شانه حیزبییه‌کان و ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کان
ده‌رباره‌ی گرنگیی ئاژیتاتۆر و ئاژیتاسیۆنی ئاشکرابـهشى یه‌که‌م
١) پێشه‌کى
ئاکسیۆنى ناڕه‌زایه‌تیی کرێکارى وه‌ك هه‌ر دیارده‌یه‌کى دیکه، ڕابردوو، ئێستا و ئایینده‌ی خۆی هه‌یه. له مه‌سه‌له‌گه‌ڵ، په‌یوه‌ندی و داواکاری تایبه‌تییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، سه‌رهه‌ڵده‌دا و په‌ره‌ده‌سێنێ و له سبه‌ینێى کۆتاییهاتنیشیدا په‌یوه‌ندى، هاوسه‌نگى هێز، وره و تێگه‌یشتنى جیاواز به‌جێ ده‌هێڵێ. ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه بۆی ده‌ڕوانێت، ئاکسیۆنى کرێکاری به گشتى، به سه‌رهه‌ڵدانیی به‌کرده‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ئاشکرای به‌کۆمه‌ڵی ده‌زانێت. "کرێکارانى ئاسنتوانه‌وه مانیان گرت"، "کرێکارانى که‌نداو دوایی له‌گه‌ڵ پۆلیس و پاسداران ده‌سته‌ویه‌خه بوون"، "کرێکارانى پیشه‌سازیی نه‌وت ده‌ستیان داوه‌ته، که‌مکاری" و له‌م چه‌شنه. به‌ڵام ئاکسیۆنێکی کرێکاری بۆ هه‌ڵسووڕاوانى کۆمۆنیست مانایه‌کى به‌رفراوانتری هه‌یه. کاتێک که ئێمه قسه له ده‌خاڵه‌ت له ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کان و ڕابه‌رییان ده‌که‌ین، ده‌خاڵه‌ت و کاری ڕابه‌ریى له پرۆسه‌یه‌کدا، به مانای پێش ڕوودانى ئاکسیۆن، کاتى ڕوودانى و دوای ڕوودانى له‌به‌رچاو ده‌گرین.
هه‌ر ڕێنمایییه‌ك، یان کۆمه‌ڵه ڕێنمایییه‌ك بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی شێوه‌ی ده‌خاڵه‌تى هه‌ڵسووڕاوانى کۆمۆنیست و ڕێکخراویی کۆمۆنیست له خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی هه‌ر ئێستای کرێکاران، ده‌بێ ئه‌رکى کۆمۆنیسته‌کان له هه‌ر سێ ده‌وره‌ی شکڵگیرى، ڕوودان و کۆتایى ئاکسیۆنه‌کان ڕۆشن بکاته‌وه. مانای ده‌خاڵه‌ت و به‌شداری له ئاکسیۆنێکدا له حاڵى ڕوودانیدا له یه‌که‌مین هه‌نگاودا ڕۆشن دێته به‌رچاو، به‌ڵام بیرۆکه‌ی ده‌خاڵه‌ت له ئاکسیۆندا، پێش ڕوودانى، یان دوای کۆتاییهاتنى، له‌وانه‌یه له سه‌ره‌تاوه که‌مێك سه‌یر بێته به‌رچاو. له واقیعدا ئه‌مه ڕووی دووه‌مى مه‌سه‌له‌که‌یه و تا ئێستا له باسه‌کانى ئێمه‌دا سه‌باره‌ت به شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی شانه حیزبییه‌کان له به‌رامبه‌ر خه‌باتی ئێستادا، زۆرتر جێگه‌ی سه‌رنج بووه و ئه‌وه‌ی که ئه‌وه‌نده باسی لێوه نه‌کراوه، پێداویستییه‌کان و شێوه‌ی ده‌خاڵه‌تکردن له ئاکسیۆن له کاتى ڕوودانیدا بووه، هه‌ر بۆیه ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری به‌که‌ڵك ده‌بێت.
هه‌ر ئاکسیۆنێك (به مانای تایبه‌تى وشه‌که واته، یه‌ك خه‌باتى ناڕه‌زایه‌تیی به‌کرده‌وه و به‌رده‌وام)، مۆری زه‌مینه و هه‌لومه‌رجی بابه‌تی و خۆیی پێش خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ. هه‌ر ئاکسیۆنێك له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی هاوسه‌نگییه‌کى دیاریکراوی نێوان هێزه‌کان و له چوارچێوه‌یه‌کی هۆشیاریی سیاسی و پله‌یه‌ك له ڕێکخراوبوون و ئاماده‌یى بۆ ڕێکخراوبوونى هه‌ر ئێستای چینه‌که‌دا شکڵ ده‌گرێت. بێگومان ئه‌م هۆکارانه له درێژه‌ی خودی ئاکسیۆندا گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام له دواشیکردنه‌وه‌دا ته‌نها به ڕاده‌یه‌کی دیا‌ریکراو ده‌توانن له ئاستی پێشوو واوه‌تر بچن. هیچ مانگرتنێك له ئێرانى ئه‌مڕۆدا به یه‌کجار له‌سه‌ر ٣٥ سه‌عاتکار، ده‌رچوونى هێزه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامى له کوردستان یان ئازادیی بێ قه‌ید و شه‌رتی بیروباوه‌ڕ و ڕاگه‌یاندن له هه‌موو وڵات‌دا ده‌ست پێ ناکات، هێرشی بۆرژوازی پاشه‌کشه‌ی به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و هاوسه‌نگی هێزه‌کانی ئێستادا هێناوه و داخوازیگه‌لی کرێکاری، ناڕه‌زایه‌تییه هه‌میشه‌ییه‌کانی بۆ ئاستێکی نزمتر هێناوه‌ته خواره‌وه.
هه‌ر ئاکسیۆنێك هه‌نگاوهه‌ڵهێناوه‌یه‌کی خه‌باتگێڕانه‌ی کرێکارانێکی دیاریکراوه، به هۆشیارییه‌کی سیاسی و توانایییه‌کی ڕێکخراوه‌یی دیاریکراوه‌وه، له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی هاوسه‌نگیی هێزه‌کانی ئێستا، وه یان به تێگه‌یشتنێکی تایبه‌ته‌وه له هاوسه‌نگی هێزه‌کانی ئێستا. چوارچێوه و بار و دۆخێکی گشتی، که ناڕه‌زایه‌تییه خۆبه‌خۆ کرێکارییه‌کان له چوارچێوه‌یدا شکڵ ده‌گرێت، له لایه‌ن ئه‌م هۆکارانه‌وه که‌م تا زۆر له پێشه‌وه دیاریکراوه. به‌شداری له ئاکسیۆن پێش ڕوودانی ئاکسیۆن، به مانای ده‌خاڵه‌ت و هه‌وڵدانه بۆ گۆڕانی ئه‌م بار و دۆخه و تێکشکانی ئه‌م چوارچێوه‌یه، مانای تێکۆشانه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و ڕێکخراوه‌یی کرێکاران و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی دووبه‌ره‌کیخستنه‌وه و فۆرمووله‌کردنی ئوسوڵیی درووشم و داواکارییه کرێکارییه‌کان و پێکه‌وه‌به‌ستن و ڕێکخراوکردنی کرێکارانی پێشڕه‌و و خاوه‌ننفوز و به‌رزکردنه‌وه‌ی گیانی خه‌باتکارانه‌ی کرێکاران و شتی له‌و چه‌شنه. ڕاکێشانی به‌شێکی زۆرتری کرێکاران بۆ کۆمۆنیزم و ڕێکخراوبوونیان له حیزبی کۆمۆنیست‌دا خۆی کاریگه‌رییه‌کی چاره‌نووسسازیشی له‌سه‌ر ئاستی خه‌باتی ناڕه‌زایه‌تیی داهاتوودا هه‌یه. هه‌ڵسووڕانی هه‌میشه‌یی شانه‌کان و هه‌ڵسووڕاوانی کۆمۆنیستی له‌نێو کرێکاراندا، هه‌روه‌ها هاتنه‌ناوه‌وه‌ی تایبه‌تیی ئه‌وان له هه‌ر ده‌وره‌یه‌كدا، که ناڕه‌زایه‌تیی هه‌میشه‌یی به شێوه‌یه‌ك په‌ره ده‌گرێ، که ئاسۆی یه‌ك ئاکسیۆن له به‌رامبه‌ر کرێکاراندا داده‌نێت، کاریگه‌ری جیددی خۆی به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ر توانایی و داوێنی ئاکسیۆنی داهاتوودا داده‌نێت. چاره‌نووسی ئاکسیۆنی کرێکارانی کارخانه‌یه‌ك که به ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاره‌کان خۆشباوه‌ڕن و کۆمۆنیسته‌کان له نێویاندا کاریان نه‌کردووه، فۆرمووله‌یه‌کی نائوسوڵی و ناڕۆشنیان له داواکارییه‌کانی خۆیان هه‌یه و شتی تر له پێشه‌وه دانراوه. به‌شێکی گرنگ له هه‌ڵسووڕانی ڕۆتینی کۆمۆنیسته‌کان و هاتنه‌ناوه‌وه‌ی تایبه‌تیی ئه‌وان پێش ڕوودانی ئاکسیۆن، لابردنی ئه‌م خاڵه لاوازانه‌یه. ئه‌مه هه‌ر چۆنێک بێت، مانای ده‌خاڵه‌ت و کاریگه‌ریدانانه له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌ر ئاکسیۆنێکی داهاتووی کرێکاران.
ئه‌رکی کۆمۆنیسته‌کان دوای کۆتاییهاتنی ئاکسیۆنیش، که‌م تا زۆر ڕۆشنه. جیا له‌وه‌ی ئاکسیۆن به ئاکام گه‌یشتووه یان نا، گشت پرۆسه‌ی خه‌بات، خاڵه لاوا‌ز و به‌هێزه‌کانی ده‌بێ لێكبدرێته‌وه و ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که له توانادایه، له به‌رفراوانترین ئاستدا ببێته شعووری گشتیی کرێکاران، یان لانی که‌م ببێته ئاگایی به‌شی پێشڕه‌وتری ئه‌وان. ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتێك هه‌یه، ده‌بێ جێگیر بکرێت و پارێزگاری لێ بکرێت. ئه‌گه‌ر تێكشکانێك له ئارادا بووه، ده‌بێ هۆیه‌کانی شی بکرێته‌وه و ببێته بنه‌مای ئه‌زموونێک بۆ کرێکاران. ده‌بێ به‌رهه‌ڵستی له به‌رامبه‌ر کاریگه‌ریی عه‌مه‌لیی تێكشکان (ده‌رکردنی ها‌وڕێیانی کرێکار، ده‌ستدرێژی خاوه‌نکار بۆ سه‌ر مافه‌کانی تری کرێکاران ...) ڕێك بخرێت. له هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا، ده‌بێ به‌رامبه‌ر به هاتنه‌خواره‌وه‌ی گیانی خه‌باتکارانه و دڵساردی و نائومێدی له خه‌باتدا ڕابوه‌ستین. هه‌ر ئاکسیۆنێك زه‌مینه بۆ کاری چڕ و پڕی کۆمونیستی له‌نێو جه‌ماوه‌ری کرێکاراندا فه‌راهه‌م ده‌کات، که ده‌بێ به با‌شی، که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێت.
هه‌ر چۆنێك بێت ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌رکه‌کانی شانه کۆمۆنیستییه‌کان له‌پێش و له‌دوای ئاکسیۆندا دژوار نییه. زۆر له خاڵه گرنگه‌کان هه‌ر ئێستا به ڕێگه‌ی جیاجیا ڕوون کراونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ناڕۆشنییه‌ك و گیروگرفتێك له باره‌ی شێوه‌هه‌ڵوێست له به‌رامبه‌ر ئاکسیۆنه‌کاندا له ئارادا بێت، له بنچینه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی ده‌خاڵه‌ت له ئاکسیۆن و ڕابه‌ریی ئاکسیۆن له کاتی ڕوودانیدا، یانی له کاتی ئاکسیۆندا (به مانای تایبه‌تی وشه‌که). لێره‌دایه که زۆرترین قووڵبوونه‌وه پێویسته. لێره‌دایه، ده‌بێ به دوای بیر و بۆچوون و ڕێنمایییه ڕێنیشانده‌ره‌کانه‌وه بین.
٢) تایبه‌تمه‌ندیی ڕۆژه‌کانی ئاکسیۆن و گرنگیی لایه‌نی خه‌باتی ئاشکرا
مه‌به‌ست له ده‌خاڵه‌تی شانه‌کان و هه‌ڵسووڕاوانی کۆمۆنیست له ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کاندا چییه؟ هه‌رگیز مانای ئه‌وه نییه، که کۆمۆنیسته‌کان ته‌نها وه‌کوو کرێکارانی دیکه له کۆڕ و کۆمه‌ڵی گشتیدا، له ڕیزی خۆپیشاندان و شوێنی مانگرتندا هه‌بن و مشته‌کۆڵه‌ی خۆیان له‌نێو سه‌ده‌ها مشته‌کۆڵه‌دا و ڕای خۆیان وه‌کوو سه‌ده‌ها ڕای تر له ڕه‌تکردنه‌وه و قبووڵکردنی ئه‌م یان ئه‌و پێشنیار و بانگه‌وازدا ده‌ربخه‌ن. کۆمۆنیسته‌کان له ئاکسیۆندا ته‌نها "وه‌کوو هه‌ر کرێکارێکی تر" به‌شداری ناکه‌ن، به‌شداریی کۆمۆنیسته‌کان به‌پێی پێناسه، به‌شدارییه له ڕێنومایی ئاکسیۆندا، له ڕابه‌ریکردنیدایه ڕووه‌و ڕێی ئوسووڵی، به‌پێی سیاسه‌ته کۆمۆنیستییه‌کانی حیزب.
ئه‌ده‌بیاتی پۆپۆلیستی وێنه‌یه‌کی ساده‌گه‌رییانه له ڕابه‌ریی ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کان له لایه‌ن ڕێکخراوی نهێنییه‌وه ده‌خاته ڕوو. شانه‌یه‌کی نهێنی ڕێکخراو ڕابه‌ریی به ده‌سته‌وه‌یه. ئه‌م شانه‌یه له زووه‌وه حه‌قانییه‌تی خۆی به جه‌ماوه‌ری کرێکاران سه‌لماندووه و کرێکاران به شێوه‌ی گشتی به بیستنی ناوی ڕێکخراو و بیرهێنانه‌وه‌ی ڕابردووی پڕ شانازیی ئه‌و، دێنه ژێر درووشمه‌کان و ڕێنمایییه‌کانی شانه‌ی نهێنییه‌وه. شانه‌ی نهێنی درووشمه‌کان دیاری ده‌کات و به کرێکارانی ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌گه‌ر پێویست بکات له سه‌ره‌تاوه کاردابه‌شکردنیش له‌نێو کرێکاراندا دیاری ده‌کات. شانه‌ی نهێنی (به بڵاوکراوه و شتی له‌و بابه‌ته‌وه) ڕای خۆی ده‌رباره‌ی هه‌ر قۆناغێکی پێشکه‌وتنی ئاکسیۆن ڕاده‌گه‌یه‌نێ و کرێکاران به ئه‌رکی فه‌وریی دواتریان ئاشنا ده‌کات. ئاکسیۆن له‌ژێر درووشمه‌کانی شانه‌ی نهێنیدا، به‌و داواکارییانه‌وه که له لایه‌ن ئه‌و شانه‌یه‌وه خراونه‌ته ڕوو، وه به کۆنترۆڵی غه‌یبییانه‌ی ئه‌و ڕێنمایی ده‌کرێت.
گیروگرفتی کار لێره‌دایه، که ئه‌گه‌رچی خۆشه‌ویستیی جه‌ماوه‌ریی حیزبێك له‌وانه‌یه بتوانێت بزووتنه‌وه‌ی گشتیی هه‌موو کرێکاران ئاراسته بکات، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیانه، یان سیناریۆی وه‌کوو ئه‌وه که ئاکسیۆن تا ڕاده‌ی کار و کاردانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی "ڕێکخراوی نهێنی کرێکاران" ده‌هێنێته خواره‌وه، ته‌نها له‌سه‌ر کاغه‌ز ده‌توانرێت به‌ڕێوه ببرێت. له دنیای واقیعیدا، ئاکسیۆن به ناچاریی، به بوونی که‌سانی پێشڕه‌و و عه‌له‌نیکاره‌وه واته، ڕابه‌ران و ئاژیتاتۆره ئاشکراکانه‌وه په‌یوه‌سته. له دنیای واقیعیدا شانه‌یه‌کی ئاوها له ڕێکخراوێکی ئاو‌هادا، هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌ته به‌ره‌و ڕووه، که چه‌ند کرێکارێکی خاوه‌ننفوز و ناسراو، "که سه‌ر به هیچ ڕێکخراوێك نین"، له‌نێو داموده‌زگاکاندا، له‌ناو ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیدا، به کورتی له نزیك و دووره‌وه به‌ڵام به هه‌ر حاڵ به شێوه‌ی ئاشکرا، سه‌ره‌ده‌زووی ڕووداوه‌که به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و ڕووه‌و ئه‌و لایه‌ی که گه‌ره‌کیانه و ده‌توانن ئاراسته‌ی بکه‌ن. کارێك که بۆ شانه‌کان ده‌مێنێته‌وه، ڕاگه‌یاندنی لایه‌نگریی ڕێکخراو به شێوه‌ی نووسراو له ئاکسیۆنه‌که، ڕێزلێنانی ئاکسیۆن و ملدان به هه‌موو لاوازییه‌کان و دواکه‌وتوویییه‌کانی و ئاماده‌کردنی ڕاپۆرته‌هه‌واڵه بۆ ڕێکخستن. ئه‌م کۆنترۆڵه له دووره‌وه و به ڕابه‌رایه‌تی نا‌ئاشکرایه‌وه، ده‌بێ به جیهانی خه‌یاڵیی پۆپۆلیسته‌کان بسپێردرێت، چۆنکه ئه‌وه‌ی ڕۆژه‌کانی ئاکسیۆن له سه‌رده‌می پێش و پاشی جیا ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه که:
یه‌که‌م: جه‌ماوه‌رێکی که‌متر هۆشیار و که‌متر ڕێکخراوی کرێکاران ده‌کێشرێنه نێو گۆڕه‌پانی کارکردنه‌وه. جه‌ماوه‌رێکی به‌رفراوان، که خوازیاری یه‌ك ڕابه‌ری حازر و به‌رده‌وام و چوست و چالاکه. جه‌ماوه‌رێك که له سه‌ره‌تاوه، به‌پێی زانستێکی سیاسیی ئایدیۆلۆژیك، وه یان له لایه‌نگریی ڕێکخراوه‌یییه‌وه، سوێندیان نه‌خواردووه، که په‌یڕه‌وی له کۆمۆنیسته‌کان و تێڕوانین و سیاسه‌ته‌کانیان بکه‌ن.
دووه‌م: ڕابه‌رایه‌تی ئاکسیۆن به ناچاری له یه‌ك لایه‌نی ئاشکرای چاره‌نووسساز به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت، ڕێنمایی نهێنیکارانه‌ی ته‌مایولات، داواکارییه گشتییه‌کان، وه یان هه‌تا جیهه‌تگیریی گشتی کرێکاران له‌وانه‌یه که‌م تا زۆر له ئیمکاندا بێت، به‌ڵام ڕابه‌رایه‌تی کاری ڕاسته‌وخۆ و حاڵه‌تی جم و جووڵی ئه‌وان بێگومان ته‌نها ده‌توانێت ڕابه‌رایه‌تی له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئاشکرا و حازری مه‌یدان بێ.
سێیه‌م: ئاکسیۆن یه‌ك زنجیره چرکه‌ساتی چاره‌نووسساز له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زیندووی کرێکاران له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکار و به‌کرێگیراوه‌کانیانه، له قسه و با‌سه نێوخۆیی و حه‌ساسه‌کانی نێو خودی کرێکاران، له فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی خاوه‌نکار و به‌کرێگیراوه‌کانی و ئارایشدانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی کرێکاران، له هێرش و پاشه‌کشه و شتی تری له‌و بابه‌ته. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گونجاو و خێرا به ته‌واوی ئه‌م چرکه‌سات و خاڵه ئاڵوگۆڕه چاره‌نووسسازانه و پارێزگاریی جڵه‌وی خه‌بات به درێژایی ئه‌م پرۆسه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ئاشکرایه، ئه‌مانه هه‌مووی ڕابه‌ری زیندووی عه‌له‌نیکار و ئاماده‌ی مه‌یدان به ناچاری دێننه کایه‌وه.
چواره‌م: هه‌ڵسووڕانی کۆمۆنیسته‌کان به ناچاری نهێنییه، به‌ڵام سه‌ندیکا زه‌رده‌کا‌ن، شوورا ئیسلامییه‌کان، ئه‌نجوومه‌نه‌کان، وه یان توده‌یییه‌کان و ئه‌کسه‌رییه‌ته‌کان، که جێگاوڕێگای خۆیان له کارگه‌کاندا پاڕاستووه، هه‌موو ئیمکانی ده‌خاڵه‌تی ئاشکرایان هه‌یه. له ئارادانه‌بوونی ڕابه‌ریی ئاشکرای شۆڕشگێڕ و هه‌ڵسووڕاو به ڕێبازی کۆمۆنیستی، ناڕه‌زایه‌تییه کرێکارییه‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له لایه‌ن ئه‌م ڕه‌وتانه‌وه به‌ره‌و سازش و شکست ده‌برێن. له ڕۆژه‌کانی ئاکسیۆندا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆمۆنیسته‌کان له‌گه‌ڵ خۆ ئاماده‌کردنی دژی کرێکاری ئه‌م ڕه‌وتانه، ده‌بێ بکێشرێته لایه‌نی ئاشکرا‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه به‌م مانایه‌یه، که ڕێکخراوی کۆمۆنیستی له شوێنی کار و ژیانی کرێکاراندا، وه‌ك ڕێکخراوێکی نهێنی، ته‌نها کاتێ به مانای واقیعی وشه‌که و به شێوه‌ی ئوسووڵی توانای ده‌خاڵه‌تی کاریگه‌ر و کاری ڕابه‌رایه‌تی له ئاکسیۆنه‌کاندا هه‌یه، که بتوانێت ئه‌م لایه‌نه‌ی عه‌له‌نیکاری، ئاماده‌ی سه‌رشانۆ و ڕابه‌ری حازری مه‌یدان، دابین بکات. ئه‌مه ئه‌و مه‌سه‌له بنچینه‌یییه‌یه، که ڕوونکردنه‌وه‌ی جیددیی شێوه به‌رخوردی شانه حیزبییه‌کان له مه‌سه‌له‌ی ڕابه‌ری خه‌باتی هه‌میشه‌ییدا پێوه‌ی به‌نده، به تایبه‌تی ئێمه له هه‌لومه‌رجێکدا چالاکی ده‌نوێنێن، که بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له ئێران‌دا ڕێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ریی جێگیری نییه. بوونی ڕێکخراوی جه‌ماوه‌ریی کرێکاران (وه‌کوو شوورا و سه‌ندیکا) بێگومان مه‌یدان و هه‌لومه‌رجی له‌باری ئاسایی بۆ ده‌خاڵه‌تی کۆمۆنیسته‌کان له ئاکسیۆنه‌کاندا فه‌راهه‌م ده‌کات. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌خاڵه‌ت له ئاکسیۆندا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر په‌یوه‌ندی به پله‌ی ده‌خاڵه‌ت و نفوزی سیاسی و عه‌مه‌لیی حیزبه‌وه له‌نێو ڕێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری ناحیزبی کرێکاراندا هه‌یه. به‌ڵام له کاتی نه‌بوونی ڕێکخراوه‌ی له‌و چه‌شنه، واته له هه‌لومه‌رجێکدا، که هه‌ر ئاکسیۆنێ ده‌بێ که‌م تا زۆر سه‌رله‌نوێ ڕابه‌ری عه‌مه‌لیی خۆی په‌یدا بکات، خاڵه‌کانی سه‌ره‌وه گرنگی زیاتر په‌یدا ده‌که‌ن.
چه‌ند جار ها‌وڕێیانی ئێمه له شانه حیزبییه‌کاندا پرسیویانه: پێداویستییه‌کان و هه‌لومه‌رج و دیسپلینی ده‌خاڵه‌تی شانه‌کان له ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کاندا چین؟ له‌ژێر چ هه‌لومه‌رجێکدا ده‌توانین بۆ ڕابه‌ری ئه‌م ئاکسیۆنانه تێ‌بکۆشین؟ له‌ژێر چ هه‌لومه‌رجێکدا به‌شداری ئێمه ڕووکه‌ش و ئاکسیۆنیستی نابێت؟ ئێستا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر یه‌کێ له گرنگترین پێداویستییه‌کانی ئه‌م کاره‌مان ڕوون کرده‌وه. یه‌که‌مین پرسیارێ که شانه ده‌بێت له‌م بواره‌دا له خۆی بکات ئه‌مه‌یه، ئایا شانه، وه یان ڕێکخراوی ناوچه‌یی ئێمه، به شێوه‌یه‌کی واقیعی توانای پڕکردنه‌وه‌ی جێگای چۆڵی ڕابه‌ری کاری ئاشکرا و ئاماده‌ی مه‌یدانی له ئاکسیۆندا هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی گشت مه‌وجودیه‌ت و به‌رده‌وامکاریی تۆڕی نهێنی بخاته مه‌ترسییه‌وه؟ ئه‌گه‌ر وانییه، که خۆی له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا وایه، ئه‌و کاته ئه‌م ئاماده‌یییه چۆن ده‌توانرێت به ده‌ست بێت.
٣) ڕۆڵی حه‌یاتیی ئاژیتاتۆر
ئه‌وه‌ی، که به‌ر له هه‌ر شتێك له خاڵه‌کانی پێشه‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، ڕۆڵی به‌رچاوی ڕابه‌رانی عه‌مه‌لی و ئاشکرا و به شێوه‌یه‌کی گشتی ئاژیتاتۆره‌کانه له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا. هه‌ر ئاکسیۆنێك به شێوه‌یه‌کی لێك نه‌پچڕاو به کارکردی ئه‌م که‌سانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌م جۆره هه‌ڵسووڕاوانه واته، کرێکارانێکی پێشڕه‌وتر که ڕۆڵێك له هه‌ر به‌شداریکه‌رێکی ئاسایی له ئاکسیۆندا له ئه‌ستۆ ده‌گرن، ده‌چنه ڕیزی پێشه‌وه‌ی کرێکاران، قسه‌یان بۆ ده‌که‌ن و تێده‌کۆشن ببنه نوێنه‌ر و قسه‌که‌ر و ڕابه‌رانی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن، هه‌میشه و له هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تیدا وجودیان هه‌یه. ئه‌مانه به‌رهه‌می (سروشتی) ناڕه‌زایه‌تین.
هه‌ر ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتێکی کرێکاری، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حیزبه سیاسییه‌کان له‌وێدا که‌مترین نفوزیشیان هه‌بێ، به شێوه‌یه‌کی سروشتی ڕابه‌رانی خۆیان ده‌خوڵقێنن. که‌سانێک که شه‌هامه‌تی چوونه پێشه‌وه و خه‌بات، له خۆدا ده‌بینن، که‌سانێك که به پله‌ی جیاواز ئه‌م ئه‌رکه‌یان له‌سه‌ر شانی خۆیان داناوه، که ببنه ده‌مڕاستی (قسه‌که‌ری) ئاشکرای کرێکاران، خواست و ئاره‌زووی کرێکاران له قسه‌کانیاندا ڕابگه‌یه‌نن، به‌م پێیه ده‌توانن له ناو کرێکاراندا خۆشه‌ویست و قسه‌ڕۆیشتوو بن. که‌سانیك که له ئاستی ئاگایی و په‌یمانداریی گشتیی کرێکاران زیاتر تێده‌په‌ڕن و خۆیان وه‌ك ڕابه‌ر و په‌یمانده‌ری ڕێنمایی کرێکاران ده‌بینن. ئه‌مانه کرێکاری هۆشیارتر، پڕ شۆڕ و شه‌وق و به ئه‌زموونترن، که توانای هه‌ژاندن و وه‌ڵامدانه‌وه و ڕێبازدیاریکردن له خۆیاندا ده‌رده‌خه‌ن. ده‌خاڵه‌ت له گفتوگۆکاندا ده‌که‌ن، له کاته ناسکه‌کاندا کرێکاران له دوودڵی وسه‌ره‌گێژه ده‌رده‌هێنن و ڕێگای ڕوو له پێشیان بۆ دیاری ده‌که‌ن. سروشتییه، که ئه‌م ڕابه‌ره خۆبه‌خۆیانه هێندێك جار هه‌ڵه بکه‌ن، له‌وانه‌یه له بنچینه‌دا به درکێکی ڕاست له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی چینی کرێکار و شێوه‌کانی خه‌بات چه‌کدار نه‌بن، جارێك توندڕه‌وی و جارێك سازش بکه‌ن، به‌ڵام سیفه‌تێک له هه‌موویاندا هاوبه‌شه، ئه‌ویش توانای وه‌ستانه له ڕیزی پێشه‌وه‌ی کرێکاران و کاریگه‌رییانه له‌سه‌ر کرێکاران له ڕێگه‌ی ڕۆشنکردنه‌وه و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و هه‌ژاندن و شه‌هامه‌تی خۆده‌رخستنی فه‌ردی. هیچ ئاکسیۆنێ به‌بێ ئه‌وه‌ی کرێکارانێك خۆیان به‌رنه ئه‌و مه‌وقیعه ڕابه‌رییه‌وه، به شوێنی خۆی ناگات و له هه‌مان کاتدا هیچ ئاکسیۆنێک نییه که به شێوه‌یه‌کی سروشتی کرێکارانێك نه‌نێریته ڕیزی پێشه‌وه و جوڵه‌ی خۆی به هێزی دیاریکه‌ری ئه‌وان نه‌به‌ستێته‌وه. له‌و جێگایه‌ی که بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری توانیویه‌تی جۆرێك له ڕێکخستنی پایه‌دار به‌سه‌ر بۆرژوازیدا بسه‌پێنێ (وه‌کوو: یه‌کێتی، شوورا، ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی و ...)، ئه‌م تاکانه به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له شوێنه هه‌ستیاره‌کانی ئه‌م ئۆرگانانه‌دا ده‌گیرسێنه‌وه و ڕۆڵی خۆیان به فه‌رمی و له ڕێگه‌ی ئۆرگانه جێکه‌وتووه‌کانی ڕابه‌رایه‌تییه‌وه ده‌گێڕن (بێگومان له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئه‌م ئه‌فرادانه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له لایه‌ن ئه‌م ڕێکخراوانه‌وه هه‌ر‌س ده‌کرێن و ده‌بنه بڕبڕه‌پشت و قسه‌که‌رانی سیاسه‌تی زاڵ به‌سه‌ریدا و به‌م پێیه به لادانی ئه‌و ڕێکخراوه له به‌رژه‌وه‌ندیی کرێکاران هه‌میشه به‌شێکی زۆر له هه‌ڵسووڕاوترین کرێکارانیش له سنووری خه‌باتی ئوسوڵیی کرێکاری ده‌چنه ده‌ره‌وه، وه‌کوو سه‌ندیکا ڕێفۆرمیسته‌کان و له‌و چه‌شنه). به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئێستای ئێران‌دا، که خه‌به‌رێك له شوورا و سه‌ندیکا نییه، ئاژیتاتۆر نه‌ك به ئۆتۆریته‌ی شوێنی فه‌رمی له‌م یان له‌و کۆمیته و یه‌کێتیی کرێکاریدا، به‌ڵکوو به زۆری به پشتبه‌ستنی نفوز و خۆشه‌ویستی خۆی له‌نێو کرێکاراندا، جێی خۆی له ئاکسیۆنه‌کاندا ده‌کاته‌وه. تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م هه‌لومه‌رجه ئه‌مه‌یه، که ڕیزی ڕابه‌رایه‌تی کرێکاران به توندی له گۆڕاندایه. سه‌رکوتی هه‌ر ئاکسیۆنێکی کرێکاری له لایه‌ن بۆرژوازییه‌وه جار له دوای جار ده‌بێته هۆی ده‌ستگیرکردن و ده‌رکردنی ئاژیتاتۆره‌کان و ڕابه‌ره ناسراو و کۆنتره‌کان و به‌م پێیه کرێکاران له‌نێو خۆیاندا به ناچار هه‌ر جاره به دوای په‌یداکردنی ڕابه‌رانی نوێوه‌ن. له لایه‌که‌وه به‌رده‌وامیی خه‌بات له‌به‌ریه‌ك ده‌ترازێ، ده‌ستمایه‌ی ئه‌زموون له‌نێو ڕابه‌راندا که‌م ده‌بێته‌وه، هه‌میشه بزووتنه‌وه‌که له‌گه‌ڵ لاوازیی عه‌مه‌لیی ڕابه‌رایه‌تیی ئاشکرا ڕووبه‌ڕووه و له لایه‌کی دیکه‌وه بۆشایییه‌ك دروست ده‌بێ، که هه‌ر جاره کرێکارانێکی نوێ بۆ مه‌یدانی ڕابه‌ری و ئه‌ژیتاسیۆن کێش ده‌کات. لاوازیی هه‌میشه‌ییی ڕابه‌رایه‌تی هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌سانی پڕ شۆڕ و شه‌وق ئاماده بۆ چوونه پێشه‌وه، یه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی گرنگی بزووتنه‌وه‌ی کرێکارییه له ئێران‌دا.
کاتێ که له ڕابه‌رانی ئاشکرا و عه‌مه‌لیی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری ده‌دوێین ئه‌م ته‌یفه‌مان له به‌رچاوه. ته‌یفێك که هه‌ر کرێکارانێکی پێشڕه‌و ده‌گرێته‌وه، که له کۆنه‌وه کاری ڕابه‌رایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و خاوه‌ن ئه‌زموونی کاری ڕێکخراو و ڕابوردوویه‌کی دوور و درێژن له مه‌سه‌له‌ی ئاژیتاسیۆ‌ن، وه هه‌م کرێکارانێکی پڕ شۆڕ و شه‌وقی تازه‌ش ده‌گرێته‌وه، که هه‌نگاو به‌هه‌نگاو توانایی خۆیان له ئاکسیۆنه‌کاندا ده‌سه‌لمێنن و خۆشیان به‌کرده‌وه ده‌خه‌نه ڕۆڵی ڕابه‌رییه‌وه. جه‌ور و سته‌می ده‌یان ساڵه و سه‌رکوتکردنی دڕندانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له لایه‌ن بۆرژوازییه‌وه له ئێران له‌وانه به‌م ئه‌نجامه‌ش گه‌یشتووه، که حیزبه‌کان و گروپه سیاسییه‌کان ژماره‌یه‌کی که‌میان له‌م ڕابه‌رانه بۆ ڕیزه‌کانی خۆیان ڕاکێشاوه. زۆربه‌ی ئه‌م تاکانه خاوه‌نی په‌یمان و لایه‌نگری و ڕێکخراوه‌یی نین، به یه‌ك وشه، ئه‌م کرێکارانه ناحیزبی و ناڕێکخراون، بێگومان ڕۆژێك دێت له ئه‌نجامی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئێمه و گه‌شه‌ی حیزبی کۆمۆنیست له‌نێو کرێکاراندا به‌شێکی به‌کار و به‌رچاوی ڕابه‌ران و ئاژیتاتۆره خاوه‌ننفوزه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری بێنه نێو حیزبه‌وه، ڕۆژێك که ئاژیتاتۆره کۆمۆنیسته‌کان لێدانی دڵی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی کرێکاری له هه‌موو ئاستێک‌دا به ده‌سته‌وه بگرن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئاوها نییه. ئه‌مه ئه‌و واقیعیه‌ته‌یه که هه‌ر شانه‌یه‌کی حیزبی، که مه‌سه‌له‌ی ڕابه‌ری و ده‌خاڵه‌ت له ئاکسیۆنه ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا ده‌خاته به‌رده‌م خۆی، ده‌بێ به با‌شی بیناسێ. ڕێنمایی خه‌باتی ناڕه‌زایه‌تی، به‌بێ ئاژیتاتۆر، به‌بێ ڕابه‌رانی عه‌مه‌لی و عه‌له‌نیکاری کرێکاری مومکین نییه. ڕابه‌رایه‌تی له سه‌روو ئه‌وانه‌وه ئیمکانی نییه. سه‌رکه‌وتنی ئێمه له دیاریکردنی هه‌نگاوی ئوسوڵی به‌ره‌و پێش له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و له لێووردبوونه‌وه‌ی زیاتری شێوه‌کانی عه‌مه‌لیی شانه حیزبییه‌کان، به ته‌واوی به د‌رکی ئه‌م واقیعیه‌ته به‌ستراوه‌ته‌وه.
٤) حیزبی کۆمۆنیست و ڕابه‌رانی عه‌مه‌لیی بزووتنه‌وه‌ی کریکاری
ئاشکرایه که ئامانجی حیزبی ئێمه ئه‌وه‌یه، ڕابه‌رانی عه‌مه‌لی و ئاژیتاتۆره خاوه‌ننفوزه‌کانی ناو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له ڕیزه‌کانی خودی حیزب‌دا بن و هه‌ڵسووڕانی ئه‌وان له چوارچێوه‌ی گشتیی هه‌ڵسووڕانی حیزب و له‌ژێر دیسپلینی ڕێکخراوه‌یی و ڕێبازی سیاسیی حیزب‌دا بێت. به‌ڵام چ بۆ هه‌نگاونان ڕووه‌و ئه‌م ئامانجه و چ بۆ هه‌رچی زیاتر کاریگه‌ریی کۆمۆنیستی له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و خه‌باتی ئێستای کرێکاری، ئێمه ده‌بێت ئه‌مڕۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاژیتاتۆری به‌توانا، له‌ده‌وری هه‌ڵسووڕانی ناحیزبی کرێکارانی پێشڕه‌و ته‌وه‌ره ببه‌ستین. ئێمه ده‌بێ له‌سه‌ر ئیمکانات و په‌یوه‌ندی و که‌ره‌سته‌یه‌ک که له ئارادایه کار بکه‌ین.
هه‌ر وه‌کوو گووترا، ڕابه‌ری عه‌مه‌لی و ئاژیتاتۆر دروستکراوی حیزبی ئێمه و هیچ ڕه‌وتێکی سیاسی دیکه نییه. ئه‌م دیارده‌یه به‌شێکی لێكدانه‌پچڕاوی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکارییه. به‌م پێیه مه‌سه‌له ئه‌وه نییه، که ئێمه ژماره‌یه‌ك له ئاژیتاتۆر بنێرینه مه‌یدانی عه‌له‌نیی کاره‌وه (هه‌رچه‌نده سه‌رده‌مێك دێت، که ئاژیتاتۆره پیشه‌یی و گه‌ڕۆکه‌کانی حیزب، سه‌ره‌ڕای ئاژیتاتۆری ناوچه‌یی، ئه‌م ئه‌رکه ئه‌نجام بده‌ن)، به‌ڵکوو کارکردنه له‌سه‌ر ڕابه‌رانێکی عه‌مه‌لی که هه‌ن، له پێناو کارتێکردن و ڕاکێشانیان بۆ حیزب و ڕێنماییکردنی ئه‌وان له حاڵه‌تی ڕوودانی ئاکسیۆن له لایه‌که‌وه و په‌یوه‌ستکردنی هه‌ڵسووڕانی حیزبییه له‌گه‌ڵ پرۆسه و میکانیزمی گه‌شه‌ی ئاژیتاتۆره نوێکان له‌نێو کرێکاراندا له لایه‌کی تره‌وه. ئێمه ده‌بێ ئه‌و ڕابه‌ر و ئاژیتاتۆرانه‌ی مه‌وجودن و ئێستا له ئارادان، ڕابکێشین و له شکڵگیریی ئاژیتاتۆره نوێکانیشدا، به بیروباوه‌ڕ و ئوسوڵی ڕۆشنی کۆمۆنیستییه‌وه به‌شداری بکه‌ین. ئه‌مه به‌شێکه له کاری ڕۆتینی ئێمه. به‌ڵام له هه‌ر ئاکسیۆنێکی دیاریکراودا ئێمه ده‌بێت بتوانین په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسی_ ڕێکخراوه‌یی دیا‌ریکراو و پته‌و له‌گه‌ڵ ڕابه‌رانی عه‌مه‌لیی ئاکسیۆندا پێك بهێنین. له هه‌لومه‌رجی ئێستادا، که‌سانێك که ده‌بێ شوێنی سه‌رنجی ئێمه بن، ده‌توانرێت به دوو ده‌سته دابه‌ش بکرێن: یه‌که‌م، کرێکارانی پێشڕه‌و و ڕابه‌رانی عه‌مه‌لیی خاوه‌ن پێشینه‌ی کار. دووه‌م، ئاماده‌یی نوێ و ئه‌و ڕابه‌رانه‌ی که له حاڵه‌تی شکڵگرتندان. ئاشکرایه، که دابه‌شکردنی ڕابه‌رانی عه‌مه‌لی، به‌ئه‌زموون و تازه‌کار، یه‌ك دابه‌شکردنی شماتیك و وشکه. له ڕاستیدا ئێمه له‌گه‌ڵ ته‌یفێك له کرێکاران به‌ره‌و ڕووین، که به پله‌ی جیاواز بۆ ئاژیتاسیۆ‌ن، خاوه‌نی هۆشیاری سیاسی و توانای عه‌مه‌لین. دیاریکردنی وردی شێوه‌ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ هه‌ر حاڵه‌تێکی تایبه‌تدا، بێگومان ته‌نها له لایه‌ن خودی هه‌ڵسووڕاوان و شانه‌کانی ئێمه له‌نێو کرێکارانه‌وه به ده‌ست دێت. به‌ڵام هه‌مان دابه‌شکردنی شماتیك بۆ فۆرمووله‌کردنی ها‌وڕێیانی ئێمه به که‌ڵکه.
ئه‌لیف) ئاژیتاتۆره‌کان و ڕابه‌رانی عه‌مه‌لیی خاوه‌ن ئه‌زموون و ڕابردوو.
ئه‌م ده‌سته‌یه له کرێکاران ئه‌زموونێکی سه‌خت و پڕ له ڕه‌نج و ده‌ردیان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌سه‌ر بردووه. گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری به گشتی له‌سه‌ر ئه‌م هاوڕێیانه بووه. ژماره‌یه‌کی زۆریان له سێداره دراون، گیراون و له‌سه‌ر کار ده‌رکراون. به‌شێکیان توانای ئیشکردنیان له کارگه گه‌وره‌کاندا له‌ده‌ست داوه و به ناچار ڕوویان کردووه‌ته کارگه بچووکه‌کان. جێگایه‌ك که یه‌که‌م، شوێنێکی به‌رته‌سکه بۆ هه‌ڵسووڕانی ئه‌وان، دووه‌م، پێشینه‌ی خه‌باتکارانه‌ی ئه‌وان له‌وێدا که‌متر ناسراوه و به ناچاری له نفوز و خۆشه‌ویستی پێشوویان له‌نێوان کرێکاراندا به‌هره‌مه‌ند نین. زۆربه‌یان خۆیان به سۆسیالیست و کۆمۆنیست ده‌زانن. به‌ڵام کۆمۆنیزم به ڕیوایه‌تی پۆپۆلیسته‌کان و ڕیڤیژینیسته‌کان فێربوون. له‌به‌ر ئه‌وه قه‌یرانی ڕیڤیژینیزم و پۆپۆلیزم ئه‌وانیشی دووچاری قه‌یران و سه‌ره‌گێژه‌ی ئایدیۆلۆژی و بێباوه‌ڕیی سیاسی کردووه. له‌ڕووی عه‌مه‌لییه‌وه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گۆشه‌گیر و په‌رش و بڵاو بوون، په‌یوه‌ندییه په‌ره‌گرتووه‌کانی پێشویان له‌گه‌ڵ یه‌کدا نه‌ماوه. نیگه‌رانی له مه‌ترسی ئه‌منییه‌تی و ئه‌زموونی تاڵی شێوه‌کاری پۆپۆلیستی، ئه‌وانی به‌رامبه‌ر به ڕێکخرابوون له سازمانی کۆمۆنیستیدا دووچاری دوودڵی کردووه. مه‌سه‌له‌ی ده‌رامه‌ت و گوزه‌رانیش به توندی شانی ئه‌وان قورس ده‌کات و ئه‌مه گۆشه‌گیریی سیاسیی ئه‌وان توند ده‌کاته‌وه. به گشتی ئالۆزیی فیکری، خۆ له ڕێکخراو دزینه‌وه، دڵساردی و خۆپارێزی، نه‌بوونی مه‌یدانی گونجاو بۆ هه‌ڵسووڕان، گیروگرفتی گشتی ئه‌م کرێکارانه‌یه. له هه‌لومه‌رجێکدا که سه‌رکوت و بنبه‌ستی پۆپۆلیزم و "خه‌لكگه‌رایی" ته‌نانه‌ت ڕێکخراوه‌کانی وه‌کوو "ڕاهی کارگه‌ر"، یان ئه‌ڵقه‌کانی پاشماوه‌ی خه‌تی ٣ (که کاری سه‌رجاده و سه‌رووچینایه‌تی سیفه‌تی بنچینه‌یییان بوو) کردووه به سه‌ندیکالیستێکی سه‌رسه‌خت و جێگای سه‌رسوڕمان نییه، ئه‌م ده‌سته‌یه له کرێکاران، که خۆی له سه‌ره‌تاوه مه‌یلی سه‌ندیکالیستی به‌هێزی هه‌بووه، له‌م لادانه‌دا نوقم بووبێت. ئێمه پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه له کرێکاران به شێوه‌یه‌کی ڕێك‌وپێك کار بکه‌ین و ته‌واوی مه‌سه‌له‌کانی سه‌ره‌وه ده‌بێ له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا له به‌رچاو بگرین.
١) ده‌بێ له‌ژێر هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا بێت، په‌یوه‌ندی و بیروڕا گۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوڕێیانه‌دا بپارێزین. ته‌نها له‌به‌رچاوگرتنی باری ئه‌منی ده‌توانێت به‌ڵگه بێت بۆ به‌رته‌سكکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌م جۆره کرێکارانه‌وه.
٢) ئێمه ده‌بێ له مامه‌ڵه له‌ته‌ک ئه‌م کرێکارانه‌دا، ئه‌زموونی پۆپۆلیزم، کارکردی ڕیڤیژینیزم و هه‌روه‌ها بنه‌مای سه‌ندیکالیزم و هه‌ڵسووڕانی تاکه‌که‌سی به قووڵی بده‌ینه به‌ر ڕه‌خنه. ئێمه ده‌بێت ئه‌م کرێکارانه له ئاڵۆزی فیکری، بێئومێدی و پشتبه‌ستن به خه‌باتی سه‌ندیکالیستی به‌رته‌سك ده‌ربهێنین. ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه بین، که له‌م کاره‌دا لانی زۆر له پته‌وی و له‌یه‌کترگه‌یشتنی هه‌ردوو لا زه‌رورییه. بێ ئه‌وه‌ی نووکه ده‌رزییه‌ك له ڕه‌خنه‌ی خۆمان له هه‌ر شتێکی ناکۆمۆنیستی که‌مڕه‌نگ بکه‌ینه‌وه، ده‌بێ باری قورسی هه‌موو ئه‌و ته‌جروبه سه‌لبییانه‌ی که ئه‌م کرێکارانه به سه‌ریان بردووه و چه‌واشه‌فێربوونی پۆپۆلیستی و ڕیڤیژینیستی له به‌رچاو بگرین. ئێمه نابێت له مه‌وقیعیه‌تی خاوه‌نحه‌ق، داواکار و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیدانه‌ی ئه‌خلاقی وه‌ك زه‌رووره‌تی خه‌بات و ده‌ستنه‌کێشانه‌وه له خه‌بات و شتی تر، له‌گه‌ڵ ئه‌وان ڕووبه‌ڕوو بین. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کیان له هه‌ڵوێست و کارکردی حیزبی ئێمه هه‌یه، ئه‌م ڕه‌خنانه پێویسته به وردی و به درێژی وه‌ڵامی بدرێته‌وه. ده‌بێ تێبکوشین له‌گه‌ڵ به‌رزکردنه‌وه‌ی گیانی خه‌باتگێڕی ئه‌وان، ده‌ستیان به ڕه‌خنه‌یه‌کی قووڵ له پراتیکی به‌رته‌سکی ڕابردوو، وه تێگه‌ییشتنێکی ڕۆشن له حیزبی کۆمۆنیست و ئامانج و شێوه‌کانی بگات.
٣) ده‌بێ کارێك بکرێ که ئه‌م په‌یوه‌ندییانه و با‌س و خواسانه له دڵی په‌یوه‌ندییه‌کی سروشتی و لانی که‌م مه‌ترسی ئه‌منیدا (بۆ هه‌ردوو لا) به‌ڕێوه ببرێت. نیگه‌رانی ئه‌منییه‌تی ئه‌م کرێکارانه پشتبه‌ستوو به تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌وان له شێوه‌کاری هه‌لپه‌رستخوازانه‌ی پۆپۆلیستییه. له چوارچێوه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه به‌هێزانه‌دا، پێویسته ئێمه ئه‌م هاوڕێیانه به بڵاوکراوه‌کان و ڕادیۆی حیزب و بۆچوونه سیاسییه‌کان و تاکتیك و درووشمه‌کانی خۆمان ئاشنا بکه‌ین.
٤) ده‌بێ ئه‌م کرێکارانه هه‌تا ده‌توانرێت به یه‌کتره‌وه په‌یوه‌ند بدرێن. نابێ بوار بدرێت سیاسه‌تی سه‌رکوتی کۆماری ئیسلامی، په‌یوه‌ندی سروشتی نێوان کرێکارانی پێشڕه‌و لاوا‌ز بکات.
کار له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سته‌یه له کرێکاران، پێویستی به به‌رده‌وامی و سه‌بر و توانایی ته‌رویج و ڕۆشنکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانی حیزب له هه‌مبه‌ر مه‌یله لاده‌ره‌کان و ناسینی گیروگرفته عه‌مه‌لییه‌کانی ئه‌م ده‌سته‌یه له کرێکاران هه‌یه. با‌شترین و به ئه‌زموونترین ها‌وڕێیانی ته‌رویجکه‌ر ده‌بێ به‌م کاره هه‌ڵسن.
ب) ئاماده‌یی نوێ و ڕابه‌رانی ڕوو له گه‌شه.
له‌به‌ر نه‌بوونی به‌شێکی گرنگ له ڕابه‌رانی ناسراو و به‌ئه‌زموون، توێژێکی به‌رفراوان له ڕابه‌رانی نوێ دێنه مه‌یدانه‌وه. ئه‌مانه به گشتی کرێکارانێکن به هۆشیاریی سیاسی و تاقیکردنه‌وه‌ی عه‌مه‌لی که‌متر، به‌ڵام پڕ شۆڕ و شه‌وق و ناڕازین، گه‌نجترن و خاوه‌نی وره‌یه‌کی به‌رزترن. ها‌وڕێیانی ئێمه له کارخانه‌کان و گه‌ڕه‌که‌کاندا پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕابه‌ره تازه په‌یدابووانه‌دا ئاشنا ده‌بن. له کۆبوونه‌وه گشتییه‌کاندا، له کۆڕ و کۆمه‌ڵی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕیندا، که‌سانێک هه‌ن، که به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت قسه‌ی خۆیان به گوێی هه‌مووان ده‌گه‌یه‌نن، له به‌رامبه‌ر داروده‌سته‌کانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاره‌کاندا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه. جاری وا هه‌یه به قسه‌کردن یا به ده‌ربڕینی ڕسته‌یه‌ك، بار و دۆخی دانیشتنه کرێکارییه‌کان ده‌خه‌نه ژێر کاریگه‌ری خۆیانه‌وه. له زۆر کاتدا به با‌شی ده‌بینرێت، که ده‌خاڵه‌تی ئه‌وان زیاتر لایه‌نی ئیحساسی هه‌یه. دیاره که به شۆڕ و شه‌وقن و که‌سێك جڵه‌وی ناڕه‌زایه‌تییان ناگرێت. له به‌رامبه‌ر داسه‌پاندن و گوشاردا هه‌ستیارن و له ناڕه‌زایه‌تی تاکه‌که‌سیدا ئازا و به‌جه‌رگن. قسه‌کانیان زۆر ڕێك‌وپێك و به جێ‌وڕێ و ئوسوڵی نییه، زیاتر ڕاگه‌یاندنی پڕ له ئیحساسی کوله‌مه‌رگی و سته‌مکێشییه تا بانگه‌وازکردن بۆ هه‌نگاوی عه‌مه‌لی و سیاسی حیسابکراو. به‌ڵام شۆڕ و شه‌وقی خه‌باتگێڕانه تیایاندا شه‌پۆل ده‌دات. ئه‌مانه ورده‌ورده پاڵپشت و خۆشه‌ویستی کرێکاران به‌ده‌ست ده‌هێنن، به‌ڵام کاڵوکرچی و نه‌بوونی زه‌مینه‌ی پێشووتری ڕابه‌رایه‌تی، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که نه‌توانن به با‌شی و به خێرایی ببنه یه‌ك ڕابه‌ری عه‌مه‌لیی ناسراو. ها‌وڕێیانی ئێمه ده‌بێ ئه‌م توێژه له کرێکاران به وردی و حه‌ساسییه‌ت له به‌رچاو بگرن. ئه‌مانه که‌سانێکن، که له لایه‌نی که‌می ئه‌و توانایه به‌هره‌مه‌ندن، که ببنه ئاژیتاتۆری باش و ئه‌گه‌ر هۆشیار ببنه‌وه، به ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی چه‌کدار بن و ببنه خاوه‌ن ئه‌زموون، ده‌بنه نه‌وه‌ی نوێ له ڕابه‌رانی کۆمۆنیستی عه‌له‌نیکار له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا. کارکردن له نێوان ئه‌م کرێکارانه‌دا بۆ په‌روه‌رده‌کردنی ئاژیتاتۆره کۆمۆنیستییه‌کان له ڕوانگه‌ی ئێمه‌دا شتێکی حه‌یاتییه. سه‌رخه‌تی ئه‌رکه‌کانی ئێمه له‌م بواره‌دا ئه‌مانه‌یه.
١) نه‌ك ته‌نها ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا په‌یوه‌ندی دامه‌زرێنین، به‌ڵکوو ده‌بێت په‌یوه‌ندیی ئاماده‌بوونی شه‌خسی و به‌رده‌وامی نێوان ئه‌وان له‌گه‌ڵ ها‌وڕێیانی حیزبیی به‌ئه‌زموون له کاری ته‌رویجدا دامه‌زرێنین. ده‌بێ هاوڕێی حیزبی له په‌یوه‌ندییه‌کی سروشتی‌دا، ببێت به دۆست و هاوڕێیه‌کی هه‌میشه‌یی ئه‌م کرێکارانه. ئه‌مانه ئه‌و ئاژیتاتۆرانه‌ن که له حاڵه‌تی "فێرکاری"دا، ده‌بێت له مه‌یدانی کاردا فێر بکرێن.
٢) ده‌بێ ئه‌وانه فێری کۆمۆنیزم بکرێن. ئه‌م کرێکارانه ده‌بێ له ڕێگه‌ی ئێمه‌وه ئاشنای پایه‌کانی کۆمۆنیزم و بۆچوونه ڕیشه‌یییه‌کانی مارکسیزم ببن. پاش ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م کاره ئه‌م هاوڕێیانه ده‌بێ حیزبی کۆمۆنیست، ئامانجه‌کان، تاکتیکه‌کان و شێوه‌کانی بناسن و په‌رۆشی کارکردن له‌گه‌ڵ حیزب‌دا بن.
٣) ئه‌م کرێکارانه ده‌بێ ڕۆڵ و مه‌وقیعه‌تی یه‌ك ئاژیتاتۆر و گرنگی ئه‌و بۆ شۆڕش و خه‌باتی کرێکاری د‌رك بکه‌ن و هۆشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕۆڵی خۆیاندا بکه‌ن. هه‌رچی زیاتر ده‌بێ ده‌خاڵه‌تی ئه‌وان له ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی کرێکاریدا له شێوه‌ی یه‌ك ده‌خاڵه‌تی پڕ ئیحساس بێته ده‌ره‌وه و ببێته ده‌خاڵه‌تێکی عاقڵانه و ئامانجدار، که به سیاسه‌ت و ڕێبازێکی چینایه‌تی دیا‌ریکراو (سۆسیالیزم) و حیزبێکی سیاسی و موشه‌خه‌س (حیزبی کۆمۆنیست) په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه.
٤) پێویسته هونه‌ری ئاژیتاسیۆنی کۆمۆنیستی فێر بکرێن. ئاژیتاتۆر که‌ی دێته مه‌یدانی کاره‌وه، که‌ی ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی حه‌تمی ده‌خاڵه‌ت بکات و له کوێدا ده‌بێت ئیحتیا‌ت وه‌ربگرێت، چۆن ده‌بێت فه‌زا و چوارچێوه‌ی چالاکی و مه‌وقیعه‌تی خۆی بناسێت، سنوور و کۆسپی نهێنی قسه‌کردن، یان ئاشکراوتنی مه‌سه‌له‌کان چۆن ڕۆشن ده‌کرێته‌وه، چۆن ده‌بێ بۆچوونی ڕاست و درووست ته‌نانه‌ت درووشمه تایبه‌تییه‌کانی حیزبیش ته‌بلیغ بکات بێ ئه‌وه‌ی ببێته قوربانی دنه‌دانی به‌کرێگیراوانی بۆرژوازی، چۆن ده‌بێ خۆی بپارێزێ، په‌یوه‌ندی به جه‌ماوه‌ری کرێکارانه‌وه ده‌بێ چی بێت، له به‌رامبه‌ر پۆلیسی سیاسی چۆن ناسنامه‌ی خۆی ده‌ناسێنێ و کاره‌کانی خۆی چۆن ئاراسته ده‌کات، تا چ ڕاده‌یه‌ك و له‌ژێر چ هه‌لومه‌رجێکدا بۆی هه‌یه به ئاشکرا په‌نجه بۆ کۆمۆنیزم و سیاسه‌ته کۆمۆنیستییه‌کان ڕابکێشێت، چۆن ده‌بێ توانای به‌کرده‌وه و حه‌شاردراوی بزاڤێک، که ده‌یه‌وێت ڕێنمایی بکات بناسێت، پیلانه‌کانی به‌کرێگیراوانی بۆرژوازی له چ قوماشێکه، به‌کرێگیراوانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاره‌کان چۆن له ئاکسیۆنه‌کاندا دووبه‌ره‌کی ده‌خه‌نه‌وه و چۆن ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوانه پووچه‌ڵ بکرێنه‌وه ... یاسا و ڕێسای بوونه نوێنه‌ری کرێکاران چییه، چ شێوه‌یه‌ك له وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاردا ده‌بێت به‌کار بێت. چۆن ده‌توانرێت زۆرترین هێزی جه‌ماوه‌ریی کرێکاران ساز و ته‌یار بکرێت و له‌مه‌یداندا چاودێری بکرێت و ده‌یان پرسیاری گرنگی "شێوه‌کاری" له‌م چه‌شنه. ئه‌مانه ده‌بێ به ته‌واوی و به وردی فێری ئه‌و ئاژیتاتۆرانه بکرێن، که له حاڵه‌تی فێرکاری دان و کارکردی ئه‌وان له هه‌ر کارێک‌دا ڕاست بکرێته‌وه.
به‌کورتی له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کرێکارانی پڕ شۆڕ و شه‌وق و خاوه‌ن ناڕه‌زایه‌تی، ده‌بێ به حه‌ساسییه‌تێکی ته‌واوه‌وه لێهاتوویی ئه‌م هاوڕێیانه بۆ بوون به ئاژیتاتۆرێکی ئاشکرا و ڕابه‌ری عه‌مه‌لی هه‌ڵبسه‌نگێنرێن. خاڵه لاوازه‌کانی ئه‌وان شی بکرێنه‌وه و له حاڵه‌تێکدا که ئاماده‌یی و لێهاتوویی شه‌خسی و باری ئه‌منییه‌تی ئه‌و جێی متمانه بێت، ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌میشه‌یی و پته‌و له په‌یوه‌ندییه‌کی سروشتی‌دا له نێوان ئه‌و و یه‌کێك له موره‌ویجینی حیزب‌دا پێك بێت. ئوسوڵی کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری فێر بکرێت و کاری ته‌بلیغی ئه‌و له مه‌یدانی عه‌مه‌لیدا ڕێنومایی بکرێت و ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێت. له‌م نێوه‌دا به‌دیهێنانی په‌یوه‌ندییه‌کی هاوڕێیانه، ئوسووڵی و ڕێکخراو له نێوان هاوڕێی حیزبی و ئاژیتاتۆری تازه‌کار زۆرترین ڕۆڵی هه‌یه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه له هه‌مان کاتدا که ئیمکانی فێرکردنی ئاژیتاتۆر ده‌خوڵقێنێ، سنوورێك له نێوان ئه‌و و خه‌تی نهێنیی ڕێکخستندا پێك دێنێ و مه‌ترسیی گواستنه‌وه‌ی زه‌ربه‌لێدان که‌م ده‌کاته‌وه، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئاژیتاتۆر خۆی په‌ی به گرنگی و نرخی کاری "فیرکه‌ر" به‌رێت و هۆشیارانه ئه‌و له شوێن پێهه‌ڵگرتنی پۆلیس بپارێزێت (ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، له خواره‌وه ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر ئه‌ده‌ین).
کارکردن له‌نێو کرێکارانی پێشڕه‌و بۆ ڕاکێشانی ئه‌وان بۆ ناو حیزبی کۆمۆنیست هه‌ڵسووڕانێکی ڕۆتینی و هه‌میشه‌یی ئێمه‌یه. به‌ڵام هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بۆ پڕکردنه‌ی شوێنی چۆڵی ئاژیتاتۆره عه‌له‌نیکاره‌کان له کاری کۆمۆنیستیدا، به‌شێکی تایبه‌تی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوییه هه‌میشه‌یییه‌ی ئێمه‌یه. په‌روه‌رده‌کردن و ڕاکێشانی ئاژیتاتۆر به مانای زیادکردنی مه‌یدانێکی نوێیه بۆ چالاکییه‌کانی ڕێکخستنی نهێنی. هاوڕێیانیك که وه‌کوو ئاژیتاتۆری ئاشکرا دێنه حیزبه‌وه، هه‌ر ته‌نها نابنه فه‌ردێکی تازه له تۆڕی حیزب‌دا، به‌ڵکه مه‌یدانێکی تازه له هه‌ڵسووڕان ده‌خه‌نه به‌رده‌ست. به‌م پێیه ده‌بێ تایبه‌تییه‌کانی ئه‌م مه‌دانه ئاشکرایه‌ی هه‌ڵسووڕان به با‌شی بناسرێ و جێی واقیعیی ئاژیتاتۆر به‌و ببه‌خشرێت. تا ئه‌و کاته‌ی که ئێمه له‌ڕووی عه‌مه‌لییه‌وه توانای پێهه‌ڵهێنانه‌وه‌مان نه‌بێت بۆ ئه‌م مه‌یدانه‌ی هه‌ڵسووڕان، واته تا ئه‌و ده‌مه‌ی که ڕێکخراوی ناوچه‌ییی ئێمه (له کارخانه و له گه‌ڕه‌ك) خاوه‌نی کۆمه‌ڵێك ئاژیتاتۆری ئاشکرا نه‌بێ، که به شێوه‌ی ئوسوڵی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی نهێنی حیزب په‌یوه‌ستن و له‌ڕێی ئه‌وه‌وه ڕێنومایی ده‌کرێن، ئه‌وا ده‌خاڵه‌تی واقیعیی کۆمۆنیستی له ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کاندا ئه‌گه‌ر له توانادا نه‌بێت، له با‌شترین حاڵه‌تدا به‌ڕێکه‌وت، که‌م کاریگه‌ر و ڕووکه‌ش ده‌بێ و له هه‌موو دۆخێک‌دا مه‌ترسیی ته‌واو بۆ هه‌موو ڕێکخستنه‌کانی حیزب ده‌هێنێته کایه‌وه. ئاکسیۆنیزم به ده‌ربڕینێکی هه‌ره گشتی، مانای ده‌ستدانه کارکردنه له کاتێکدا و له‌ژێر هه‌لومه‌رجێکدا که پێداویستییه‌کان و زه‌مینه‌ی مادی و واقیعیی ئه‌م کاره فه‌راهه‌م نییه. ئاژیتاتۆری ئاشکرای حیزبی، یه‌کێکه له‌م پێداویستییه حه‌یاتییانه. په‌یوه‌ندی پته‌وی ڕێکخراوی نهێنی (له ڕووی سیاسی_ ڕێکخراوه‌یی و ئه‌منییه‌تییه‌وه) له‌گه‌ڵ ئاژیتاتۆری ئاشکرا، یه‌کێکی تره له‌م هه‌لومه‌رجه حه‌یاتییه. هه‌نووکه هه‌ر هاوڕێیه‌کی ئێمه ده‌توانێت به شانه و به ڕێکخراوی ناوچه‌یی خۆیدا بڕوانێ و سه‌رله‌نوێ له خۆی بپرسێت، تا چ ڕاده‌یه‌ك له‌م ڕووه‌وه ئێمه له‌م سه‌ره‌تاییترین پێداویستییانه‌ی ده‌خاڵه‌تی ئوسوڵی و به‌رده‌وامکاریه، له ئاکسیۆنه کرێکارییه‌کاندا به‌هره‌مه‌ندین.
ئه‌م به‌شه‌ی وتاره‌که لێره‌دا کۆتایی پێ دێنین. له‌م به‌شه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه کرا، که مه‌سه‌له‌ی ده‌خاڵه‌ت له ئاکسیۆنه‌کاندا بۆ ئێمه مه‌سه‌له‌یه‌کی تیۆری و تاکتیکی نییه، به‌ڵکه له بنه‌ڕه‌تدا مه‌سه‌له‌یه‌کی شێوه‌کارییه. ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستێك له ئارادا بێت، پێویسته به لێووردبوونه‌وه‌ی شێوه‌کاری کۆمۆنیستی لا ببرێت. ئاکسیۆنی کرێکاری پێویستی به ڕابه‌رایه‌تی ئاشکرایه (سه‌ره‌ڕای نهێنی)، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه ده‌بێ شێوه‌کانی ده‌خاڵه‌تی ئاشکرا فێر بین و به کاری بهێنین. به‌ڵام ده‌خاڵه‌تی ئاشکرا پێویستی به که‌سانی عه‌له‌نیکار و ئاژیتاتۆره کۆمۆنیستییه‌کان له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدایه. ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاژیتاتۆرانه له ڕیزه‌کانی ئێمه‌دا زۆر که‌من. ڕێگای په‌روه‌رده و ڕاکێشانی ئه‌م جۆره هه‌ڵسووڕاوانه ته‌وه‌ره‌به‌ستنه به ده‌وری ڕابه‌رانی عه‌مه‌لیی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕه‌و و که‌سانی پڕ شۆڕ و شه‌وق و خاوه‌ن ناڕه‌زایه‌تی، ئاماده و له‌سه‌رپێ له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا، به‌و مه‌به‌سته‌ی ببنه ئاژیتاتۆری حیزبی، هه‌ر وه‌ها ئه‌م کاره پێویستی به تێگه‌یشتنی جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕێکخراوه‌یییه‌یه، که ڕێکخراوی نهێنی حیزبی له‌گه‌ڵ که‌سانی عه‌له‌نیکاری خۆیدا پێکی ده‌هێنێ.
له به‌شی دواییدا دێینه سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ی دواتر، واته لایه‌نی ڕێکخراوه‌یی مه‌سه‌له‌که و به شێوه‌یه‌کی موشه‌خه‌س چه‌ند خاڵێك ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی عه‌مه‌لیی ئاژیتاتۆر به شانه و ڕێکخراوی نهێنی حیزبه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو، وه له کۆتایی باسه‌که‌دا به مه‌به‌ستی ڕۆشنکردنه‌وه‌ی سه‌رخه‌تی هه‌نگاوه عه‌مه‌لییه‌کانی شانه حیزبییه‌کان له‌م لایه‌نه‌وه بابه‌ته‌که گه‌ڵاڵه ده‌که‌ین.
|