له فه‌لسه‌فه‌دا. مارکس ده‌سته‌واژه‌ی "پراتیک" به ته‌وه‌رى ڕه‌خنه‌ى خۆى له ماتهریالیزمى کۆن داده‌نێ و هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌کاته به‌ردى بناغه‌ى بوونناسى و زانینناسى و میتۆدناسى له ماتهریالیزمى تایبه‌ت و جیاوازى خۆیدا.
ماتهریالیزمى کۆن، ماتهریالیزمێکى میکانیکى که ته‌نانه‌ت فۆیه‌رباخیش ڕزگار نه‌بوو لێی، له توانایدا نه‌بوو خۆى له لێکدانه‌وه‌ى ڕاوه‌ستاو و میتافیزیکى سه‌باره‌ت به جیهانى بابه‌تى و بیرى مرۆیى ڕزگار کات. له‌م ماتهریالیزمهدا له لایه‌ک جیهانی بابه‌تى، دنیای هه‌ستپێکراو و "واقیعیه‌ت" هه‌یه و له لایه‌کی دیکه‌وه، هۆشی مرۆڤ وه‌ک ئاوێنه‌یه‌ک له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جیهانه بابهتییهدایه. جیهانی بابه‌تى دراوه، له خودى خۆیدا و له‌میانه‌ى خۆپهرهسهندنیدا، سه‌رنجى بۆ ئه‌درێ و بیرى مرۆڤیش وه‌ک لێکدانه‌وه‌یه‌ک که عه‌کس بۆته‌وه، خه‌یاڵى و کارتێکراوى ئه‌م جیهانه ده‌ره‌کییه‌یه. مارکس ئه‌م دووانهیییه میکانیکى و میتافیزیکییه تێک ده‌شکێنێ. بۆ ئه‌و له لایه‌ک جیهانى بابه‌تى خۆى له هه‌مان کاتدا به‌رهه‌مى پراتیکی توخمێکی چالاکه و ئه‌م پراتیکه ئینسانییه‌ش هاوکات خۆى به هه‌مان پله واقیعى و هه‌ستپێکراو و بابه‌تییه. وه له لایه‌کى تریشه‌وه ڕاستى و دروستى بیرکردنه‌وه‌ى ئینسانى، یانى ئه‌و پرسیاره‌ى که ئایا ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه ده‌توانێ به‌دروستى جیهان و ده‌وروبه‌رى خۆمان "عه‌کس کاته‌وه" وه یان لێک بداته‌وه، له گره‌وى پراتیکدایه. پراتیکێک که له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه ده‌ست بۆ گۆڕینى جیهان به‌رێ و به‌م هۆیه‌شه‌وه دروستى خۆى به سه‌لماندن بگه‌یه‌نێ. تا ئه‌و جێگه‌یه‌ى که مه‌به‌ست له جیهانى بابه‌تى، کۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تییه، مارکس دوو پرۆسه‌ى په‌ره‌سه‌ندن به شێوه‌یه‌کى مۆنیستى و دروست پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌ویش کۆمه‌ڵگا و بیرکردنه‌وه‌ى ئینسانییه که له ئه‌ڵقه‌ى پراتیکى ئاڵوگۆڕبهخشدا پێکه‌وه په‌یوه‌ند ده‌گرن. په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵگا به‌جیا له پراتیکى توخمی زاتى(چالاک)، له توانادا نییه که ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه و خودى مرۆڤیش لێک بدرێته‌وه و نیشان بدرێ. هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌م پراتیکه، به‌جیا له جه‌رگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیى خۆیدا ناتوانرێ ده‌ربخرێ و پێناسه‌ى بۆ بکرێ. به‌م شێوه‌یه‌ش مارکس مرۆڤ ده‌باته نێو جێگاى واقیعى خۆیى و له مێژووی خۆیدا دای ده‌نێ. جێگایه‌ک که ئیتر مرۆڤ بیرکه‌ره‌وه و لێکدهرهوهیهکى پاسیڤیستى جیهانى بابه‌تى نییه، به‌ڵکوو هێزی ئاڵۆگۆڕبهخشى ئه‌م جیهانه‌یه. ئیتر هه‌لومه‌رجى بابه‌تى نه کۆتى دیلێتییه و نه کۆمه‌ڵه بڕیارێکه بۆ ئه‌وه‌ى کۆیله‌کان په‌یڕه‌وى لێ بکه‌ن، به‌ڵکوو هه‌لومه‌رجێکه بۆ چالاکیی مرۆیى و زه‌مینه‌ى ئیختیار و تواناى ئه‌وه. ئه‌م هه‌لومه‌رجه ئاستى میژوویى تواناى ئاڵوگۆڕبهخشى مرۆڤ پێناسه ده‌کات، به‌ڵام خودى ئه‌م ئاسته و ئه‌م هه‌لومه‌رجه له ڕێگاى پراتیکى ئینسانییه‌وه ده‌گۆڕدرێت. به‌م جۆره‌ش ئینسان ده‌گۆڕدرێ به خوڵقێنه‌رى میژووى خۆى، ئه‌مه‌ش له‌ژێر سایه‌ى هه‌لومه‌رجێکدا که خۆى دیارى نه‌کردووه. له ماتهریالیزمى کۆندا مرۆڤ لێکده‌ره‌وه بوو، به‌ڵام له ماتهریالیزمى مارکسدا مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکى ئاڵوگۆڕبه‌خش و ئاڵوگۆڕپێدهره. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه له مارکسیزمدا مرۆڤ له دیارده‌یه‌کى موجه‌ره‌د و خۆى له‌خۆیدا، بۆ یه‌ک بوونه‌وه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌گۆڕدرێ. "خودێتیی مرۆڤ"، خودێتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤ (له بونیادى کۆمه‌ڵایه‌تیشدا هه‌بوونى چینایه‌تى مرۆڤ) پێناسه ده‌کرێ. پراتیکى شۆڕشگێڕانه‌ى مرۆڤ، به شێوه‌یه‌کى دیاریکراوتر، پراتیکى مرۆڤ وه‌ک ئه‌وه‌ى به‌شێکه له چینێکى کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریکراو و له په‌یوه‌ندییه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریکراودایه، سه‌رنجى بۆ ده‌درێ.
مارکس بابه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی پێش خۆی په‌سه‌ند ناکات، چونکه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له، گۆڕینی جیهانه، ئه‌و له هێرشه‌کانیدا فۆیه‌رباخ ده‌دوێنێ و ده‌ڵێ که "گرنگیی چالاکیی شۆڕشگێڕانه و پراتیکی- ڕه‌خنه‌گرانه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌گرتووه" و ماته‌ریالیزمێکی کۆن ده‌لاوێنێته‌وه که وسف و توێژینه‌وه‌ی "توخمی چالاک"ی به ته‌واوی سپاردووه به ئایدیالیزم- ئایدیالیزمێک که به‌پێی پێناسه تواناى ده‌رککردنى پراتیکى واقیعى نییه.
دهخاڵهتگهریى چالاکانه‌ى مارکسیزم له مه‌یدانى سیاسه‌تدا و هه‌روه‌ها لێکههڵپێکانى "ڕه‌خنه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى" و "تیۆرى شۆڕش" له په‌یکه‌ره‌ى مارکسیزمدا، له‌و شوێنه‌وه گرێ ده‌خۆن که ده‌سته‌واژه‌ی "پراتیکى شۆڕشگێڕانه" له‌نێوه‌ندى تێڕوانین و بیرکردنه‌وه‌ى فه‌لسه‌فیی مارکسیزمدا جێگا ده‌گرێ. "ماتهریالیزمى پراتیک" دروستترین و وردترین ناوێکه که تایبه‌تمه‌ندى به تێڕوانین و ڕه‌خنه‌گریی مارکسیزم به‌خشیوه.
به‌م شێوه‌یه ڕۆشن ده‌بێ که میتۆدۆلۆژیی مارکس شتێکى زیاتره له میتۆدۆلۆژیی ڕه‌خنه‌ى تیۆرى ئه‌و له بوارى ئابووریى سیاسی‌دا. ته‌نانه‌ت ئه‌م میتۆدۆلۆژییه به‌ر له ڕه‌خنه‌ى ئه‌و له ئابووریی سیاسى، له بنه‌ڕه‌ته‌وه له ڕێگاى به‌کارهێنانى ڕه‌خنه له ئاستێکى تهجریدیتردا، یانى له ڕه‌خنه‌گرتن له فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌ڵمانییه‌وه به‌ده‌ست هاتووه و خراوه‌ته ڕوو. هێنانه‌خواره‌وه‌ى میتۆدۆلۆژیی مارکسیزم بۆ سه‌ر ئاستى میتۆدۆلۆژیی شیکارى و ڕه‌خنه‌گرتن له ئابووریی سیاسى و له‌وه‌ش که‌متر بۆ سه‌ر ئاستى ڕه‌وشێکى دیارى کراو بۆ پێناسه‌کردنى "شێوازى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌دارى" له ئه‌نجامدا، که‌مکردنه‌وه‌ی یه‌ک گشتى کۆ و شامیله بۆ ئاستى یه‌ک به‌شى دیاریکراو، له یه‌کێک له‌و مه‌یدانه شمولییهدا که به‌کار براوه. ئه‌م کهمکردنهوهگهراییهش ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کى تره له‌و مه‌یله ههمیشهییهى ئه‌کادیمیایى بۆرژوازى که ده‌یه‌وێت مارکسى شۆڕشگێڕ بگۆڕێت به یه‌ک ئابووری‌زان. دواتر ده‌بینین که چۆن لێنین جیاوازییه‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ مه‌نشه‌ڤیکه‌کاندا، له ڕێگاى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ هه‌مان ماتهریالیزمى پراتیک (و به شێوه‌یه‌کى دیاریکراوتر به گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ "تێزه‌کان ده‌رباره‌ى فۆیه‌رباخ")، ڕۆشن ده‌کاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ جۆره ئاماژه‌یه‌کى به پێناسه‌کانى مارکس له مه‌یدانى ڕه‌خنه له ئابووریی سیاسی‌دا دابێت.
که‌وایه ئه‌و خاڵه‌ى که له هه‌ر جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنێکى میتۆدۆلۆژیی مارکسیزمدا (میتدۆلۆژیی لێنین)، ده‌بێ بهێنرێته‌وه یاد، ئه‌وه‌یه که ئه‌م میتۆدۆلۆژییه ڕه‌وشێکى ڕووتى بیرکردنه‌وه و شیکارکردن نییه، به‌ڵکوو یه‌ک ڕه‌وشى پراتیکییه(به مانا فراوانه چینایه‌تییه‌که‌ى)، یانى ڕه‌وشى پراتیکى شۆڕشگێڕانه و ئاڵوگۆڕبهخشه. به زۆرى لێره و له‌وێ ده‌یخوێنینه‌وه که تایبه‌تمه‌ندى و خاسیه‌تى دیارکراوى میتۆدۆلۆژیى لێنین بریتییه له "شیکردنه‌وه‌ى تایبه‌ت بۆ هه‌لومه‌رجى تایبه‌ت". ئه‌مه به زمانێکى تر هه‌ر ئه‌و شته‌یه که یه‌کێتیی کۆمۆنیستى ده‌ری ده‌بڕێ، لێنین به مه‌به‌ستى خستنه ڕووى ستراتیژى شۆڕش، ئابووریی ڕووسیاى به شێوه‌یه‌کى دیارکراو شی کردۆته‌وه. بێگومان "شیکردنه‌وه‌ى تایبه‌ت بۆ هه‌لومه‌رجى تایبه‌ت" جێگاى خۆى له هه‌ر شیکردنه‌وه‌یه‌کى مارکسیستیدا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌مه نه تایبه‌تمه‌ندیی مارکسیزمه و نه له بنه‌ڕه‌ته‌وه به مه‌سه‌له‌ى میتۆدۆلۆژییه‌وه گرێ ده‌خوا. چونکه به شێوه‌یه‌کى ئوسووڵى پرسیار ئه‌وه‌یه که مارکسیزم به گشتى و لێنین به تایبه‌تى به کام میتۆدۆلۆژییه‌وه، ده‌چێته سۆراغى "هه‌لومه‌رجى تایبه‌ت"ه‌وه. یه‌کێتیی کۆمۆنیست‌یش "هه‌لومه‌رجى تایبه‌ت" به شێوه‌ى "تایبه‌ت" شی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه به میتۆدۆلۆژى دیترمینیستى و ئولۆسیۆنیستییهوه شکڵ ده‌گرێ. ئامانجى ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه که بزانرێ "کام چینانه له بارى مێژووییه‌وه گرنگى زیاتریان هه‌یه"، "ئابوورى" چ حوکمێک له باره‌ى "خه‌سڵه‌تى شۆڕش"ه‌وه ده‌رده‌کات و ئه‌مه‌ى دووه‌میشیان چۆن ڕۆڵى چینه "ڕێپێدراو و ڕێپێنه‌دراوه‌کان" له هه‌ستان به‌کارى ڕابه‌ریدا ڕۆشن ده‌کاته‌وه. وه یان ئه‌وه‌ى که کام چینه ده‌بێ "ڕۆڵى مێژوویى" خۆى بگێڕێ. شیکردنه‌وه‌ى تایبه‌ت بۆ بیستنى په‌یامى ئابوورییه‌کى "تایبه‌ت"، ئه‌ویش دیسانه‌وه شیکردنه‌وه‌یه‌کى تایبه‌ته بۆ هه‌لومه‌رجێکى تایبه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ى شیکردنه‌وه‌یه‌کى مارکسیستانه بێت. شیکردنه‌وه‌ى لێنین بۆ هه‌لومه‌رجى ڕووسیا پێشه‌کییه‌که بۆ نیشاندانى ئه‌رکه‌کانى پرۆلیتاریا له شۆڕشى ڕووسیادا. چینێک که بوونى ئه‌و و پێویستیی ڕابه‌ریکردنى ئاڵوگۆڕه شۆڕشگێڕییه‌کانى سه‌ده‌ى بیسته‌م له لایه‌ن ئه‌م چینه‌وه، به‌ر له هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کى تایبه‌تیی فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى ڕووسیا، مه‌سه‌له‌یه‌که که بۆ لێنین به فه‌رز گیراوه و بڕاوه‌یه. لێنین نه له "په‌ره‌سه‌ندنى ڕووسیا"وه و ته‌نانه‌ت نه له "شۆڕشى ڕووسیاوه"، به‌ڵکوو له سه‌نگه‌رى پرۆلیتاریاوه ده‌ستپێ ده‌کات و ده‌بزوێ، چونکه ئه‌و بیریار و سیاسه‌تمه‌دار و ڕابه‌رى به‌کرده‌وه‌ى هه‌ر ئه‌م چینه‌یه. به‌م پێیه‌ش ئه‌وه یه‌کێتیی کۆمۆنستییه که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێی ناوه‌ته ڕێگایه‌کى هه‌ڵه و بێئاکامهوه، کاتێک له زمانى لێنینه‌وه ئه‌و پرسیاره ده‌خاته ڕوو که ده‌ڵێت:
"له فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى ڕووسیادا کام چینه له بارى مێژووییه‌وه گرنگى زۆرترى هه‌یه و کام چینه ده‌توانێ ڕۆڵى ڕابه‌رى له شۆڕشى ڕووسیادا له ئه‌ستۆ بگرێ؟"
ئه‌م پرسیاره نه‌ک هه‌رگیز خاڵى لێوه هه‌ستانى لێنین نه‌بووه، به‌ڵکوو ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رامبه‌ر میتۆدۆلۆژییهکدایه که ئه‌و هه‌یه‌تى. ئه‌مه پرسیار و خاڵى لێوهههستان و بناغه‌ى بهڵگههێنانهوهکانى مهنشهڤیکهکانه و هه‌ر ئه‌و وه‌ڵامه‌شیان لێ گرتووه که پراتیکى سازشکارانه و پاشکهوتوویییان بۆ بۆرژوازى هه‌بێ، چونکه ئه‌م چینه "له بارى مێژووییه‌وه گرنگى له پێشترى" هه‌یه. تازه ئه‌گه‌ر واى دابنێین که لێنین به واقیعى له‌م شێوه پرسیاره مێژوونوسییهوه ده‌ستی پێ کردووه، به‌ڵام دیسانه‌وه وه‌ڵامى ئه‌و به‌و پرسیاره، یانى ئه‌وه‌ى که ده‌رخستنى ناسنامه‌ى چینێکى"له باره‌ى مێژووه‌وه گرنگ" له ڕووسیادا، نابێ به‌وه‌ى که لێنین وه‌ڵامى خۆى له هه‌ڵسه‌نگاندنى په‌یوه‌ندییه ئابوورى و چینایهتییهکانى ڕووسیاوه، بداته‌وه. لێنین وه‌ک هه‌ر کرێکارێکى شۆڕشگێڕ و هۆشیار به به‌رژه‌وه‌ندیی چینایه‌تى، وه‌ک هه‌ر کۆمۆنیستێکى جیددیی مانیفێستى کۆمۆنیست، ئه‌و شوێنه‌یه که چینى کرێکار تێیدا به سهلماوترین شێوه و له‌وانه‌ش بۆ بههۆشهێنانهوهى هه‌ر مێژووپهرستێکى مه‌لایانه‌ى وه‌ک یه‌کێتیی کۆمۆنیستى که به‌شوێن وردهوشهوهیه، ڕایگه‌یاندووه که خودى چینى کرێکار "له بارى میژوویییهوه گرنگیی زیاترى هه‌یه". خودى وجودى سۆسیال دیموکراسیی ڕووسیا و به‌شداریی لێنین له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا، به ماناى ئه‌وه‌یه که نه ته‌نها هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕیارى خۆى ده‌رباره‌ى وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره داوه، به‌ڵکوو لێنین خۆى به به‌شێک له‌م چینه ده‌زانێ "که له بارى مێژووییه‌وه" گرنگه. بۆ لێنین وه‌ک هه‌ر کۆمۆنیستێک که مارکسیزم ده‌رمانێک نییه بۆ توندوتیژکردنهوه و "ڕادیکاڵکردنهوهى ئۆمانیزم و ناسیۆنالیزمهکهى، پرۆلیتاریا چ له بارى مێژووییه‌وه بێت و "چ نه‌بێت" گرنگیی زیاترى هه‌یه. لێنین چاو‌دێر و ڕاڤه‌که‌ری شۆڕش نییه، به‌ڵکه ئه‌و یه‌کێک له به‌شدارانى شۆڕشه، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ش ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕێکخه‌رى شۆڕشی چینێکى دیاریکراوه. به‌م حاڵه‌وه ئه‌گه‌ر که‌سێک لێى بپرسێت "له بارى مێژووییه‌وه چ چینێک گرنگى هه‌یه" و "چ که‌سێک پێویسته ڕابه‌ری شۆڕش له ڕووسیادا بگرێته ئه‌ستۆ"، ئه‌و له وه‌ڵامدا له ئاماره کشتوکاڵییه‌کانى ڕووسیاوه وه‌ڵام ناداته‌وه، به‌ڵکوو له مانیفێستى کۆمۆنیسته‌وه به‌ڵگه دێنێته‌وه. (ئێستا له‌وه ده‌گوزه‌رێین که ته‌نانه‌ت یه‌ک ڕاڤه‌کاری ئابووریگهراى تێگه‌یشتووتر له یه‌کێتیی کۆمۆنیستى که هه‌م گرنگیی "مێژوویى"ی چینه‌کان له ڕووسیا له ئابووریی ڕووتى خودى ئه‌م وڵاته‌وه به‌رئه‌نجام وه‌رناگرێ. ئایا له وڵاتى- نیپاڵ-یش پێویسته دیسانه‌وه بۆ ئه‌وه بڕوانین که چ چینێک له بارى میژووییه‌وه گرنگى هه‌یه!؟) لێنین خۆى به‌شێک له توخمی چالاکى شۆڕشێکه که زۆر له مێژه شهیپوورى خۆى له ئاست جیهاندا لێداوه. کارى ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ى سه‌رله‌نوێی "گرنگیی مێژوویى" چینه‌که‌ى خۆى نییه، به‌ڵکوو دهستبهکاربوونییهتى بۆ بهسهرکهوتنگهیاندنى ئه‌م چینه له یه‌کێک له مه‌یدانه‌کانى مه‌وجودییه‌ت و خه‌باته‌که‌یدا، یانى له ڕووسیا. به‌م پێیه یه‌کێتیی کۆمۆنیستى به خستنه‌ڕووى پرسیارێکى ئاوا له‌م شێوه‌یه‌یدا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه میتۆدۆلۆژیى لێنین ئاوه‌ژوو ده‌کاته‌وه. به‌تایبه‌تى که لێنین وجودى خۆى و چینه‌که‌ى و ئامانجه‌کانى له‌پێشه‌وه به فه‌رز وه‌رگرتووه. شیکردنه‌وه‌ى مارکسییانهى ئه‌و بۆ کۆمه‌ڵگاى ڕووسیا بڕیاره ئه‌وه‌ى پێ نیشان بدات که کام پراتیکى دیاریکراوى سیاسى ئه‌توانێ تواناکانى پرۆلیتاریا بسازێنێ بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌لومه‌رجێکدا که هه‌یه، ڕۆڵى ئاڵوگۆڕبهخشترین و کارسازترینى خۆى له ڕاستاى به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆی و(ڕزگاریی کۆمه‌ڵگاش)دا بگێڕێ. بۆ لێنین هه‌رگیز پرسیار ئه‌وه نییه که به حوکمى هه‌لومه‌رجى بابه‌تى "کام چینه له بارى مێژووییه‌وه گرنگیی زیاترى هه‌یه" به‌ڵکوو ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌و پرسیاره ئه‌وه‌یه که چینه‌که‌ى، چینێک که له بارى مێژووییه‌وه به‌پێى پێناسه بۆى "گرنگ"ه، یانى کرێکار، له ڕێگاى کام پراتیکى سیاسى و خه‌باتکارانه‌وه ده‌توانێ، له کۆمه‌ڵگاى قهیرانگرتووى ڕووسیاى ساڵى ١٩٠٥دا ببێته ڕابه‌رى ئاڵوگۆڕى شۆڕشگیڕانه. به‌م جۆره‌ش خاڵى لێوهههستانى لێنین، پێویستى به به‌دیهێنانى ئامانجه شۆڕشگێرییهکانى پرۆلیتاریایه، به خێراترین و کهمدهردیسهرترین و کۆترین شێوه‌ى له توانابوویدا. ئه‌م خاڵى لێوه هه‌ستانه‌ش نه له فۆرمیلاسیۆنه ئابوورییه‌کانى ڕووسیاوه و نه له هیچ لایه‌نێکى تره‌وه، به‌رئه‌نجام ناگیرێ. به‌ڵکوو ئه‌مه به‌شێکه له پێناسه‌ى "لێنینیبوون" و "کۆمۆنیستبوون" و "کرێکارى هۆشیاربوون". (ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێکى سروشتیی بیرکردنه‌وه‌یه که پێی وایه پراکتیکى ئینسانى دیارده‌یه‌کى واقیعى و بابه‌تییه و له بیرکردنه‌وه و جێگاى کۆمه‌ڵایه‌تى دانابڕێت). کۆمه‌ڵگاى ڕووسیا، ئه‌و هه‌لومه‌رجه بابهتییهیه که ده‌بێ ئه‌م خه‌باته پرۆلیتێرییه تێیدا ئه‌نجام بدرێت. ئه‌مه کۆمه‌ڵگایه‌که که کۆمه‌ڵێک ڕێگا و به‌ربه‌ست، کۆمه‌ڵێک توانا و ناته‌واوى و هۆکارى هێورکردنه‌وه و یاریده‌ده‌ر ده‌خاته به‌رده‌م توخمى چالاکى شۆڕشى پرۆلیتێریی ڕووسیاوه. خودى ئه‌م کۆمه‌ڵگایه بڕیار نییه ڕابه‌ریکردنى شۆڕش به لێنین بناسێنێ، به‌ڵکوو بار و دۆخێکى بابه‌تى و تایبه‌ته که لێنین له ده‌روازه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیی چینێکى دیاریکراوه‌وه، تێیدا نه‌ک هه‌ر خوازیارى شۆڕشه، به‌ڵکوو ده‌زانێت که به‌بێ ده‌خاڵه‌تکردنى ئه‌و وه‌ک ڕابه‌رێک له شۆڕشدا، هه‌موو ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ى که جێگاى مه‌به‌ستن له‌گه‌ڵیان به‌ره‌وڕووه له گشتییه‌تى خۆیدا ڕوو ناده‌ن. ئه‌م بار و دۆخ و هه‌لومه‌رجانه ده‌بێ به قازانجى چینى کرێکار بگۆڕدرێن، به‌ڵام ماته‌ریاڵ و به‌رژه‌وه‌ندى له ئاڵوگۆڕه‌کاندا دیسانه‌وه ده‌بێ له خودى هه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ده‌سته‌وه بگیرێت. "ئینسانه‌کان دروستکه‌رى مێژووى خۆیانن، به‌ڵام له هه‌لومه‌رجێکدا که خۆیان دیاری‌یان نه‌کردووه". لێنین ئه‌و مێژووه‌ى که ده‌بێ دروست بکرێ و ئه‌و هێزه‌ى که ده‌بێ ئه‌م مێژووه دروست بکا، به‌ر له پێداچوونه‌وه به جۆره‌کانى "هاوسێیه‌تى" له شێوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ڕووسیادا ده‌ناسێت. هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و بۆ کۆمه‌ڵگاى ڕووسیا، هه‌وڵێکه بۆ ده‌رککردنى ئه‌و هه‌لومه‌رجه که ئه‌م مێژووه له‌ژێر سایه‌یدا دروست ده‌بێت.
ئه‌م میتۆدۆلۆژییه، پاسیڤیستییه که به‌دواى "چینى له بارى مێژویییه‌وه گرنگ"ه‌وه‌یه و "ڕابه‌رى" له فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ده‌رده‌کێشێ، ئاراسته‌ى قووڵى خۆى له‌و میتۆدۆلۆژییه جیا ده‌کاته‌وه که پێویستیى پراتیکى شۆڕشگێڕانه‌ى چینى کرێکار وه‌کوو ڕابه‌رى هه‌ر ئاڵۆگۆڕێکى شۆڕشگێڕانه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌فه‌رز وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌ش یه‌که‌مین سیماى جیاوازى نێوان میتۆدۆلۆژیی بۆڵشه‌ڤیزم و مهنشهڤیزمه، نێوان لیبراڵیزمى چه‌پ و مارکسیزمى شۆڕشگێڕه. تێگه‌یشتنى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى بۆ شێوازى هه‌ڵوێستگرتنى لێنین له شۆڕشى ١٩٠٥، ماتهریالیزمى مێژوویى پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه. ئه‌وه دروست و مارکسیستانهیه که ئه‌گه‌ر بڵێین به‌درێژایى سه‌ده‌کان به‌پێی ڕه‌وتى په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵگا، چه‌ندین چینى جۆراوجۆر هه‌بوون، که به حوکمى هه‌لومه‌رجى بابه‌تى و ئابوورى هاتوونه‌ته پێشه‌وه و بوونه‌ته توخمى ئاڵوگۆڕى فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. به‌ڵام ئه‌وه به ته‌واوى نادروست و لاده‌رانه‌یه ئه‌گه‌ر ته‌نها هه‌ر ئه‌وه له ماتهریالیزمى مێژوویى تێبگه‌ین که به یه‌ک کۆبه‌ندى کورته‌وه و له گشت ڕه‌وتى مێژووى مرۆڤایه‌تى و گرنگى "ژێرخانى ئابوورى"یه‌وه، بچینه سۆراغى کۆمه‌ڵگاى سه‌رمایه‌داریی هاوچه‌رخه‌وه، هاوکات بمانه‌وێت له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییهکاندا و له هه‌ر ئاڵوگۆڕێکى شۆڕشگێڕانه‌دا، له یه‌ک وڵاتى دیاریکراودا، دووباره له "ئابوورى"دا به‌دواى چینى پێشڕه‌و و گرنگ و "ڕابه‌رى شۆڕش"دا بگه‌ڕێین. ئه‌مه ئیتر ماتهریالیزمى مێژوویى نییه. چونکه ئه‌مه به ده‌قیقى له مێژووى واقیعیی ئێستادا، یانى له ده‌ورانى مێژوویى و له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییه‌کان دابڕاوه. ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه و چه‌مکى پراتیکى شۆڕشگێڕانه له مارکسیزم ده‌رکێشین، ئه‌گه‌ر لایه‌نگریی چینایه‌تى له مارکسیزم واز لێ بهێنین، ئه‌گه‌ر ده‌رکى زیندووى مارکس له په‌یوه‌ندیی نێوان بار و دۆخى بابه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تى و توخمى چالاکى مرۆیى بخه‌ینه لاوه، ئه‌و کاته ئه‌وه‌ى لێى ده‌مێنێته‌وه ڕه‌نگه شتێکى هاوشێوه‌ی کهمکردنهوهگهرایى ئابوورى و مێژووگه‌رایى و ئۆلۆسیۆنیزمێکى له ئاو ده‌رهاتوو بێت که یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له برى مارکسیزم پێشکه‌شى ده‌کات. هه‌مان ئه‌و مێژووگه‌رایى و دیترمینیزمه ئابوورییه‌یه که فۆرموولهکانى وه‌ک "له شۆڕشى سیاسی‌دا، به‌ڵام به‌و جۆره نییه"، "کام چینه ئه‌توانێ باشتر کۆمه‌ڵگا پیشه‌سازى بکات"، "کام چینه له بارى مێژووییه‌وه گرنگیى زیاترى هه‌یه" و هی تر‌ى لێ ده‌رده‌کێشرێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و مارکسیزمه شێواو و "بێلایه‌ن"کراوه‌یه که ئه‌کادیمیسته بۆرژوازیییه‌کان له مه‌یدانى مێژووى بیری ئابووریدا ده‌یڵێنه‌وه. هه‌مان ئه‌و مارکسیزمه "ناپرۆلیتارى"کراوه‌یه که بڕیاره له وڵاتانى ژێرده‌سته‌ى ئیمپریالیزمدا ببێت به تیۆرى شۆڕشى "خه‌ڵک له دژى ئیمپریالیزم". هه‌مان ئه‌و مارکسیزمه ناسککراوهیه که ڕۆشنبیرانێکى بۆرژوا- لیبراڵ و ئه‌و ورده‌بۆرژوا- ئیسلامییانه‌ى که له ماوه‌ى دوودهیهى پێشووى ئێران‌دا به نهێنى ده‌یخوێننه‌وه و له‌و کاتانه‌شدا که له ڕێکخراوى "ته‌وحیدى" و مهحفهلیی به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ماندوو ده‌بن و خوازیارى "ڕادیکاڵیزم"ى زیاترن ده‌ستیان بۆ بردووه. له هه‌مان کاتدا ئه‌مه ئه‌و مارکسیزمه ئاوهژووکراوهیه که ئینسان تیایدا گۆڕدراوه به بووهنهوهرێکى پاشکۆ و بێ ئیراده له "په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵایه‌تی"دا. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و به‌ناو "مارکسیزم"هیه که به بیانووى په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنى مێژووى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، بانگه‌وازى پرۆلیتاریا ده‌کات بۆ ده‌ستکێشانه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانى خۆی و بوونى به پاشکۆى "بۆرژوازیى نیشتمانى و ورده‌بۆرژوازی دژى ئیمپریالیست". ئه‌مه "مارکسیزم"ى حیزبى تووده و ڕێگاى کرێکار و ڕه‌نجبه‌رانه(چه‌ند ڕێکخراوى چه‌پى ئێرانه- وه‌رگێڕ) که یه‌کێتیی کۆمۆنیستى گهرهکێتى له‌ژێر ناوى "میتۆدۆلۆژیی لێنین"دا پێشکه‌شی بکات. له‌م دیدگایه‌دا ئینسان ده‌بێ شانسى هه‌بێ که به ڕێکه‌وت له یه‌کێک له‌و دهورانانهدا ژیان بکات که تێیدا پرۆلیتاریا "له بارى میژووییه‌وه گرنگى زیاترى هه‌یه" و بۆ ده‌ستنیشانکردنى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش تازه ده‌بێ به‌پێى پێوانه‌یه‌کى کافى "له دنیاى گه‌وره"ى سه‌رمایه‌داریی ئێران بزانێ، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا به هه‌مان شێوه‌ى باوى حیزبى توده، سه‌ر له که‌پر و چادرى ئه‌و چینانه‌وه ده‌ردێنێ که "له بارى مێژووییه‌وه" گرنگن.
به داخه‌وه ئه‌م لێکدانه‌وه دیترمینیستییانه له مارکس و مارکسیزم له مێژوودا، له ده‌رکى دروستى ماتهریالیزمى پراتیکى و دیالێکتیکى مارکس بره‌ویان زۆرتره. بۆچوونه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ى ئاماژه‌مان پێی دا، له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ باوه‌ڕه‌کانى ڕیڤیژینیزمى هاوچه‌رخدا جیاوازییان نییه. ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کى نوێ و تازه‌په‌یدابوو نییه. ئه‌وه بۆ یه‌کێتیی کۆمۆنیستى ئه‌زمونێک ده‌بێ، ئه‌گه‌ر بێت و به‌وه بزانێت که "جیاوازى نێوان بۆلشه‌ڤیزم و مه‌نشه‌ڤیزم" له ساڵى ١٩٠٥دا به ده‌قیقى هه‌مان جیاوازى نێوان ماتهریالیزمى پراتیک و دهخاڵهتگهرییه له‌گه‌ڵ ماتهریالیزمى سکۆلاستیکى و پاسیڤیستیدا. به داخه‌وه یه‌کێتیى کۆمۆنیستى نه ته‌نها له تێگه‌یشتنى بۆ میتۆدۆلۆژیى لێنین سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵکوو خودى ئه‌و و هاونموونهکانى وه‌ک ئه‌و بابه‌تى ڕه‌خنه‌گرتنیان هه‌ر ئه‌م میتۆدۆلۆژییه بووه.
تا ئه‌و شوێنه‌ى کار به پێداهه‌ڵدان به سنوورکێشانى لێنین له‌گه‌ڵ مارکسیزمى عه‌له‌نی ده‌گات، بینیمان یه‌کێتیی کۆمۆنیستى چۆن له بوارى ڕۆشنکردنه‌وه‌ى "میتۆدۆلۆژیی لێنین"دا به‌کرده‌وه به بنبه‌ست گه‌یشتووه. به‌تایبه‌ت که لێنین له شیکردنه‌وه‌یه‌کى هاوشێوه‌وه بۆ فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى ڕووسیا به "ئه‌نجامێکى سیاسى" ته‌واو جیاواز گه‌یشتووه. له ڕوواڵه‌تدا وا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وه چه‌ند فاکتۆر و هۆکارێکى "پێشبینى نه‌کراو" و نه‌زانراوى لهپڕدایه که لێنین و میتۆدۆلۆژییهکهى له په‌یوه‌ند به (ده‌رکێشانى ستراتیژیی شۆڕش له فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا) به لاڕێدا بردووه و ئه‌وى به ده‌ربڕینێکى "لاسارانه"وه به‌ستۆته‌وه که داکۆکی له‌سه‌ر پێویستیی سه‌ربه‌خۆیى ڕابه‌ریی پرۆلیتاریا له شۆڕشدا ده‌کات. یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له ڕۆشنکردنه‌وه‌ى ئه‌م شێوه‌یه له هه‌ڵوێستگرتن، له بردنه‌پێشه‌وه‌ى باسهکانى خۆیدا، بێ توانا ماوه‌ته و سه‌یر له‌وه‌شدایه به‌م بێ توانایییه‌وه، ڕاده‌گه‌یه‌نێ که هه‌مان ئه‌و جیاوازییانه" له باسهکانى لێنیندا له‌دژى مه‌نشه‌ڤیزم به‌وپه‌ڕى خۆى گه‌یشتووه".
ڕاستییه‌که‌ى ئه‌وه‌یه "جیاوازییه‌ک" که له باسهکانى نێوان لێنین و مه‌نشه‌ڤیکه‌کاندا به‌وپه‌ڕى خۆى گه‌یشتووه، هه‌مان ئه‌و جیاوازییانه‌یه که له نێوان مارکسیزم و ماتهریالیزمى پراتیک و ده‌خاڵه‌تگه‌ر له لایه‌ک و لێکدانه‌وه‌ى ئاکادیمیستى و پاسڤیستیى باو له مارکسیزمدا، له لایه‌کی تره‌وه. ئه‌م جیاوازییه‌ش نه‌ک ته‌نها له مشتومڕى نێوان لێنین و مارکسیزمى عه‌له‌نیدا بووه، به‌ڵکوو به شێوه‌یه‌کى ده‌رکه‌وتووتر له خه‌باتى لێنین له‌دژى ئیکۆنۆمیسته‌کان خۆی نیشان داوه. دواتریش هه‌ر ئه‌م جیاوازییانه بوون، که له خه‌باتى لێنیندا له‌دژى مه‌نشه‌ڤیزم، به‌ڕۆشنترین شێوه، له جیاوازییه‌کى بنه‌ڕه‌تی و له شێوه‌ى دوو میتۆدۆلۆژیدا فۆرمووله بوونه‌ته‌وه. لێنین ئیکۆنۆمیزم و مارکسیزمى عهلهنى و مه‌نشه‌ڤیزم به‌دیاریکراوى له‌و ڕووه‌وه که هه‌رسێکیان له یه‌ک میتۆدۆلۆژى پاسیڤیستیدا هاوبه‌شن ده‌سته‌به‌ندى ده‌کات، کاتێک که مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌باتى چینایه‌تیدا ده‌که‌ن، هه‌رسێ لایان له یه‌ک جه‌مسه‌ردا به‌رامبه‌ر به بۆڵشه‌ڤیزم و مارکسیزمى ده‌خاڵه‌تگه‌ر و چالاک، ده‌سته‌به‌ندى ده‌کات. لێنین له ساڵى ١٩٠٥دا به جۆرێک له مه‌نشه‌ڤیکه‌کانى ده‌ڕوانی، وه‌ک ڕه‌وتێک که له درێژه‌ى سروشتى و مه‌نتیقى ئیکۆنۆمیزم و مارکسیزمى عهلهنیدایه. ئه‌و له باره‌ى ڕۆشنکردنه‌وه‌ى جیاوازیی نێوان بڕیارنامه‌ى کۆنگره‌ى بۆڵشه‌ڤیکه‌کان و کۆنفرانسى مه‌نشه‌ڤیکه‌کان، به تایبه‌تى له شێوازى هه‌ڵوێستگرتن له ده‌وڵه‌تى شوڕشگێڕى کاتى له شۆڕشى ١٩٠٥دا، به دروستى په‌نجه له‌سه‌ر ڕیشه‌ى میتۆدۆلۆژى ئه‌م جیاوازییانه‌ى نێو سۆسیال دیموکراته‌کانى ڕووسیا دانا.
"ئه‌مه به دروستى هه‌مان ئه‌و جیاوازییه‌یه که ماوه‌یه‌که مارکسیسته‌کانى ڕووسیاى بۆ دوو باڵ دابه‌ش کردووه. له دهورهى کۆندا "مارکسیزمى عهلهنى" وه‌ک باڵێکى موعجیزه‌گه‌ر، له‌به‌رامبه‌ر باڵى تێکۆشه‌ر و سیاسی‌دا ڕاوه‌ستا، وه له سه‌رده‌مى سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کاندا ئه‌م جیاوازییه له شێوه‌ى هه‌ردوو باڵى ئیکۆنۆمیستى و باڵى سیاسی‌دا، شکڵیان گرت، به‌تایبه‌ت که هه‌ردووکیان له یه‌ک پێشینه‌ى دروستى مارکسیستییه‌وه بۆ ڕیشه قووڵه ئابوورییه‌کانى خه‌باتى چینایه‌تى به گشتى و خه‌باتى سیاسى به شێوه‌یه‌کى تایبه‌تى ده‌یان ڕوانى. ئیکۆنۆمیسته‌کان ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ئه‌نجامه‌یان ده‌گرت که ئێمه ده‌بێ پشت بکه‌ینه خه‌باتى سیاسى و فراوانبوونهوهى خاو بکه‌ینه‌وه و دامێنه‌کانى سنووردار و ئامانجه‌کانیشى بهێنینه خواره‌وه. به‌ڵام ئێمه باڵى سیاسى، به پێچه‌وانه‌وه له هه‌مان پێشینه‌وه ئهنجامگیرییهکى ته‌واو جیاوازمان به‌ده‌سته‌وه گرت. ئه‌ویش ئه‌وه بوو که هه‌رچى زیاتر خه‌باتێک که ئێستا له بره‌ودایه قووڵ بکه‌ینه‌وه. ئێمه ده‌بێ به هه‌مان ئاست فراوانتر و ڕاوهستاوانهتر و لێبڕاوانه‌تر و به داهێنان و توانایى زۆره‌وه ئه‌م خه‌باته به‌ره‌و پێش به‌رین. له ئێستاشدا دیسانه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌م جیاوازییه‌دا به‌ره‌و ڕووین، به‌ڵام له هه‌لومه‌رجێکی تر و له شێوه‌یه‌کى تری‌دا. ئێستاش جیاوازییه‌که له‌و پێشینه‌یه‌وه ده‌ستپێ ده‌کات که ده‌ڵێت شۆڕشى دیموکراسى ڕاسته‌وخۆ شۆڕشى سۆسیالیستى نییه و ئه‌وه ته‌نها هه‌ژاران و بێبه‌شان نین که له‌م شۆڕشه‌دا "قازانج" ده‌که‌ن. ئا له‌م حوکمه‌وه بوو که ئه‌م شۆڕشه (شۆڕشى دیموکراتى) به قووڵى ڕیشه‌ى له پێداویستییه بهرپێنهگیراوهکانى گشت کۆمه‌ڵگاى بۆرژوازیدایه. ئێمه‌ش له هه‌مان ئه‌م پێشینه‌یه‌وه ئه‌و ئه‌نجامه ده‌گرین که چینى پێشڕه‌و پێویسته ئامانجه دیموکراسییه‌کانى خۆى هه‌رچى به‌رجه‌سته‌تره فۆرمووله بکا و هه‌رچى ڕۆشنتر و کامڵتره بیخاته ڕوو. درووشمى ده‌ستبه‌جێى دامه‌زراندنى کۆمارێک بخاته ڕوو. هاوکات بیرۆکه‌ى پێویستیی هێنانه‌سه‌رکارى حوکوومه‌تێکى شۆڕشگێڕى کاتى و تێکشکاندنى بێڕه‌حمانه‌ى به‌ره‌ى دژى شۆڕش، به فراوانى له‌نێو جه‌ماوه‌ردا په‌ره‌پێ بدات. نه‌یارانى ئێمه، گروپى ئیسکراى نوێ، دروست له هه‌مان پێشینه‌وه ئه‌و ئه‌نجامه ده‌گرن، که نابێ ئه‌نجامگیرییه دیموکراتییه‌کان به شێوه‌یه‌کى کۆکراوه بخرێته ڕوو، له‌نێویاندا درووشمى کۆماری، که ئه‌توانێ درووشمێکى عه‌مه‌لی بێت، له ده‌ستوور ده‌رده‌کێشن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ده‌بێ ئێمه خۆلا بده‌ین له جهماوهریکردنهوهى بیرۆکه‌ى پێویستیی هێنانه‌سه‌رکارى حوکوومه‌تێکى شۆڕشگێڕى کاتى. ئه‌م گرووپه باوه‌ڕى وایه که بڕیاردان له‌سه‌ر پێکهێنانى شووراى دامه‌زرێنه‌ران ئه‌توانێ سه‌رکه‌وتن بڕیار بدا و لێره‌شه‌وه بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ن که ئه‌رکى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ڕاوه‌ستانه‌وه به‌ڕووى به‌ره‌ى دژى شۆڕشدا ئامانجێکى چالاکى ئێمه پێک ناهێنێ، ئه‌م جیاوازییانه‌ش ئه‌کرێ له یه‌ک ئاماژه‌ى ناڕۆشندا (هه‌ر وه‌ک چۆن له فۆرمووله هه‌ڵه‌کانیاندا بینیمان) بۆ "پرۆسه‌ى خه‌باتى ڕووبه‌ڕوو" بخنکێندرێ و بتۆێندرێنهوه. ئه‌مه ئیتر زمانى ڕابهرانێکى سیاسى نییه. به‌ڵکوو زمانى یه‌کێک له لیژنه پهککهوتهکانى چاودێرانى ئه‌رشیڤه!" (لێنین دوو تاکتیکى سۆسیال دیموکراته‌کان له شۆڕشى دیموکراتیدا ... به‌رگى ٩، لاپه‌ڕه ٤٠-٤١، هێڵى جه‌خت له ئێمه‌وه‌یه. که‌وانه‌کان له ده‌قه‌که‌دایه.)
ئه‌مه ئه‌و به‌ڵگانه‌یه که لێنین به‌هۆیه‌وه "به‌رئه‌نجامه سیاسییه‌کان"ى مارکسیزمى عهلهنى و ئیکۆنۆمیسته‌کان و مه‌نشه‌ڤیکه‌کان "په‌سه‌ند ناکات". ئه‌وه‌شى که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌رنج ڕاده‌کێشێت ئه‌وه‌یه، که لێنین نه ته‌نها هیچ ئاماژه‌یه‌ک، نه لێره‌دا و نه له ته‌واوى کتێبى "دوو تاکتیک"دا، به جیاوازى بۆچوونه‌کان له شیکردنه‌وه‌ى فۆرماسیۆنى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى ڕووسیادا ناکات، به‌ڵکوو له پێناو بهرجهستهکردنهوهى جیاوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌کاندا، یانى جیاوازییه‌ک که له بوارى میتۆدۆلۆژیی دهخاڵهتگهرانهى بۆڵشه‌ڤیزم و جێگاى خه‌باتى پهیگیرى سیاسى بۆ گرتنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی، پێداگرى ده‌کاته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى چاوپۆشیکردن له‌و ئاسته له هه‌بوونى لێکچوونى پێشینه و لێکدانه‌وه ئابوورییه‌کان، که له نێوان هه‌موو باڵه‌کانى سۆسیال دیموکراسیدا هه‌یه. به‌م جۆره‌ش جیاوازییه‌کان به ته‌واوى به‌و به‌رئه‌نجامه سیاسى و عهمهلییانهوه گرێ ده‌داته‌وه که له پێشینه و شیکردنه‌وه‌ى هاوشێوه‌وه به‌ده‌ست هاتوون. گه‌ر میتۆدۆلۆژیی تایبه‌تى لێنین "به شێوه‌یه‌کى تر" بێت، که به‌پێى قسه‌ى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له ئابوورى و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى ڕووسیاوه بۆى ده‌ڕوانێت، ئه‌وا لێنین له‌م جۆره میتۆدۆلۆژییه بێ ئاگایه. به پێچه‌وانه‌ى یه‌کێتیی کۆمۆنیستییه‌وه، ئه‌وه لێنینه که پێداگرى ده‌کات له‌وه‌ى هه‌موو سۆسیال دیموکراته‌کانى ڕووسیا بناغه ئابوورییه‌کانى شۆڕشى دیموکراسیى ڕووسیا و خه‌سڵه‌تى بۆرژوازیبوونى ئه‌م شۆڕشه و توانایى و جیاوازییه‌کانى له‌چاو شۆڕشى سۆسیالیستی‌دا، که‌م تا زۆر، وه‌ک یه‌ک و "دروست" لێک داوه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆڵشه‌ڤیزم له‌سه‌ر ئه‌نجامگیرییه سیاسى و عه‌مه‌لییه‌کان که‌وتۆته به‌رامبه‌ر مهنشهڤیزمهوه. ئه‌مه‌ش ئیتر ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ى جیاوازییه کۆنه‌کانى نێوان باڵى سیاسى و تێکۆشه‌ر و بۆڵشهڤیکهکانه، له‌گه‌ڵ باڵى ئاکادیمیستى و ئیکۆنۆمیستهکاندا، که هه‌ردوو ئه‌مانه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌نشه‌ڤیکه‌کاندا له یه‌ک خاڵدا هاوبه‌شن: خۆلادان له ههڵوێستگرتنێکى چالاکانه له شۆڕشى دیموکراتى و خه‌باتى سیاسى، هه‌روه‌ها پشت‌کردن له مه‌سه‌له‌ى ئاڵوگۆڕپێدانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له شۆڕشێکى ناسۆسیالیستیدا و سپاردنى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به بۆرژوازى و فه‌رامۆشکردنى پێداویستییه حهیاتییهکانى پرۆلیتاریا، یانى ئه‌وه‌ى که خواسته دیموکراسییه‌کان تا ئه‌وپه‌ڕى په‌ره‌پێ بدرێ و به ئه‌نجامى مه‌نتیقى خۆى بگات، که بریتییه له ده‌ستڕاگه‌یشتن به حوکوومه‌ت و کۆمارێکى دیموکراتیک. حوکوومه‌تێک که پێویسته ته‌نانه‌ت بۆ که‌سێک ئه‌گه‌ر به ڕاستى دیموکراسى ده‌وێت، تا وه‌ک ئامرازێک بۆ سه‌رکوتى دوژمنانى دیموکراسى به‌کارى به‌رێ. لێره‌دایه لێنین ڕاسته‌وخۆ یه‌کێتیی کۆمۆنیستى بانگه‌واز ده‌کات. که‌سانێک بانگه‌واز ده‌کات که له "سهرمایهداربوونى" ئێران به‌پێى خشته‌کانى خۆیان، به‌و بۆچوونه پووچه ده‌گه‌ن، که ده‌ڵێ "له شۆڕشى سیاسی‌دا، ده‌سه‌ڵات له‌نێوخۆى چینى ده‌سه‌ڵاتداردا، له توێژێکه‌وه بۆ توێژێکى تر ده‌گوێزرێته‌وه"، که‌سانێک که هه‌وڵدان بۆ کرده‌ى ڕابه‌ریی پرۆلیتاریا له شۆڕشدا بۆ دیمکراسى، به بیانووى ژێربیناى ئابوورى و نۆره‌ى مێژوویى چینه‌کانه‌وه، به هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌ڵێن به بۆرژوازى ده‌ده‌ن که له‌م خه‌باته‌دا بۆ دیموکراسى کاریان به‌سه‌ر حوکوومه‌ته‌وه نابێ و له "ئۆپۆزیسیۆن"دا ده‌مێننه‌وه، حوکوومه‌تێک که گرنگترین فاکتۆره بۆ زامنکردن، وه یان ژێرپێنانى دیموکراسى. جیاوازیی نێوان بۆڵشه‌ڤیزم و مه‌نشه‌ڤیزم له شۆڕشى دیموکراسیدا، به‌ر له‌وه‌ى جیاوازییه‌ک بێت له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ى فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له حاڵه‌تى شۆڕشدا، به‌ڵکوو جیاوازییه‌که له ده‌رککردنى میتۆدۆلۆژیى مارکسیستیی لێکدانه‌وه و پراکتیکدا. بێگومان لێره‌وه ده‌بێ بۆ خودى مارکس بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک نه بۆ ڕه‌خنه‌ى ئه‌و له ئابووریی سیاسى، به‌ڵکوو بۆ ڕه‌خنه‌یه‌ک که له ماتهریالیزمى میکانیکى و جه‌برگه‌رایى و یه‌کلایه‌نه‌ى پێش خۆى هه‌یه‌تى. لێنینیزم ده‌رکه‌وته‌ى به‌کرده‌وه و درێژه‌پێده‌رى ئه‌م ڕایه‌ڵه دیاریکراوه‌یه له بیرى مارکسیستیدا. یانى ماتهریالیزمى دیالێکتیکى، ماتهریالیزمێکى چالاک و ده‌خاڵه‌تگه‌ر که جێگاى ڕاسته‌قینه‌ى پراتیکى شۆڕشگێڕانه له ئاڵوگۆڕپێدانى کۆمه‌ڵگادا ده‌ناسێ و سیمبۆل و داکۆکیکه‌ر و لایه‌نگرى فیکرى و عه‌مه‌لیى ئه‌و تێزانهیه که مارکس ده‌رباره‌ى فۆیه‌رباخ وه‌ک سیما تایبه‌تى و جیاکه‌ره‌وه‌کانى بیرى شۆڕشگێڕانه له بوارى ڕه‌خنه‌یدا له فه‌لسه‌فه‌ى سکۆلاستیکى خستوویه‌تییه ڕوو. دووباره ئه‌وه خودى لێنینه که له دیاریکردنى ڕیشه‌ى جیاوازى نێوان بۆڵشه‌ڤیزم و مهنشهڤیزمدا، به تێزه‌کانى مارکس ده‌رباره‌ى فۆیه‌رباخ ده‌گات:
"بڕیارنامه‌ى مه‌نشه‌ڤیکه‌کان ... له‌باتى ئه‌وه‌ى ئه‌و خاڵه ڕۆشن بکاته‌وه که پرۆلیتاریا له ئێستادا ده‌توانێ چۆن "ڕه‌وه‌ندى شۆڕشگێڕانه به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێ"، له‌باتى ئامۆژگاریکردن سه‌باره‌ت به خۆئاماده‌کردنى دیارکراو له پێناو خه‌بات له‌دژى بۆرژوازى کاتێک که له دژى ده‌ستکه‌وته شۆڕشگێڕییه‌کان ڕاده‌وه‌ستێته‌وه، یه‌ک وه‌سفى گشتى له یه‌ک پڕۆسه به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. وه‌سفێک که هیچ شتێک له باره‌ى ئامانجه دیاریکراوه‌کانى هه‌ڵسووڕانى ئێمه‌وه ناڵێت. ڕه‌وشى ئیسکراى نوێ له خستنه‌ڕووى بۆچوونه‌کانیدا ئینسان ده‌گێڕێته‌وه بۆ بۆچوونه‌کانى مارکس (که له تێزه‌کان سه‌باره‌ت به فۆیه‌رباخ ئاشکراى کردووه) له باره‌ى ماتهریالیزمى کۆنه‌وه، ماتهریالیزمێک که له‌گه‌ڵ بۆچوونه دیالێکتیکییهکاندا بێگانه‌یه. مارکس ده‌ڵێت: فه‌یله‌سووفه‌کان جیهانیان له ڕێگاى جۆراوجۆره‌وه لێکداوه‌ته‌وه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که گۆڕینییهتى. گرووپى ئیسکراى نوێ دروست به هه‌مان شێوه ده‌توانێ لێکدانه‌وه و وه‌سفێک له پڕۆسه‌ى خه‌باتێک که به به‌رچاومانه‌وه که‌وتۆته ڕێ، بخاته ڕوو، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کى گشتى له‌و ڕووه‌وه بێ توانایه که درووشمێکى دروست بۆ ئه‌م خه‌باته بخاته ڕوو. ڕابه‌رانى باش و ڕابه‌رانى خراپ. ئه‌وان به فه‌رامۆشکردنى ڕابهرییهکى چالاک که ڕۆڵى ڕێنماییکه‌ر ده‌بینێ و ده‌توانن و ده‌بێ له مێژوودا، له ڕێگاى ئه‌حزابێکه‌وه پێشمه‌رجه مادییه‌کانى شۆڕش به‌ده‌سته‌وه بگرن و خۆیان له ڕیزى پێشه‌وه‌ى چینه پێشڕه‌وه‌کان داناوه و ده‌ور ده‌گێڕن. ده‌رکى ماتهریالیستى بۆ مێژوو پووچ ده‌که‌نه‌وه. (هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو، به‌رگى ٩، لاپهڕه٤٤. که‌وانه‌کان و هێڵه دوانییهکانى جه‌خت له ده‌قه‌که‌دایه و ئه‌وانى تر له لایه‌ن ئێمه‌وه‌یه)
ئایا ئیتر ڕۆشن نییه، که خودى لێنین چۆن بۆ جیاوازییه‌کانى نێوان خۆى و مه‌نشه‌ڤیکه‌کان سه‌رنجى داوه؟ هه‌مان ده‌رکى پراتیکى و دیالێکتیکییه له مارکسیزم و ماتهریالیزمى مێژوویى که بناغه‌ى میتۆدۆلۆژیی لێنین پێک ده‌هێنێ، نه‌ک تواناى ئه‌و وه‌ک موفهسیرێکى باشى ئابووریی ڕووسیا. به‌م جۆره مه‌سه‌له‌که قسه‌کردنه له‌سه‌ر ناسینى ڕۆڵ و جێگاى توخمى چالاکى شۆڕشى پرۆلیتار، له شکڵدان به مێژووى واقیعى و بردنه پێشه‌وه‌ى شۆڕش و گێڕانى ڕۆڵى ڕێنماییکه‌ر له ڕێگاى ئه‌حزابێکه‌وه که خۆیان له ڕیزى پێشه‌وه‌ى چینه پێشڕه‌وه‌کان داناوه. ئیتر ڕۆشنه بۆ ڕۆشنبیرانێکى ئه‌کادیمیست که تازه له دڵى شۆڕشه‌وه چرایان هه‌ڵکردووه و له‌ملا و ئه‌ولاى ئابووریی کۆمه‌ڵگاوه که‌وتوونه‌ته دواى دۆزینه‌وه‌ى چینى پێشڕه‌و و "گرنگ"ه‌وه، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م میتۆدۆلۆژییه و ئه‌م تێڕوانینه‌دا بێگانه‌ن.
ئایا ئه‌م پێداگرییه‌ى ئێمه (هه‌روه‌ها لێنینیش) له‌سه‌ر ڕۆڵى چاره‌نووسسازى توخمى چالاک له پڕۆسه‌ى شۆڕشدا بۆچوونێکى ڤۆلنتاریستى(ئیرادهگهرى) نییه؟ ئایا له‌م میتۆدۆلۆژییه‌ى لێنیندا توخمى چالاک نه‌کراوه به هێزێک که هه‌رچییه‌کى بوێت، بیکات؟ (ئه‌مه ئه‌و تۆمه‌ته‌یه که به زۆرى ده‌درێته پاڵ لێنین) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه، نه‌خێره. چونکه لێنین له باره‌ى ده‌رککردنى پێشمه‌رجه مادییه‌کانى شۆڕشه‌وه، له ئه‌حزابى پێشڕه‌و ده‌دوێ. ئه‌م پێشمه‌رجه مادییانه هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌ن که له بیرى دیترمینستى مۆنشهڤیکهکان و یه‌کێتیی کۆمۆنیستیدا گۆڕدراون به توانایییهکى ڕه‌ها. ئه‌و دراوانه‌ى (بابه‌ت) که له خشته و پێناسه لهپێشدابۆکراوهکانهوه بۆ شۆڕش و ئه‌وه‌ى "ئه‌بێ و نابێى مێژوویى که مه‌نشه‌ڤیکه‌کان و یه‌کێتیی کۆمۆنیستی لێى ده‌رده‌کێشن. هه‌لومه‌رجى بابه‌تى له میتۆدۆلۆژیی مارکس و لێنیندا، شوێنى واقیعى خۆیان ده‌گرن. دراوه خێرا و ڕاسته‌وخۆکان، بچووک و گه‌وره‌کانیان، به‌رئه‌نجامى بزاوتى توخمى چالاک نین. به‌ڵکوو که‌لێن و سنوور و دامێنه‌کانى کارى ئه‌م توخمه چالاکه پێک ده‌هێنن. ئه‌م که‌لێن و سنوورانه‌ش خشته و پێناسه‌یه‌ک بۆ شۆڕش و بڕیاره‌کانى نین، ته‌نانه‌ت لیستگرتنى ئه‌و چینانه نییه که یه‌ک له‌دواى یه‌ک ڕۆڵى "گرنگى مێژوویى"یان هه‌یه و له قاڵبى "هاوسێیه‌تى" شێوه‌کانى به‌رهه‌مهێنانى باودان. به‌ڵکوو ئه‌م که‌لێن و سنوورانه ئه‌و به‌ربه‌سته ماددى و کۆمه‌ڵایه‌تییانه و ئه‌و بار و دۆخه بابه‌تییه ئابوورى و سیاسییانه و ئه‌و سنوور و دواکه‌وتوویییه ڕێژهیییانهن که به‌شێکن له توخمی زاتى شۆڕشى پرۆلتاریا و ده‌ستبردن بۆ کارى شۆڕشگێڕانه‌ى خێراى سۆسیالیستییانه‌ى سه‌رکه‌وتوو، یانى ده‌ستبردن بۆ پراتیکێک له پێناو دامه‌زراندنى دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا و لێدانى کۆتایى له موڵکدارێتى تایبه‌تى ڕاسته‌وخۆ نامومکین ده‌که‌ن. ئه‌مه‌یه ئه‌و به‌شه له پێناسه‌کردنى "به‌ربه‌ست" که ئه‌توانێ و ده‌بێ سه‌رنجى بۆ بدرێ. له ڕۆماى سه‌رده‌مى سه‌ره‌تاییدا، له خوارهوهبووونى ئاستى هێزه‌کانى به‌رهه‌مهێنان، وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکى ڕه‌هاى به‌ربه‌سته‌کانى سه‌ر ڕێگاى شۆڕش ناژمێردرێن. هه‌روه‌ها دواکه‌وتوویى ئابوورى، وه یان ئیستبداد له سه‌ده‌ى بیسته‌مدا، پێناسه و تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵگاى ئه‌م سه‌ده‌یه نییه، به‌ڵکوو ئه‌مانه به‌ربه‌سته‌کانى سه‌ر ڕێگاى کامڵبوونى ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانه‌یه که له بارى مێژوویییه‌وه ئیمکانى هه‌یه. ئه‌وانه شێوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کن که له هه‌مان کاتدا بابه‌تین و به شێوه‌ى ماددی، بوونیان هه‌یه، به‌ڵام له‌چاو سه‌رده‌مى خۆیدا "ده‌ره‌کین" و پێویستیی مێژوویى خۆیان له‌ده‌ست داوه. ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ى که له‌سه‌ر ڕێگاى ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانه‌ن، دراوى هه‌مان کۆمه‌ڵگان و له‌بارى مێژووییه‌وه تێپه‌ربوون لێیان له توانادایه. شۆڕشى دیموکراتى بۆ لێنین، پڕۆسه‌یه‌که که تێیدا پرۆلیتاریا بتوانێ له‌م به‌ربه‌ستانه بدا و خۆى له هه‌لومه‌رجێکى بابه‌تى باشتر و یاریدهدهرتردا دابنێ و به‌ره‌و شۆڕشى خۆى بیان بات. که‌وایه بۆچى "شۆڕش"؟ چونکه سه‌ربه‌خۆ له ئیراده و نه‌خشه‌ى لهپێشهوهدانراوى هه‌ر که‌سێک، خودى کۆمه‌ڵگا له‌دژى ڕووه جۆراوجۆره‌کانى ئه‌م پاشکهوتووییانه و سه‌نگى کۆن که له بهرپێدان، دێنه نێو شه‌پۆلێکى شۆڕشگێڕانه‌وه. بۆچى "دیموکراتى"؟ چونکه خواستى دیموکراسى و چاکسازیی دیموکراسى هۆکارى هێزهبزوێنهرهکانى ئه‌م شهپۆلدانهیه. چونکه جگه له پرۆلیتاریا توێژگه‌لێکى فراوانترى کۆمه‌ڵایه‌تى پێیان ناوه‌ته مه‌یدانى خه‌باتى زهبروزهنگانهوه له‌دژى بار و دۆخێک که هه‌یه. چونکه ئه‌مه یه‌ک بزووتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕانه‌ى هه‌مووانه و له‌م بڕگه‌یه‌دا و له شێوه‌ى ههمهخهڵکییهکهیدا، ئامانجێکى زیاتر له دیموکراسى و چاکسازى دیموکراتییانه‌ى نییه. بوونى شۆڕش و خه‌سڵه‌ته دیموکراتییهکهى نه له لایه‌ن لێنین و تروتسکییهوه، وه نه له لایه‌ن مارکسیزمى عه‌له‌نییه‌وه، هیچکامێکیان دیاری‌یان نه‌کردووه. ئه‌م ڕاستییه به هه‌مان پله بابه‌تییه که خودى ڕووسیا و ئابوورى و پێکهاتى چینایه‌تییه‌که‌ى بابه‌تین. مه‌سه‌له‌که به ته‌واوى په‌یوه‌ندى به شێوه‌ى مامه‌ڵه‌کردنى حیزبى پێشڕه‌وه‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م شۆڕشه‌دا. حیزبێک که "هه‌لومه‌رجه مادییه‌کانى ئه‌م شۆڕشه‌ى ناسیوه". ماتهریالیزمى میکانیکى و سروشتى- گه‌شه‌کردن، که به‌لاى مه‌نشه‌ڤیکه‌کانه‌وه ده‌گات به‌وه‌ى که مێژوو دابڕاوێکه وه‌ک خشته له‌پێشه‌وه دروستکراوه‌کانى نێو بیر و هۆش که به‌ر له مێژووى واقیعى و خه‌باتى زیندووى چینایه‌تییه‌وه دانراون و چاره‌یه‌کیان نییه جگه له‌وه‌ى که شۆڕش له قاڵبێکى کڵێشه‌سازى و "شۆڕشى بۆرژوا- دیموکراتیک"دا، یانى قوناغێکى "مێژوویى" که به‌پێى پێناسه "بۆرژوازى ڕابه‌رى شۆڕشه" بگونجێنێ. لێنین که له مێژووى واقیعى و به‌رهه‌مى بابه‌تییانه‌ى ئه‌م مێژووه‌وه، یانى له پرۆلیتاریا و پێداویستییه‌کانى ئه‌م چینه و توانا واقیعییهکانییهوه ده‌ستپێ ده‌کات، خوازیارى زیاتر ڕۆیشتنه له ئاست چاوه‌ڕوانى و ئاره‌زووه‌کانى چینى بۆرژوازى له‌م بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕانه‌یه‌دا و به‌دواى فراوانکردنهوهیهتى تا دوا پله‌ى چاوه‌ڕوانى چینه‌که‌ى. یانى ڕادیکاڵترین هێزى واقیعیى نێو شۆڕش. سروشتییه که له‌م شێوه مامه‌ڵه‌کردنه‌ى زۆرتر بردنه پێشه‌وه و "به‌ره‌وپێشبردن"هى شۆڕشدا، ئه‌وه ئه‌رکى خودى چینى کرێکاره که خوازیارى تێک و پێکشکاندنى یه‌کجاریی به‌ربه‌سته دژى دیموکراتییه‌کان له خه‌باتى چینایه‌تیدا بێت. سروشتییه که ئه‌م بۆچوونه له پێناو ئه‌رکى ڕابه‌رێتى پرۆلیتاریا له بزووتنه‌وه‌ى شۆڕشگێرانه و درێژه‌پێدانى ئه‌م ڕابهرایهتییهدا، تا ئه‌و شوێنه‌ى که بزووتنه‌وه‌یه‌که بۆ گرتنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، به‌ده‌سته‌وه گرتووه بڕوات. بۆ ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕێى دانى هیچ فۆرموولهیهکى تیۆرى نییه له لایه‌ن لێکۆڵه‌ره مارکسیستییه پاسیڤیستییهکانى نێو مه‌نشه‌ڤیکه‌کانه‌وه. پرسیارێکى بنه‌ڕه‌تى که لێنین له‌به‌رامبه‌ر خۆیدا دای ده‌نێت، ئه‌وه‌یه که چۆن ده‌توانێ له ڕێگاى هێزى خۆى و چینى کرێکاره‌وه و به پشتبه‌ستن به هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى تر، که خوازیارى ئاڵوگۆڕى دیموکراسیى بنه‌ڕه‌تین، ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ى که له ساڵى ١٩٠٥دا له‌سه‌ر ڕێگادان به خێراترین و به کهمدهردیسهرترین شێوه، که له توانادایه لاببات. بۆ لێنین ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه جێگاى هه‌یه که پێویستیی "شۆڕشى دیموکراسى" به‌ده‌ستهێنانى کۆمارێک ده‌خاته ڕوو. جیاوازى بۆڵشه‌ڤیزم و مه‌نشه‌ڤیزم له شۆڕشى دیموکراسیدا له‌وه‌دایه که بۆڵشه‌ڤیزم ئه‌م شۆڕشه به وێنه‌ى بزووتنه‌وه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى له ڕوانگه‌ى سیاسه‌تى پرۆلیتاریا و خه‌باتى چینایه‌تییه‌وه لێک ده‌داته‌وه. له کاتێکدا مه‌نشه‌ڤیزم ئه‌م شۆڕشه له ده‌روازه‌ى "په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵگاى ڕووسیا"وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ. که به‌رئه‌نجامێکى سیاسى و پراتیکى تر‌ى لێ به‌ده‌ست دێت. بۆڵشه‌ڤیزم خودى پرۆلیتاریا، به هێزى بزوێنه‌ر و سه‌ره‌کى و ڕابه‌رى خه‌بات له پێناو یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کۆسپه بابه‌تى و خودییه‌کان ده‌زانێ و بانگه‌وازى ئه‌م چینه‌ش ده‌کات تا ئه‌م رۆڵه بگێڕێ. له کاتێکدا مه‌نشه‌ڤیزم ئه‌م ئه‌رکه به ئه‌رکى "میژوویى" ئه‌و چینانه ده‌زانێ که له بارى مێژویییه‌وه جێگاى "گرنگ"یان هه‌یه و پێویسته ئه‌و ڕۆڵه له‌پێشه‌وه دیاریکراوه‌یان بخرێته ئه‌ستۆ که له‌سه‌ر ڕێگاى "په‌ره‌سه‌ندنى" کۆمه‌ڵگادایه، تا نۆره‌ى خۆیان تێپه‌ڕێنن و "به‌رهه‌مى مێژوویى" خۆیان پێشکه‌ش بکه‌ن و دواتریش پرۆلیتاریا بهێننه نێو کارى پراتیکه‌وه و به‌م جۆره‌ش دوایین په‌رده‌ى نمایشه‌که پێشکه‌ش بکرێ. له دیدگاى مه‌نشه‌ڤیکه‌کاندا ده‌خاڵه‌تى پرۆلیتاریا له "ڕابه‌ریکردنى بزووتنه‌وه ناسۆسیالیستییهکان"دا و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى که "په‌ره‌سه‌ندنى مێژوویى" دێنێته ئاراوه، دهڕووشێنرێ و پێیان وایه "له نێوان تێپه‌ڕاندنى مێژوودا" هه‌نگاونانى تر مه‌حاڵه. هه‌ر بۆیه خشته تیۆرییه‌کان ڕیز ده‌کرێن و دواجار پرۆلیتاریاى سه‌رکه‌ش ده‌کرێته "کهرسوارى" (ته‌عبیرى مه‌جازى پاشکۆیهتیکردنى کرێکارانه بۆ چینه‌کانى تر له ئالۆگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا- وه‌رگێڕ) هه‌مان گۆڕانکارى ناپرۆلیتارییانه له کۆمه‌ڵگادا، که به حوکمى هه‌لومه‌رجى بابه‌تی، کۆمه‌ڵگا ده‌بێ به شێوه‌یه‌کى "جه‌برى" پێیدا تێپه‌ڕ ببێت. له ته‌واوى کتێبى دوو تاکتیکدا باسى لێنین له‌سه‌ر ئه‌م دوو تێڕوانینه و ئه‌م دوو میتۆدۆلۆژییهیه.
ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه، ده‌بینین که ئه‌وه مهنشهڤیکهکانن، نه‌ک لێنین، که ستراتیژیى شۆڕشى ڕووسیایان به دیاریکراوى و ڕاسته‌وخۆ له ئابووریى ڕووسیاوه (ئه‌ویش به "هاوسێیه‌تی و به‌بێ "هاوسێ"یهتییهوه) ده‌رکێشاوه. پاشکهوتوویى سه‌رمایه‌داریى ڕووسیا بۆ مه‌نشه‌ڤیزم بۆته حوکمێک بۆ لهدواوهڕاگرتنى پراتیک و کرده‌وه‌ى سیاسیى پرۆلیتاری ڕووسیا. به‌ڵام بۆ لێنین، یه‌که‌م هه‌ر وه‌ک وتمان ئابوورى سه‌رچاوه‌یه‌ک نییه بۆ ئه‌نجامگیریى پراتیکى شۆڕشگێڕانه، به‌ڵکوو شه‌رت و مه‌رجى ئه‌م پراتیکه وێنا ده‌کات. دووه‌میش، چ "ئابووریى ڕووسیا" و چ "پرۆلیتاریا" هه‌ردووکیان له جه‌رگه‌ى هه‌لومه‌رجێکى نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌به‌رچاو ده‌گیرێن. ئه‌وه‌ى که لێنین له سه‌ره‌تاى کتێبى گه‌شه‌ى سه‌رمایه‌دارى له ڕووسیادا له باره‌ى په‌یوه‌ندییه جیهانییه‌کانى ئه‌م ئابوورییه‌وه ده‌دوێ و کاریگه‌رییه‌کانى که‌مێک جیا ده‌کاته‌وه، هه‌رگیز به‌و مانایه نییه که "شۆڕشى ڕووسیا" به مه‌سه‌له‌یه‌کى ته‌نها و ڕووتى ڕووسیایییهکهى گرتۆته پێشچاو. به‌ڵکوو به‌لاى لێنینه‌وه شۆڕشى ڕووسیا مه‌یدانێکه "له شۆڕشه پرۆلیتێرییهکانى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م" که تازه به که‌مێک دواکه‌وتنه‌وه کارى خۆى بردۆته سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه. مارکس ده‌ستپێکى سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییهکانى له ئابووریى ڕووسیاوه به به‌رئه‌نجام وه‌ر نه‌گرتووه. مانیفێستى کۆمۆنیست به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى سه‌رمایه‌دارى و پرۆلیتاریا و پیشه‌سازى وه‌ک دیارده‌یه‌کى جیهانییه‌وه، ڕۆڵى پرۆلیتاریا له شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى چه‌رخى نوێ‌دا، ڕاگه‌یاندووه. به‌م هۆیه‌شه‌وه چینى کرێکار به‌پێى پێناسه‌یه‌ک و هه‌روه‌ها به‌پێى ده‌رکێک که لێنین له‌م چینه هه‌یه‌تى، چینێکى نێونه‌ته‌وه‌ییه. شۆڕشى ڕووسیا مه‌یدانێکه له شۆڕشى ئه‌م چینه. به‌م خاڵه به‌هێزه مێژوویى و جیهانییه‌وه‌یه که لێنین ڕۆڵى ڕابه‌ریى پرۆلیتاریا له به‌ره‌ى شۆڕشى ڕووسیادا به فه‌رز وه‌رده‌گرێ. ئه‌و خۆى توخمێکى شۆڕشى پرۆلیتاریایه و بۆئه‌وه‌ى بزانێت چ که‌سێک ده‌بێ له ڕووسیادا شۆڕش بکا و به چ ئه‌نجامێکى بگه‌یه‌نێت، له ئابووریى ڕووسیاوه ده‌ستپێ ناکات، به‌ڵکوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له خودى خۆیه‌وه (پرۆلیتاریا) و له سه‌رده‌مى شۆڕشه‌کانى خۆیدا و له به‌یاننامه‌ى ڕاگه‌یاندراوى مه‌وجودییه‌تى ئه‌م چینه‌وه (مانیفێستى کۆمۆنیست) ده‌ستپێ ده‌کات. هێنانه‌خواره‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان ئابوورى و سیاسه‌ت بۆ سه‌ر یه‌ک په‌یوه‌ندیى "میللی" که هه‌ر جاره و له هه‌ر وڵاتێک‌دا ده‌بێ سه‌رله‌نوێ له مه‌حه‌ک بدرێته‌وه، یه‌کێکه له لادانه بۆرژوازییه‌کان له مارکسیزمدا، که کارى پێ ده‌کرێ. ئه‌وه نه یه‌کێتیی کۆمۆنیستى و نه ئه‌وانه‌ى که له‌نێو مه‌نشه‌ڤیکه‌کانه‌وه سه‌ریان ده‌رهێناوه، ڕێگه‌پێدراو نین که "شۆڕشى پرۆلیتێرى" و "ڕابه‌ریی پرۆلیتاریا" له شۆڕشه‌کانى سه‌رده‌مى ئێمه‌دا، به‌هۆى دواکه‌وتوویى ئابوورییه‌وه له‌م یان له‌و تاک وڵاته‌دا سنووردار بکه‌ن. چینى کرێکار چینێکى جیهانییه، سه‌رمایه‌دارى سیسته‌مێکى جیهانییه، شۆڕشى پرۆلیتاریا دیارده‌یه‌کى جیهانییه. هه‌ر بۆیه پرۆلیتاریا له هه‌ر وڵاتێک‌دا له پێناو گێڕانى ده‌ورى پێشڕهوانهى خۆى پێویست ناکات سه‌رله‌نوێ له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئامار و لیژنه‌کانى ئه‌و وڵاته‌وه و به‌به‌رچاوى چاودێرانێکى "بێلایه‌ن"ى وه‌ک یه‌کێتیی کۆمۆنیستییه‌وه ئه‌و به‌ڵگه‌نامه ئیمزالێدراوانهى که کافیبوونى ژماره‌ى دوکه‌ڵکێشى کارگه‌کان و ڕێژه‌ى له سه‌داى کرێکارانى پیشه‌سازى له‌چاو گشت دانیشتواندا "گرنگى" چینى کرێکار له ئابوورى و شتى له‌م جۆره ده‌سه‌لمێنن، بخاته به‌رده‌م ئۆرگانه بڕیاربه‌ده‌سته‌کانى ئۆردوگاى لیبراڵیزمى چه‌په‌وه{٣}.
ته‌واوى ڕێفۆرمیزم و سازشى چینایه‌تیى مه‌نشه‌ڤیزم له‌وه‌دایه که یه‌که‌م، سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌کى یه‌کلایه‌نه له ئابوورییه‌وه به‌رئه‌نجام وه‌رده‌گرن و دووه‌میش ئه‌و ئه‌نجامگیرییه‌ش ڕاسته‌وخۆ به پێوانه‌یه‌کى نیشتمانى و وڵاتى به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و دوو گۆشه‌یه‌یه که یه‌کێتیی کۆمۆنیستى به قسه‌ى خۆیان وه‌ک پایه‌کانى میتۆدۆلۆژیی لێنین به‌حیساب وه‌ری ده‌گرن. به‌ڵێ ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر "گه‌شه‌ى کۆمه‌ڵگاى ڕووسیا"یه به جیا له ڕاستییه‌کان و هه‌لومه‌رجه جیهانییه‌کان، ئه‌گه‌ر "جیهان" ته‌نها به ڕووسیا و پێکهاتى چینایه‌تى له ڕووسیادا سنوورداره، ئه‌گه‌ر پرۆلیتاریاى پیشه‌سازى له ئێستادا و به پێوانه‌یه‌کى جیهانی نه‌بووه به چینى پێشڕه‌وى سه‌رده‌مى خۆى، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌رکى حیزبى پێشڕه‌و ئه‌وه بێت که له‌سه‌ر ئه‌م بناغانه ڕه‌وتى مێژووى ڕووسیا لێک بداته‌وه، ئه‌و کاته ڕه‌نگه خستنه‌ڕووى پرۆسه‌یه‌کى له‌و بابه‌ته شوێنى له ئیعرابدا ببێ که پێى وابێت شۆڕش له ڕووسیاى دواکه‌وتوودا، وه‌ک ئاڵوگۆڕێکى قوناخبهندیکراوى کۆمه‌ڵایه‌تى، له ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌وه بۆ سه‌رمایه‌دارى و له سه‌رمایه‌داریشه‌وه بۆ سۆسیالیزم، به ڕابه‌ریی بۆرژوازى یه‌ک له‌دواى یه‌ک تێپه‌ڕێنێ و دواتریش- سه‌ره‌ى خۆمان- سه‌ره‌ى پرۆلیتاریا بێته پێشه‌وه. به‌ڵام جیهان ته‌نها به ڕووسیاوه سنووردار نییه. به هه‌مان شێوه که بۆرژوازیى ڕووسیا به ته‌نها له ڕوانگه‌ى ئابووریى ڕووسیاوه به ئاره‌زووى په‌رله‌مان نه‌گه‌یشتووه، (له کاتێکدا که په‌رله‌مانى به‌ریتانیا هه‌م بینرا و هه‌م له‌به‌رچاوه). پراتیکى پرۆلیتاریاش به هه‌مان شێوه ناتوانێ به ته‌نها وهرگێڕدراوێکى سیاسى بێت له بار و دۆخ و جێگاى "گرنگى" ئابووریى خودى ئه‌م چینه‌دا. هه‌روه‌ها سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییه‌کان دووباره له وه‌زعییه‌تى ڕووسیاوه ده‌رنه‌کێشراوه. سه‌رده‌مێک به‌و مانایه‌ى که تیایدا سیناریۆی قۆناغ بهقۆناغکردنى میکانیکییانه هیچ پهیوهندێکى خۆى به ماتهریالیزمى مێژوویییه‌وه گرێ ناداته‌وه. له ساڵى ١٩٠٥دا "ماتهریالیزمى مێژوویى "له هه‌نگاوى یه‌که‌مدا، یانى بهفهرزگرتنى پێویستیى ڕۆڵى پرۆلیتاریا له ئاڵوگۆڕه شۆڕشگێرییهکاندا و له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکاندا، چ له حاڵه‌تى ئۆپۆزیسیۆنبوون و چ له سبه‌ینێى سه‌رکه‌وتن و پێکهێنانى حوکوومه‌تدا، ته‌نانه‌ت به‌جیا له‌وه‌ى که ئه‌م ئاڵوگۆڕه شۆڕشگێڕییانه، ڕاسته‌وخۆ و خێرا به‌بێ وه‌ستان سۆسیالیستى بن یان نا، چونکه ئه‌م ئاڵوگۆڕانه به حوکمى هه‌لومه‌رجى بابه‌تى و مێژوویى نێونه‌ته‌وه‌یى، ئیتر به‌شێک نین له شۆڕشه بۆرژوا- دیموکراتییه کلاسیکییه‌کان، به‌ڵکوو پێشینهیهکن بۆ شۆڕشى سۆسیالیستیى پرۆلیتاریا.
با کورتى بکه‌ینه‌وه.
یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له خستنه‌ڕووى میتۆدۆلۆژیى لێنیندا، گشتیترین و بنه‌ڕه‌تیترین پایه‌کانى ئه‌م میتۆدۆلۆژییه‌ى ئاوه‌ژوو کردۆته‌وه:
١) خاڵى لێوهههستانى لێنین، که هه‌مان خاڵى بهفهرزگرتنى هه‌بوونى بابه‌تییانه و گرنگى مێژوویى پرۆلیتاریا، وه‌ک ڕابه‌رى شۆڕشه‌کانى سه‌رده‌م، ژێرپێ ده‌نێ. ئه‌م فه‌رزه لێنینیزمییهش له ده‌زگاى فیکریى یه‌کێتیی کۆمۆنیستیدا گۆڕدراوه بۆ "پاشکۆ" و "ئه‌نجام"ێک که ده‌بێ له شیکردنه‌وه‌ى بار و دۆخى ئابوورییه‌وه دهربکێشرێتهوه.
به‌م شێوه‌یه یه‌کێتیی کۆمۆنیستى لایه‌نگرى چینایه‌تى خستۆته شوێنى شیکردنه‌وه‌ی سهروچینایهتى و بابه‌تییه‌وه. لێکۆڵه‌ر دیسانه‌وه له سه‌نگه‌رى موفه‌سیر و دادوه‌رێکى بێلایه‌نه‌وه بڕیاری "گرنگیى مێژوویى چینه‌کان" ده‌دا و خۆى له مه‌قامى که‌سێک که له پێکهێنانى ئاڵوگۆڕى دیاریکراو و له‌پێشه‌وه پێناسه‌کراودا و له‌سه‌نگه‌رى چینێکى دیاریکراوه‌وه، که به‌رژه‌وه‌ندیداره، نابینێ و ته‌نها له حوکمى "زانست" و به‌رئه‌نجامه "زانستییه‌کان" که دراون، په‌یڕه‌وى ده‌کات.
٢) له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه دیترمینستى ئابوورى ده‌برێته جێگاى ماتهریالیزمى پراتیک و ده‌ست و پێى توخمى چالاک ده‌به‌ستێ و ڕۆڵى له به‌ره‌و پێشهوهبردنى مێژووی واقیعیدا ده‌خاته ژێر تیشکى موقهدهراتێکى حه‌تمییه‌وه، که به‌رئه‌نجامى بار و دۆخى ئابوورییه.
٣) ئه‌م دیترمینیزمه ئابوورییه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له چوارچێوه‌ى وڵاتى و نیشتمانیدا قه‌تیس ده‌مێنیته‌وه (ئه‌نجامگیریى ستراتیژیى شۆڕش له فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌رککردنى له مه‌وداى ڕووتى نیشتمانییه‌که‌یدا) دیسانه‌وه مه‌یدانى کار له‌به‌رده‌م پرۆلیتاریا‌دا ته‌نگ ده‌کاته‌وه. له ڕوانگه‌ى پراکتیکییه‌وه له وڵاتێکى دواکه‌وتوودا (له چه‌شنى ڕووسیاى ٩٠٥) ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه ده‌بێته مایه‌ى دواخستنى شۆڕش و کارى شۆڕشگێڕانه تا سه‌ر ئاستى له دواوه ڕۆیشتن و ڕه‌دووکه‌وتنی ڕێفۆرمیزم و لیبراڵیزمى بۆرژوازى.
ئه‌م میتۆدۆلۆژییه له ئاکامى مه‌نتیقى خۆیدا، ئه‌نجامگیرى ڕۆشنى مهنشهڤیکییانهى به‌دواوه ده‌بێ. میتۆدۆلۆژیى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى به شێوه‌یه‌کى په‌یگیرانه له لایه‌ن مه‌نشه‌ڤیکه‌کانه‌وه به‌کار هێنراوه. خودى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى بۆ ئه‌وه‌ى خۆى نه‌خاته به‌رامبه‌ر لێنینه‌وه، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى لێنین به‌ده‌ر له "ڕێ و ڕه‌وشته‌کان" له شۆڕشى دیموکراتى و ڕابه‌ریى پرۆلیتاریا له بزووتنه‌وه ناسۆسیالیستییهکاندا، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌کانى خۆیدا سازگار نیشان بدات، ناچار بووه به‌وه‌ى که له سنوورى هه‌مان میتۆدۆلۆژیدا ئه‌وه‌ى بابه‌تییه ده‌ستکارى بکات و ئابوورییه‌ک دابتاشێ که هه‌ڵوێسته‌کانى لێنین "ده‌یخوازێ". ئابوورییه‌ک دابتاشێ که له یه‌ک کاتدا ده‌ره‌به‌گایه‌تییه و له یه‌ک کاتى تردا سه‌رمایه‌دارییه. شۆڕشێک دابتاشێ که له یه‌ک کاتدا دیموکراتییه و له یه‌ک کاتى تردا سۆسیالیستییه. لێنینێک بخاته به‌رچاو که له یه‌ک کاتدا مارکسیستێکى عهلهنییه و له کاتێکى تردا هه‌وادارى فۆرموولبهندییهکانى ترۆتسکییه!
به‌ڵام به هه‌مان شێوه که له‌و گوته‌یه‌دا، که له وتارى "به‌رنامه‌که‌مان"، هێنامانه‌وه، بینیمان ڕه‌خنه‌ى خودى لێنین له میتۆدۆلۆژى پاسیڤیستانهى مه‌نشه‌ڤیکه‌کان و ئیکۆنۆمیسته‌کان و هه‌ڵوێستى له‌مانه زۆر ڕۆشنتره. له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییهکاندا، ئه‌وه پرۆلیتاریاى ڕووسیایه وه‌ک به‌شێک له له‌شکرى جیهانیی چینى کرێکار، له وڵاتى ڕووسیادا، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کۆسپ به‌ره‌و ڕووه، که ههنگاوههڵهێنانهوهى خێرا به‌ره‌و سۆسیالیزم بۆى بۆته کارێکى مه‌حاڵ. به‌ڵام شۆڕشێکى تر، یانى شۆڕشى دیموکراسى و هه‌مه خه‌ڵکى که به‌پێى خاسییهتهکانى خۆى ئه‌و کۆسپانه‌ى کردۆته ئامانجى خۆى، به‌م هۆیه‌شه‌وه نه‌ک هه‌ر شۆڕشێکى لهتوانابوودایه، به‌ڵکوو له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌دا ڕووداوێکه خه‌ریکه ڕوو ده‌دات، پرۆلیتاریا نه‌ک هه‌ر نابێ به‌هۆى نا سۆسیالیستیبوونى ئه‌م شۆڕشه‌وه خۆى بکێشیته که‌ناره‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌ک هه‌ر نابێ به حوکمى خشته تیۆرییه مهنشهڤیکییهکان، ڕابهرییهکهى به بۆرژوازى بسپێرێ، به‌ڵکوو ده‌بێ وه‌ک ڕابه‌رێک له‌م شۆڕشه‌دا به‌شدارى بکات. چونکه ئه‌وه ته‌نها خودى پرۆلیتاریایه که ده‌توانێ خه‌سڵه‌تێکى به‌هادار به‌م شۆڕشه ببه‌خشێ، که له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییهکاندا بۆى په‌یدا بووه. یانى گۆڕینى ئه‌م شۆڕشه به پێشینه و زه‌مینه‌کانى شۆڕشى سۆسیالیستى، شۆڕشێک که تایبه‌ته به چینى کرێکار. به پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌وه، ئه‌وه شۆڕشى ٩٠٥ ده‌گۆڕێ بۆ یه‌ک ڕێفۆرمى ناته‌واو که له‌چاو مێژوودا له‌دواوه‌یه و لانی زۆر ده‌یکاته کاریکاتۆرێک له "شۆڕشه گه‌وره‌کان"ى بۆرژوا- دیموکراتیکى سهدهکهنى ڕابردوو. ئه‌گه‌ر پرۆلیتاریا وه‌ک ڕابه‌رێک له‌م شۆڕشه‌دا به‌شدارى بکات، ئه‌وا ده‌بێ وه‌ک ڕابه‌رى حوکوومه‌تێک که له‌م شۆڕشه‌وه په‌یدا ده‌بێ، به‌شدارى بکات. چونکه شۆڕش بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسییه و ده‌سه‌ڵاتى سیاسیش ئامرازى تێکوپێکشکاندنى "له‌سه‌ره‌وه"ى به‌رگریى دژه شۆڕشه.
ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه‌یه که یه‌ک ڕابه‌رى ئینتهرناسیۆنالیستیى چینى کرێکار لێیه‌وه بۆ به‌ره‌ى شۆڕش له ڕووسیادا ده‌ڕوانێ، ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه‌یه که خودى ئه‌و ڕابه‌ره بۆچوونه‌کانى خۆى له‌سه‌ر شی کردۆته‌وه. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و ده‌رکه ڕۆشنه‌یه که بڕیاره لێره و له‌وێى ڕسته دروستکراوه بێ ناوه‌ڕۆکه‌کانى وه‌ک "هاوسێی و نا هاوسێى"، په‌یوه‌ندیی "ئابوورى و سیاسه‌ت" و نموونه‌کانى تر‌ى وه‌ک ئه‌مانه گرد و کۆ بکرێته‌وه، تا لیبراڵ چه‌په‌کانى ئه‌مڕۆ، دواى تێپه‌ڕبوونى ٨٠ ساڵ بتوانن ئه‌نجامه مهنتیقییهکانى مه‌نشه‌ڤیزم ئاوێزانى خۆیان بکه‌ن و به‌ناوى کۆمۆنیزم و لێنینه‌وه بهێڵنه‌وه.
٭ ٭ ٭
ئه‌م به‌شه لێره‌دا ته‌واو ده‌که‌ین. به‌ڵام بۆ ته‌واوکردنى باسه‌که، پاشکۆیه‌کى سه‌ربه‌خۆمان ده‌رباره‌ى بۆچوونه ئابوورییه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له کۆتایى هه‌ر ئه‌م به‌شه‌دا هێناوه‌ته‌وه. هه‌ر وه‌کوو پێشووتریش گرێ جه‌وهه‌رییه‌کانى "تیۆرى ئاماده‌سازیی شۆڕش" و مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵوێست له ده‌سه‌ڵاتى سیاسیمان له په‌یوه‌ند به‌و شۆڕشانه‌وه که هه‌لومه‌رج بۆ دامه‌زراندنى دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا تیایاندا ئاماده نییه، ڕۆشن کرده‌وه. له به‌شه‌کانى دواتردا باس له مه‌سه‌له‌ى "ده‌سه‌ڵاتى سیاسى" ده‌که‌ین و به شێوه‌یه‌کى دیاریکراو له باره‌ى ئه‌م خاڵانه‌وه ده‌دوێین:
١) ده‌رکى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى بۆ په‌یوه‌ندیى نێوان دیموکراتى و سۆسیالیزم. ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌که له بۆچوونى لێنیندا به‌تایبه‌ت له داڕشتنى ستراتیژیى عه‌مه‌لیى شۆڕشى پرۆلیتاریا‌دا ڕۆڵى بڕیارده‌رى هه‌یه. هه‌ر به‌و جۆره‌ى که بینیمان یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له شیکردنه‌وه‌ی خودى لێنیندا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به شێوه‌یه‌کى ڕه‌ها له قه‌ڵه‌مه‌وه دێنێته خواره‌وه و له "تیۆرى ئاماده‌سازى"دا خودى په‌یوه‌ندیى نێوان دیموکراسى و سۆسیالیزم ئاوه‌ژوو ده‌کاته‌وه. به هه‌رحاڵ چاوپۆشى له هه‌ر ئاماژهدانێکى تیۆرى، یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له شۆڕشى ١٩٧٩دا خۆى به خه‌باتێکه‌وه که ڕووى له دیموکراسى و به‌ده‌ستهێنانى مافه دیموکراتیکییهکانه په‌یوه‌ست کردووه. به‌ڵام له به‌شى داهاتوودا ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ین، که چۆن له‌م چوارچێوه دیاریکراوه‌شدا، تیۆری "ئاماده‌سازیی شۆڕش" به‌کرده‌وه ده‌گۆڕدرێ بۆ کۆمه‌ڵه خواستێکى نیوه‌ناچڵى لیبراڵى.
٢) مه‌سه‌له‌ى حوکوومهتى کاتیى شۆڕشگێڕ. ئایا حوکوومهتى کاتیى شۆڕشگێڕ خه‌یاڵێکه؟ له به‌شى دواتردا ده‌بینین که چۆن خه‌باتى شۆڕشگێڕانه له پێناو دیموکراسیدا، به‌پێى قسه‌ى خودى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى که نابێ ڕوو له خواستى حوکوومه‌تێکى دیموکراتیى شۆڕشگێڕ، وه‌ک ئامانجێکى تاکتیکى بنێ و له‌م په‌یوه‌نده‌شدا پێناسه‌ى بۆ ناوه‌ڕۆکى سه‌رکه‌وتنى "شۆڕشى سیاسى" وردتر هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. (له وتارى "ده‌وڵه‌ت له ده‌وره شۆڕشگێڕانهکاندا"، که له‌م ژماره‌یه‌ى "به‌ره‌و سۆسیالیزم"دا هاتووه، ئاماژه‌مان به هه‌ندێ خاڵ له‌م باره‌یه‌وه کردووه)، هه‌روه‌ها له باره‌ى بهڵگههێنانهوهیهکى کۆنى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى که له‌دژى حوکوومهتى دیموکراتیی شۆڕشگێڕ، دهیهنێتهوه، ده‌دوێین. که پێشتر به هه‌مان شێوه له لایه‌ن (پارۆوس) فۆرمووله کراوه و له لایه‌ن لێنینه‌وه وه‌ڵامى وه‌رگرتۆته‌وه. پرسیارێک که ده‌بێ وه‌ڵامی پێ بده‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه "ئه‌گه‌ر چینى کرێکار له‌سه‌ر سه‌رى شۆڕشێکى دیموکراسى ڕاوه‌ستا بێت و له حوکوومه‌تێکى شۆڕشگێڕانه‌دا باڵاده‌ست بێت، بۆچى ئه‌مه به ماناى شۆڕشى سۆسیالیستى نییه"، وه یان به به‌یانێکى تیۆرى تر، "ئه‌گه‌ر پرۆلیتاریا هێزى بزوێنه‌ر و توخمى چالاکى شۆڕشى دیموکراتى و سۆسیالیستى و هه‌ردووکیان بێت، ئه‌و کاته چۆن ده‌کرێ هه‌لومه‌رجى خۆیى بۆ یه‌کێکیان ئاماده بێ و بۆ ئه‌وى تریان ئاماده نه‌بێ". زهینیگهرایى و ئاکادیمیزمى زاتى ئه‌م "ناڕۆشنییه" ئهخهیهنه ڕوو.
٣) به هه‌مان شێوه تاکتیکى بوون به "ئۆپۆزیسیۆنى ڕێکخراوى دواى شۆڕش"، دیسانه‌وه فۆرموولبهندییهکى نوێ نییه. ئه‌مه هه‌مان تێزى کۆنى مهنشهڤیکهکانه و ئێمه به به‌شى خۆمان ئاماژه‌مان به خه‌سڵه‌ته بۆرژوا- لیبراڵییهکهى ئه‌م سیاسه‌ته دا.
٤) وه له کۆتاییدا پێویسته بۆ خودى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى وه‌ک بابه‌تێک که "له ده‌ره‌وه‌ى هۆش"دایه و وه‌ک هۆشیارییه‌کى "ماتهریالیزهبوو" سه‌رنجێک بده‌ین. له به‌شى داهاتوودا به پشتبه‌ستن به به‌یاننامه و وتاره تاکتیکییهکانى ئه‌م ڕه‌وته، جێگا واقعییهکهى له‌نێو هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانى کۆمارى ئیسلامی‌دا نیشان ده‌ده‌ین. لێره‌شدا زۆرتر له‌گه‌ڵ ئاکامه سیاسییه ڕاستڕه‌وییه‌کان و فۆرمووله تیۆرییه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى ئاشنا ده‌بین.
ڕوونکردنه‌وه‌کان:
{١}
ئه‌م بابه‌ته به‌شێکه له وتارێکى مه‌نسوور حیکمه‌ت به‌ناوى "یه‌کێتیی کۆمۆنیستی ئه‌ناتۆمى لیبراڵیزمى چه‌پ"، که به دوو به‌ش له گۆڤارى تیۆریک سیاسیى حیزبى کۆمۆنیستى ئێران، "به‌ره‌و سۆسیالیزم"، ساڵى ١٩٨٩ بڵاو کراوه‌ته‌وه.
{٢}
له‌م باره‌یه‌وه بگه‌ڕێره‌وه بۆ تێزه‌کانى مارکس سه‌باره‌ت به فۆیه‌رباخ. له باره‌ى ده‌سته‌واژه‌ى "ماتهریالیزمى پراتیک"ه‌وه بگه‌ڕێره‌وه بۆ "ئایدیۆلۆژیاى ئه‌ڵمانى، فۆیه‌رباخ، بهرابهرکێى تێڕوانینى ماتهریالیستى و ئایدیالیستى". (هه‌ڵبژارده‌ى سێ به‌رگى/ دانراوه‌کانى مارکس و ئه‌نگڵس به زمانى ئینگلیزى، لاپه‌ڕه ٢٧). "له ڕاستیدا بۆ ئێمه ماتهریالیستى پراتیک، یانى کۆمۆنیست، به ماناى به شۆڕشداکێشانى جیهانى مه‌وجوده، یانى مه‌سه‌له‌مان په‌لاماردان و ئالۆگۆڕپێدانى هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌یه که هه‌ن" (هێڵه‌کانى جه‌خت هى ئێمه‌ن).
{٣}
نموونه‌ى هه‌ڵوێستگرتنى یه‌کێتیى کۆمۆنیستى له کوردستان، ئه‌م دیدگا ناسیۆنال- پیشه‌سازییه، ڕیسوا ده‌کات. ئه‌نجامگیرى جه‌نابان له "فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان" له کوردستان، ئه‌وانى به ههڵوێستگرتنێکى سه‌رسووڕهێنه‌ر سه‌باره‌ت به خه‌باتى کۆمۆنیستى و شۆڕشگێڕانه له‌م سه‌رزه‌وییه گه‌یاندووه. له ڕووکه‌شدا کوردستان ئه‌و شوێنه‌یه که نه‌ک چینى کرێکار، به‌ڵکوو حیزبى دیموکرات "له بارى میژویییهوه گرنگ" هه‌ڵسه‌نگێندراوه! له‌م باره‌یه‌وه وه‌ڵامى ئێمه، به ده‌ربڕینه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى سه‌باره‌ت به هه‌بوون و نه‌بوونى پرۆلیتاریا له کوردستان، بگه‌ڕێره‌وه بۆ وتاره‌کانى شوعه‌یبی زهکهریایى و مه‌نسوور حیکمه‌ت که به‌دواى یه‌کدا، له پاشکۆى بڵاوکراوه‌ى "پێشڕه‌و"ی ژماره‌٩ و "کۆمۆنیست"ی ژماره ٢٢دا بڵاو کراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: در نقد وحدت کمونيستى، بخش دوم - مارکسيسم و پراتيک انقلابى: در باره متدولوژى لنين -
بسوی سوسیالیسم، دوره دوم - شماره ٢، آذر ١٣٦٤
وه‌رگێڕانی: خه‌سره‌و سایه
Kurdish translation: Khosrow Sayah
hekmat.public-archive.net #0520ku.html
|