Status             Fa   Ar   Tu   Ku   En   De   Sv   It   Fr   Sp  

دەربارەی خەبات لە دژی ئایین

ده‌قی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕادیۆی ئینته‌رناسیۆناڵ
١٥ شوباتی ٢٠٠١


ئازەر ماجیدی: مه‌نسوور حیکمه‌ت، تۆ بەشداریی مێزگەردێکی وەرزنامەی "پرسش"ت بە ناوی "باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی" کردووە. مەسه‌له‌گه‌لێکی زۆر لەم چاوپێکه‌وتنەدا هەیە، کە پێمان باش بوو لە بارەیانەوە لەگەڵتاندا گفتوگۆ بکەین. بەهۆی کەمی کاتەوە، ئه‌مانه‌وێ لە بارەی چەند لایەنێکی ئەم مەسەلانه‌ پرسیارت لێ بکەین. یەکێک لەو مەسەلانە کە ئێوه‌ تەرحتان کردووە، وتووتانە، کە سکۆلاریزم کۆمه‌ڵێک هەلومەرجی لانیکەمە. وە لە درێژەیدا دەڵێن، کە ئێوه‌ بە تەنها خوازیاری سکۆلاریزم نین، به‌ڵکوو لایەنگری خه‌باتێکی هۆشیارانەی کۆمه‌ڵگان لە بەرامبەر ئاییندا. ئه‌مانه‌وێ ئه‌وه‌مان بۆ باس بکەن، کە پێکهاته‌کان و تایبەتمەندییەکانی ئەم خەباتە چین؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: کاتێک لە پەیوەند بە ئایین، وە بە تایبەتی دەربارەی ئیسلام لەم دەورەیەدا قسە دەکەین، ده‌بێ لەبەرچاومان بێ کە ئایین دیاردەیەکە ئه‌کرێ نیشان بدرێ، کە بۆ مرۆڤ مایەی ڕه‌نج و کوێرەوەرییە. مایەی سه‌رکوته‌، مایەی بێ ڕێزییه‌. مایەی ڕیسوابوونی مرۆڤەکانە. بەم پێیە ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دیاردەیه‌ک و له‌گه‌ڵ مەسەلەیه‌ک بەرەوڕوو دەبینەوە، کە ده‌بێ لەسەر شانمان سووکی کەین. هەر وه‌کوو چۆن بۆ نموونە، ئێوه‌ ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەره‌کان تەنها بە کار و مەسەلەی شەخسی مرۆڤ دانانێن، وە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ئەم ئالوودەبوونە لەناو بچێ، تەنانەت ئەگەر مرۆڤەکان ڕێگەیان پێ بدرێ کە ئەو مادانەش بەکار بهێنن، هێشتا بە کەمی دەزانن و پێتان وایە، ده‌بێ کارێک بکرێ ئەم خووه‌ بە تەواوی بەسەر سەری خه‌ڵکەوە لابچێ. سەبارەت بە ئایینیش هەر وایە. ئایینیش دیاردەیەکە، هەر چەنده‌ مرۆڤ ئازادە باوه‌ڕی بە هەر شتێک هه‌بێ، بەڵام باوه‌ڕبوون بەم کۆمه‌ڵە مەسەلە سیاسی، فیکری و مەدەنییه‌ی کە پێی دەووترێ ئایین و لەوانەش ئیسلام، هۆکاری بەدبەختی خه‌ڵک بووە. بەم پێیە وه‌کوو هەر بەڵایەک ئێمه‌ لە بەرامبەریدا خەبات دەکەین. بە بروای من، ئەوەی کە ئایین وه‌کوو کار و مەسەلەی مرۆڤەکانی لێ بکرێ هێشتا کەمە. واتە کۆمه‌ڵگا ده‌بێ کارێک بکات کە ئیسلام لەناو بچێ. زۆر بە ڕۆشنی با بڵێم، ده‌بێ کارێک بکەین کە ئیسلام ئازادانە و بە شێوه‌یه‌کی ئیختیاری لە لایەن خه‌ڵک خۆیەوە لەناو ببرێ. بۆ ئەوەی خه‌ڵک چیتر دیلی ئایین نەبێ، چیتر له‌ژێر کاریگەری ئاییندا نەمێنێتەوە، وە چیتر خه‌ڵک بەهۆیەوە سەرکوت نەکرێت و ڕه‌نج نەکێشن و لەناو خورافاتدا پەلوپۆ نەکوتن. ڕێگای لەناوبردنی ئایین کامەیە؟ پەروەردە و فێرکردنی دەوڵەتێکی ئازادە، کە دەرس و وانەی ڕاستییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەدەنی، مێژوویی، بایۆلۆژیکی، فیزیکی و سروشتییەکان بە هاووڵاتیانی خۆی ده‌ڵێته‌وه‌. وە ده‌وڵه‌ت کۆمه‌ڵە یاسایەکی مەدەنی بۆ پارێزگاری لە هاووڵاتیان لە بەرامبەر ده‌ستدرێژیی ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئایینییەکان و پیشەسازیی ئاییندا دابڕێژێ. بە بڕوای من، ده‌بێ ئایین وه‌کوو پیشەسازی تووتن تەماشا بکرێ. هەر وه‌کوو چۆن هەر کەس ئاره‌زووی خۆیەتی جگەرە بکێشێ، بەڵام ده‌بێ کۆمه‌ڵە یاسایەک هەبن، هەتا دامەزراوەکانی تووتن نەتوانن به‌ خراپی کەڵک له‌ ئالوودەبوونی خه‌ڵک بە جگەرەکێشانەوە وەربگرن و نەبنە هۆی لە ڕادە بەدەری نەخۆشی، وە دەستیان ئاوه‌ڵا نه‌بێت کە مناڵان و تازەلاوان ڕابکێشنە ناو ئالوودەبوون بە جگەرەکێشانەوە. سەرەنجام سەبارەت بە ئایینیش ده‌بێ کۆمه‌ڵێک یاسای بەم جۆرە دابنرێ. واتە کۆمه‌ڵە یاسایەک کە ڕێگا نەدات پیشەسازی ئایینیی، وه‌کوو دوکانێکی ئایینی، ژیانی خه‌ڵک خراپ بکات. لە ژیانی نەوەیەکدا ئه‌توانرێ کارێک بکرێ، کۆمه‌ڵگایەکی ئازادی وا بێتە ئاراوە، کە تیایدا ئایین وه‌کوو نەخۆشی مەلاریا، یاخود وه‌کوو ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەره‌کان ڕیشەکێش کرابێ.

ئازەر ماجیدی: ئێوه‌ سەبارەت بە پیشه‌سازییه‌ ئایینییەکان و پیشەسازیی ئایین دوان و دواتر چووانتان بە پیشەسازی تووتن. من ویستم بپرسم، مەبەستتان لە پیشەسازی ئایینیی و سەنعەتی مەزهەب چییە؟ ئایا ئەمە تەنها گاڵتەیەکە کە ئایین وه‌کوو پیشەسازی تووتن سەیر دەکەن؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: هەرگیز، هەرگیز، بەو جۆرە نییە. ئه‌ڵێم پیشەسازی، چونکە بڕێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە ئایین عەقیدە و باوه‌ڕی خه‌ڵکە. وا نییە. ئایین پیشەسازییەکی تەواوە. خاوەنی هەیە، لە بەرژەوەندیی ژمارەیەکدا ئەبێتە هۆی سەروەتی ماددی و دەسەڵاتی سیاسیی تەیفێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمه‌ڵدا. لە خزمەتی دەسەڵاتدارێتییه‌کی سیاسی لە کۆمه‌ڵگادایه‌، واتە دەسەڵاتدارێتی چینایەتی ئەو کۆمه‌ڵگایە. ئایین پیشەسازییەکە، دەیان ملیارد دۆلار پارە تیایدا ئاڵووێر ده‌کرێ. پرۆپاگه‌نده‌ی ئایینیی لەم پارەیە دابین ده‌کرێ. ئەم پارەیەش بە کڵاولەسەرنان و لێسەندن و ... هتد. بۆ نموونە، لە ئێران لە ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تەوە ئەم پارەیە لە گیرفانی خه‌ڵک ده‌رده‌هێنرێ. یەک دامودەزگای بڵاوکردنەوەی درۆیە. درۆ بەسەر خه‌ڵکدا پەخش ئەکەنەوە. خه‌ڵک دەترسێنن. لەم دنیایە بە توندوتیژی خه‌ڵک دەترسێنن، "لەو دنیاش" بە سزادان. ئایین کتومت وه‌کوو مافیایە. دامەزراوەی ئایینی، چ کریستیان، چ ئیسلام، چ یەهوودییەت، بەر لەوەی کۆمه‌ڵێک بیروباوه‌ڕی فیکری بن، دامودەزگایه‌کی گەورەی کۆمەڵایەتین، لەسەر پێی خۆیان وەستاون، باج وەردەگرن، پارە کۆ دەکه‌نەوە و لە پێناوی مانەوەی خۆیان و حاکمییەتی خۆیاندا خەرجی دەکه‌ن. به‌م پێیه‌، پیشەسازییە ئایینییەکان لە جیهاندا، دیاردەی زۆر زەبەلاحن. واتە، پارەیەک کە بۆ ئیسلام یاخود بۆ کڵێسای مەسیحییەت خەرج ئەکرێ، ئەگەر سەرنجی بدەنێ، بەراورد ده‌کرێ بە گەورەترین کۆمپانیای نێونەتەوەیی. بەراورد ده‌کرێ بە بودجەی کەڵەکەکراوی سەربازیی دەیان وڵات لەسەریەک. کەواتە، ئایین ده‌بێ وه‌کوو پیشەسازییه‌ک تەماشا بکرێ، کە هۆشیارانە خەریکی فرۆشتنی بەرووبوومەکەیەتی و خەریکە بازاڕی تایبەت بە خۆی پەیدا دەکات. وە تێدەکۆشێ که‌ بەکاربەر ئالوودەی خۆی بکات. کەواتە ئەگەر کۆمه‌ڵگایەک دەخوازێ خۆی ئازاد بکات، ده‌بێ بەم جۆرە بڕوانێتە ئایین و بەرەوڕووشی ببێتەوە. نەک وا بیر بکاتەوە کە ئایین کۆمه‌ڵێک عەقیدەیه‌ و باوه‌ڕبوونە بە کەری دەجاڵ و شیوەن بۆ کەربەلا! ئایین پیشەسازییه‌کی مه‌زنی فڕێدانی خورافە و تۆقاندنی خه‌ڵک و ملکەچ پێ کردن و بە تەسلیمکێشانی خه‌ڵکە لە بەرامبەر دەسەڵاتی چینایەتی زاڵدا. وە ئەگەر ئێوه‌ کۆمه‌ڵگایەکی ئازادتان ده‌وێ، ده‌بێ پارە خەرج کەن، هێز تەرخان کەن، هێزی مرۆیی ئامادە کەن، بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ ئەم دیاردەیەدا بەرەوڕوو ببنەوە. هەر بەو جۆرەی کە بەرەوڕووی باندەکانی ماده ‌هۆشبه‌رەکان دەبینەوە، یان بەو شێوەیەی کە بەرەوڕووی کۆمپانیای سودجویی دەبینەوە، کە دێن خه‌ڵک دەدزن و دەفڕێنن و لە جێگای خۆیاندا وێرانەیەک بەجێ دەهێڵن، بەهەمان شێوەش ده‌بێ بەرەو ڕووی پیشەسازیی ئایینی ببینەوە.

بێگومان باوه‌ڕی هەر کەسێکیش بۆ کەسەکە خۆی بەڕێزە و ده‌بێ ڕێگا بدرێ، هەر که‌سێک بە هەر شتێک که‌ ده‌یه‌وێ، باوه‌ڕ و عەقیدەی هه‌بێ و ئازاد بێت. بەڵام ئەگەر لەسەر بنچینەی ئەم باوه‌ڕانەوە دامودەزگایه‌کی سیاسی و سەربازی و فەرهەنگی دابمەزرێنرێ کە ئامانجی بەستنەوە و لەقاڵبدانی خه‌ڵک بێت، ئێوه‌ ده‌بێ بە هاوکاری خه‌ڵک، وە لە لایەن هاووڵاتیانی کۆمه‌ڵگاوە بەرامبەری بوەستنەوە.

ئازەر ماجیدی: دواتر دێمەوە سەر ئەم خاڵەی کە لە دواییدا باست کرد. بەڵام بەرلەوە ویستم ڕای ئێوه‌ بزانم. لەوانەیە بڕێک کەس کۆماری ئیسلامی وه‌کوو ده‌وڵه‌تێک کە بە تەواویی ئایینییە، یاخود تەنانەت ڤاتیکانیش وا سەیر کەن کە تۆ دەیڵێیت. بەڵام ئایا ئایین و مەزهەب بۆ نموونە، لە ئەورووپای ڕۆژئاواش کە لە بڕێک جێگایدا لە ده‌وڵه‌ت جیایە و نەخشێکی ئەوتۆی بەسەر ژیانی خه‌ڵکەوە نییە، ئێوه‌ هەر بەو شێوەیە، واتە وه‌کوو باندی مافیایی تەماشای دەکەن؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: سەرەتا با ئەوە بڵێم، ئەمەی کە لە ئەورووپا لەو جێگایانەی کە ئایین هیچ نەخشێکی نییە، لەبەر ئەوەیە ئەم شتانەی کە باسم کرد، لە سەدەکانی ڕابردوو لە بەرامبەریدا ئەنجام دراون. رۆیشتوون سەروەت و مڵک و ماڵ و وه‌قفه‌کانیان لێ سەندۆتەوە. یاسایان داناوە کە ڕێگا نادات، ئایین لە پەروەردە و فێرکردندا دەخاڵەت بکات. یاسا دانراوە، ڕێگای لە دەخاڵەتی ئایین لە باری که‌سێتی خه‌ڵکدا گرتووە. بەڵام ئەورووپای ئەمڕۆ، نموونەیەکی باش نییە بۆ ئەوەی بزانرێ کە ئایین چییە. ده‌بێ سەد ساڵ بگەڕێینە دواوە بۆ ئەوەی بزانین هەر ئەم ئایینە چی بەسەر خه‌ڵکدا هێناوە! هەر ئێستا پاپا ناچار بووە، بەهۆی هاوکاریی کڵێسای کاتۆلیک له‌گه‌ڵ هیتلەر و دامودەزگایەکی مرۆڤسووتاندنەوە کە هەیبوو، داوای پۆزش بکات. لە زۆر جێگا نموونە هەیە. هەر ئێستا لە ئیرلەندەی سەروو پرۆتستانتەکان بەردەرگای قوتابخانە سەرەتایییەکان دەگرن و خوێندکارە کچۆڵەکان بەردباران دەکەن. تەنانەت بۆمبەکانیان بە سەروچاویاندا دەتەقێننەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئەوان کاتۆلیکن و ئەمان پرۆتستانتن. ده‌بێ ڕووداوەکانی یۆگۆسڵاڤیا و ئەو کێشمەکێشانەی کە لەوێ هەن تەماشا بکرێ. ده‌بێ سەیری شیشان بکرێ، ئەفغانستان سەرنج بدرێ. بە بڕوای من، ئایین بە شێوه‌یه‌کی گشتی نەخشی هەیە. لە هه‌ندێ جێگا خه‌ڵک گوێی ئایینیان گرتووە و لەسەر جێی خۆی دایانناوەتەوە، وە ئەو جێگایانە حاڵەتی شارستانی و مەدەنییان بە خۆیانەوە گرتووە. بەڵام هێشتا وه‌کوو هێزێکی زەخیرە و یەدەک لەوێ هه‌ن. من ڕێک پەرلەمانی کڵێسای مەسیحییەتیش لە ئەورووپای ڕۆژئاوادا هەر لەم چوارچێوەیەدا دائەنێم. وه‌لێ هەر ئێستا ئەو ڕۆڵ و ئەو بازاڕگەرمییەی کە ئیسلام هەیەتی، بۆ نموونە، لە ئێران و ئەفغانستان خەریکی ئینسان کوشتنە، مەسیحییەت لە ئەورووپای ڕۆژئاوادا نییەتی. بەڵام ڕۆڵی لە سەرکوتی ژناندا هەیە. ڕۆڵی لە کپکردنەوەی بیروباوه‌ڕی ئازادیخوازانەدا هەیە. لە بەرگرتن بە نوێبوونەوەدا دەور ده‌بینێ. وە هێشتاش هەر دەستی لە گیرفانی خه‌ڵکدایە. تا ئێستاش کڵێسا بە تووندی دەستی لە گیرفانی خه‌ڵکدایە و سەرچاوە و داهاتێک کە ده‌بێ بۆ خۆشبەختیی مرۆڤەکان خەرج بکرێ، دەیگێڕنەوە و بۆ بڵاوکردنەوەی خورافات لەنێو خه‌ڵکیدا خەرجی دەکەن. زەرەر و زیانی مەسیحییەت بەو ڕادەیە ئاشکرا و بینراو نییە، کە هی ئیسلام لە ئێران، ئەفغانستان و عەرەبستانی سعوودییه‌دا هەیەتی و دیارە. بەڵام بە ئامار و بە ژمارە ئه‌توانرێ نیشان بدرێ، کە کڵێسا چ نەخشێکی هەیە.

لە هه‌ندێ جێگا کڵێسا لە دژی ده‌وڵه‌تە ئیستیبدادییەکان وەرچەرخاوە. بۆ نموونە لە ئه‌مه‌ریکای لاتینیدا. بەڵام ئەوە کڵێسا نییە کە وەرچەرخاوە. ئەوە ئەو کڵێسایەیە کە ده‌بینێ خه‌ڵک مەیلیان بە لای چەپدا هەیە، وە لە پێناوی پارێزگاریکردن لە ڕەونەقی خۆی، ناچار بووە که‌ لە هاوشانی خه‌ڵکدا بڕواتە ڕێوە. بەڵام هەر کاتێ سەربکێشێتە ناو هەر ناوه‌ندێکی جیددیی کۆمه‌ڵایەتییەوە، ئیسلام و ئایینەکان لە ته‌نیشت چینە داراکانەوە دەبینی، کە خەریکن خەتیان پێ دەدەن و ئاراستەیان دەکەن بۆ سەرکوت و لەقاڵبدانی کۆمەڵایەتی.

ئازەر ماجیدی: ئێوه‌ لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسی ئەوەتان کرد کە ده‌بێ دامودەزگاکانی ئایین بپێچرێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویسته‌ پارە دابنرێ و هێز تەرخان بکرێ. ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت و کۆماری سۆسیالیستی لە ئێراندا دامەزرێ، ئەم مەسەلەیە چ شکڵ و شێوه‌یه‌ک بە خۆیەوە دەگرێ؟ چونکە ئێوه‌ وتتان، باوه‌ڕ و عەقیدەی خه‌ڵک بەڕێزن. لەوانەیە ئەمە به‌ باشی ئه‌وه‌ نیشان نەدات، کە مامەڵە له‌گه‌ڵ ئایین، ئاخوند و مزگەوتەکان چۆن ده‌کرێ؟ وە له‌گه‌ڵ کەسانێک کە باوه‌ڕیان بە ئیسلام هەیە و موسڵمانن چۆن؟ ئەم لایەنە بڕێک ڕۆشن بکەنەوە.

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بە ڕای من، بیروباوه‌ڕی شه‌خسیی مرۆڤەکان خۆیان بۆ خۆیان بەڕێزن. لەوانەیە من ڕێز بۆ بیروباوه‌ڕی ڕاسیستی و نەژادپەرستانەی که‌سێک دانەنێم، کە داینانێم. بەڵام مادام خۆی ده‌یه‌وێ وا بیر بکاتەوە و تا ئەو جێیەش کە ئازاری بۆ کەس نییە، بیروڕای شه‌خسیی ئەو کەسە خۆیەتی. لە هەر جێگایەکی ئەم جیهانە هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی هەر چۆنێک پێی خۆشە وا بیر بکاتەوە. ڕێگا بەکەس نادرێ لە دنیای ناوه‌وه‌ی هیچ که‌سێکدا دەخاڵەت بکات و یاسا پێشێل بکات و پێی بڵێ، تۆ بۆت نییە بەم شێوەیە بیر بکەیتەوە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە که‌ ئێمه‌ هەوڵی گۆڕینی بیرکردنەوەی ئەو کەسانە نەدەین. مرۆڤ ده‌بێ ئازاد بێ، وە بتوانێ لە نێوان هەڵبژاردنی بیروباوه‌ڕە جیاوازەکاندا خۆی سەرپشک بێ. بەڵام ڕۆڵێکی بنەڕەتیی ئایین ئەمەیە، کە بەزۆر و بە ڕێگای تۆقاندن و دەمارگیری، هەموو بیروباوه‌ڕ و بیرە ئازادیخوازەکان لەبەرچاوی خه‌ڵک دوور دەخاتەوە و لە بەرامبەریاندا یاساکان ژێرپێ دەخات. لە کابوول، تاڵیبان ویستی ژمارەیەک کەس ئیعدام بکات، تەنها لەبەر ئەوەی بانگەوازیان بۆ ئایینێکی دیکە کردبوو. ئەمە ئێستا لە ئەفغانستان ناشیرین و زێده‌ڕه‌وییه‌. بەڵام ماهییەتی کاری هەموو ئایینەکان هەر ئەمەیە. پەروەردە و فێرکردن کلیلی ئەسڵییە. ئەوەی مرۆڤ پێویستی بەوە نه‌بێ کە باوه‌ڕ بەم خورافاتانە بکات و بزانن جیهان شتێکی دیکەیە. بەڵام بە تەنها هەر ئەمە نییە. ده‌بێ کۆمه‌ڵە یاسایەک دابنرێ کە ئەم دامودەزگا ئایینییانە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. بۆ نموونە، ده‌بێ لێکۆڵینەوە لەسەر کۆنتۆ بانکییەکانیان وه‌کوو هەر کارگە و دامەزراوێکی دیکە بکرێ. واتە، سیستەمی ئیسلامی و مزگه‌وته‌کان و ئایەتولڵاکانیش ده‌بێ بە گوێرەی ئەو یاسایانە بجووڵێنەوە کە کارگەی بسکیتی ڤیتانا و فابریکەی ئاوگەرمکردنسازی، وە یان کۆمپانیای جگەرەی وینستۆن پەیڕەوی دەکەن. بەم جۆرە ده‌بێ حیساباتیان کۆنترۆڵ بکرێ و بزانرێ پارەیان لە کوێوە هێناوە و چۆنچۆنیش خەرجیان کردووە! باجیان داوە یان نا؟ دزییان نەکردبێ، فێڵ و تەڵەکەیان لە ده‌وڵه‌ت نەکردبێ و پارەیان لە خه‌ڵک نەسەندبێ ... هتد.

ژمارەیەک یاسا هەن کە هەر ئاوا خۆیان دەبنە هۆی داخستنی زۆرێک لە دامەزراوە و شوێنی ئایینیی. ئەگەر یاسای پارێزگاریکردن لە گیاندران بە جیددی بگرین، ده‌بێ به‌شێکی گەورەی دابونه‌ریتی ئیسلامی بلۆک بکرێت، چونکە لە ڕادەبەدەر، به‌ شێوه‌یه‌کی توندوتیژ له‌گه‌ڵ گیاندراندا ڕەفتار دەکات. ئەگەر ئێمه‌ بەرگری لە مافەکانی منداڵان بەو یاسایانەی کە شایستەی مافەکانی مناڵانن بکەین، ئەوا به‌شێکی زۆر لە چالاکی و هەڵسووڕانی ئایینیی ده‌بێ ڕابگیرێن، بەو هۆیەوە کە بە تەواوی له‌گه‌ڵ ئازادیی مناڵاندا ناکۆک و دژن، واتە ئەوه‌ی کە منداڵان پارێزراو و دوور لە هەڕەشە و تۆقاندن و ئەشکەنجەدان و کارە ئیجبارییەکان بن و ... هتد. ئەگەر بە دروستی مافەکانی ژنان چاودێری بکەین، دیسان بڕێکی زۆر لە یاسای ئایینی ده‌بێ لاببرێن. بەم مانایە، پیاوانی ئایینی چیتر ناتوانن یاساکانیان پیادە بکەن، ئەگەر لە ڕووی حوقووقییەوە ژنان و پیاوان لە کۆمه‌ڵگادا یەکسان بن، ده‌بێ سەرجەم یاساکانی خێزان و هاوسه‌رگیری و تەڵاق و ئیرس و میراتێک کە ئیسلام دایناون، لەکار بخرێن و بخرێنە لاوە. لە هەر شوێنێکیش ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێ تەرحیان بکات، ئه‌وا له‌گه‌ڵ یاسا مەدەنییەکاندا دەکەونە ناکۆکییه‌وه‌. ئەمەوێ بڵێم، ئەگەر بەرگری لە مافە مەدەنییەکانی مرۆڤ بکەین، به‌شێکی زۆر لە ئایین لەناو دەچێ. وە ئەگەر بەرگری لە زانست و ئازادیی ئەندێشە بکەین، به‌شێکی دیکەی ئایین پاک دەبێتەوە. لە کۆتاییدا ئەگەر ٢٥٠ که‌سێک لە وڵاتێکی ٦٠ ملیۆنیی وه‌کوو ئێراندا، هێشتا لەسەر ئەو باوه‌ڕە بن کە بەڵێ، ڕۆژی مەحشەرێک هەیە و پێنج کەڕەت لە ڕۆژدا ده‌بێ نوێژ بکرێ و ئەگەر نەکرێ، فڵان ده‌بی و حەتمەن ده‌بێ هەر چەند وەخت جارێک مەڕێک سەرببڕی، چونکە سه‌رده‌مێک ئیبراهیم خه‌لیل ویستبووی مناڵەکەی خۆی بکاتە ‌قوربانی، ئارەزووی خۆیەتی! لەم چەشنە مرۆڤانە سەیرتریش لە دنیادا هەن. بەڵام چیتر ئەمانە نابنە یاسای کۆمەڵایەتی و سەرئێشه بۆ کەسیش‌ دروست ناکه‌ن. تەنانەت خودی ئەم جۆرە مرۆڤانە کە باوه‌ڕیان بەم خورافاتانە هەیە، ڕەفتارێک له‌گه‌ڵ خێزان و مناڵەکانیاندا دەکەن، کە نەک لە مافە مەدەنییەکانی ئەوانەوە سەرچاوە ناگرن، به‌ڵکوو لە ئایین و دەمارگیریی ئەم مرۆڤانەوە مایە دەگرن، بۆیە ده‌وڵه‌ت دەچێ پێشیان پێ دەگرێ. من بڕوام بەوە نییە کە لە بەرامبەر ئیسلامدا توندوتیژی بەکار بهێنرێ. هەر وەک چۆن بڕوام بەوەش نییە، کە لە بەرامبەر مەسەلە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا کە لە کۆمه‌ڵدا هه‌ن، توندوتیژی بەکار ببرێ. بەڵام باوه‌ڕم بەوە هەیە، کە یاساکان و هۆشیارکردنەوە به‌ هاوشانی یه‌کدی، دەتوانن دەرگای ئیسلام قفڵ بکەن. بۆ نموونە سەرۆکی کڵێسای بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە وەزعی مەسیحییەت خراپە، وە چیتر کەس گوێی لێ ناگرێ. بۆچی؟ چونکە خه‌ڵک پێویستییان پێی نییە. وە هێزیشی بەدەستەوە نەماوە.


سه‌رچاوه‌: درباره مبارزه با مذهب - hekmat.public-archive.net
وه‌رگێڕانی: حەمە غەفور


Kurdish translation: Hama Ghafoor
hekmat.public-archive.net #3720ku.html