حیزبی کۆمۆنیست له گره‌وی چیدایه؟
(گه‌ڵاڵه‌ی گشتی)
هاوڕێیان!
خه‌بات بۆ پێكهێنانی عه‌مه‌لیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دیاریکردن و ڕه‌چاوكردنی ئه‌و هه‌نگاوه عه‌مه‌لییانه‌ی که ده‌بێ له داهاتوویه‌کی نزیكدا ئێمه له‌نێو ئه‌و حیزبه‌دا کۆ بکاته‌وه و ئه‌مڕۆ پێویستی به ڕه‌خنه‌گرتن له دوو بۆچوونی لاده‌رانه‌ی سه‌ره‌کی به‌رانبه‌ر به پێناسه‌ی حیزبی کۆمۆنیست و به‌مپێیه پرۆسه‌ی پێكهاتنی هه‌یه. دوو بۆچوون که له ڕابوردوودا له گه‌ڵی به‌ره‌و ڕووبووین و له داهاتووشدا به شکڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌به‌رانبه‌ر ئێمه‌دا خۆ ده‌نوێنن. ئه‌م دوو بۆچوونه بریتین له بۆچوونی ئیکۆنۆمیستی و بۆچوونی ڤۆلۆنتاریستی (ئیراده‌گه‌رایانه). ئه‌م دوو بۆچوونه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له فۆرموولبه‌ندییه تیۆریکه‌کان و له ئه‌نجامگیرییه عه‌مه‌لییه‌کاندا جیاوازییان هه‌یه، له ئه‌سڵێکی بنه‌ڕه‌تیدا هاوبه‌شن، که ئه‌ویش بریتییه له میتۆدۆلوژییه‌کی غه‌یره دیالێکتیکی و میتافیزیکی و وشك که له پێناسه‌کردنی حیزبی کۆمۆنیست‌دا پشتی پێ ده‌به‌ستن.
١) ئیکۆنۆمیزم و ڤۆلۆنتاریزم له به‌رانبه‌ر حیزبی کۆمۆنیست‌دا
بۆچوونی ئیکۆنۆمیستی که له لادانه‌که‌ی دیکه زیاتر باوه، ئاوا باسی حیزب ده‌کا: حیزبی کۆمۆنیست, حیزبێکی خاوه‌ن نفووزه له‌نێو چینی کرێکاردا. نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی کرێکارییه و به هۆی ئۆرگانی جۆراوجۆره‌وه له کارخانه و گه‌ڕه‌ك و شوێنه کرێکارییه‌کان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی کرێکار په‌یوه‌ندی نزیکی هه‌یه. به کورتی حیزبی کۆمۆنیست حیزبێکی خاوه‌ن نفووزی به‌رینی کرێکارییه. چلۆن ده‌کرێ حیزبی کۆمۆنیست پێك بێنی؟ وه‌ڵامی ئه‌و بۆچوونه بۆ ئه‌م پرسیاره به گشتی به‌م جۆره‌یه: "په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ چینی کرێکار“ پێشمه‌رجی پێكهاتنی حیزبی کۆمۆنیسته و به ناچاری پرۆسه‌ی عه‌مه‌لیی پێكهاتنی حیزبی کۆمۆنیست بریتییه له په‌ره‌پێدانی پراتیکی ته‌بلیغی، ته‌رویجی و ڕێکخستنی کۆمۆنیستی له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا، تا ئه‌و جێگایه که حیزب له کاتی دامه‌زرانیدا نوێنه‌ری هه‌موو، یا‌ن به‌شێکی زۆر له کرێکاران و بزووتنه‌وه‌ی کرێکا‌ری بێ.
ئێمه هه‌ر له ئێستاوه له قاڵبی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌دا که فیدایییانی خه‌ڵک (ئه‌قه‌لییه‌ت) له به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیستیان گرتووه و هه‌روه‌ها له پێچ و په‌نای قسه‌کانی مه‌سعوودی ڕه‌جه‌وی له نامیلکه‌ی “جه‌معبه‌ندیی یه‌کساڵه ... “دا، له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه ورده‌بۆرژوایییه به‌ره‌وڕوو بووین. ئه‌مه کاکڵ و ناوه‌ڕۆکی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه که هێز و حیزبه ورده‌بۆرژوایییه‌کان، به تایبه‌ت ئه‌و به‌شه‌یان که به نێوی مارکسیزمه‌وه قسه ده‌که‌ن، له داهاتوودا گه‌لێك جار ده‌ینێنه به‌رانبه‌ر ئێمه.
مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆکی وشك و میتافیزیکی ئه‌و بۆچوونه له‌وه‌دایه که حیزبی کۆمۆنیست وه‌ك دیارده‌یه‌کی زیندوو که له گۆڕان و گه‌شه‌کردندایه له به‌رچاو ناگرێ، به‌ڵکوو وه‌ك شتێكی نه‌گۆڕ چاوی لێ ده‌کا. وێنه‌یه‌ك له حیزبێکی دڵخواز له هه‌لومه‌رجێکی دڵخوازدا به‌رچاو ده‌خا و ئه‌م وێنه‌یه به پێناسه‌ی گشتی و هه‌میشه‌یی حیزبی کۆمۆنیست له قه‌ڵه‌م ده‌دا. وێنه‌یه‌ك که به هیچ شێوه‌یه‌ك جیهانداگر و هه‌میشه‌یی نییه. به‌ڵکوو په‌یوه‌ندی به هه‌لومه‌رجێکی دیاری‌کرا و میژوویی دیاریکراوه‌وه هه‌یه. چونکه ڕێك له ڕووی جێوشوێنی چه‌ند حیزبی کۆمۆنیستی دیاریکراو له هه‌لومه‌رجی دیاریکراوی میژووییدا و به تایبه‌ت له ڕووی جێوشوێنی حیزبی بۆڵشه‌ڤیك له ساڵی ١٩١٧دا، دیاری کراوه. ورده‌بۆرژوازی ئه‌م وێنه‌یه به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێ و حوکم ده‌کا و پێمان ده‌ڵێ: یا ده‌بێ حیزبێکی له‌م چه‌شنه دروست بکه‌ن، یا‌ن ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌ن، هه‌رچی دروست بکه‌ن حیزبی کۆمۆنیست نییه“. له‌م بۆچوونه‌دا حیزبی کۆمۆنیست به ناچاری وه‌ك شتێکی پچراو و له‌تله‌ت به‌رچاو ده‌خرێ. دیارده‌یه‌که که جاری وایه حیزبه و جاری وایه حیزب نییه، چونكه هه‌موو ئه‌و هۆیانه‌ی که ئیکۆنۆمیسته‌کان له پێناسه‌کردنی حیزبی کۆمۆنیست‌دا له‌به‌رچاوی ده‌گرن (نفووز و ده‌ستڕۆیشتوویی و به‌رینایی حیزب و “په‌یوه‌ند“ی حیزب له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر) خۆیان ده‌گۆڕێن و به‌پێی هه‌لومه‌رجی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌ر قوناغێكدا، وه‌ك بوون یا نه‌بوون، وه یا‌ن به گشتی پله‌ی گه‌شه‌ی خه‌باتی ئاشکرای چینایه‌تی له‌نێو کۆمه‌ڵدا، به پێی سه‌نگ و سووکی هێزی چینه‌کان، گوشاری ئۆرگانه‌کانی بۆرژوازی له سه‌رکوتکردن و خه‌ره‌فاندنی پرۆلیتاریا‌دا، وه به پێی شتی تری له‌م چه‌شنه، ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا دێ. به‌رینایی و پله‌ی نفووزی حیزبێکی کۆمۆنیست له هه‌لومه‌رجێكدا که هه‌ڵسووڕانی ته‌نیا به شێوه‌ی نهێنییه، له هه‌لومه‌رجی دامرکانی خه‌باتی چینایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداره‌تی تاقانه‌ی کۆنه‌په‌رستیدا له‌گه‌ڵ به‌رینایی هه‌ر ئه‌و حیزبه له هه‌لومه‌رجی گه‌شه‌ی شۆڕشگێڕانه‌دا، له‌سه‌روبه‌ندی ڕاپه‌ڕین و پاش ئه‌و له دیکتاتۆری پرۆلیتاریا‌دا به ته‌واوی جیاوازن.
بۆچوونی ئیکۆنۆمیستی به چاوێکی میتافیزیکی ده‌ڕوانێته حیزب. چونکه کاتێك له‌ڕووی هێندێك شتی گۆڕه‌کی وه‌ك چه‌ندایه‌تی و به‌رینایییه‌وه حیزب پێناسه ده‌کا له ڕاستیدا جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆکی پایه‌دار و هه‌میشه‌یی حیزب ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه حیزبی کۆمۆنیست خاوه‌نی ئه‌و جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆکه پایه‌دار و ماددییه نییه که ئیمکانی پێ ده‌دا له هه‌لومه‌رجی جۆراوجۆردا شکڵ و به‌رینایی ڕواڵه‌تی جیاواز به خۆوه بگرێ، پله‌ی نفووز، توانایی و به‌رینایی هه‌ڵسووڕانی له ده‌وره‌ی جۆراوجۆردا که‌م و زیاد بکا، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌روا حیزبی کۆمۆنیست بێ و هه‌ر خاوه‌نی ئه‌و جه‌وهه‌ر و سیما نه‌گۆڕه‌ی خۆی بێ.
بۆچوونی ئیکۆنۆمیستی ناتوانێ بۆ نموونه ئه‌وه ڕوون بکاته‌وه که چ شتێك له ماوه‌ی ٢٠ ساڵ هه‌ڵسووڕان له شکڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆر و ده‌وره‌ی جۆراوجۆردا سیمایه‌کی یه‌کانه و وه‌كیه‌ك به حیزبی بۆڵشه‌ڤیك ده‌به‌خشێ، له حاڵێکدا که ساڵی ١٩٠٨ حیزبێکه له ئۆپۆزیسیۆندا، خاوه‌نی نفووزێکی که‌مه له‌نێو کرێکاراندا و هه‌ڵسووڕانی ته‌نیا به شێوه‌ی نهینییه. له فوریه‌ی ١٩١٧دا حیزبێکه که هه‌ڵسووڕانی ئاشکرای به‌رینی هه‌یه، له‌گه‌ڵ شووراکان په‌یوه‌ندی هه‌یه و خاوه‌نی نفووزێکی زۆره له‌نێو کرێکاراندا، وه پاش شۆڕشی ئوکتۆبه‌ر، حیزبێکه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ده‌سته‌وه‌یه، هه‌زاران ده‌زگای سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕێك ده‌خا و به‌ره‌و پێشیان ده‌با و له پێشه‌وه‌ی ملیۆن ملیۆن کرێکار بینای سۆسیالیزم بنیات ده‌نێ. له‌م ماوه‌یه‌دا پله‌ی نفووزی جه‌ماوه‌ری و توانایی حیزب و ئۆرگانه هه‌ڵسووڕاوه‌کانی له ئاستێکی به‌ریندا و چه‌ندین جار گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه و ژماره‌ی ئه‌ندامانی ده‌یان و سه‌دان قات زیاد بووه. له حیزبێکی بچووکی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه بووه‌ته ڕابه‌ر و ڕێکخه‌ری خه‌باتی پرۆلیتاریا بۆ بنیاتنانی سۆسیالیزم. به‌ڵام هه‌ر حیزبی بۆڵشه‌ڤیك بووه و هه‌ر وا ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی ئیکۆنۆمیسته‌کان حیزب پێناسه بکه‌ین، ئه‌و کاته ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته بین که حیزبی بۆڵشه‌ڤیك نه له سه‌ره‌تای پێكهاتنیدا و نه ساڵی ١٩٠٨، نه ساڵی ١٩١٣ و ته‌نانه‌ت نه ساڵی ١٩١٥، حیزبی کۆمۆنیست نه‌بووه! چونکه له‌م بۆچوونه‌دا حیزب دیارده‌یه‌کی زیندوو نییه که به‌رینایی ده‌ره‌وه‌ی به‌پێی هه‌لومه‌رج و گه‌شه و کامڵ‌بوونی حیزب که‌م و زیاد بکا. به‌ڵکوو دیارده‌یه‌که که به‌پێی هه‌لومه‌رج ده‌مرێ و سه‌رله‌نوێ ده‌ژێته‌وه! بۆچوونی ئیکۆنۆمیستی، حیزب وه‌ك دیارده‌یه‌ك ده‌بینێ که له ده‌وره جۆراوجۆره‌کاندا پچڕپچڕ ده‌بێ و ژیانی له هیچ ده‌وره‌یه‌كدا په‌یوه‌ندی به ده‌وره‌که‌ی تره‌وه نییه. چونکه هه‌ر وه‌ك وتمان ته‌نیا له هه‌لومه‌رجێكدا حیزب به ڕه‌سمییه‌ت ده‌ناسێ، که ئه‌و هه‌لومه‌رجه خۆی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی نییه. هه‌لومه‌رجێکی دڵخوازی دیاریکراو که خۆی به‌پێی توندوتیژبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه ئابووری و سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری و گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه کرێکارییه‌کان ده‌گۆڕێ و به‌م بۆنه‌یه‌وه له بوارێکی تایبه‌تدا ده‌ڕه‌خسێ. جگه له‌مه‌ش به دڵنیایییه‌وه ده‌کرێ بڵێین، هیچ حیزبێکی کۆمۆنیست که خاوه‌نی نفووزی به‌رینی جه‌ماوه‌ری بێ. ناتوانێ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن له ئۆپۆزیسیۆندا بمێنێته‌وه: چونکه حیزبێکی کۆمۆنیستی به‌هێز و خاوه‌ن نفووز له جه‌رگه‌ی هه‌موو قه‌یرانێکی ئابووری و سیاسیی کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری، به‌پێی پێناسه بۆ چاره‌سه‌رکردنی یه‌کجاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ. یا‌ن ئه‌وه‌یه پرۆلیتاریا و حیزبه‌که‌ی به ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن، وه یا‌ن له ئاکامی شکانی شۆڕش و به‌رده‌واممانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دژ به شۆڕشدا هه‌لومه‌رجێکی تازه له نێوان چینه سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵدا پێك دێ و سه‌نگ و سووکی هێزی ئه‌و چینانه شێوه‌یه‌کی تازه ده‌گرێته خۆ.
به‌ڵام ئه‌و میتافیزیزمه‌ی که به‌سه‌ر بۆچوونی ئیکۆنۆمیستیدا زاڵه، شتێکی مه‌عریفه‌تی نییه که له “تێگه‌یشتنی تیۆریکی لاواز“ی ئیکۆنۆمیسته‌کان و پۆپۆلیسته‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ. ئه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و لۆژیکی ورده‌بۆرژوازییه که له ڕێکخراوی سه‌ربه‌خۆی پرۆلیتاری ده‌ترسێ و هه‌وڵ ده‌دا پێش به ڕێکخراوبوونی ئه‌و کۆمۆنیستانه‌ی که به‌پێی به‌رنامه‌که‌یان ده‌بێ حیزبی کۆمۆنیست پێک بینن، بگرێ. یه‌كبوونی هه‌ڵوێستی موجاهید و فیدایی به‌رانبه‌ر به به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست و پێكهاتنی عه‌مه‌لیی حیزب، لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ئیکۆنۆمیزم حیزب ده‌کا به شتێکی ئه‌فسانه‌یی و پێكهاتنی حیزب هه‌واڵه‌ی هه‌لومه‌رجێکی ته‌واو دڵخواز و ئایدیالیزه‌کراو ده‌کا و به‌م جۆره پێکهاتنی حیزب هه‌واڵه‌ی به مه‌حاڵ ده‌کا، چونکه حیزبی کۆمۆنیست خۆی سه‌ره‌کیترین پێشمه‌رجه بۆ به‌رینبوونه‌وه و په‌ره‌گرتنی نفووزی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیسته‌کان له‌نێو کۆمه‌ڵانی چینی کرێکاردا و بۆ ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کرێکا‌ری بێته ژێر ئاڵای ڕابه‌ریی کۆمۆنیستی.
ئه‌و ڕێگایه‌ی که ئیکۆنۆمیزم بۆ چونیه‌تی پێكهێنانی حیزبی کۆمۆنیست ده‌ستنیشانی ده‌کا، له ڕاستیدا ڕێگایه‌که بۆ پێكنه‌هێنانی حیزب. خۆدزینه‌وه‌ی ئیکۆنۆمیسته‌کان له پێكهێنانی حیزبی کۆمۆنیست له هه‌مان کاتدا له لایه‌که‌وه نیشانده‌ری سیکتاریزمی ئه‌و پۆپۆلیستانه‌یه که به هیچ نرخێك ناتوانن له “ڕێکخراوه‌ی خۆیان“ به قازانجی حیزبی یه‌کانه‌ی کۆمۆنیستی “ده‌ست هه‌ڵگرن“، وه له لایه‌کی تره‌وه دیمه‌نێکه له متمانه به‌خۆنه‌بوون و ڕاڕایی و له‌رزۆکی ئایدیۆلۆژیك و کورتبینی و به‌رچاوته‌نگییه‌ك که خه‌سڵه‌تی ده‌روونی پۆپۆلیزمه.
بۆچوونی ڤۆلۆنتاریستی و ئیراده‌گه‌رایانه‌ش بۆچوونێکی میتافیزیکی و لاده‌رانه‌یه. له‌م بۆچوونه‌دا حیزب له دوا لێکدانه‌وه‌دا یه‌کانگیربوونی ئه‌و ڕێکخراوانه‌یه که لایه‌نگری به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیستن، هه‌ر به هه‌مان چۆنایه‌تییه‌وه که بوویانه. ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا که‌مڕه‌نگ ده‌کرێته‌وه و له بیر ده‌برێته‌وه، ئه‌و ڕاستییه‌یه که حیزبی کۆمۆنیست خاوه‌نی جه‌وهه‌رێکی ماددیی دیاریکراو و چۆنایه‌تییه‌کی تایبه‌ته که نه‌ك ته‌نیا له لایه‌نه ڕواڵه‌تییه‌کانیدا، به‌ڵکه هه‌ر له بنج و بناوانه‌وه له‌و ڕێکخراوانه‌ی ئێستا (وه‌ك کۆمه‌ڵه و ی. ت. ک)ی جیا ده‌کاته‌وه و جیاوازی پێ ده‌به‌خشێ. بۆچوونی ڤۆلۆنتاریستی هه‌ست به‌م جیاوازییه ناکا و به لایه‌وه گرنگ نییه. حیزب وه‌ك چۆنایه‌تییه‌کی نوێ و جیاواز چاولێ ناکا، وه پێی وایه تێکه‌ڵبوون و یه‌کانگیربوونی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که ئێستا هه‌ن، له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌ندێك به‌ڵگه و په‌سه‌ندکراوی تازه، بۆ پێکهێنانی حیزب به‌سه. ئه‌مه شێوه‌یه‌کی ئیختیارییه. خه‌سڵه‌تی میتافیزیکی ئه‌م بۆچوونه له‌وه‌دایه که به شێوه‌یه‌کی ئه‌زموونگه‌ری له حیزب ده‌گا و حیزب به‌و شته داده‌نێ که ئێستا هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئیکۆنۆمیزم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وێنه و کڵێشه‌یه‌کی نه‌گۆڕ له تایبه‌تییه ڕواڵه‌تییه‌کانی حیزب دروست ده‌کا، ڤۆلۆنتاریزم تایبه‌تییه‌کانی ئێستای بزاڤه‌که‌مان قه‌بووڵ ده‌کا به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێ، وه ئه‌و چۆنایه‌تییه نوێ و جیاوازه‌ی که ده‌بێ بۆ پێكهێنانی حیزب له ڕیزه‌کانی خۆماندا پێکی بێنین په‌رده‌پۆش ده‌کا و به‌م جۆره به‌کرده‌وه وێنه‌یه‌کی نه‌گۆڕ و وشک له حیزب به‌رچاو ده‌خا. نه‌ناسینی ئه‌و تایبه‌تییه بنه‌ڕه‌تییانه‌ی که حیزبی کۆمۆنیست له کۆڕ و ڕێکخراوه‌کانی ئێستا جیا ده‌که‌نه‌وه، له کرده‌وه‌دا هیچ مانایه‌کی نییه جگه له دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شکست‌خواردووی کۆنفراسی "وه‌حده‌ت" له ئاستێکی تردا، وه هه‌ر به‌م پێیه ته‌نیا به مانای خۆدزینه‌وه‌یه له پێكهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیست به مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی.
ڤۆلۆنتاریزم ناتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ساده‌یه بداته‌وه که ئه‌گه‌ر یه‌کگرتوویی هێزه‌کانی به‌رنامه‌ی حیزب هه‌ر به‌م چۆنایه‌تییه‌ی ئێستایانه‌وه ده‌کرێ پێی بوترێ حیزب، بۆچی هه‌ر کام له‌م ڕێکخراوانه، به تایبه‌ت کۆمه‌ڵه که پراتیکێکی زۆر به‌رینتریشی هه‌یه، هه‌ر له ئێستاوه ناکرێ پێی بوترێ حیزبی کۆمۆنیست؟ جیاوازیی سه‌ره‌کی حیزبێکی کۆمۆنیستی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ئێستا و (ی. ت. ک)ی ئێستا له چیدایه و یه‌کگرتوویی ئه‌و هێزانه‌ی که ئێستا هه‌ن چ چۆنایه‌تییه‌کی تازه، بۆ نموونه له‌چاو کۆمه‌ڵه‌ی ئێستا، پێك دێنی که ڕێگا بۆ ئه‌وه ده‌کاته‌وه ئه‌و ناوه‌ی لێ بنێین؟ بۆچوونی ڤۆلۆنتاریستی وه‌ڵامێکی ئوسوڵی به‌م پرسیارانه ناداته‌وه. ئه‌گه‌ر ئیکۆنۆمیزم پێكهێنانی حیزب هه‌واڵه‌ی مه‌حاڵ ده‌کا، ئه‌وا بۆچوونی ڤۆلۆنتاریستی ده‌یه‌وێ ده‌سبه‌جێ حیزب پێك بێنێ، به‌ڵام شان ناداته ژێر وه‌دیهێنانی ئه‌و پێداویستییه ماددییه دیاریکراوانه‌ی که بۆ پێكهێنانی حیزبێکی ئاوا پێویستن. وه به‌م جۆره به‌کرده‌وه پێكهێنانی حیزب هه‌تا ڕاده‌ی گۆڕینی ناوی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که ئێستا هه‌ن داده‌شکینێ و به‌م بۆنه‌یه‌وه حیزبێك پێك دێنێ که خاوه‌نی هیچ کام له‌و تایبه‌تییانه نییه که حیزبێکی کۆمۆنیست ده‌بێ بیبێ. وه داهاتوویه‌کی ناڕۆشنی هه‌یه و له‌ناو خۆیدا تووشی ناکۆکییه. حیزبێک که ڕه‌نگه ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌کی کورت بتوانێ ئه‌و ناوه تازه‌یه وه خۆ بگرێ.
هه‌نگاوی یه‌که‌م له پێكهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیستی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه که پێناسه و وێنه‌یه‌کی دروستمان له تایبه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی حیزب به‌ده‌سته‌وه بێت. پێناسه‌یه‌ك که حیزب به‌پێی تایبه‌تییه هه‌میشه‌یی و جه‌وهه‌رییه‌کانی بناسێ. پێناسه‌یه‌ك که نه به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ دیاری کرابێ و نه به‌پێی هه‌لومه‌رجێکی خه‌یاڵی، به‌ڵکوو له‌سه‌ر بنچینه‌ی تایبه‌تییه هه‌میشه‌یی و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی حیزب دامه‌زرابێ.
ئێمه ده‌بێ ئه‌مڕۆ حیزبێکی کۆمۆنیست پێك بێنین. به‌ڵام نه ده‌توانین بێهووده به ته‌مای هه‌لومه‌رجێك که مه‌به‌ستی ئیکۆنۆمیسته‌کانه پێكهێنانی حیزب هه‌واڵه‌ی داهاتوویه‌کی نادیار بکه‌ین و نه‌ده‌توانێن به بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه که مه‌سه‌له‌که مه‌سه‌له‌یه‌کی ده‌سبه‌جێ و ده‌موده‌سته، مل بۆ هه‌لومه‌رج و که‌موکوڕییه‌کانی ئه‌مڕۆ دانه‌وێنین و له‌گه‌ڵیان هه‌ڵکه‌ین و به شێوه‌یه‌کی ڤۆلۆنتاریستی چاوپۆشی له “حیزببوون“ و “کۆمۆنیستبوون“ی ڕێکخراوێك بکه‌ین که ده‌بێ پێکی بێنین. که‌وایه چ که‌رده‌ن؟ وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره به‌ر له هه‌موو شتیك پێویستی به‌وه هه‌یه که حیزبی کۆمۆنیست به شێوه‌یه‌کی ئوسوڵی و زیندوو بناسی و تێی بگه‌ی.
٢) حیزبی کۆمۆنیست چییه؟
به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێ ئه‌و مه‌سه‌له ئاشکرایه ده‌ستنیشان بکه‌ین که حیزبی کۆمۆنیست شتێك نییه تازه سه‌ری هه‌ڵدابێ. شتێك نییه که ئێمه دامانهێنابێ وه یا دۆزیبێتمانه‌وه. کۆمۆنیزم خۆی ڕه‌وتێکی دیاریکراوه و له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکا‌ری جیهاندا جێ که‌وتووه و جێگای خۆی کردووه‌ته‌وه_ وه‌ك باقیی ڕه‌وته‌کانی دیکه‌ی نێو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، وه‌ك تریدیۆنیۆنیزم (ئیتیحادییه‌گه‌ری)، ئانارکۆسه‌ندیکالیزم، ڕێفۆرمیزم و ئه‌م جۆره شتانه. ڕه‌نگه ئه‌م وته‌یه به دڵی ئیکۆنۆمیسته‌کان نه‌بێ. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ئیکۆنۆمیستانه ئاماده‌ن به ئاسانی و به‌بێ ئه‌وه‌ی به قه‌د نووکه ده‌رزییه‌ك له دڵیان گران بێ، تریدیۆنیۆنیزم و سه‌ندیکالیزم و ته‌نانه‌ت ئانارشیزم وه‌ك ڕه‌وتی نێو بزووتنه‌وه‌ی کرێکا‌ری ناو لێ به‌رن و ته‌نانه‌ت ئێستاش به‌م ڕه‌وتاته بڵێن مه‌یلی “خۆڕسك“ی پرۆلیتاریا. بزووتنه‌وه‌ی ئیتیحادیه‌یی کرێکاران بێگومان مه‌یلێکی خۆڕسکی کرێکا‌ری بۆ یه‌کگرتووبوون به‌رانبه‌ر به سه‌رمایه‌داران و خاوه‌نکاره‌کان له چوارچێوه‌ی نیزامی ئێستادا نیشان ده‌دا. به‌ڵام ئه‌مڕۆ، له ساڵی ١٩٨٣دا وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌کی بیلفیعل که له مه‌یدانی کرده‌وه‌دایه، بزووتنه‌وه‌ی ئیتیحادیه‌یی بزووتنه‌وه‌یه‌که که بنه‌ماکان و یاساکانی به زۆری له لایه‌ن ڕێفۆرمیزمی بۆرژوایی و ئاریستۆکراسی سه‌ر به‌م ڕێفۆرمیزمه‌وه له ئه‌وروپا تیۆریزه کراوه و داڕێژراوه. خاوه‌نی زۆر کۆنگره و کونفراس و ڕێکخراوی جیهانییه که ئه‌غڵه‌ب ده‌سمایه‌ی سیاسین بۆ حیزبه بۆرژوایییه سۆسیال دیموکراته‌کانی ئه‌وروپا. بزووتنه‌وه‌ی ئیتیحادیه‌یی ئه‌مڕۆ نه‌ك هه‌ر به مانای تایبه‌ت خۆڕسك نییه، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت زۆر جار به تایبه‌ت له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا به ئاگایییه‌وه له لایه‌ن بۆرژوایییه‌وه وه‌ك ئاڵته‌رناتیڤێك له‌به‌رانبه‌ر ڕێکخراوی حیزبی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ‌دا به ده‌سته‌وه ده‌گیرێ و پشتیوانی لێ ده‌کرێ. به‌م حاڵه‌ته‌وه ئیکۆنۆمیسته‌کان بێ سێ و دوو پێی ده‌ڵێن: “بزووتنه‌وه‌ی خۆڕسکی کرێکاران". به‌ڵام هه‌ر که باسی کۆمۆنیزم ده‌کرێ، ئه‌و بۆچوونه بۆرژوایییه دێته مه‌یدان که گوایه کۆمۆنیزم ڕه‌وتێکی جیا له چینی کرێکاره و تازه ده‌بێ له‌گه‌ڵ چینی کرێکار "په‌یوه‌ند“ بدرێ. له کاتێكدا که کۆمۆنیزم، یه‌که‌م: هه‌ر له ئاستی بیر و بۆچوون و مه‌یله گشتییه‌که‌یدا، له‌گه‌ڵ مه‌یل و ویستی له مێژینه‌وه قووڵی ڕه‌نجده‌ران به درێژایی مێژوو له مه‌ڕ پێویستیی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی به‌سه‌ر ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا و فه‌وتانی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی یه‌ك ده‌که‌وێ و له‌گه‌ڵی دێته‌وه. دووه‌م: وه له هه‌مان کاتدا وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌کی موشه‌خه‌سی ڕاسته‌قینه و سیاسی گه‌لێك جار خۆی ڕاسته‌وخۆ کرێکارانی له ڕیزه ملیۆنییه‌کانیاندا ڕێک خستووه، گه‌لێك شۆڕشی کرێکاریی ڕابه‌ری کردووه و ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌ك، ئه‌ویش نه‌ك له تاقه وڵاتێكدا، تامی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێ چه‌شتوون. ئه‌وه ڕاسته که سۆسیالیزمی زانستی له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی خۆڕسکه‌وه سه‌رهه‌ڵنادا، به‌ڵام ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و مانایه نییه که کۆمۆنیزم هه‌تا هه‌تایه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها جار له‌گه‌ڵ به‌شه جۆراوجۆره‌کانی بزووتنه‌وه‌ی جیهانی کرێکاران لێك گرێ دراون و په‌یوه‌ندییان به یه‌که‌وه بووه، ڕه‌وتێکه له ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تی که ده‌بێ جار له‌گه‌ڵ جار لێی گرێ بدرێ و له نێوانیاندا “په‌یوه‌ند“ پێك بهێنرێ و له هه‌ر وڵاتێكدا هه‌موو ڕۆژێ سه‌رله‌نوێ گرێ بدرێته‌وه. ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئیتیحادییه‌گه‌ری هێشتا به ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌وتێکی خۆڕسک و تیۆریزه‌نه‌کراو و هێشتا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر کرچ‌وکاڵ بوو، وه کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمی زانستی تازه ده‌ستی پێ کردبوو که “له ده‌ره‌وه‌ی“ بزووتنه‌وه‌ی کرێکا‌ری به مانای تایبه‌ته‌وه، به بزووتنه‌وه‌ی کرێکا‌ری بناسێنرێ، ئه‌مڕۆ نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌ك پراتیکی زیندووی چینایه‌تی پرۆلیتاریا تایبه‌تییه‌کی تازه‌ی به‌م ڕه‌وته به‌خشیوه. ئیتیحادییه‌گه‌ری زیاتر له جاران له حاڵه‌تی خۆڕسكبوون دوورکه‌وتووه‌ته‌وه و کۆمۆنیزم ئاژین بووه‌ته قووڵایی بزووتنه‌وه‌ی کرێکا‌ری و تێیدا جێگیر بووه. ئیکۆنۆمیسته‌کانی ئێمه لانی که‌م سه‌ده‌یه‌ك له مێژوو به‌جێ ماون. کۆمۆنیزم ئیتر دیارده‌یه‌کی تازه و تازه سه‌رهه‌ڵداو بۆ بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تی نییه، به‌ڵکوو ئه‌مڕۆ ئیتر بووه‌ته به‌شی له جیایی نه‌هاتوو، وه بووه‌ته مه‌یلێکی عه‌مه‌لی له ڕیزه‌کانیدا.
مانیفێستی کۆمۆنیست، ئینته‌رناسیۆنالی یه‌که‌م، شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر، ئینته‌رناسیۆنالی سێیه‌م و گه‌لێك شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست له‌م ده‌یان ساڵه‌دا، ملیۆن ملیۆن کرێکاریان له‌ژێر ئاڵای کۆمۆنیزم کۆکردووه‌ته‌وه. بیری کۆمۆنیزم، بیری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تیی بۆرژوایی، بیری ڕێکخستنی پرۆلیتاریا له حیزبێکی سه‌ربه‌خۆی سیاسی‌دا، وه بیری به ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتیان له‌نێو کرێکاراندا چاند و وه‌به‌ریان هێنا. به‌ڵێ کۆمۆنیزم میژوویه‌کی هه‌یه، وه ئه‌م میژووه گه‌لێك جار له ئارادابوونی کۆمۆنیزمی وه‌ك ڕه‌وتێکی سه‌ر به پرۆلیتاریا سه‌لماندووه. ئه‌مڕۆ ئیتر درووشمی “به‌رابه‌ری، برایه‌تی، حوکوومه‌تی کرێکا‌ری“ به قه‌ده‌ر درووشمی “ئیتیحادییه هێزی ئێمه‌یه“ خاوه‌نی خه‌سڵه‌تێکی “خۆڕسك“ له‌نێو کرێکاراندایه. سه‌لماندنی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی وه‌ك ڕه‌وتێکی زیندوو له بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تی پرۆلیتاریا‌دا هه‌نگاوی یه‌که‌مه بۆ پێناسه‌کردنی حیزبی کۆمۆنیست به شێوه‌یه‌کی زیندوو و ئوسوڵی له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا. به‌ڵام کۆمۆنیزم له باقیی ڕه‌وته‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکار جیاوازه و ڕێك به‌پێی ئه‌م جیاوازییه پێناسه ده‌کرێ و مه‌وجوودییه‌تی سه‌ربه‌خۆ به خۆی ده‌به‌خشێ. مانیفێستی کۆمۆنیست هه‌ر له سه‌ره‌تاوه لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م جیاوازییه‌ی خستۆته ڕوو. جیاوازیی تیۆریی کۆمۆنیزم وه‌کوو کۆمۆنیسته‌کان له‌گه‌ڵ باقی ڕه‌وته‌کانی تر، به تایبه‌ت ئه‌مڕۆ که به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیستمان به‌ده‌سته‌وه‌یه پێویستی به له‌سه‌ر ڕۆیشتن نییه. کۆمۆنیسته‌کان ئه‌و به‌شه له پرۆلیتاریان که نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی پرۆلیتاریا ده‌که‌ن له دژی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تیی بۆرژوایی به گشتی و سه‌رتاپای نیزامی سه‌رمایه‌داری له هه‌موو لایه‌نه‌کانیدا. ئه‌مه ته‌وه‌ری هه‌موو بیروباوه‌ڕی کۆمۆنیستییه. به‌ڵام جیاوازی کۆمۆنیسته‌کان و باقی ڕه‌وته‌کانی تر ته‌نیا له بیروباوه‌ڕ و ئامانجیاندا نییه، کۆمۆنیزم له‌گه‌ڵ ئانارشیزم، سه‌ندیکالیزم، ئیتیحادییه‌گه‌ری، پۆپۆلیزم، لیبراڵیزم، ڕێفۆرمیزم، په‌رله‌مانتاریزم و ئه‌و جۆره شتانه به‌کرده‌وه‌ش جیاوازی هه‌یه. ئه‌م جیاوازییه له کرده‌وه‌دا، یانی شێوه و ڕه‌وشتی خه‌باتی کۆمۆنیستی بۆ گه‌یشتن به ئامانجه کۆمۆنیستییه‌کانیش خۆی پێکهاته‌یه‌که له پێناسه‌کردنی سیما و مه‌وجوودییه‌تی سه‌ربه‌خۆماندا. کۆمۆنیزم مه‌یلێکه له بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکاردا که به ئامانج و شێوه سه‌ربه‌خۆکانی له باقی ڕه‌وته سیاسی_ چینایه‌تییه‌کان جیا ده‌کرێته‌وه. حیزبی کۆمۆنیست ڕێکخراوی حیزبی ئه‌م ڕه‌وته موشه‌خه‌س و جیاوازه‌یه. کۆمۆنیزم ڕه‌وتێکی هه‌مه‌گی و گشتییه، به‌ڵام حیزبی کۆمۆنیست دیارده و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی دیاریکراوه. حیزب ئه‌و ڕێکخراوه سیاسییه‌یه که ئامانج و شێوه کۆمۆنیستییه‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام و پته‌و به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێ و ڕه‌واجیان پێ ده‌دا. حیزبی کۆمۆنیست، کۆمۆنیزمی ڕێكخراوه. وه به‌م بۆنه‌یه‌وه هه‌ر ڕێکخراوێك که یه‌که‌م: ئه‌م ئامانج و شێوه و ڕه‌وشتانه بناسێ و به ئامانج و ڕه‌وشتی خۆیان دابنێ، خۆی له‌به‌رانبه‌ریان به ده‌ربه‌ست بزانێ، خه‌باتی خۆی له پێناویان‌دا ڕێك بخا و به‌ره‌و پێشی به‌رێ، وه دووه‌م: له کرده‌وه‌دا به ڕاده‌ی پێویست توانایی و پته‌وی هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی قایم و پته‌و له‌سه‌ر خه‌باته‌که‌ی به‌رده‌وام بێت و درێژه‌ی پێ بدا، حیزبێکی کۆمۆنیسته. جا ئه‌و حیزبه چ گه‌وره بێ و چ بچووك، لاواز بێ یا‌ن به‌هێز، له ئۆپۆزیسیۆندا بێت یا‌ن ده‌وڵه‌ت پێك بێنێ، ئه‌و حیزبه، حیزبی کۆمۆنیسته، چونکه نوێنه‌ری ڕێكخراوی کۆمۆنیزم وه‌ك ڕه‌وتێکی جیاواز و موشه‌خه‌س له بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکاردایه. ئه‌مه جه‌وهه‌ری سه‌ره‌کی و هه‌میشه‌یی هه‌موو حیزبێکی کۆمۆنیسته، که هه‌ر کات ئه‌م جه‌وهه‌ره نه‌مێنێ، ئیتر ئه‌و حیزبه له حیزبایه‌تی ده‌که‌وێ و هه‌ر کات ئه‌و جه‌وهه‌ره پێك بێ، حیزب ئیتر به کرده‌وه پێك هاتووه. ئیکۆنۆمیزم و ڤۆلۆنتاریزم هیچیان ئه‌م جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆکه‌ی حیزب له‌به‌رچاو ناگرن و به‌م بۆنه‌یه‌وه ناتوانن وێنه‌یه‌ك له پێداویستییه ڕاسته‌قینه و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی پێكهاتنی حیزبی کۆمۆنیست به‌رچاو بخه‌ن. ئێمه ده‌بێ لێره‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین و ڕێك به شوێن به‌دیهێنانی ئه‌م پێداویستییانه‌وه بین. ڕاده‌ی به‌رینایی حیزب به خه‌باتی ئێمه دیاری ده‌کرێ.
٣) حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئه‌مڕۆ له گره‌وی چیدایه؟
ئایا ئێمه ده‌توانین هه‌ر ئێستا و ده‌سبه‌جێ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێك بێنین؟ هێشتا نا! چونکه ڕێکخراوی یه‌کانه‌ی ئێمه به‌و چۆنایه‌تی و تایبه‌تییانه‌وه که ئێستا ئێمه هه‌مانه هێشتا ناتوانێ نوێنه‌ری ڕێکخراوی کۆمۆنیزم له هه‌موو لایه‌نه‌کانیدا، نوێنه‌ری پرۆلیتاریای سۆسیالیست له هه‌موو لایه‌نه‌کانی خه‌باتیدا بێ. له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابوردوودا، له جه‌رگه‌ی شۆڕشێكدا که هه‌ر ڕۆژه‌ی به قه‌ده‌ر بیست ساڵی ئامۆژگاریی چینی کرێکار و پێشڕه‌وه‌کانی ده‌کا، بزووتنه‌وه‌ی ئێمه توانیویه‌تی ببێته نوێنه‌ری تیۆری و به‌رنامه‌یی کۆمۆنیزمی ئێران. ڕه‌وتی به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست ئه‌مڕۆ به ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ند و ئامانجه سه‌ربه‌خۆ پرۆلیتارییه‌کان ده‌کا، وه ڕاوه‌ستاوی و پته‌وی خۆی له‌م مه‌یدانه‌دا سه‌لماندووه. به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست به‌رهه‌م و له هه‌مان کاتدا نیشانه‌ی ئه‌م ڕاوه‌ستاوی و پته‌وییه‌یه و خۆ به‌ده‌ربه‌ستزانین به‌رانبه‌ر به کۆمۆنیزمه. چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌لومه‌رجه‌که به جۆرێکی دیکه بوو. شۆڕشگێڕییه‌تی ناپرۆلیتاری له شکڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆردا به نێوی مارکسیزم و کۆمۆنیزمه‌وه بڵاو ده‌کرایه‌وه. مارکسیزم ڕه‌خنه‌ی هه‌مه لایه‌نه و سه‌راسه‌ری و کامڵی پرۆلیتاریا به‌رانبه‌ر به سه‌ر تا پێی کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌دارییه، به‌ڵام چوار ساڵ له‌وه پێش شۆڕشگێڕییه‌تی به‌شێکی به‌رین له‌وانه‌ی وا خۆیان به کۆمۆنیست ده‌زانی، له چوارچێوه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کی به‌رته‌سك و به‌رچاوته‌نگانه به‌رانبه‌ر به‌و شتانه‌ی که ده‌سکردی سه‌رمایه‌ن و له سه‌رمایه‌دارییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، نه‌ده‌چووه ده‌ر و له‌وه به‌و لاوه‌تر نه‌ده‌چوو. مه‌سه‌له میللی_ دیموکراتیکه‌کان بنچینه و چوارچێوه‌ی فیکری به‌شی هه‌ره زۆری کۆمۆنیسته‌کانی ئێران بوون. “دژی ئیمپریالیزم“ ئه‌ویش به‌پێی ڕوانینی به‌رچاوته‌سکانه‌ی ورده‌بۆرژوایی، چوارچێوه‌ی گشتی ئه‌و شۆڕشگێڕییه‌تییه بوو که به کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم له قه‌ڵه‌م ده‌درا. به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست، هه‌مه لایه‌نه‌بوونێکی کۆمۆنیستی به بزووتنه‌وه‌که‌مان به‌خشیوه‌ته‌وه. به‌رنامه ڕایگه‌یاندووه که ئێمه له سه‌ر تا پێی سه‌رمایه‌داری، له هه‌موو ئه‌ندام و په‌ل و پۆیه‌کی، له هه‌موو لایه‌نه ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ناڕازین، وه له پێناو دامه‌زراندنی سۆسیالیزم له جێگای ئه‌م نیزامه‌دا خه‌بات ده‌که‌ین وه ئه‌مه ئامانجی ئینته‌رناسیۆنالیستیمانه. به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست به ڕوونی ئێمه وه‌ك کۆمۆنیست ده‌ناسێنێ، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا وه‌ك دیموکراتی شێلگیر. ئه‌م ڕه‌خنه هه‌مه لایه‌نه‌یه و ئه‌م به‌رنامه‌یه بۆ پێكهێنانی ئاڵوگۆڕێکی هه‌مه لایه‌نه له نیزامی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، به‌و مانایه‌یه که بزووتنه‌وه‌ی ئێمه ئێستا ئیتر نوێنه‌رایه‌تی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی ئێران ده‌کا. بزووتنه‌وه‌ی ئێمه ئێستا له بیروباوه‌ڕ و به‌رنامه‌که‌یدا بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌ڕاستی کۆمۆنیستییه به‌ڵام ئه‌م جیاوازییه تیۆری و به‌رنامه‌یییه به‌س نییه. چونکه کۆمۆنیزم ته‌نیا بۆچوون و به‌رنامه نییه. شێوه و ڕه‌وشتی تایبه‌تی خه‌بات له پێناوی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌شدا به‌شێك له پێناسی کۆمۆنیسته‌کانه. به شێوه و ڕه‌وشتی چینه‌کانی تر ناکرێ به ئامانجی کۆمۆنیستی بگه‌ی. وه ئه‌مه خاڵی لاوازی ئه‌مڕۆی ئێمه‌یه، چونکه ئێمه هێشتا وه‌ك که‌سانی ڕێکخراو، له شێوه عه‌مه‌لییه‌کانی خه‌باتدا، له کاری ته‌شکیلات و ڕێکخستندا، هێشتا نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆیی کۆمۆنیزم نین، نوێنه‌ری ئه‌و ڕه‌وته موشه‌خه‌س و جیاوازه له بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکاردا نین و به‌م بۆنه‌یه‌وه ڕێکخراوی ئێمه هێشتا ناتوانێ زامنی ئیدامه‌کاری و به‌رده‌وامبوونی خه‌بات له پێناوی ئامانجه‌کانی پرۆلیتاریا‌دا به شێوه‌ی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆی پرۆلیتاریا بێت. هێشتا ناتوانێ حیزبێکی کۆمۆنیستی ڕاسته‌قینه بێ. حیزبێك که ئێمه ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌م چۆنایه‌تییه‌ی ئێستامانه‌وه پێکی بێنین، حیزبێک ده‌بێ به بیروباوه‌ڕ و به‌رنامه‌ی پرۆلیتارییه‌وه، به‌ڵام له‌ژێر کاریگه‌ریی شێوه و کارکردی ورده‌بۆرژواییدا. ئێمه ده‌بێ بۆ پێكهێنانی حیزب له‌م لایه‌نه‌شدا له ورده‌بۆرژوازی جیا بینه‌وه. ئێمه ده‌بێ شێوه عه‌مه‌لییه‌کانی خۆشمان بکه‌ین به شێوه‌ی کۆمۆنیستی. ته‌نیا به‌م جۆره ده‌کارین که حیزبێکی به ڕاستی کۆمۆنیست پێك بێنین، ڕه‌خنه‌ی کۆمۆنیستی به‌رانبه‌ر به شێوه‌کاری ورده‌بۆرژوایی وه (هێنانه‌گۆڕی) ئاڵته‌رناتیڤی کۆمۆنیستی له ڕه‌وشته عه‌مه‌لییه‌کاندا، ده‌بێ له بزووتنه‌وکه‌ماندا جێگیر بکرێ. ئه‌مه ئه‌و دوایین هه‌نگاوه‌یه که هێشتا هه‌ڵمان نه‌هێناوه‌ته‌وه. سه‌ربه‌خۆیی تیۆری و عه‌مه‌لیی کۆمۆنیسته‌کان هه‌میشه پێشمه‌رجی پێكهاتنی حیزبی کۆمۆنیسته. جێوشوێنی تایبه‌تیی ئێمه گرنگییه‌کی میژوویی به‌م مه‌سه‌له‌یه به‌خشیوه. ئێمه له هه‌لومه‌رجێکدا نین که بۆ نموونه وه‌ك ئه‌و حیزبه کۆمۆنیستانه‌ی که وه‌ڵامی بانگه‌وازی ئینته‌رناسیۆنالی سێهه‌مدا له وڵاتانی جۆراوجۆر پێكهاتن، هه‌موو جۆره لادانێک ڕه‌تکه‌ینه‌وه و ئه‌و یاسا کۆمۆنیستییانه "قبووڵ بکه‌ین" که ئینته‌رناسیۆنالێکی پرۆلیتاریی جێگیری کردبن و حازر و ئاماده له‌به‌رده‌ستدا بن. پاش پچرانێکی ده‌یان ساڵه له تیۆری و به‌رنامه و پراتیکی کۆمۆنیستی، پاش ده‌یان ساڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ڕیڤیژینیزم به‌سه‌ر بیر و کرده‌وه‌ی بزووتنه‌وکه‌ماندا، خۆی ده‌بێ ئه‌م سه‌ربه‌خۆیییه دیسانه‌وه و سه‌رله‌نوێ دابین بکه‌ین و ته‌نانه‌ت خۆمان سیللولی هه‌ڵسووڕا و و کارامه‌ی پێكهێنانی ئینته‌رناسیۆنالێکی پرۆلیتاری بین که بتوانێ پاڵپشتی پێكهاتنی حیزبی کۆمۆنیست له باقی وڵاتان بێت. که‌وایه ئێمه ده‌بێ جارێکی تر هه‌ر به‌و هێز و توانایه و هه‌ر به‌و قایمی و پته‌وییه، ڕیزی خۆمان له بیروڕا و حیزبه ناپرۆلیتارییه‌کان جیا که‌ینه‌وه که بۆ یه‌که‌م جار مارکس و ئه‌نگڵس به‌هۆی مانیفێستی کۆمۆنیسته‌وه له‌به‌رانبه‌ر سۆسیالیزمی ناپرۆلیتاریدا کردیان. وه‌لێ سه‌لماندن و دووپاتکردنه‌وه‌ی حوکمه‌کانی مارکس و ئه‌نگڵس و لێنین بۆ ئێمه به‌س نییه، چونکه ئێمه ئه‌مڕۆ نه‌ك ته‌نیا به‌رانبه‌ر به کاپیتالیزم ڕاوه‌ستاوین به‌ڵکوو له به‌رانبه‌ر ڕیڤیژینیزمێكداین که ئه‌ویش فریوکارانه خۆی وه په‌نا مارکس و ئه‌نگڵس و لێنین ده‌دا. مانیفێستی سه‌ربه‌خۆیی چینایه‌تیمان ئه‌مڕۆ ده‌بێ له هه‌مان کاتدا مانیفێستێکی دژی ڕیڤیژینیستی بێ و ئه‌مه ئه‌رکی ئه‌وه‌مان ده‌خاته سه‌رشان که به شێوه‌یه‌کی هه‌رچی ڕاشکاوانه‌تر و ڕوونتر ڕیزه‌کانی خۆمان له‌و بیروڕا و ڕه‌وشته لاده‌رانه‌یه‌ی که ئه‌مڕۆ به نێوی بیروڕا و ڕه‌وشتی کۆمۆنیستی بووه‌ته باو، جیاکه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌ما‌ی جیاوازیی به‌رنامه‌ییمان ده‌ست بده‌ینه پێكهێنانی حیزب، به‌ڵام له ڕه‌وشته عه‌مه‌لییه‌کاندا هه‌ر مل به‌و شته بده‌ین که ڕه‌واجی هه‌یه، مل به‌و شته بده‌ین که هی چینه‌کانی تره، ئه‌و ده‌مه حیزبێکمان پێك هیناوه که نه‌ك ته‌نیا ئه‌رك و ڕاسپارده‌ی مێژوویی خۆی له پێناو زیندووکردنه‌وه‌ی بۆڵشه‌ڤیزمدا جێبه‌جێ ناکا، به‌ڵکه له داهاتوویه‌کی نزیكدا له کارکردی سیاسی_ ڕێکخراوه‌یی خۆیدا ده‌چێته سه‌ر شێوه‌ی ڕه‌وته ڕیڤیژینیستییه‌کان و لێیان جیا ناکرێته‌وه.
٤) جێگیرکردنی ئاکاره عه‌مه‌لییه کۆمۆنیستییه‌کان له‌مڕۆدا، چ مانایه‌کی بۆ ئێمه هه‌یه؟
حیزب ده‌بێ ئۆرگانی خه‌باتی به‌رده‌وام و بێ‌وچان به شێوه‌ی کۆمۆنیستی له پێناو ئامانجی کۆمۆنیستیدا بێت. ئه‌م ڕه‌وشتانه ده‌بێ له هه‌ڵسووڕانی حیزب‌دا ڕه‌چاو بکرێن. به‌ڵام ئه‌مه چلۆن دابین ده‌کرێ؟ ئایا ئێمه ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین که یه‌که یه‌که‌ی ڕێکخراو و گروپ و کۆڕه‌کانی لایه‌نگری به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست، یه‌که‌م: ڕه‌خنه‌ی پرۆلیتاری به‌رانبه‌ر به ڕه‌وشت و شێوه‌کاری پۆپۆلیستی قه‌بووڵ بکه‌ن و دووه‌م: هه‌ر کامیان پراتیکێکی به‌رین به‌پێی ڕه‌وشتی تازه ده‌ستپێ بکه‌ن و به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن، جا ئه‌و جار ده‌ست بده‌ینه پێكهێنانی حیزب؟ ئایا مه‌به‌ست له جێگیرکردنی ئاکاره عه‌مه‌لییه کۆمۆنیستییه‌کان ئه‌وه‌یه که ئه‌و ئاکارانه له‌نێو هه‌موو ڕێکخراو و گروپه‌کاندا و له هه‌موو ئاستێکی کاری عه‌مه‌لیدا جێگیر بن؟ ئایا ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، حیزب پێك نایێ؟ وه‌ڵامه‌که نه‌خێره! ئێمه ته‌نانه‌ت بۆ جێگیرکردنی ڕه‌وشته پرۆلیتارییه‌کان له ئاستێکی به‌رین له‌نێو بزووتنه‌وه‌دا، پێویستیمان به حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هه‌یه. حیزب خۆی پێویسته بۆ ڕاستکردنه‌وه و چاکردنه‌وه‌ی پراتیكمان له ئاستێکی به‌ریندا. که‌وایه کاتێك ئێمه باسی "جێگیربوون"ی ئه‌م ڕه‌وشته سه‌ربه‌خۆیانه ده‌که‌ین، مه‌سه‌له‌یه‌کی ترمان له‌به‌رچاوه. هه‌روه‌ك وتمان، ئه‌وه‌یه حیزبێك ده‌کاته حیزب و وه‌ك حیزب ڕای ده‌گرێ و ده‌یپارێزێ پان و به‌رینی ئۆرگانه‌کانی، ڕاده‌ی نفووزی، ژماره‌ی ئه‌ندامانی و شتی تری له‌م چه‌شنه نییه. مانه‌وه‌ی حیزب ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بوونی ئامانج، به‌رنامه و نه‌ریت و شێوه‌ی عه‌مه‌لیی پایه‌داره له‌نێو حیزب‌دا. تا ئه‌و کاته‌ی که ئه‌م ئامانج و ڕه‌وشتانه زیندوون و به‌ڕێوه ده‌چن، حیزب هه‌یه، وه هه‌ر کات ئه‌و ئامانج و ڕه‌وشتانه له‌ناوچوون حیزب له‌به‌ریه‌ك ده‌چێ. وه‌لێ ئه‌م ئامانج و ڕه‌وشتانه چلۆن ده‌پارێزرێن؟ به‌رنامه و په‌سندکراوه فه‌رمییه‌کانی ڕێکخراو و حیزبه کۆمۆنیسته‌کان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ئامانج و یاسایانه‌ن. هه‌ر که‌س به حیزبه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێ، به دركپێکردن و قه‌بووڵکردنی ئه‌م په‌سه‌ندکراوانه ده‌بێته تاکێکی حیزبی و سیلۆلێکی تازه هه‌ر له خزمه‌ت ئه‌و ئامانج و ڕه‌وشتانه‌دا دروست ده‌کا. حیزب له‌م ڕێگایه‌وه درێژه به ژیانی خۆی ده‌دا و په‌ره‌ده‌ستێنێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بابه‌ت مه‌سه‌له تیۆری و به‌رنامه‌یییه‌کانه‌وه، به‌ڵگه په‌سه‌ندکراوه‌کان ده‌ورێکی یه‌کجار گرنگیان له مانه‌وه و پته‌وبوونی حیزب‌دا هه‌یه، له زه‌مینه‌ی ڕه‌وشته عه‌مه‌لییه‌کان و یاسا جێگیربووه‌کانی کاری حیزبی‌دا، پرانسیپ و په‌یوه‌ندییه جێگیربووه‌کانی ناوخۆی حیزب و پراتیکی عه‌مه‌لیی حیزب که ئه‌م یاسا و ڕه‌وشتانه ده‌که‌ن به نه‌ریتی چه‌سپاو، ده‌ورێکی دیاریکه‌ر ده‌گێڕن. بوونی کادری حیزبیش که به‌سه‌ر شێوه‌کاری کۆمۆنیستیدا سوار بن، وه هه‌ڵگر و پارێزه‌ری زیندووی نه‌ریتی شۆڕشگێڕانه‌ی کاری کۆمۆنیستی بن، هه‌ر به هه‌مان ڕاده گرنگه. به‌ڵام ئێمه له هه‌لومه‌رجێکدا ده‌ست ده‌ده‌ینه پێكهێنانی حیزبی کۆمۆنیست که که‌له‌به‌رێکی ده‌یان ساڵه‌ی ئێمه له نه‌ریت و که‌له‌پووری شۆڕشگێڕانه‌ی کاری عه‌مه‌لی به شێوه‌ی کۆمۆنیستی جیا ده‌کاته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستا وه‌ك میرات له‌به‌رده‌ستدایه، ڕه‌وشتی ڕیڤیژینیستییه و ئێمه نه‌ك هه‌ر نه‌که‌وتووینه‌ته سه‌رباری پرا‌نسیپه کۆمۆنیستییه‌کان، نه‌ك ته‌نیا له پراتیکی حیزبی‌دا به‌رده‌وام فێری ئه‌م ڕه‌وشتانه نابین، به‌ڵکوو ده‌بێ به ڕه‌خنه‌گرتن له‌و په‌یوه‌ندی و شێوه‌کاره‌ی که ئێستا هه‌یه، په‌یوه‌ندی و یاسا کۆمۆنیستییه‌کان زیندوو بکه‌ینه‌وه. که‌وایه له جێگیرکردن و پاڕاستنی شێوه عه‌مه‌لییه کۆمۆنیستییه‌کاندا له سه‌ره‌تای پێكهاتنی حیزبی کۆمۆنیست‌دا، ده‌بێ سه‌رنجی سه‌ره‌کی بده‌ینه هۆکاری زیندوو واته، کادره کۆمۆنیسته‌کان. ئێمه ده‌بێ ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه به ده‌سته‌وه بگرین، چونکه کادره‌کان تاقه ئامرازی ڕاسته‌قینه بۆ جێگیرکردن و پته‌وکردنی ئاکاره کۆمۆنیستییه‌کان له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا ده‌بن. جێگیرکردنی ڕه‌وشته عه‌مه‌لییه کۆمۆنیستییه‌کانیش له کاتی ئێستادا بۆ ئێمه مانایه‌کی نییه جگه له جێگیرکردنیان له‌نێو ئه‌و کادره کۆمۆنیستانه‌دا که ئه‌مڕۆ بربره‌پشتی حیزبی کۆمۆنیست پێك دێنن و زامنی به‌رده‌وامبوونی هه‌ڵسووڕان و پته‌وبوونی حیزب له‌سه‌ر بنچینه‌ی یاسا عه‌مه‌لییه بۆڵشه‌ڤیکییه‌کان بن، سووربوون و پێداگرتنی حیزبی ئێمه له‌سه‌ر بیروڕا و ڕه‌وشته کۆمۆنیستییه‌کان ئه‌مڕۆ له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ته‌نها به کۆکردنه‌وه و ڕێکخستنی ئه‌و کادرانه دابین ده‌بێ که پشت به‌م بیروڕا و ڕه‌وشتانه ببه‌ستن. به قووڵی هه‌ستیان به گرنگی جیاوازیی تیۆری و عه‌مه‌لی له ورده‌بۆرژوازی کردبێ و تێی گه‌یشتبن. شۆڕشگێڕییه‌تی به‌رته‌سکی ورده‌بۆرژوایییان وه‌لا نابێ و خه‌باتی هه‌مه لایه‌نه له دژی سه‌رمایه‌داری و هه‌موو ڕواڵه‌ت و دیمه‌نه‌کانی به ئیشی هه‌میشه‌یی خۆیان بزانن. له هه‌ڵسووڕانیاندا به‌رژه‌وه‌ند و مه‌سڵه‌حه‌تی بزووتنه‌وه‌ی جیهانیی پرۆلیتاریایان له‌به‌رچاو بێت و هه‌موو ئامانجه میللی_ دیموکراتیکه‌کان له ڕوانگه‌ی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ند و ئامانجه سه‌ربه‌خۆ چینایه‌تییه‌وه چاو لێ بکه‌ن. شۆڕشگێڕییه‌تی خۆیان نه‌ک له دیموکراسی و بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتیك، به‌ڵکوو له سۆسیالیزم و دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داری هه‌ڵێنجن، ناوه‌ڕۆکی سیاسی_ چینایه‌تی ورده‌بۆرژوایی شێوه‌کاری پۆپۆلیستی د‌رك پێ بکه‌ن، بڕوایان به شکستی مسۆگه‌ری ئه‌م ڕه‌وشت و شێوه‌کاره هه‌بێ و به‌م بۆنه‌یه‌وه له هیچ هه‌لومه‌رجێكدا ته‌سلیمی ئه‌م شێوه‌کاره نه‌بن و سه‌ری بۆ دانه‌نه‌وێنن ... وه به‌م جۆره قۆڵیان له پێكهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیست به چۆنایه‌تییه‌کی نوێ، وه به پراتیکێکی جیاواز له پراتیکی تا ئێستای بزووتنه‌وه‌که‌مان، هه‌ڵماڵیبێ. که‌وایه به بڕوای ئێمه له باری پراتیک و به‌جێگه‌یاندنه‌وه، بۆ پێكهێنانی حیزبی کۆمۆنیست ده‌بێ له مه‌سه‌له‌ی کادره‌کانه‌وه ده‌ستپێ بکرێ، نه‌ک له ڕێکخراوکان و نه‌ك له به‌ڵگه و په‌سه‌ندکراوه‌کانه‌وه. حیزبی کۆمۆنیست کۆکراوه‌ی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که ئێستا هه‌ن، نییه. حیزبی کۆمۆنیست کۆمه‌ڵێك په‌سه‌ندکراوی تازه نییه. حیزبی کۆمۆنیست حیزبێکی تازه‌یه له باری چۆنایه‌تییه‌وه، وه به‌م بۆنه‌یه‌وه ده‌بێ له یه‌که‌م هه‌نگاودا به پشتئه‌ستووری ئه‌و کادرانه بنیات بنرێ که سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چۆنایه‌تییه تازه‌یه نه‌ك هه‌ر له حیزب‌دا به‌ڵکوو هه‌ر له ئێستاوه له پراتیکی ڕێکخراوه‌که‌ی خۆشیاندا پێك بێنن. ئێمه ده‌توانین له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئه‌و ژماره کادره‌ی که ده‌بێ بڕبڕه‌پشتی حیزب پێك بێنن، وه به‌رده‌وام کاری ڕێکخراوێکی حیزبی له یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی شکڵگرتن و گیرسان و پته‌وبوونه‌وه‌یدا دابین و ز‌امن بکه‌ن، کۆ بکه‌ینه‌وه. که‌وابوو ده‌توانین هه‌موو هێزه‌کانی لایه‌نگری به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست له حیزبێکی به‌هێزدا، یه‌ك بخه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی گیروگرفته ڕێکخراوه‌یییه‌کانی ڕابوردوو، به‌رچاوته‌نگییه عه‌مه‌لی و تیۆرییه‌کانی ڕابوردوو و خاڵه لاو‌ازه‌کانی ڕابوردووی خۆیان به‌رنه نێو حیزب و به‌سه‌ریدا دایسه‌پێنن.
٥) نه‌خشه‌کار و هه‌ڵسووڕان بۆ گرتنی کۆنگره‌ی یه‌که‌م ده‌بێ له‌سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ك دامه‌زرێ؟
تێزی سه‌ره‌کی قسه و باسه‌که‌مان ئه‌وه بوو که گرێی سه‌ره‌کیی کاری حیزب ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ی جێگیرکردنی بنه‌ما عه‌مه‌لییه‌کانی هه‌ڵسووڕانی کۆمۆنیستییه و ئه‌م گرێیه به ده‌ستی کادری به ده‌ربه‌ست، سوار به‌سه‌ر ئامانج و ئاکاری سه‌ربه‌خۆی کۆمۆنیستیدا ده‌کرێته‌وه. هه‌ر ئه‌مه ده‌توانێ بۆ ئێمه له دیاریکردنی پرۆسه‌ی عه‌مه‌لیگرتنی کۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حیزبی کۆمۆنیست‌دا خاڵی ده‌ستپێک بێت. ئه‌م کادرانه ده‌بێ کۆ بکرێنه‌وه، به له به‌رچاوگرتنی ئه‌و هاوڕایییه‌ی که له‌ژێر ئاڵای به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست‌دا هه‌یه، له د‌ركکردنی هه‌مه لایه‌نه و ڕه‌خنه‌ی قووڵ به‌رانبه‌ر به شێوه‌کاری پۆپۆلیستی و ئاڵته‌رناتیڤی کۆمۆنیستی له مه‌یدانه جۆراوجۆره‌کانی هه‌ڵسووڕانی عه‌مه‌لیشدا به‌و هاورایییه بگه‌ن. حیزب ده‌بێ به پشتئه‌ستووری ئه‌م کادرانه بڕبڕه‌پشت و قه‌واره‌ی سه‌ره‌تایی خۆی داڕێژێ و پاشان هه‌موو هێز و توانای ڕێکخراوه‌کان و کۆڕه‌کان و توخمه‌کانی لایه‌نگری به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست له ده‌وری ئه‌م قه‌واره قایم و پته‌وه ڕێك بخات. ته‌نیا له‌م ڕێگایه‌وه تایبه‌تییه‌کان و که‌موکوڕییه‌کانی ئێستای بزووتنه‌وه‌که‌مان نابنه کۆسپ له‌سه‌ر ڕێگای پێكهاتنی حیزبێکی کۆمۆنیستی ڕاسته‌قینه.
بێگومان داڕشتنی نه‌خشه‌کارێکی کۆنکرێت، که به وردی دیاری کرابێ، بۆ پێكهێنانی حیزب پێویسته. له‌م نووسراوه‌یه‌دا ئێمه ته‌نیا مه‌سه‌له‌که‌مان به شێوه‌یه‌کی گشتی باس لێ کرد و جه‌ختمان له‌سه‌ر جێوشوێنی گرنگ و دیاریکه‌ری مه‌سه‌له‌ی شێوه‌کار و په‌یوه‌ندیی نزیکی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کادره‌کان کرد و له نووسراوه‌کانی دیکه‌دا به درێژی باسی لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م با‌سه ده‌که‌ین.
مه‌نسوور حیکمه‌ت - ف. په‌رته‌و
سه‌رچاوه:
حزب کمونيست ايران در گرو چيست؟
"بسوی سۆسیالیسم"، دوره اول، شماره ٥
اول بهمن ١٣٦١، صفحات ٥٤ - ٦٣
تایپکردنه‌وه‌ی: ئامانج ئه‌مین
hekmat.public-archive.net #0420ku.html
|