ئه‌فسانه‌ی بۆرژوازیی میللی و پێشکه‌وتنخواز (١)
پێشوتار
ئه‌م نامیلکه‌یه، سه‌ره‌تای زنجیره نووسراوێکه که "سه‌هه‌ند" به مه‌به‌ستی شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێستانه و ئه‌و تێزانه‌ی که له نامیلکه‌ی "شۆڕشی ئێران و ڕۆڵی پرۆلیتاریا"دا هاتووه (و مانگی مارسی ساڵی ٧٩ بڵاو بووه‌ته‌وه)، له‌مه‌ودوا به‌رده‌وام بڵاوی ده‌کاته‌وه. له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک به‌تایبه‌تی به هۆی ته‌نگه‌به‌ربوونی ئیمکاناته‌وه، بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌موویان وه‌کوو کتێب ده‌ست نادا. بۆیه به‌ناچار ئه‌و نووسراوانه وه‌کوو چه‌ند نامیلکه‌ی جیاجیا (٧ تا ١٠ نامیلکه) له ماوه‌ی چه‌ند مانگێکدا، یه‌ک له‌دوای یه‌ک، بڵاو ده‌بنه‌وه. ئه‌و کاره نه‌ک هه‌ر بۆ خوێنه‌ر، به‌ڵکوو بۆ خۆشمان هه‌ندێک گیروگرفتی تێدایه، له لایه‌که‌وه خوێنه‌ر ناتوانێ به ئاسانی شوێنی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کان و لێکۆڵینه‌وه‌کان بگرێ، له لایه‌کی تریشه‌وه پێویست ده‌کا که ئێمه‌ش هه‌ر نامیلکه‌یه‌ک به جۆرێک ده‌رکه‌ین (که هه‌رچه‌نده دووباره‌کاری ببا)، به ته‌نیا وه‌کوو نامیلکه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌که‌ڵک بێ. له هه‌ر حاڵ‌دا، هاوڕێیان ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌پێشچاو بێ که چوارچێوه‌ی گشتی ئه‌وه‌ی که له‌م زنجیره نامیلکانه‌دا پێشچاو ده‌خرێ، له نامیلکه‌ی "شۆڕشی ئێران و ڕۆڵی پرۆلیتاریا"دا هاتووه و په‌یوه‌ندیی مه‌نتیقیی نامیلکه‌کان به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و نامیلکه‌یه ده‌رده‌که‌وێ".
به‌شی یه‌که‌می ئه‌م زنجیره نووسراوانه (دیاره) تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌چێته سه‌ر باسی بابه‌ته ئابوورییه‌کان و ئێمه له‌م به‌شه‌دا زۆرتر له‌و مه‌سه‌له تیۆریکه ئابوورییانه ده‌کۆڵینه‌وه که ژێرخانی بنچینه‌یین بۆ ئه‌و هه‌ڵوێست و تێزه سیاسییانه‌ی که له نامیلکه‌ی "شۆڕشی ئێران و ڕۆڵی پرۆلیتاریا"دا هاتوون. دیاره له ڕوانگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی مارکسیستییه‌وه، لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووری هیچ کاتێک له خۆیدا مه‌به‌ست نه‌بووه. لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووری ئه‌گه‌ر به ئاکامی دیاریکراوی سیاسی نه‌گا و ئه‌گه‌ر بۆ به‌ره‌وپێشچوونی چینی کرێکار له خه‌باتی چینایه‌تیدا ڕێخوشکه‌ر نه‌بێ، وه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی له خه‌باتی چینایه‌تیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ن و بۆ داڕشتنی به‌رنامه و تاکتیکی خه‌بات یارمه‌تی کۆمۆنیسته‌کان نه‌دا، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ته‌قه‌لایه‌کی ئاکادیمیك و ڕووناکبیرانه‌یه و به‌س! له لایه‌کی تریشه‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی دروستی قانوونه ئابوورییه‌کانی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵ به شێنه‌یی کار بکرێ و له لایه‌ن پێشه‌نگان و توێژه هۆشیاره‌کانی چینی کرێکاره‌وه به شێنه‌یی له تایبه‌تییه‌کانی بکۆڵرێته‌وه و گوایه بیانووی ئه‌م شێنهییبوونه ئه‌وه بێ، بڵێن با ئاکادیمیست نه‌بین، له‌وانه‌یه ئه‌وه ببێته سه‌رچاوه‌ی لادانی ئایدیۆلۆژیکی و سیاسی و ڕێکخراوه‌یی وه‌ها که له کرده‌وه‌دا توانای به‌ره‌وپێشچوون و سه‌رکه‌وتن ته‌نانه‌ت له دڵسۆزترین هێزه سیاسییه‌کانی چینی کرێکاریش بگرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به شێوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووری ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ، که ئێمه باسی لێکۆڵینه‌وه‌ی مارکسیستی له ژێرخانی ئابووریی کۆمه‌ڵ ده‌که‌ین، نه‌ك هه‌ر باسی ڕیزکردنی ئه‌و چینانه‌ی که له کۆمه‌ڵدا هه‌ن. چینه‌کانی کۆمه‌ڵ تیشکدانه‌وه‌ی ئینسانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیاریکراوانه‌ی به‌رهه‌مهێنانن که له کۆمه‌ڵدا زاڵن. مه‌رجی پێویست بۆ لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی چین و توێژه جۆربه‌جۆره‌کان، تێگه‌یشتن له‌وه‌یه، که ڕیشه‌ی گۆڕانی کۆمه‌ڵ، قانوونمه‌ندیی ئابووری هه‌یه. چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان په‌یوه‌ندیی به‌رهه‌مهێنان ناخوڵقێنن، به‌ڵکوو خۆیان له‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه په‌یدا بوون و له مه‌یدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و به‌پێی ئه‌و قانوونمهندییانهیه که چینه جۆراوجۆره‌کان بۆ هێشتنه‌وه، وه یان گۆڕینی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که له ئارادایه خه‌بات ده‌که‌ن. به‌م جۆره، ئێمه به شێوه‌ی مارکس و لێنین، سه‌ره‌تا لێره‌وه ده‌ستپێ ده‌که‌ین، که قانوونمه‌ندیی ئابووریی زاڵ له کۆمه‌ڵدا چییه؟ پاش تێگه‌یشتن له‌وه (وه ته‌نیا پاش تێگه‌یشتن له‌وه)، ده‌وری ئابووری و سیاسیی چینه جۆراوجۆره‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. بێگومان لێکۆڵینه‌وه‌ی مارکسیستی به‌بێ باسی ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵ به چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی_ سیاسی دابه‌ش بووه، ده‌ست نادا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی مارکسیستی تا ئه‌و ڕاده‌یه بێنیته خواره‌وه که له باسی دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵ به چینه‌کان تێپه‌ڕ نه‌بێ، مانای ئه‌وه‌یه مارکسیزم لێنینیزمیشمان تا ڕاده‌ی زانستێکی کۆمه‌ڵناسیی ساکاری بۆرژوایی هێناوه‌ته خواره‌وه.
مه‌سه‌له‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه که ئێمه له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووریی خۆماندا به‌شوێن وه‌ڵامی هه‌ندێک پرسیاری دیاریکراودا ده‌گه‌ڕێین. مه‌به‌ستی ئێمه ئه‌وه نییه که هه‌موو کاروباری ئابووریی وڵات بێ که‌م و زیاد بخه‌ینه پێشچاو. ئێمه به تایبه‌تی به‌شوێن وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێین که خه‌باتی چینایه‌تی و شۆڕشی ئێستا ده‌ی نێته پێشمان، ده‌ڵێین "خه‌باتی چینایه‌تی" و "شۆڕشی ئێستا"، نه‌ك "په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری" و "گه‌شه و هه‌ڵدانی مێژوویی کۆمه‌ڵ"! یه‌که‌م هه‌نگاوی هه‌موو مارکسیستێک له هه‌ر چه‌شنه لێکدانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، پێویستییه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تی له ڕوانگه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ربه‌خۆی چینی کرێکاره‌وه‌یه. مارکسیسته‌کان ڕاوێژکاری ئابووریی کۆمه‌ڵی بۆرژوایی نین که بۆ نموونه، باسی چۆنیه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی کشتوکاڵی وڵات و "کهوتنهڕێگهی چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان"، سهنعهتیکردنهوه، دابه‌شکردنه‌وه‌ی داهات، ڕێفۆرمی ئیداری و شتی وا له چوارچێوه‌ی نیزامی ئێستادا بکه‌ن. بۆرژوازی و ئیمپریالیزم به قه‌د پێویستیی خۆیان کادریان بۆ ئه‌و کارانه په‌روه‌رده کردووه و ده‌یکه‌ن. مارکسیزم ڕه‌خنه‌گری زانستیی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارییه و کلیلی گۆڕینی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه. مارکسیزم زانستێکه که ده‌بێ وه‌کوو چه‌کێک له‌ده‌ست چینی کرێکاردا بێ و شێلگیرانه بۆ خستنه پێشچاوی ئه‌و ناکۆکییه چارههڵنهگرانهی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری به‌کار بهێنرێ که له بنج و بناغه‌ی دایه، بۆ خستنه پێشچاوی سهرهوگۆڕبوونی بێچاره‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کانی، بۆ پێشبینیکردنی بزووتنه‌وی سیاسی و ئابووریی چینه دارا‌کان له هه‌ر قۆناغێکی گه‌شه و هه‌ڵدانی خه‌باتی چینایه‌تیدا، بۆ رزگارکردنی کۆمه‌ڵانی به‌رینی چینی کرێکار له خورافه‌ی بۆرژوایی و ... و به‌کورتی بۆ هه‌موو مه‌یدانه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تی.
گرنگترین پرسیارێک که شۆڕشی دیموکراتیکی ئێستای ئێران (که نه‌ك هه‌ر بزووتنه‌وه‌کی سه‌رووچینایه‌تی نییه، به‌ڵکوو تیشکدانه‌وه و به‌ره‌نجامی دیاریکراوی پله‌یه‌کی دیاریکراو له گه‌شه‌ی خه‌باتی چینایه‌تییه له وڵاتی ئێمه‌دا) ده‌ینێته به‌رده‌م مارکسیسته‌کان، مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌وری بۆرژوازیی لیبراڵه له شۆڕشی ئێستادا[١].
له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی چینی کرێکاری ئێرانه‌وه، خه‌بات دژی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی ئیمپریالیزم، به‌شی جیانه‌کراوه‌ی خه‌باتێکه که ئه‌م چینه بۆ پێکهێنانی پێشمه‌رجه‌کانی دوا هه‌ستانی خۆی به‌ره‌و سۆسیالیزم گرتوویه‌ته پێش. له‌نێوبردنی یه‌کجاریی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی ئیمپریالیزم له مه‌یدانه‌کانی ئابووری و سیاسی‌دا، واته ڕووخاندنی نیزامی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئیمپریالیستیی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و دیکتاتۆری ڕووت و ئاشکرای دژی کرێکاری، شه‌رتی حاشاهه‌ڵنه‌گره بۆ به‌دیهاتنی سه‌رکه‌وتنی شۆڕش له ڕوانگه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستا و دواڕۆژی چینی کرێکاره‌وه. ئاشکرایه که به‌م پێیه، له ڕوانگه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ربه‌خۆی چینی کرێکاره‌وه، شێوه‌ی دروستی به‌رچاوخستنی مه‌سه‌له‌که ئاوایه، ئایا هیچ کام له توێژه‌کانی بۆرژوازی له ئێران‌دا، له دوالێکۆڵینهوهدا، بۆ له‌نێوبردنی ده‌سه‌ڵاتی ئیمپریالیزم و سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی دیکتاتۆرییه‌تی ئه‌و، هێنده خاوه‌ن قازانجه که له خه‌باتێکی شۆڕشگێڕانه‌دا دژ به ئیمپریالیزم و به ڕابه‌ریی چینی کرێکار، به‌شداری بکات؟ ئایا هیچ کام له توێژه‌کانی بۆرژوازی له ئێران‌دا دژ به ئیمپریالیست و دیموکراته؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره دوو ڕێگا هه‌یه، ڕێگای یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که بۆرژوازی به‌پێی ئه‌و شتانه‌ی که خۆی سه‌باره‌ت به خۆی ده‌یڵێ، به‌پێی ده‌سته‌واژه و چه‌مک و شێوه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆی و مانۆره سیاسییه عهوامفریودهرهکانی خۆی، داوه‌ریی له سه‌ر بکه‌ین. لێکدانه‌وه‌ی بۆرژوازیی و ڕواڵه‌تکارانه هه‌رگیز خه‌یانه‌تی به بۆرژوازی نه‌کردوه، شێوه بۆچوونێکی ئاوا به‌ناچار، وه‌ڵامی به‌ڵێ بۆ ئه‌و پرسیاره به‌دی دێنێ و بێگومان جارێکی تریش چینی کرێکار له مه‌یدانی شکانی شۆڕشی دیموکراتیکدا ده‌کێشێته‌وه زنجیر. ڕێگای دووه‌م ئه‌وه‌یه که پشت به فێربوونه زانستی و شۆڕشگێڕه‌کانی مارکسیزم و لێنینیزم ببه‌ستین و جه‌وهه‌ر و ماهییه‌تی توێژه جۆراوجۆره‌کانی بۆرژوازیی ئێران و توانا و لێوه‌شاوه‌یی سیاسی‌یان به‌پێی بار و دۆخی ماددیی وجوودیان، به‌پێی قانونمهندیی ئابووریی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگێنین و به شێوه‌ی مارکس، ئه‌نگڵس و لێنین له ڕوانگه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ربه‌خۆ و به‌پێی ئایدیۆلۆژیی زانستی و شۆڕشگێڕانه‌ی چینی کرێکاره‌وه، بۆرژوازی بناسین و بیناسێنین.
به بڕوای ئێمه، له ڕوانگه‌ی مارکسیزم_ لێنینیزمه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره "نا"یه. ژێرخانی ئابووریی نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته به چه‌شنێک دیکتاتۆری ڕووت و ئاشکرا ده‌خوازێ که لادان هه‌ڵناگرێ و حوکوومه‌تی سه‌رمایه‌دارانیش له‌و نیزامه‌دا، چاوی له‌وه نییه که کام توێژی بۆرژوازی حوکوومه‌ت ده‌کا، مادام ئه‌و حوکوومه‌ته پێویستییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی سه‌رجه‌م سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له بار و دۆخی ئیمپریالیستیدا ده‌بێ دابین بکا، ناتوانێ دیموکراتیک بێ و ئه‌و دیموکراسییه‌ی که بۆ کۆکردنه‌وه و ڕێکخستنی چینی کرێکار به‌ره‌و سۆسیالیزم پێویسته ته‌نیا له ڕێگای بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه و به ڕابه‌ریی چینی کرێکار و دژ به بۆرژوازی ده‌توانێ بێته بوون.
نامیلکه‌ی "شۆڕشی ئێران و ڕۆڵی پرۆلیتاریا" که وه‌کوو چه‌ند تێزێکی گوشراو بڵاو کرابووه‌وه، پشتی به ناسینێکی دیاریکراو له قانوونمه‌ندییه ئابوورییه‌کانی بزووتنی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌ی ئێران به‌ستبوو، وه ئه‌و ئاکامه سیاسی و ئایدیۆلۆژیکانهی که سه‌باره‌ت به پێویستبوونی سه‌ربه‌خۆیی ئایدیۆلۆژیک و سیاسی و ڕێکخراوه‌یی چینی کرێکار و پێویستبوونی دابینکردنی سه‌رکرده‌یی ئه‌م چینه له شۆڕشی دیموکراتیکی ئێران‌دا و خه‌سڵه‌تی دژ به شۆڕشبوون و دژ به کرێکاربوون دیکتاتۆرییانه‌ی گشت بۆرژوازی ئێران و مه‌ترسی بۆچوونه لاده‌ره "گشت خه‌ڵکی"یه‌کان بۆ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی و به هۆی ئه‌وه‌وه بۆ سه‌رتاپای بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی وڵات و ... به‌دی هاتبوو، هه‌مووی سه‌رچاوه‌ی له تێگه‌یشتنێکی کۆنکرێت له ژێرخانی ئابووریی ئێرانه‌وه ده‌گرت. ڕاستییه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تی له مانگی سه‌رماوه‌زه‌وه[٢]، (کاتێک که ئه‌و تێزانه به ڕاده‌یه‌کی به‌رته‌سک بڵاو کرانه‌وه) هه‌تا ئێستا مۆری ڕاستبوون و دروستبوونی له گه‌لێک له‌و خاڵانه‌ی که له‌و نامیلکه‌یه‌دا هاتووه داوه. بۆرژوازیی ڕه‌نگ لیبراڵی ئێران، ئه‌و توێژه‌ی که له جه‌نگه‌ی شۆڕشدا ڕیاکارانه باسی ئازادی و ماف و سه‌ربه‌خۆیی ده‌کرد، وه ئه‌و ئێستا ئه‌رکی ڕزگارکردنی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته و ئیمپریالیزمی له تۆفانی شۆڕشی زه‌حمه‌تکێشان گرتووه‌ته‌وه سه‌ر شان، ئه‌وه‌تا ئیتر ته‌نانه‌ت به بیستنی ئه‌و وشانه‌ی که ده‌وره‌ی پڕ جۆش و خرۆشی ڕابردووی بیر ده‌خاته‌وه، به بیستنی وشه‌ی وه‌کوو شۆڕش، دیموکراسی، شوورا، سوپای گه‌ل، خودموختاری و شتی وا مووچڕکی پێدا ده‌گه‌ڕێ و بۆ ماوه‌یه‌ك (هه‌تا ژه‌نه‌راڵه‌کان و ڕاوێژکاره‌کان ده‌بووژێنه‌وه و ئاماده‌یی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌ننه‌وه)، ناهومێدانه و له چه‌شنی نه‌خۆشێکی سه‌ره‌و گۆڕ، خۆی خزاندووه‌ته داوێنی "پیرۆز و میهره‌بانی" ورده‌بۆرژوازیی کۆنه‌پارێز وه به‌رانبه‌ر به گه‌شه‌کردنی ڕۆژ له‌ڕۆژ زیاتری شۆڕش و بیروباوه‌ڕی کرێکاری، ده‌ست له‌ناو ده‌ستی کۆنه‌په‌رستترین که‌سان و کۆنه‌په‌رستترین هێزه‌کان، خه‌ریکی پیلانگێڕانه بۆ خنکاندنی ئازادی و له قهوارهخستنی شۆڕش. ئه‌مجار ئیتر ئه‌وه بۆ هه‌مووان ده‌بێ له ڕۆژ ڕووناکتر بێ که: "له سه‌رده‌می ئیمپریالیزمدا حوکوومه‌تی بۆرژوازی له ئێران ناتوانێ دیموکرات بی! "ڕووداوه‌کان به هێزێکی چه‌ند لانه به‌تواناتر له به‌ڵگه‌هێنانه‌وه، حه‌قیقه‌ت ده‌به‌نه وشکترین مێشکه‌وه. به‌ڵام بۆ مارکسیسته‌کان که ئه‌رکی ڕابه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و شۆڕشی دیموکراتیکی ئێرانیان له‌سه‌ر شانه، بۆ که‌سانێک که به‌رهه‌می تیۆریک و ئه‌زموونی زیاتر له دوو سه‌ده خه‌باتی کرێکاری سه‌راسه‌ری جیهانیان وه‌کوو ئه‌مانه‌تێک له لایه، ئه‌وه‌نده به‌س نییه که پاش ڕووداوێک لێی تێ بگه‌ن! شۆڕشگێڕانی مارکسیست ئه‌رکی سه‌رشانیانه که له ڕووناکایی ئایدیۆلۆژیی زانستی و شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیاندا و به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی قانوونه‌کانی ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ، وێنه‌یه‌کی ڕۆشن له گونجاوترین ڕێڕه‌وی شۆڕش، له جیاکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی شۆڕش و دژی شۆڕش، توانا و لێهاتوویی چین و توێژه جۆراوجۆره‌کان، له مه‌یدانی خه‌باتی چینایه‌تیدا و بار و دۆخ و پێویستییه‌کانی شۆڕش له ڕوانگه‌ی چینی کرێکاره‌وه بخه‌نه پێشچاو. شۆڕشی دیموکراتیکی ئێران بێ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ڕێکخراوه‌یی چینی کرێکار و سه‌رکرده‌یی و ڕابهربوونی ئه‌و چینه له بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌دا دابین بکرێ، سه‌رناکه‌وێ. بۆ به‌دیهێنانی هه‌لومه‌رجێکی ئاوا، ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه که قانوونمه‌ندی ئابووری ڕه‌وتی کۆمه‌ڵ له ڕوانگه‌ی مارکسیست_ لێنینیستهوه بناسرێ.
به ڕای ئێمه، ڕوانگه لاده‌ره گشتخهڵکییهکان، که له بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی ئه‌م وڵاته‌دا، بره‌ویان هه‌یه، وه ئه‌وه خۆی بنچینه‌ی چه‌ککردنی سیاسیی چینی کرێکاره به‌رانبه‌ر به بۆرژوازیی لیبراڵ و ورده‌بۆرژوازی، له ڕوانگه‌ی تیۆریکه‌وه هی ئه‌وه‌یه، ناسینی مارکسیستی و لێنینیستی له قانوونه‌کانی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵی ئێمه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌بووه و له جیاتی مارکسیزم و لێنینیزم، نموونه‌ی کڵێشه‌یی به شێوه‌ی میکانیکی دانراوه. ده‌بێ بنچینه‌ی تیۆریکی ئه‌م لادانانه له‌وه‌دا بدۆزرێته‌وه، که ڕوانگه‌ی غه‌یره مارکسیستی و غه‌یره لێنینیستی له سه‌رمایه و نیزامی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم و نیزامی سه‌رمایه‌داری گرێ‌دراو، باوه و ڕه‌واجی هه‌یه. لادانی سیاسی گرنگ (وه‌کوو ئه‌وه‌ی که به‌شێک له بۆرژوازی ئێران به "میللی و پێشکه‌وتنخواز" دانراوه، یان ئه‌وه که له جیاتی ڕۆیشتن به‌ره‌و پێکهێنانی به‌ره‌ی شۆڕشگێڕی دژی ئیمپریالیستی، سیاسه‌تی سازانی چینایه‌تی گیراوه‌ته پێش و به‌کرده‌وه له ڕیسواکردنی بێبه‌زه‌ییانه‌ی بۆرژوازیی لیبراڵ و به‌شی کۆنه‌پارێزی ورده‌بۆرژوازیدا که‌مکاری کراوه و به‌ناچار واز له ڕابه‌ریکردنی سیاسیی خه‌باتی دیموکراتیک هێنراوه و خراوه‌ته باوه‌شی ورده‌بۆرژوازی و بۆرژوازیی لیبراڵ، وه گه‌لێک هه‌ڵه‌ی له‌م چه‌شنه) هه‌مووی له باری تیۆریکه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییه گه‌وره‌یه‌ن که تیۆری "شۆڕشگێڕانه" له ئێران‌دا، له ده‌رسه‌کانی مارکس و لێنین (سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌گریی له ئابووریی سه‌رمایه‌داری و به‌رزترین قۆناغه‌که‌ی که ئیمپریالیزمه)، جیا ده‌کاته‌وه. به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بییاتی تیۆریکی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی وڵاتی ئێمه (نه‌ک له ڕوانگه‌ی مارکسیزمه‌وه، به‌ڵکوو له ڕوانگه‌ی سه‌رمایه‌داره‌وه) چاو له سه‌رمایه ده‌کا و تێی ده‌گا، به‌بێ لێکۆڵینه‌وه و ناسینی قانوونمه‌ندی و پێویستییه‌کانی ڕه‌وتی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێشمه‌رجه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دووباره‌کردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و کۆمابوون له نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌ی ئێران‌دا، یه‌کسه‌ر ده‌چێته سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی توێژه جۆراوجۆره‌کانی بۆرژوازی، (نه‌ک توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه‌ش). بۆرژوازیی ئێران به‌شبه‌ش ده‌کا، "باڵ"ه جۆراوجۆره‌کانی به‌گژ یه‌کتردا ده‌دا، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی دژبه‌یه‌کیان بۆ ههڵدهژمێرێت و به شێوه‌یه‌کی میتافیزیکی و هه‌ر له‌به‌رخۆوه جارێک ئه‌م و جارێک ئه‌و توێژی بۆرژوازی "له ڕیزی گه‌ل"دا، یان "له ده‌ره‌وه‌ی ڕیزی گه‌ل"دا داده‌نێ، وه سه‌باره‌ت به سه‌رجه‌م ئه‌و نیزامه‌ی که له‌سه‌ر پایه‌ی قازانجی هاوبه‌شی توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه (و دیاره بۆرژوازیش) ساغ بووه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به نیزامێک که له بناغه‌وه هه‌بوون و کۆمابوونی سه‌رمایه، به ڕاده‌یه‌کی به‌رزی سوودبهخشییهوه گونجاو ده‌کا، سه‌باره‌ت به نیزامێک که چینی کرێکار و پێشه‌نگانی کۆمۆنیستیی به‌پێی دوایین لێکۆڵینه‌وه دژی ته‌واوی ئه‌و نیزامه، جه‌نگاوه‌رانه له خه‌باتدان، ته‌نانه‌ت یه‌ک و شه‌ش ناڵێ و بێده‌نگه! ئاکامی سیاسیی شێوه بۆچوونێکی ئاوا ئاشکرایه. کاتێک کۆمۆنیسته‌کان له‌بیریان بچێته‌وه که ده‌ستیان داوه‌ته ڕه‌خنه‌گری و ڕیسواکردن و ڕووخاندنی کامه نیزامی کۆمه‌ڵایه‌تی و له جیاتی کێشه‌ی چینایه‌تی که جه‌وهه‌ری شۆڕشی دیموکراتیکه، ململانێی توێژه جۆراوجۆره‌کانی بۆرژوازی بخه‌نه پێشچاوی چینی کرێکار، کاتێک هه‌ر ڕوژه به بیانوویه‌ک (وه‌کوو ئه‌وه‌ی که شۆڕشی ئێستا سۆسیالیستی نییه) بۆ به‌شێک له بۆرژوازی لای چینی کرێکار شفا و لاڵه بکه‌ن و به‌کرده‌وه (ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی پێویستییه‌کان و تێگه‌یشتنه مه‌نتیقییه‌کانی چینی کرێکار و ته‌نانه‌ت ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ی که له‌خۆوه په‌یدای کردووه) بیروڕای تێکڕا گه‌لی (پۆپۆلیستی) خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و چینه داببڕن و سه‌ره‌نجام سۆسیالیزمی زانستی له کرێکاران بشارنه‌وه، له ئاکامدا بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له هێرش ده‌که‌وێ و کۆنه‌پارێز ده‌بێ و هیوای خۆی به حوکوومه‌تی سازشکارانه‌وه گرێ ده‌دا، خۆی له سیاسیبوونهوهی بزووتنه‌وه ئابوورییه‌کانی خۆی ده‌ترسێ و ئاخری بۆ ڕێفۆرمیسته‌کان و سازشکاران و هه‌لپه‌رستان مل که‌چ ده‌کا و خۆ به‌ده‌سته‌وه ده‌دا. مه‌رجی پێویست بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی دیموکراتیک به ڕابه‌ریی چینی کرێکار ئه‌وه‌یه، که به‌شێکی گه‌وره و به‌رین له کرێکاران هه‌بن، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی دواڕۆژی خۆیان بناسن. که چاو له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی دیموکراتیک وه‌کوو ئامانجێکی ڕووه‌و خۆ و ئامانجی ئاخرین نه‌که‌ن و وه‌کوو ههنگاوێکی پێویست له پێناو به‌دیهاتنی پێشمه‌رجه‌کانی حه‌ره‌که‌تی نیهایی چینی کرێکار به‌ره‌و سۆسیالیزم چاولێ بکه‌ن.
مه‌به‌ست له‌وه‌ی که ئه‌م نامیلکانه بڵاو ده‌که‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه که زه‌مینه‌یه‌کی تیۆریک به‌ده‌سته‌وه بده‌ین بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی "پێشکه‌وتنخواز"بوون و "میللی"بوونی به‌شێک له بۆرژوازیی ئێران. ئه‌گه‌ر لێنین سه‌باره‌ت به شۆڕشی ١٩٠٥ی ڕووسیا به لێبڕاوییه‌وه نووسی: "بۆرژوازی هێزێکی بزوێنه‌ری شۆڕشی ڕووسیا نییه!"، ئێمه پاش ڕابووردنی زیاتر له ٧٠ ساڵ، له نیزامێکی سه‌رمایه‌داری و وابه‌سته‌دا، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداره‌تی بێ‌گومانی ئیمپریالیزمدا، هه‌رچی لێبڕاوانه‌تر ئه‌و وته‌یه‌ی لێنین سه‌باره‌ت به شۆڕشی دیموکراتیکی ئێستای ئێران دووباره ده‌که‌ینه‌وه. له‌م زنجیره نامیلکانه‌دا تێده‌کۆشین که به شێوه‌یه‌کی کۆنکرێت ئه‌وه نیشان بده‌ین که به پێچه‌وانه‌ی گومانی به‌شێکی به‌رچاو له هێزه کۆمۆنیسته‌کانی وڵاتمان، ئه‌و ململانێیه‌ی که له‌نێو توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه له وڵات‌دا هه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی هاوبه‌شی ئه‌وان له هێشتنه‌وه و پاراستنی نیزامی به‌رهه‌مهێنانی ئیمپریالیستی و سه‌رخانی سیاسی ئه‌و نیزامه، یانی قازانجی ئه‌وان له دیکتاتۆریی ڕووت و بێپه‌رده و دژ به کرێکاری، هه‌رگیز نه‌فی ناکاته‌وه. ئێمه به شێوه‌یه‌کی کۆنکرێت ئه‌وه ڕوون ده‌که‌ینه‌وه، که له نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌ی ئێران‌دا (سه‌رمایه‌داری له وڵاتی ژێرده‌سته‌ی ئیمپریالیزمدا)، هیچ کام له توێژه‌کانی بۆرژوازی (واته تیشکدانه‌وه‌ی مرۆیی و چینایه‌تی توێژه‌کانی سه‌رمایه) قازانجێکیان له ڕووخاندن و تێکدانی بار و دۆخی گشتیی ئیمپریالیستیی به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه و کۆمابوونی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له وڵات و پێویستییه سیاسییه‌کانی ئه‌و نیزامه‌دا نییه و به‌و جۆره بۆرژوازی هیچ خه‌سڵه‌تێکی دژی ئیمپریالیستی (میللی؟) و دیموکراتیک (پێشکه‌وتنخواز؟)ی له خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی کۆمه‌ڵانی زه‌حمه‌تکێشی ئێمه‌دا نییه! ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه، ململانێی توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه و بۆرژوازی له سایه‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌وه‌هوومه پۆپۆلیستی (تێکڕاگهلی)یه‌وه که له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی وڵاتی ئێمه‌دا بره‌وی هه‌یه، ڕێگادهست بۆ بۆرژوازیی سه‌رتاپێ وابه‌سته‌ی ئێران ده‌کاته‌وه که به شێواندنی کرۆکی چینایه‌تیی شۆڕشی دژ به ئیمپریالیستی ئێستا و به ڕاکێشانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان به‌ره‌و مه‌یدانی شه‌ڕه زێڕنگهرانهی نێوخۆی چینی ده‌سه‌ڵاتدار، ده‌سه‌ڵاتداره‌تی ئیمپریالیزم، هه‌ر به‌و ناوه‌ڕۆکه ئابووری و سیاسییه‌ی پێشووه‌وه (ڕه‌نگه به ڕواڵه‌تێکی دیکه) له‌م وڵاته‌دا بهێڵێته‌وه و ببووژێنێته‌وه.
سه‌ره‌تا
ئه‌م به‌شه، که چه‌ند نامیلکه‌ی جیاواز ده‌بێ، بهرینکردنهوه و ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌یه که له به‌شی ٢ی نامیلکه‌ی شۆڕشی ئێران و ڕۆڵی پرۆلیتاریا"دا به کورتی باس کراون. ڕوونکردنه‌وه‌ی پایه بنچینه‌یییه‌کانی نیزامی سه‌رمایه‌داری و قۆناغی ئیمپریالیستیی سه‌رمایه‌داری له ڕوانگه‌ی مارکس و لێنینه‌وه، گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌کێتیی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه و مه‌سه‌له‌ی ململانێ له ڕوانگه‌ی تیۆریکه‌وه، هه‌لومه‌رجی بنه‌ڕه‌تیی هه‌بوون و مانه‌وه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری، تایبه‌تییه‌کانی سه‌رمایه‌داری له سه‌رده‌می ئیمپریالیزمدا، مه‌سه‌له‌ی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته و کارکردی کۆنکرێتی سه‌رمایه‌داریی مۆنۆپۆڵی له وڵاتی ژێرده‌سته‌دا، ڕیشه و ڕه‌چه‌ڵه‌کی مێژوویی و بار و دۆخی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی وابه‌سته‌بوونی سه‌رمایه‌داری له ئێران، دیکتاتۆری، سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته و بۆرژوازیی لیبراڵ، توێتوێبوونهوهی بۆرژوازیی ئێران و ڕه‌خنه‌گری له‌سه‌ر ئۆتۆپیای "دیموکراسی و سه‌رمایه‌داریی سه‌ربه‌خۆی ئێران به ڕابه‌ریی بۆرژوازیی میللی" و ... به‌شه بنچینه‌یییه‌کانی باسی "ئه‌فسانه‌ی بۆرژوازیی میللی و پێشکه‌وتنخواز" پێک دێنن. ئه‌سڵی ده‌قی لێکۆڵینه‌وه‌که‌مان له نامیلکه‌ی دوایییه‌وه ده‌ستپێ ده‌کات. له‌م سه‌ره‌تایه‌دا هه‌ندێک ئاماژه‌ی کورت به شێوه لاده‌ره‌کانی بۆچوون بۆ مه‌سه‌له‌ی وابه‌سته‌بوون ده‌که‌ین و به‌س.
نه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر گه‌شه و هه‌ڵدانی سه‌رمایه‌داری له ئێران‌دا و باوبوونی ده‌سته‌واژه و چه‌مکگه‌ل و شێوه لێکۆڵینه‌وه‌ی غه‌یره مارکسیستی له بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی ئێران‌دا، زیاتر له هه‌موو شتێک، ڕه‌نگه له چۆنیه‌تی بۆچوونی سازمان و گرووپ و که‌سانی شۆڕشگێڕی وڵاتمان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌دا خۆی بنوێنێ. به‌شی زۆرتری ئه‌و ڕایانه‌ی که سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه باس کراون، زیاتر له‌وه‌ی پشتی به ده‌رسه زانستی و شۆڕشگێڕه‌کانی مارکسیزم به‌ستبێ، له‌گه‌ڵ زانستیی ئابووریی بۆرژوایی، به‌تایبه‌ت مه‌کته‌بی تازه‌بابه‌تی وه‌ک "گه‌شه‌نه‌کردن" و " ئابووریی گه‌شه‌کردن"دا دێته‌وه و ڕیشه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه و چهمکگهلهی لێی کۆڵراوه‌ته‌وه، نه‌ک له کتێبی "سه‌رمایه"ی مارکس و کتێبی "ئیمپریالیزم"ی لێنیندا، به‌ڵکوو له نووسراوه و وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی ناڕه‌زایانه‌ی نوێنه‌رانی بۆرژوازیی تازهپێداکهوتووی وڵاته ئاسیایی و ئافریقایی و ئهمهریکالاتینییهکان و چاره‌سازه ئیمپریالیستییه‌کانی سازمانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ئهنستیتۆته حه‌قیقییه‌کانی وڵاته ئیمپریالیستییهکاندایه. به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌وژمی شۆڕشه دژی ئیمپریالیستییه‌کان له وڵاتانی ژێرده‌سته‌دا و گه‌شه‌کردن و هه‌ڵدانی ڕۆژ له‌ڕۆژ زیاتری مارکسیزم لێنینیزم له‌م وڵاتانه‌دا، زانستی ئابووریی بۆرژوایی (که له باری تیۆریکه‌وه، خۆی کۆکردنه‌وه و به‌گشتیکردنی تیۆریکی به‌رژه‌وه‌ند و قازانجی سه‌رمایه‌یه، ناچار به‌کرده‌وه سه‌رنج بداته "ده‌رد"ه‌کان و گیروگرفته "ئابوورییه‌کانی وڵاته "گه‌شه‌نه‌کردووه‌کان". لایه‌نگرانی مافی میلله‌تانی ژێرده‌سته، ناکاو له کۆنه‌په‌رستترین ده‌زگاکانی لێکۆڵینه‌وه و به‌رنامه‌دانانی ئیمپریالیزمه‌وه سه‌ریان به‌رزکرده‌وه و ئابووریی بۆرژوایی به هه‌موو هێزی خۆی قۆڵی بۆ ئه‌وه هه‌ڵماڵی که ناکۆکییه تهفروتوونکهرهکانی ئیمپریالیزم پینه بکات، یان بیشارێته‌وه و بزووتنه‌وه دژی ئیمپریالیستییه‌کان له باری تیۆریکه‌وه گێژ بکا و مارکسیزم_ لێنینیزم له قه‌واره بخا و بیگۆڕێ. لهقهوارهخستن و گۆڕین و لابه‌لاکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه و چه‌مکگه‌ل و مه‌سه‌له بنچینه‌یییه‌کانی مارکسیزم و گواستنه‌وه‌ی باس له‌سه‌ر خه‌باتی چینایه‌تی و دژی ئیمپریالیستی و دوان له گیروگرفتی "گه‌شه و هه‌ڵدانی ئابووری له وڵاتی ژێرده‌سته‌دا" له ڕێگه‌ی پێش‌گرتن به بڵاوبوونه‌وه‌ی بیروڕای بناغه‌دانه‌رانی مارکسیزم و له‌جیاتی ئه‌وانه بڵاوکردنه‌وه‌ی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و لاده‌رانه‌ی نووسه‌رانی به‌ناو مارکسیست، "چه‌پ" و "پێشکه‌وتنخواز" و "ئینساندۆست"، وه له ئاکامدا نیشاندانی مارکسیزم له ڕوانگه‌یه‌کی بۆرژوایییه‌وه، یه‌کێکه له خه‌نجه‌ره ژه‌هراوییه‌کانی پسپۆرانی ئیمپریالیزمی جیهانی دژی مارکسیزم. به‌م جۆره به‌شێک له مارکسیسته‌کانی وڵاته ژێرده‌سته‌کان له‌وانه ئێران، که زیاتر له ٥٠ ساڵ لهمهوپێش له کۆنگره‌ی دووه‌می ئینته‌رناسیۆناڵی سێیه‌م و له کۆنگره‌ی میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتدا باسی کێشه‌ی ئاشتیی هه‌ڵنه‌گر و لێبڕاوانه دژی ئیمپریالیزم به ڕابه‌ری کۆمۆنیسته‌کان و باسی پشتگیری بێ درێغی ئینته‌رناسیۆناڵی لێنینییان ده‌کرد، ئێستا ده‌ڵێی بوونه‌ته کارشناس و پسپۆری وه‌ها که سه‌باره‌ت به "نه‌بوونی پیشه‌سازیی دایک"، "نرخبڕینهوه بۆ کاڵا کشتوکاڵییه‌کان"، "زه‌ره‌ر و زیانی نیزامی تاکبهرههم"، "ڕوحییه و عاده‌تی خه‌رج و مه‌سره‌ف له‌نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا(!)، "چۆنیه‌تی خستنه‌گه‌ڕی چه‌رخه‌کانی ئابووری" و مه‌سه‌له‌ی له‌م چه‌شنانه، ده‌بێ ڕێنوێنی بۆرژوازی به‌ناو میللی بکه‌ن، که به قسه‌ی ئه‌وان گوایه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ناناسێ! له‌باری تیۆرییه ئابوورییه‌کانه‌وه، ده‌ستکێشانه‌وه‌ی به‌شێک له کۆمۆنیسته‌کانی ئێمه له خه‌بات دژی کوللی بۆرژوازی، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هی ئه‌وه‌یه، که بیروڕای ئابووریی بۆرژوایی ڕه‌واجی سه‌ندووه و تیۆرییه شۆڕشگێڕه‌کانی مارکس و لێنین کراونه‌ته کاریکاتۆر ...[٣] چاوپۆشی له لێکۆڵینه‌وه‌ی قانوونمه‌ندیی گشت سه‌رمایه‌داریی کۆمه‌ڵایه‌تی (که خۆی بنچینه‌ی کتێبی "سه‌رمایه"ی مارکس و کتێبی "ئیمپریالیزم"ی لێنین بووه) و هه‌ر له‌ڕێوه چوونه سه‌ر توێتوێبوونهوهی بۆرژوازی، یه‌کێکه له به‌ره‌نجامه گرنگه‌کانی نفووزیی ئایدیۆلۆژیی بۆرژوایی. به‌هیواین له نامیلکه‌کانی دواییدا گرنگێتی "گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی" و قانوونه‌کانی ڕه‌وتی ئه‌وه، بۆ خوێنه‌ر ڕوون بێته‌وه. ئه‌وه‌ی که ده‌بێ له‌م کورته باسه‌دا بیهێنینه‌وه یاد ئه‌وه‌یه، ئێمه کاتێک جه‌خت ده‌که‌ینه سه‌ر ئه‌مه، مانای ئه‌وه نییه که بمانه‌وێ حاشا له‌و توێتوێبوونهوه بابه‌تی و ماددییانه بکه‌ین که له‌نێوخۆی سه‌رتاپای سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه و له باری چینایه‌تییه‌وه بناغه‌ی بابه‌تییه بۆ هه‌بوونی توێژه جۆراوجۆره‌کانی بۆرژوازی. ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه، نیازی ئێمه ئه‌وه‌یه که به لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی که له‌نێوان توێژه جۆاراوجۆره‌کانی سه‌رمایه‌دا هه‌ن، په‌یوه‌ندیی ئۆرگانیکی ئه‌وان و هه‌روه‌ها یه‌کبوونی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییان له شۆڕشی ئێستای ئێران‌دا ڕوون بکه‌ینه‌وه و دژی ئه‌و خۆشخهیاڵییانهی که سه‌باره‌ت بهسهربهخۆبوونی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی به‌شێک له بۆرژوازیی ئێران (بۆرژوازیی به‌ناو میللی) و "ناکۆک" له‌گه‌ڵ نیزامی به‌رهه‌مهێنانی ئیمپریالیستی له ئێرانی ژێرده‌سته‌دا بره‌وی هه‌یه، ڕاوه‌ستین و به‌ربه‌ره‌کانی بکه‌ین.
ڕه‌نگه هیچ کام له خه‌نجه‌ره ئایدیۆلۆژیکه‌کانی بۆرژوازیی ئێران به‌قه‌د ئه‌و له‌قه‌به کورته‌ی "میللی"، که به‌شێک له سه‌رمایه‌دارانی وڵات به ناحه‌ق (هیچ نه‌بێ له کامڵ‌بوونی ڕه‌وتی "دهسکۆتاکردن"[٤]، واته له ڕێفۆرمی زه‌ویی ساڵه‌کانی ٦٣ تا ٦٨، به‌م لاوه) خستوویانه‌ته شوێنی خۆیان، بۆ نه‌زۆک و بێئهنجامهێشتنهوهی خه‌باتی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی وڵاتمان کاریگه‌ر نه‌بووبێ. ئه‌م خه‌نجه‌ره‌ی بۆرژوازی هێشتا هه‌ر تا ڕاده‌یه‌ک تیژ ماوه‌ته‌وه و ته‌واو کول نه‌بووه. له سایه‌ی ئه‌م مه‌دالیای شانازییه‌دا سه‌رمایه‌دارانی "میللی" داوا له کرێکارانی شۆڕشگێڕ ده‌که‌ن، که خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تی به‌سه‌ر هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا و هه‌روه‌ها چه‌وسانه‌وه له کارخانه و کۆمپانیاکانیاندا له‌به‌رچاو نه‌گرن، ئه‌وان تووشی ئاکامی خه‌باتی کرێکاران نه‌که‌ن و لێیان خۆش بن. "له‌به‌ر خاتری ئه‌وان" باسی شوورا و سه‌ندیکا و کۆمیته‌ی مانگرتن نه‌که‌ن، کرێی که‌متر وه‌رگرن و زێتر کار بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پیشه‌سازی "میللی" هه‌ستێته‌وه. له مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی‌دا کاتێک که چه‌ند مانگ له‌وه تێپه‌ڕ ببوو که کۆمه‌ڵانی زه‌حمه‌تکیش به خه‌باتی خۆیان گه‌ڵای ڕژێمی پاشایه‌تییان له‌دار کهندبووهوه و به‌ره‌و مه‌رگ ده‌یان برد، سیاسه‌تمه‌دارانی بۆرژوازی "میللی" (که‌سانی وه‌کوو "سه‌نجابی" و "بازرگان" و "سدیقی" و "فرووهه‌ر" و "به‌ختیار") به‌هیوابوون که خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی ئێران له مهشرووتهخوازبوونیان[٥] (که هه‌مان باسی خائینانه‌ی پشتگیری‌کردن له نیزامی پاشایه‌تی و ڕاوه‌ستان به‌رانبه‌ر به گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی بوو) له‌به‌ر خاتری "میللی"بوونیان خۆش بن. له‌و جێگایه‌دا که داموده‌زگای حوکوومه‌تی سه‌رمایه‌ی ئیمپریالیستی به‌رانبه‌ر به په‌لاماری دلێرانه‌ی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان خه‌ریک بوو تێک ده‌ڕووخا و ئیمپریالیزم کون به‌کون به‌شوێن سازشکاراندا ده‌گه‌ڕا که بیانهێنێته مه‌یدان، دیسانه‌وه هه‌ر سه‌رمایه‌داره "میللی"یه‌کان و نوێنه‌ره سیاسییه‌کانی ئه‌وان بوون که له په‌نای ئه‌و قهڵغانهدا که پێشکه‌شیان کرابوو، خه‌ریکی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزم بوون. ئێستاش که هه‌مان سازشکاران چوونه‌ته مه‌قامی "پاراستنی کاتی[٦] قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رمایه‌ی ئیمپریالیستی له ئێران"، دیسانه‌وه هه‌مان له‌قه‌بی گۆڕینی "میللی"یه‌که بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وری خائینانه‌یان هێزیان پێ ده‌به‌خشێ. له‌م سه‌رده‌مه دیاریکراوه‌ی گه‌شه و هه‌ڵدانی خه‌باتی چینایه‌تیدا، ئه‌و خۆشخهیاڵییانهی که سه‌باره‌ت به خه‌سڵه‌تی به‌ناو "میللی و پێشکه‌وتنخواز"ی ده‌وڵه‌ت و بنچینه‌ی چینایه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له مێشکی زهحمهتکێشاندایه، یه‌کێکه له کۆسپه گه‌وره‌کانی هه‌ڵکشانی شۆڕش و سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاریی شۆڕش و بووه‌ته به‌ردی بناغه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی بێ مڵۆزمی کۆنه‌په‌رستی ئیمپریالیستی. به‌م جۆره ڕوون ده‌بێته‌وه که دانی له‌قه‌بی "میللی" به به‌شێک له بۆرژوازی ئێران، له ڕوانگه‌ی گشت بۆرژوازییه‌وه، چه‌ند به‌خششێکی گه‌وره و چه‌نده چه‌کێکی به‌کار ده‌بێ.
به‌ڵام ئایا ئه‌وه به‌شێکی گه‌وره له خودی کرێکارانی شۆڕشگێڕ و پێشڕه‌وانی کۆمۆنیستی ئه‌وان نین که به‌شێک له بۆرژوازیی ئێران به میللی داده‌نێن و له باقی بۆرژوازی جیا ده‌که‌نه‌وه؟ بزانین له بنچینه‌وه بۆرژوازیی میللی له ڕوانگه‌ی مارکسیزم لێنینزمهوه مانای چییه و له‌م سه‌رده‌مه دیاریکراوه له شۆڕشی ئێران‌دا "میللی بوون"ی ئه‌م یان ئه‌و توێژی کۆمه‌ڵ له چ ڕه‌وت و جووڵانه‌وه‌یه‌ک و له چ توانا و لێهاتوویییهکی سیاسی و ئابووریدا خۆ ده‌نوێنێ.
بۆ ئێمه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ڕوونه. بۆرژوازیی میللی و سه‌ربه‌خۆ ته‌نیا ده‌توانێ وه‌کوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چینایه‌تی هه‌بوون و کارکردی (فۆنکسیۆنی) سه‌رمایه‌ی میللی و سه‌ربه‌خۆ بناسرێ. سه‌ربه‌خۆبوونی سه‌رمایه هه‌رگیز مانای ئه‌وه نییه که خاوه‌ندارێتی شێوه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه (پووڵ، ئامراز، کاڵا) سه‌ربه‌خۆ بێ. سه‌ربه‌خۆبوونی سه‌رمایه کاتێک ده‌بێ که "سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌لومه‌رجی سوودبهخشبوونی سه‌رمایه، یانی سه‌ربه‌خۆبوونی په‌یوه‌ندیی چه‌وسانه‌وه" بێ و سه‌رمایه سه‌ربه‌خۆ له ئیمپریالیزم (سه‌رمایه‌ی میللی) ته‌نیا به سه‌رمایه‌یه‌ک ده‌وترێ که هه‌لومه‌رجی سودبهخشبوونی خۆی (واته هه‌لومه‌رجی چه‌وسانه‌وه‌ی کاری کرێگرته) سه‌ربه‌خۆ له ئیمپریالیزم بۆ خۆی دابین بکا و بتوانێ درێژه‌شی پێ بدا. به‌م پێناسه‌یه‌وه، ئه‌وه‌ی که بڵێین سه‌رمایه‌ی میللی و بۆرژوازیی میللی له نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌ی ئێران‌دا هه‌یه، له بنه‌ڕه‌ته‌وه پووچ و بێمانایه. له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه "پێشکه‌وتنخوازی"ی بۆرژوایی ته‌نیا ئه‌و کاته ده‌توانێ له ژێرخانی ئابووریی کۆمه‌ڵدا پایه و بنچینه‌یه‌کی ماددی به‌خۆیه‌وه ببینێ، که دیموکراسی (به مانا بۆرژوایییهکهی) له ڕوانگه‌ی گشت بۆرژوازییه‌وه ته‌ماشا بکرێ. بۆرژوازی ته‌نیا ئه‌و کاته ده‌توانێ (ئه‌ویش تا ڕاده‌یه‌ک ده‌توانێ) له هه‌لومه‌رجی دیموکراتیکدا خاوه‌ن قازانج بێ، که دیکتاتۆری کۆسپی سه‌ر ڕێگای گه‌شه و هه‌ڵدانی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری بێ. به‌م جۆره ڕوون ده‌بێته‌وه که دانانی وشه‌ی "میللی" بۆ به‌شێک له بۆرژوازی ئێران به‌پێی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی کردمان، ئه‌و به‌شه له بۆرژوازی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی ئیمپریالیستی زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵ و به‌سه‌ر سه‌رخانی سیاسییه‌که‌یدا (که دیکتاتۆری ڕووت و ئاشکرایه) ده‌خاته ناته‌بایییه‌وه. له لایه‌کی تره‌وه لایه‌نگرانی بۆرژوازیی "میللی" ده‌بوو به‌پێی مه‌نتیق لێره‌وه ده‌ستپێ بکه‌ن که ئیمپریالیزم و دیکتاتۆری خۆی له‌گه‌ڵ گه‌شه و هه‌ڵدانی سه‌رمایه‌داری ناته‌بایه و بۆرژوازیی "میللی" وه‌کوو ئاڵاهه‌ڵگری گه‌شه‌ی کلاسیکی سه‌رمایه‌داری له ئێران، له سڕینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئابووری و سیاسیی ئیمپریالیزم به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا زور خاوه‌ن قازانجه. له ڕوانگه‌ی خه‌باتکارانه‌وه، به "میللی"دانانی به‌شێک له بۆرژوازی به پێی پێناسه، ئه‌م توێژه ده‌خاته ئۆردووی هێزه‌کانی دژی ئیمپریالیستی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێرانه‌وه و هیچ تێبینی و ئه‌ملا و ئه‌ولایه‌ک سه‌باره‌ت به "ڕاڕابوونی" بۆرژوازیی "میللی" ناتوانێ ئه‌و به‌ره‌نجامه بشارێته‌وه.
که‌وایه باس له‌سه‌ر وشه نییه. "بۆرژوازیی میللی و پێشکه‌وتنخواز "ده‌سته‌واژه‌یه‌که که ناوه‌نده بۆ کۆبوونه‌وه و پێکگه‌یشتنی پێکنه‌ره بنچینه‌ییه‌کانی لێکۆڵینه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئێران. له‌پشت ئه‌و دوو وشه‌ی "میللی" و "پێشکه‌وتنخواز"ه‌وه تێگه‌یشتنێکی دیاریکراو له تایبه‌تییه‌کانی په‌یوه‌ندیی به‌رهه‌مهێنان له ئێران‌دا، پایه ماددییه‌کانی شۆڕشی ئێستا، جیاکردنه‌وه‌ی سنووری هێزه‌کانی شۆڕش و دژ به شۆڕش، ناوه‌ڕۆکی سیاسی و ئابووریی شۆڕش و شێوه‌کاری خه‌باتکارانه‌ی پێویست بۆ به‌دیهێنانی داخوازه شۆڕشگێڕانه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و ... خۆی شاردۆته‌وه. له ئێرانی ئه‌مڕۆدا، ده‌ستپێکردن له‌وه‌وه که مه‌سه‌له‌ی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته به دروستی بخرێته به‌رچاو و ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌واژه‌ی بۆرژوازیی "میللی و پێشکه‌وتنخواز" پووچه‌ڵه، خۆی هه‌ر هه‌نگاوێکه بۆ دنه‌دان و به‌رزکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ئایدیۆلۆژیک دژی ڕوانگه‌ی تێکڕاگهلی و سهرووچینایهتییهکان و بۆ پته‌وکردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئایدیۆلۆژیک و سیاسیی چینی کرێکار له بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی وڵات‌دا. سه‌ره‌تا ده‌بێ هێڵه گشییه‌کان و به‌شه بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌و بۆچوونه لاده‌رانه‌ی که سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی وابه‌سته‌بوون و "بۆرژوازیی میللی و پێشکه‌وتنخواز" ڕه‌واجیان هه‌یه، بخه‌ینه به‌رچاو.
وێنه‌یه‌کی باڵانوین که به‌پێی ئه‌و نیشانانه‌ی لێره و له‌وێ له ئه‌ده‌بییاتی کۆمۆنیستی ئێمه‌دا سه‌باره‌ت به بۆرژوازیی "میللی" به ده‌سته‌وه‌یه و ده‌کرێ بیخه‌ینه به‌رچاو ئاوایه، که "بۆرژوازیی میللی" به‌شێکه له بۆرژوازی که له‌باری ئابوورییه‌وه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی دژی ئیمپریالیستی هه‌یه و له کارکردی ئیمپریالیزم (که هۆی دواکه‌وتنی ئابووریی وڵات و هۆی ناهاوتابوونی بینای ئابووری و گه‌شه‌نه‌کردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵ بووه) ناڕازییه. له مه‌یدانی به‌رهه‌مهێنان و گۆڕینه‌وه‌دا، له‌چاو سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆل و له‌چاو ئه‌وانه‌ی وابه‌سته‌ن به مۆنۆپۆڵهکانهوه، بار و دوخێکی ناله‌باری هه‌یه، تا ئه‌و ڕاده‌یه که هه‌ست به مه‌ترسی بۆ حه‌یاتی ئابووریی خۆی له‌م ململانی نابه‌رابه‌ره‌دا ده‌کا. له باری سیاسییه‌وه له‌گه‌ڵ دیکتاتۆرییه‌ت ناته‌بایه (چ ئه‌م دیکتاتۆرییه‌ته وه‌کوو ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته و ئیمپریالیزم پێناسه بکرێ، وه یان وه‌کوو سه‌رخانی سیاسی بۆ سیسته‌می نیوه فیۆداڵی_ نیوهکۆڵۆنی، یان سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی پێش سه‌رمایه‌داری، یان شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاسایی، یان شتی تر). وه له ئاخرین لێکۆڵینه‌وه‌دا ئه‌م بۆچوونه خوازیاری گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داری به شێوه‌ی کلاسیک و دامه‌زرانی دیموکراسی و کۆماری و په‌ره‌دان به فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی میللی و خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی له ئیمپریالیزمه. سه‌باره‌ت به چینی کرێکار و باقی زه‌حمه‌تکێشان، بۆرژوازیی میللی ئه‌وه‌نده‌ی بۆرژوازیی وابه‌سته، چه‌وسێنه‌ر نییه و به ئینساف تره! له باری خه‌باتی سیاسییه‌وه، ئه‌و توێژه پێشینه‌یه‌کی دوورودرێژی خه‌باتکارانه‌ی دژی ئیمپریالیستی و دژی دیکتاتۆری هه‌یه و ڕابه‌رانی سیاسی‌یان له لایه‌ن ڕژێمی وابه‌سته‌ی حاکمه‌وه، به ڕاده‌ی جۆراوجۆر، سه‌رکوت کراون.
جێگای خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر پێکنه‌ره جۆراوجۆره‌کان و ئه‌و به‌شانه‌ی که ئه‌و وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه له بۆرژوازی "میللی" به‌ده‌ستمانه‌وه ده‌دا، به شێوه‌ی جیاجیا بخه‌ینه به‌ر باس و لێکدانه‌وه[٧].
١) جیاکردنه‌وه‌ی بۆرژوازیی "میللی" له بۆرژوازی وابه‌سته به‌پێی جێگا و ده‌وری ئابووری ئه‌م توێژانه:
ئه‌لیف) وابه‌سته‌بوون، یان وابه‌سته‌نه‌بوونی سه‌رمایه‌دار به‌سه‌رمایه‌ی پوولی ده‌ره‌وه، یان به سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی، وه‌کوو نیشانه‌یه‌کی ناسینه‌وه‌ی بۆرژوازیی "میللی" له بۆرژوازیی وابه‌سته، له‌م فۆرموولبندییهدا سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته، به سه‌رمایه‌دارێک ده‌ڵێن که سه‌رمایه‌ی پوولی خۆی له مۆنۆپۆڵه‌کانی ده‌ره‌وه، یا له بانکه وابه‌سته‌کان به سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵی ده‌ره‌وه، وه یان بانکه ده‌وڵه‌تییه‌کان دابین بکا (ده‌وڵه‌ت وه‌کوو کارگێڕی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌کی داده‌نرێ و ئه‌وه ڕاسته)، بۆرژوازیی میللی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌م به‌شه پێکنهرهی پێناسه‌که‌ی، به‌و توێژه له خاوه‌ن سه‌رمایه‌کان ده‌ڵێن که له ڕاده‌کانی خاوه‌ندارێتی سه‌رمایه‌ی پوولیدا به‌و چه‌شنه وابه‌سته نه‌بێ و خۆی خاوه‌نی سه‌رمایه‌ی پوولی بێ، وه یان له سه‌رچاوه‌ی ئیعتیباری غه‌یره مۆنۆپۆڵی نێوخۆ و تایبه‌تییه‌وه دابینی بکا. دیاره به‌پێی ئه‌م پێکنهرهی پێناسه‌ی بۆرژوازیی "میللی"، وابه‌سته‌بوون و وابه‌سته‌نه‌بوون، ناتوانێ یه‌کجاره‌کی و ڕه‌ها له‌به‌رچاوبگیرێ و ڕاده‌ی جۆراوجۆری وابه‌سته‌بوونی توێژه جۆراوجۆره‌کانی بۆرژوازی به پوول و ئیعتیبار و به سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆری ئیعتیبارییهوه و هه‌روه‌ها گرێدراوبوونی ناچار و بێچاره‌ی داموده‌زگای جۆراوجۆری ئیعتیباری به یه‌کتر و له‌دوا لێکۆڵینه‌وه‌دا وابه‌سته به سه‌رمایه مۆنۆپۆڵه‌کان، پێش به‌وه ده‌گرێ که سنوورێکی ڕوون و جیاکه‌ره‌وه له نێوان توێژه وابه‌سته و ناوابهستهکانی بۆرژوازیدا له‌باری خاوه‌ندارێتی سه‌رمایه‌ی پوولی سه‌ره‌تایییه‌وه بکێشرێ.
ب) جیاکردنه‌وه‌ی بۆرژوازیی "میللی" له بۆرژوازیی وابه‌سته به‌پێی وابه‌سته‌بوونی یا نه‌بوونی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان به سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵی، به‌پێی ئه‌م پێکنه‌ره، بۆرژوازیی وابه‌سته توێژێکه له بۆرژوازی که ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان (واته ئامرازی کار یا که‌ره‌سته‌ی خاو)ی خۆی له ده‌ره‌وی وڵات دابین ده‌کا. به‌م پێیه بۆرژوازیی "میللی" ده‌بێته ئه‌و توێژه له بۆرژوازی که ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی خۆی له نێوخۆی وڵات دابین ده‌کا. بۆ وردتربوونهوه له سه‌ر ئه‌و فۆرموولبه‌ندییه، ده‌کرێ باسی چه‌ند خاڵێک بکه‌ین که لێره‌شدا پێش به‌وه ده‌گرێ که سنوورێکی ڕۆشن و جیاکه‌ره‌وه له‌نێوان توێژه "میللی"یه‌کان و توێژه وابه‌سته‌کانی بۆرژوازیدا بکێشرێ. یه‌که‌م: ئه‌وه‌ی که ئه‌م پێکنه‌ره ته‌نیا سه‌رمایه‌ی پیشه‌سازی که پێویستی به ئامێری به‌رهه‌مهێنانه ده‌گرێته‌وه، وه له بنه‌ڕه‌ته‌وه سه‌رمایه‌ی بازرگانی (که له به‌رهه‌مهێناندا به‌شدار نییه) ده‌نێته لاوه و به‌ناچار کاتێک بهرتهسکبوونی به‌رهه‌مهێنانی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان له ناوخۆدا له‌پێشچاو بگرین، بۆرژوازیی میللی هه‌ر ده‌بێ له به‌شی به‌رهه‌مهێنانی کاڵا ته‌قلیدییه‌کان و کاڵای مه‌سره‌فی سووکدا بمێنێته‌وه. دووه‌م: ئه‌وه‌یه که به‌رهه‌مهێنانی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان له نێوخۆی وڵات‌دا، به‌پێی هه‌ردووک ئه‌و پێکنهرانهی تا ئێستا باسمان کردووه، ده‌کرێ خۆی وابه‌سته‌ی سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵی بێ. سێیه‌م: ئه‌وه‌یه که ئامرازی به‌رهه‌مهێنان به‌پێی چی به سه‌رمایه‌دار ده‌فرۆشرێ (بۆ نموونه، ئایا فرۆشیار به‌رهه‌مه‌که‌ی به پوول ده‌گۆڕێته‌وه؟ یان له کۆمپانیای کڕیاردا به‌شدار ده‌بێ؟ مۆنۆپۆڵی دابینکردنی ئامێره یهدهکییهکان و ته‌عمیرات بۆ خۆی ڕاده‌گرێ؟ یان ناو ...) خۆی پله‌ی جۆربه‌جۆری وابه‌سته‌بوون به‌سه‌ر سه‌رمایه‌دارانی کڕیاری ئامرازی به‌رهه‌مهێناندا ده‌سه‌پێنێ.
ج) بازاڕی فرۆشی به‌رهه‌مه‌کان وه‌کوو نیشانه‌یه‌ک بۆ جیاکردنه‌وه‌ی بۆرژوازیی "میللی" له بۆرژوازی وابه‌سته، دابه‌شکردنی سه‌رمایه‌داران به‌وانه‌ی که کاڵای خۆیان له بازاڕی نێوخۆدا ده‌فرۆشن و ئه‌وانه‌ی که به نیازی فرۆش له بازاڕی ده‌ره‌وه‌دا کاڵا به‌رهه‌م دێنن، وه دانانی به‌شی یه‌که‌م به بۆرژوازیی "میللی" و به‌شی دووه‌م به "بۆرژوازیی وابه‌سته" (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وای دابنێین که ئه‌مه ته‌نیا نیشانه‌یه‌که بۆ جیاکردنه‌وه‌ی توێژه‌کانی بۆرژوازی) خۆی له‌خۆیدا هیچ بایه‌خێکی بۆ لێکۆڵینه‌وه نییه. به‌ڵام ئاماژه‌ی له‌م چه‌شنه له نووسراوی بڕێک له سازمانهکاندا هه‌یه. به‌رهه‌مهێنانی فه‌رش (که نموونه‌ی کلاسیکی پیشه‌سازییه "میللی"یه‌کانه له نووسراوه‌کانی لایه‌نگرانی بۆرژوازیی میللی‌دا) تا ڕاده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر ڕووی له بازاڕه‌کانی ده‌ره‌وه‌یه و به‌شێکی به‌رچاوه له‌و کاڵایانه‌ی که بێجگه له نه‌وت له ئێرانه‌وه بۆ ده‌ره‌وه ده‌نێردرێ، وه له لایه‌کی تره‌وه زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی کارخانه مۆنتاژهکان (ئۆتۆمۆبیل و ئامێره‌کانی ژیانی نێوماڵ و شتی وا) که هه‌مووان له سه‌ر ئه‌وه ساغن که ئه‌وانه پێشه‌سازیی وابه‌سته‌ن، له بازاڕی نێوخۆدا ده‌فرۆشرێن. له بنچینه‌دا هه‌ناردنی کاڵا خۆی یه‌کێکه له مه‌رجه بنچینه‌ییه‌کانی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داریی کلاسیک و وابه‌سته‌بوونی سه‌رمایه جۆراوجۆره‌کان به بازاڕی فرۆشی ده‌ره‌وه، هه‌رگیز مانای وابه‌سته‌بوونی ئه‌و سه‌رمایانه به "ده‌ره‌وه" نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی بازاڕی فرۆش، نه‌ک بۆ جیاکردنه‌وه‌ی توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه و نه‌ک وه‌کوو نیشانه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی بۆرژوازیی وابه‌سته له ناوابه‌سته، به‌ڵکوو وه‌کوو نیشانه‌ی وابه‌سته‌بوونی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رتاپای به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی به بازاڕی ده‌ره‌وه بخرێته به‌رچاو، ده‌توانێ بۆ شکڵ و شێوه‌ی وابه‌سته‌بوونی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و گشت به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی به بازاڕی ده‌ره‌وه بخرێته به‌رچاو، ده‌توانێ له باری ئابوورییه‌وه (بۆ نموونه ئه‌وه‌ی که ئابووری تاکبهرههمه و که‌ره‌سته‌ی خاو بۆ ده‌ره‌وه دنێرێ و به‌ناچار وابه‌سته‌یییه‌کی ته‌واوی هه‌یه به بازاڕی فرۆش و به سه‌روخوارکردنی جۆربه‌جۆری نرخه‌کان له‌م بازاڕه‌دا) بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی یه‌کێک له باره‌کانی وابه‌سته‌بوونی ئابووری به‌کار بێت.
د) بایی مه‌سره‌فی کاڵا وه یان له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، کێبوونی ئه‌وانه‌ی کاڵاکه مه‌سره‌ف ده‌که‌ن وه‌کوو نیشانه‌یه‌ک بۆ جیاکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری "میللی" له وابه‌سته، به‌شبه‌شکردنی سه‌رمایه‌داران به توێژێک که کاڵای به‌که‌ڵک و پێویستی بۆ کۆمه‌ڵ (یان پێویست بۆ زه‌حمه‌تکێشان) به‌رهه‌م دێنێ، وه یان ده‌یفرۆشێ، وه توێژێک که خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی کاڵای بێکه‌ڵک و بن ئه‌مباری "جه‌له‌بی"یه، وه یان کاڵایه‌که که که‌ڵکی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان (و چینی ده‌سه‌ڵاتدار به گشتی) هه‌یه، یه‌کێکی تره له‌و پێکنهرانهی که بۆ جیاکردنه‌وه‌ی بۆرژوازی "میللی" له بۆرژوازیی وابه‌سته باوه، که جارجاره‌ش له ڕاگه‌یاندنی سازمانه سیاسییه‌کان و سازمانه کرێکارییه جۆراوجۆره‌کاندا به‌رچاو ده‌که‌وێ.
٢) وابه‌سته‌بوون وه‌کوو تایبه‌تمه‌ندیی گشت نیزامی به‌رهه‌مهێنان
دابه‌شکردنی بۆرژوازیی ئێران به توێژی "میللی" و توێژی وابه‌سته، له ڕاستیدا هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی ئه‌و ڕوانگه و بۆچوونانه‌یه که بۆ ناساندنی گرێدراوبوونی گشت نیزامی به‌رهه‌مهێنان باون و ڕه‌واجیان هه‌یه. ئه‌و پێناسانه‌ی که له نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته ده‌خرێنه به‌رچاو، زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌وه داندراون که گۆڕانکارییه ئابوورییه‌کانی بۆرژوازی وابه‌سته به شێوه‌یه‌کی میکانیکی ته‌عمیم بدرێ و سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته له ڕاستیدا وه‌کوو "نیزامی به‌رهه‌مهێنانی ژێردهسهڵاتدارهتی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته" ده‌بیندرێ. وابه‌سته‌بوونی پوولیی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته به مۆنۆپۆڵه‌کانی ده‌ره‌وه له‌وه‌دا ده‌نوێندرێ که سه‌رتاپای نیزامی به‌رهه‌مهێنان وابه‌سته‌ی سه‌رچاوه‌ی پوولی و ئیعتیباری ده‌ره‌کییه. وابه‌سته‌بوونی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته به ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی ده‌ره‌کی له وابه‌سته‌بوونی گشت نیزامی ئابووریی ژێرده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان به ته‌کنه‌لۆژی و پیشه‌سازییه قورسه ده‌ره‌کییه‌کاندا ده‌نوێندرێ و پشتبه‌ستنی گشت نیزامی ئابووری به بازاڕه ده‌ره‌کییه‌کانی فرۆشه‌وه، خۆی وه‌ک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و سیاسیی ئه‌و سه‌رمایه‌داره وابه‌ستانه دێته به‌رچاو، که له به‌رهه‌مهێنانی خۆیاندا، بازاڕه ده‌ره‌کییه‌کانیان له‌پێشچاوه نه‌ک پێویستییه‌کانی ناوخۆ. ئه‌م شێوه لێکۆڵینه‌وه‌یه چینبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته سه‌رووی لێکۆڵینه‌وه‌ی ماته‌ریالیستی قانوونه ئابوورییه‌کانی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه‌وه و سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته وه‌کوو نیزامێک دێنێته پێشچاو که هه‌ر ته‌نیا کۆکراوه‌ی میکانیکی ڕه‌وت و جووڵانی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته و به‌س. بۆرژوازیی میللی له‌م چه‌شنه بۆچوونانه‌دا، وانییه که له زه‌مینه‌ی نیزامێکی به‌رهه‌مهێناندا و به‌پێی قانوونه‌کانی ئه‌و نیزامه ده‌چێته پێش، به‌ڵکوو گوایه له ته‌نیشتیدا به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه درێژه به ژیانی ده‌دا و ناچار ده‌بێ، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی خۆشی نه‌ک له کارکردی سه‌رتاپای نیزامی وابه‌سته‌ی ئابووریدا، به‌ڵکوو له دژایه‌تی ئه‌ودا دابین بکا،
٣) وابه‌سته‌یی له ڕوانگه‌ی کارکردی گشتیی ئابووری و ئه‌و کاره‌ی که وابه‌سته‌بوون ده‌یکاته سه‌ر بینای ئابووریی وڵات، وه ڕێبازی "سه‌ربه‌خۆ"ی بۆرژوازیی میللی به‌رانبه‌ر به‌وه، (پێکنه‌ره جۆراوجۆره‌کانی بۆچوونه لاده‌ره‌کان).
ئه‌لیف) "ئه‌نجامی کارکردی ئابووریی وابه‌سته ده‌بێته هۆی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی زێده‌بایی به‌رهه‌مهێنراو له وڵات و سهروخواربوونهوهی بۆ نێو گیرفانی مۆنۆپۆڵه ده‌ره‌کییه‌کان و سه‌رمایه‌ی ئیمپریالیستی". له‌م فۆرموولبهندییهدا بۆرژوازیی میللی (له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ کارکردی نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌دا) وا ده‌خرێته به‌رچاو که گوایه لایه‌نگری ئه‌وه بێ که زێده‌بایی به‌رهه‌مهاتوو ده‌بێ له‌نێو خۆی وڵات‌دا بکرێته سه‌رمایه،
ب) "به‌تاڵانچوونی سه‌رچاوه سرووستییه‌کان به‌ده‌ستی ئیمپریالیزم"، له‌م فۆرموولبهندییهدا بۆرژوازیی "میللی" وه‌کوو لایه‌نگری میللی‌کردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌کان و که‌ڵکوه‌رگرتنی میللی و "عاقڵانه" له‌وانه ده‌ناسرێ.
ج) "ئه‌نجامی وابه‌سته‌بوون، لار و خوار و ناهاوتابوونی بینای ئابووریی وڵاته". به‌پێی ئه‌م فۆرموولبه‌ندییه ده‌سه‌ڵاتداره‌تی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته ده‌کێشرێنه ئه‌وه‌ی که ئابووریی وڵات بۆ به‌رهه‌مهێنان و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کان و که‌ره‌سته‌ی خاو، ئاراسته ده‌بێ و به‌شی به‌رهه‌مهێنانی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له وڵات‌دا گه‌شه ناکا و له جیاتی ئه‌و، سه‌نعه‌ته مۆنتاژهکان و سه‌نعه‌ته کاڵای مه‌سره‌فی و خزمه‌تگوزارییه‌کان په‌ره ده‌ستێنێ، ئیمپریالیزم، به موشه‌خه‌س کشتوکاڵی وڵات له‌به‌ین ده‌با، تاکوو وڵات له‌باری به‌رهه‌مه خۆراکییهکانییهوه وابه‌سته‌ی خۆی بکا. له ئاکامدا ئابووریی وڵات به شێوه‌یه‌کی "هاوئاهه‌نگ" و هه‌مه لایه‌نه گه‌شه ناکا و به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به پیشه‌سازییه قورسه‌کان و پیشه‌سازییه دایکه‌کان له لایه‌که‌وه و کشتوکاڵ له لایه‌کی تره‌وه ئابووری هه‌ر وا وابه‌سته‌ی مۆنۆپۆڵه ده‌ره‌کییه‌کان ده‌مێنێته‌وه، بۆرژوازی "میللی" به‌مپێیه لایه‌نگری گه‌شه‌کردنی "هاوئاهه‌نگ"ی سه‌رمایه‌داری له ئێراندایه و به لایه‌نگری خودبهسبوون (خودکفایی) له باری کشتوکاڵه‌وه و به لایه‌نگری سهنعهتیبوونهوه ده‌ناسرێ. ئه‌م فۆرموولبه‌ندییه له بنچینه‌وه پشتی به‌و خه‌یاڵه به‌ستووه که ئیمپریالیزم له‌گه‌ڵ پیشهسازیبوونهوهی وڵاتی ژێرده‌سته "دژایه‌تی" هه‌یه!
د) ئه‌نجامی وابه‌سته‌بوون ده‌کاته کرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی وڵات بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی کاڵا مه‌سره‌فییه‌کان، هه‌روه‌ها کاڵای جوانکاری، یان کاڵای بنئهمباری ده‌ره‌کی. هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌م جۆره کاڵایانه زیاتر ده‌بێ و ئه‌و به‌هایه‌ی که له فرۆشتنی کاڵای تاقانه‌ی هه‌نارده‌وه (واته، نه‌وت) به‌ده‌ست هاتووه، له وڵات ده‌چێته ده‌ره‌وه. بۆرژوازیی "میللی" له‌م نێوه‌دا ده‌بێته لایه‌نگری پاراستنی هاوتابوونی بازرگانی ده‌ره‌کی و دانانی داهاتی نه‌وت بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵات، دانانی گومرگ بۆ یارمه‌تیدانی به‌رهه‌مهێنانی نێوخۆ و پێش‌گرتن به چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بێجێی به‌های ده‌ره‌کی، گۆڕین و "عاقڵانه"کردنه‌وه‌ی ده‌ستووری مه‌سره‌ف بۆ چینه‌کانی کۆمه‌ڵ و پێش‌گرتن به مۆرکردنی په‌یمانی ئابووریی نابه‌رابه‌ر و فریوکاری ئیمپریالیستی، جگه له‌و فۆرموولبهندییانهی سه‌ره‌وه، که سه‌ره‌ڕای مانه‌وه‌یان له پله‌ی سه‌ره‌تاییترین تیۆرییه ئابوورییه بۆرژوایییهکاندا، هیچ نه‌بێ وابه‌سته‌بوون وه‌کوو په‌یوه‌ندییه‌ک ده‌نوێنن و ده‌ورێکی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی دیاریکراو بۆ بۆرژوازی "میللی" داده‌نێن، هه‌ندێک هاوکێشه‌ی کاڵ و خاوی دیکه‌ش بۆ پێناسه‌ی بۆرژوازی "میللی" هه‌ن وه‌کوو، بهیهکزانینی بۆرژوازی "میللی" و سه‌رمایه‌دارانی بچکۆله و ناوه‌نجی، بازرگانانی بازاڕ، سه‌رمایه‌دارانی به‌شی به‌رهه‌مهێنانی کاڵا ته‌قلیدییه‌کان (پیشه‌سازی ده‌ست و هونه‌ریی، وه یان بیناسازیی و خانووبه‌ره‌سازیی) و شتی له‌م جۆره.
٤) هێڵی گشتیی بیروڕا لاده‌ره‌کان، سه‌باره‌ت به ڕێبازی سیاسی_ ئایدیۆلۆژیکی بۆرژوازیی "میللی"
کاتێک بۆرژوازیی میللی به‌پێی ئه‌و فۆرموولانهی سه‌ره‌وه، له باقی توێژه‌کانی بۆرژوازی جیا کرانه‌وه، ئه‌و کاته ده‌بێ به‌شوێن خه‌سڵه‌ته سیاسی و ئایدیۆلۆژیکهکانیدا بگه‌ڕێن. (هه‌رچه‌ند له واقیعدا به پێچه‌وانه‌یه! له‌ڕاستیدا، هه‌ندێک له هێزه‌کان هێنده به تاسه‌ی باوه‌رهێنان به ئه‌فسانه‌ی بۆرژوازیی لیبراڵن که به په‌له خه‌ریکن تا له بینای ئابووریی وڵات‌دا ڕیشه و پایه‌ی ئابووری بۆ ببیننه‌وه!)
له‌م زه‌مینه‌یه‌شدا فۆرموول و تیۆری که‌م نین. چونکه کاتێک له پله‌ی ئابووریدا "ناته‌بایی بۆرژوازیی میللی له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزم" ڕوون بوه‌وه(!)، ئه‌و کاته ده‌کرێ باسی ڕێبازی سیاسی له خه‌باتدا دژی ئیمپریالیزم بێنیته پێشچاو. ئێمه لێره‌دا ته‌نیا باسی چه‌ند پێکنه‌ری جۆراوجۆر ده‌که‌ین.
ئه‌لیف) بۆرژوازیی میللی وه‌کوو به‌شێک له بۆرژوازی ده‌ناسێندرێ که لایه‌نگری دیموکراسیی بۆرژوایی و کۆماریییه. بنچینه‌ی ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه‌یه، که گوایه دیکتاتۆری وه‌کوو ڕوبینای سیاسیی سه‌پێندراو به‌سه‌ر نیزامی به‌رهه‌مهێناندا، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری له ئێران‌دا هه‌یه و بۆرژوازیی میللی (وه‌کوو توێژێک) به پێچه‌وانه‌ی لایه‌نگرانی دیکتاتۆری (که به فیۆداڵه‌کان و کۆمپرادۆره‌کان و ئیمپریالیسته‌کان و شتی وا داده‌نرێن) به‌شوێن گه‌شه‌کردنی کلاسیکی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌یه له وڵات‌دا، بێگومان و به‌ناچار دامه‌زرانی ڕوبینای سیاسیی سه‌رمایه‌داریی کلاسیک، واته دیموکراسی، پێخۆشه.
ب) بۆرژوازیی "میللی" وه‌کوو به‌شێک له بۆرژوازی داده‌نرێ که لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی سیاسی_ سه‌ربازیی ئێرانه له ئیمپریالیزم و له سیاسه‌ته جیهانییه‌کانی ئیمپریالیزم. به‌م جۆره به‌پێی ئه‌و بۆچوونانه بۆرژوازیی "میللی" له باری حوکوومهتکردنهوه، لایه‌نگری که‌مکردنه‌وه خه‌رج و مه‌خاریجی سه‌ربازی و ملنه‌دان به‌وه‌ی که له ناوچه‌که‌دا ده‌وری پۆلیس بۆ ئیمپریالیسته‌کان بگرێته ئه‌ستۆ و لایه‌نگری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی نیزامی و "ئه‌منییه‌تی" له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپا و هه‌ڵچنینی پایه‌گا سه‌ربازی و جاسووسییهکانی ده‌ره‌وه و شتی وایه.
ج) بۆرژوازیی "میللی" به‌پێی ئه‌م بۆچوونانه، نه‌ک هه‌ر دژی خه‌فه‌قان و دژی سه‌رکوتکردنی دامه‌زراوه دیموکراتیکه‌کان و دژی سه‌رکوتکردنی ئازادییه فهردییهکانه، به‌ڵکوو گه‌شه و هه‌ڵدانی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێ که ئه‌م جۆره ئازادییانه په‌ره بگرێ و به‌رین بێته‌وه.
د) بۆرژوازیی "میللی" دژی بڵاوبوونه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و به‌ها ئیمپریالیستییه‌کانه له وڵات‌دا و پابه‌ندی سونه‌ت و نه‌ریتی میللی و ئایینیی ئێرانه.
ه) بۆرژوازیی "میللی" ئه‌و به‌شه‌یه له بۆرژوازی که پێشینه و نه‌ریت و یادگاره‌کانی خه‌بات بۆ میللی‌کردنی نه‌وتی به‌شوێنه‌وه‌یه. به واتایه‌کی تر، بۆرژوازیی "میللی" پایه‌گای چینایه‌تیی موسه‌دده‌ق و "به‌ره‌ی میللی" و لق و پۆپهکانییهتی.
٥) ده‌سه‌ڵاتداره‌تی و دیکتاتۆری، هێڵه گشتییه‌کانی ڕوانگه لاده‌ره‌کان سه‌باره‌ت به‌هۆی هه‌بوون و دامه‌زرانی دیکتاتۆرییه‌ت له ئێران‌دا،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ریه‌که به چه‌شنێک باسی گه‌شه‌ی "ناکامڵ" و "ناهاوتا" و وابه‌سته و شێواوی سه‌رمایه‌داریی ئێران ده‌که‌ن، خه‌سڵه‌تی دیکتاتۆرییه‌تی حوکوومه‌تیش، که به‌شێکه له سه‌رخانی سیاسیی نیزامی ئابووریی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران‌دا، ناچار به شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌و بۆ چوونانه‌ی سه‌ره‌وه گرێ ده‌درێ.
ئه‌لیف) دیکتاتۆری وه‌کوو سه‌رخانی سیاسیی نیزامی نیوهفیۆداڵ_ نیوهکۆڵۆنی:
ئه‌م لادانه پشتی به‌و تێگه‌یشتنه غه‌یره لێنینیستییه به‌ستووه که گوایه دیموکراسیی بۆرژوازی سه‌رخانی سیاسی پێویسته بۆ نیزامی سه‌رمایه‌داری له هه‌ر کات و شوێنێک و هه‌ر قۆناغێک له گه‌شه و هه‌ڵدانیدا! به‌پێی ئه‌مه هۆی دیکتاتۆرییه‌ت له ئێران‌دا گه‌شه و هه‌ڵدانی ناڕهسا و ناته‌واو و زاڵنه‌بوونی سه‌رمایه‌دارییه له وڵات‌دا. به‌پێی ئه‌م بۆچوونه، مانه‌وه‌ی نیزامی فیۆداڵی به‌ناچار نه‌یهێشتووه سه‌رخانی سیاسی ئه‌و نیزامه‌ش (واته ملهوڕی) له وڵات‌دا له‌نێو بچێ و له چوارچێوه‌ی نیزامێکی به‌رهه‌مهێنانی نیوهفیۆداڵ_ نیوهکۆڵۆنیدا (که گوایه شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تییه له ئێران‌دا)، ملهوڕی سه‌رخانی سیاسییه بۆ یهکگیربوونی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی کۆنه‌په‌رستانه‌ی "فیۆداڵه‌کان" و "ئیمپریالیسته‌کان". دیاره له‌م سیسته‌مه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، بۆرژوازیی "میللی" که گوایه لایه‌نگری گه‌شه‌کردنی کلاسیکی سه‌رمایه‌داری و سڕینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی فیۆداڵی و نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی ئیمپریالیزمه، کۆماریخواز و دیموکرات ده‌خرێنه پێشچاو!
ب) دیکتاتۆری وه‌کوو ئامرازی داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته له ململانێیدا دژی بۆرژوازیی میللی:
ئه‌م فۆرموولبه‌ندییه دان به‌وه‌دا ده‌نێ که نیزامی سه‌رمایه‌داری له ئێران دامه‌زراوه، به‌ڵام وه‌کوو فۆرموولبه‌ندی پێشوو تووشی ئه‌و بۆچوونه نادروسته‌یه، که گوایه سه‌رخانی گونجاو له‌گه‌ڵ نیزامی سه‌رمایه‌داری هه‌ر ده‌بێ دیموکراسیی بۆرژوازی بێ و هۆی دیکتاتۆرییه‌ت به‌ناچار ده‌بێ له گیروگرفت و ناته‌واوی و کۆسپه‌کانی ڕێگای گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری له ئێران‌دا بدۆزێته‌وه. تێهه‌ڵکێشانی ئه‌م بۆچوونه نادروسته له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنێکی میکانیکی له وابه‌سته‌بوون له ئیمپریالیزم، ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که هه‌بوونی دیکتاتۆرییه‌ت له ئێران‌دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی بێشهریکی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته‌یه، نه‌ک خه‌سڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی سه‌رتاپای بۆرژوازی ئێران. به‌پێی ئه‌وه، سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌ڵاتداره‌تی سه‌رمایه به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا (که به‌پێی ئه‌م بۆچوونانه پێویستی به گه‌شه‌ی دیموکراسی بۆرژوایییه)، سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته و ده‌وڵه‌ته‌که‌یان بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له مه‌یدانی ململانێیاندا دژی بۆرژوازی "میللی" و بۆ پاراستنی بازاڕی نێوخۆ و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌کان و کانه‌کانی وڵات بۆ سه‌رمایه ده‌ره‌کی و وابه‌سته‌کان، باقی توێژه‌کانی بۆرژوازی له حوکوومه‌ت وه‌ده‌رده‌نێن و دیکتاتۆرییه‌تی خۆیان داده‌سه‌پێنن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ده‌سه‌ڵاتداره‌تی بۆرژوازی "میللی" له چوارچێوه‌ی نیزامی "سه‌رمایه‌داری سه‌ربه‌خۆ"ی ئێران‌دا، به‌پێی سرووشتی خۆی سه‌رخانێکی دیموکراتیک (به مانای بۆرژوایی وشه‌که)ی ده‌بێ. حوکوومه‌ت، به‌پێی ئه‌م بۆچوونه، ئامرازی داسه‌پاندنی زه‌بروزه‌نگی گشت چینی سه‌رمایه‌دار به‌سه‌ر چینی کرێکار و باقی زه‌حمه‌تکێشاندا نییه و ئۆرگانه‌کانی سیاسیی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی توێژه‌کانی سه‌رمایه نییه و ته‌نیا ئامرازی ئه‌وه‌یه، که توێژێکی بۆرژوازی بکه‌وێته بانده‌ستی توێژێکی تره‌وه[٨]!
هه‌ر وه‌ک وتمان، ئه‌و فۆرموولبه‌ندی و پێناسانه که هێناومانه‌ته‌وه، وشه به‌وشه نه‌قڵ نه‌کراون، به‌ڵکوو له ئیشاره‌ی لێره و له‌وێی گۆڤار و بڵاوکراوه جۆراوجۆره‌کانی سازمانه کۆمۆنیستی و کرێکارییه‌کانی وڵات‌دا، که سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی وابه‌سته‌بوون و دیکتاتۆری و بۆرژوازیی میللی هاتوون، به‌رچاومان که‌وتوون واتاکهیمان وه‌رگرتووه و لێره‌دا هێناومانه‌ته‌وه. ئێمه له گه‌لێک باره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی بۆ نموونه له‌و فۆرموولبهندییانهدا هاتوون، به ته‌واوی هاوده‌نگین، بۆ نموونه، تاکبهرههمبوونی ئابووری وڵات، هه‌وڵدان و گه‌وره‌بوونی به‌په‌له‌ی به‌شی خزمه‌تگوزارییه‌کان و به‌رهه‌مهێنانی کاڵای مه‌سره‌فیی سووک، پشتبه‌ستن به ته‌کنه‌لۆژیی ده‌ره‌کی، دواکه‌وتوویی به‌شی کشتوکاڵ و زۆربوونی هێنانی که‌لوپه‌ل و شتی وا، هه‌موو ئه‌وانه نموونه‌ی ته‌واو دروست و حاشاهه‌ڵنه‌گرن. به‌ڵام قسه له‌وه‌یه که ئه‌و نموونانه چۆن و له چ جێگایه‌کدا ده‌بێ بێنه نێو لێکۆڵینه‌وه‌ی باسی وابه‌سته‌بوونه‌وه. ئه‌م نموونه به‌رچاوانه هی کارکردی نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌ی ئێرانن، نه‌ک به‌شبه‌ش و گۆشهگۆشهی پێناسه‌که‌ی. به‌هیواین گرنگیی ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه، به‌و قسه و باسه‌وه که به‌درێژایی ئه‌م نووسراوانه ده‌یکه‌ین، بۆ خوێنه‌ر ڕوون بێته‌وه. لێره‌دا ته‌نیا به کورتی ئه‌وه ده‌ڵێین، که مارکسیزم نیزامێکی کۆمه‌ڵایه‌تی (وه‌کوو هه‌موو کوللییهتێکی دیکه‌ی ئۆرگانیک) به‌پێی قانوونمه‌ندییه ده‌روونییه‌کانی ئه‌و نیزامه ده‌ناسێ. نه‌ک به‌پێی ئه‌وه‌ی که ئه‌و قانوونمهندییانه له چ شکل و شێوه‌ی کۆنکرێتدا خۆده‌نوێنێ و چۆن ده‌رده‌که‌وێ. بۆ نموونه ئه‌وه‌ی که ئابووریی ئێران به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت کاردابه‌شکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی به خۆیه‌وه گرتووه، هۆ و جه‌وهه‌ری وابه‌سته‌بوونی سه‌رمایه‌داریی ئێران نییه و ئاڵوگۆڕی له‌مه به‌دواوه‌ی ئه‌و کاردابه‌شکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش (وه‌کوو سه‌رهه‌ڵدانی نوێی به‌رهه‌مهێنان) پێویست ناکا مانای ئه‌وه بێ، که په‌یوه‌ندییه وابه‌سته‌کانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری له وڵات‌دا نه‌ماوه. ئه‌و قه‌واره تایبه‌تییه‌ی که کاردابه‌شکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێرانی ئه‌مڕۆدا به‌خۆیه‌وه گرتووه، ئه‌نجامی کارکردی وابه‌سته‌بوونه، به‌ڵام دیاره که جه‌وهه‌ری وابه‌سته‌بوونی سه‌رمایه‌داری له ئێران‌دا، ناکرێ به‌وه ڕوون بکرێته‌وه که شێوازی کاردابه‌شکردن چۆنه. واقیعییاتی کۆنکرێت له هه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا ئه‌و عهینییاتهن (عینة: نموونه)، که لێکۆڵینه‌وه‌که‌مان له‌وانه‌وه ده‌ستپێ ده‌که‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی که به لێکۆڵینه‌وه‌ی پێکنه‌ره جۆراوجۆره‌کانی و دۆزینه‌وه‌ی پێکهێنه‌ره بنچینه‌ییه‌کانی، جارێکی تر هۆی بوونیان وێڕای تایبه‌تییه دیاریکراوه‌کانیان ڕوون بکه‌ینه‌وه. به‌م جۆره "واقعییاتی کۆنکرێتی" وه‌ک تاکبهرههمبوونی ئابووریی ئێران، دواکه‌وتوویی کشتوکاڵ و شتی وا ده‌بێ له لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی وابه‌سته‌بووندا وه‌کوو ئه‌نجامگیری لێکۆڵینه‌وه‌که خۆی ده‌ربخا، نه‌ک وه‌کوو هه‌نگاوی ده‌ستپێکردن، گه‌رچی له ڕاستیدا خاڵی هه‌نگاوهه‌ڵهێنانه‌وه و سه‌رچاوه‌ی تێگه‌یشتنی ئێمه‌ن[٩].
به‌پێی ئه‌وه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته وه‌کوو کۆکردنه‌وه‌ی میکانیکی نموونه‌ی کۆنکرێت بخاته به‌رچاو، بێجگه له ئهمپریزم (ئه‌زموونگه‌ری)ی ساکار، هیچی به‌سه‌ر شێوه لێکۆڵینه‌وه‌ی مارکسیستییه‌وه نییه.
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه ئه‌وه‌یه، که پێکنه‌ری جۆراوجۆر که ئێمه له بۆچوون و پێناسه لاده‌ره‌کان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی گرێدراوبوون هێنامانه‌وه، نه‌ک هه‌ر پێکه‌وه ناته‌با نین، به‌ڵکوو خۆیان له ڕاستیدا وێنه‌ی جۆراوجۆری بۆچوونێکی گشتیی لاده‌رانه له سه‌رمایه و ئیمپریالیزم به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. خستنه به‌رچاوی دروستی مه‌سه‌له‌ی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته و ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندی پێوه‌یه، ده‌بێ له تێگه‌یشتنێکی مارکسیستییه‌وه، له‌و ده‌سته‌واژه‌یه واته، له سه‌رمایه و ئیمپریالیزمه‌وه ده‌ستپێ بکا. له پشت ئه‌و فۆرموولبه‌ندییه ساکارانه‌ی باس کراوه، تێگه‌یشتنی نادرووستی خاوه‌نه‌کانی ئه‌و فۆرموولبهندییانه، له ده‌سته‌واژه‌ی وه‌کوو سه‌رمایه و ئیمپریالیزم، به ئاشکرا به‌رچاوه:
١) له فۆرموولبهندییهکانی سه‌ره‌وه‌دا، له ڕوانگه‌ی غه‌یره مارکسیستییه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌رمایه و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری چوون. سه‌رمایه هه‌تا ڕاده‌ی شکڵ و شێوه‌ی خۆنواندنی سه‌رمایه (پوول و ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و کاڵا) هێنراوه‌ته خواره‌وه و نیزامی سه‌رمایه‌داریش هه‌تا ڕاده‌ی ئابووریی کاڵایی. جه‌وهه‌ری بنچینه‌یی سه‌رمایه، که به‌رانبه‌ربوونه‌وه‌ی کاری کرێگرته و سه‌رمایه‌یه، وه هه‌روه‌ها بنچینه‌ی ئابووریی نیزامی سه‌رمایه‌داری که زاڵبوون و ده‌سه‌ڵاتداره‌تی "په‌یوه‌ندیی سه‌رمایه" به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه، به ته‌واوی له‌بیر براوه‌ته‌وه. ئه‌و وابهستهبوونهی که فۆرمووله‌کانی سه‌ره‌وه باسی ده‌که‌ن، ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی ده‌توانێ وابه‌سته‌بوونه ئابوورییه‌که‌ی کاڵایی (نه‌ک سه‌رمایه‌داری) ڕوون بکاته‌وه. وابه‌سته‌بوونی پوولی هیچکامیان خۆیان له‌خۆیاندا وابه‌سته‌بوونی سه‌رمایه نین، چونکه سه‌رمایه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له چوارچێوه‌ی زانستیی ئابووریی بۆرژوایی واوه‌تر بچین وه به تێگه‌یشتنێکی مارکسیستییه‌وه چاوی لێ بکه‌ین، شتێکه به‌رزتر له مه‌سه‌له‌ی پوول و کاڵا، وه یان ئامرازی به‌رهه‌مهێنان. سه‌رمایه له ڕوانگه‌ی مارکسه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه، که له‌ودا زێده‌بایی به‌رهه‌م دێت و پوول و ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و کاڵای به‌رهه‌مهاتوو، هیچکامیان سه‌رچاوه‌ی زێده‌بایی نین. به‌پێی ئه‌وه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ باسی وابه‌سته‌بوونی سه‌رمایه بکه‌ین، ده‌بێ ئه‌و وابه‌سته‌بوونه به‌ڕاشکاوی له‌سه‌ر بنچینه‌ی وابه‌سته‌بوونی په‌یوه‌ندی سه‌رمایه (واته به‌رانبه‌رکێی کاری کرێگرته و سه‌رمایه یانی، په‌یوه‌ندی چه‌وساندنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی زێده‌بایی) به ئیمپریالیزمه‌وه، ڕوون بکه‌ینه‌وه. به واتایه‌کی تر، پێویسته سه‌ره‌تا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ڕوون بکرێته‌وه که چۆن به‌رهه‌مهێنانی زێده‌بایی له ئێران‌دا به ئیمپریالیزمه‌وه گرێدراوه و پاش تێگه‌یشتن له‌وه_ له خۆمان بپرسینه‌وه که چۆن ئه‌و وابه‌سته‌بوونه ماهییه‌تی سه‌رمایه، شکڵ و شێوه‌ی کۆنکرێتی ئابووریی ده‌وروبه‌رمان ڕوون ده‌کاته‌وه. له لایه‌کی تر له‌بیربردنه‌وه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی کاری کرێگرته و هێنانه‌خواره‌وه‌ی سه‌رمایه تا ڕاده‌ی شکڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆری سه‌رمایه، له هه‌لومه‌رجێکدا که له بناغه‌وه ده‌سته‌واژه‌ی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئه‌ده‌بییاتی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ئێمه ونه، بووه‌ته هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی پێناسه‌ی ئابووریی سه‌رمایه‌داری هه‌تا ڕاده‌ی "ئابووریی کاڵایی"! گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناکاته به‌رهه‌می کۆکردنه‌وه‌ی ماتماتیکی ئه‌و سه‌رمایانه‌ی له وڵات‌دا هه‌ن، به‌ڵکوو ده‌سته‌واژه‌یه‌که که په‌یوه‌ندیی به‌رامبه‌ریه‌کی کاری کرێگرته و سه‌رمایه له کوولی ئابووریدا ده‌گرێته‌وه. به‌م جۆره ناکرێ باسی وابه‌سته‌بوونی نیزامی سه‌رمایه‌داری له ئێران‌دا بکرێت، بێ ئه‌وه‌ی قانوونمه‌ندی ڕه‌وت و پێویستیی گه‌شه و په‌ره‌گرتنی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناته‌بایییه ده‌روونییه‌کانی له‌پێشچاو بگیرێ. په‌یوه‌ندیی به‌رامبه‌ریه‌کی کاری کرێگرته و سه‌رمایه له کوولی ئابووریدا، یه‌که‌م هه‌نگاوی هه‌موو لێکۆڵینه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌که که له مه‌سه‌له‌ی وابه‌سته‌بوونی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری له ئێران‌دا. ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا هه‌ر ته‌نیا وابه‌سته‌بوونی ڕواڵه‌تیی ئابووریی کاڵاییمان ڕوون کردووه‌ته‌وه به‌س!
٢) لادانی بنچینه‌یی دووه‌م، که خۆی له باری تیۆریکه‌وه له لادانی یه‌که‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی تێگه‌یشتنی لێنینی له ئیمپریالیزم. له فۆرموولبهندییهکانی سه‌ره‌وه‌دا، ئیمپریالیزم نه‌ک وه‌کوو نیزامێکی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری، واته سه‌رمایه‌داری له به‌رزترین قۆناغی خۆیدا، به‌ڵکوو وه‌کوو میکانیزمێکی ده‌ره‌وه‌ی سنوور بۆ تاڵانگه‌ری ده‌خرێته به‌رچاو. لێنین به ڕاشکاوی به‌رانبه‌ر به‌و بۆچوونه‌ی کاوتسکی که ئیمپریالیزم تا ڕاده‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته سه‌رمایه‌دارییه پێشکه‌وتووه‌کان دێنێته خواره‌وه، ڕاوه‌ستاوه. دیاره کاتێک سه‌رمایه‌داریی تا ڕاده‌ی به‌رهه‌مهێنانی کاڵایی بێته خواره‌وه، ئیتر بۆچوونی لێنینی سه‌باره‌ت به ئیمپریالیزم جێگای نابێ و ئیمپریالیزم وه‌کوو کۆمه‌ڵێک له پیلانی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی که له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به مه‌به‌ستی "تاڵان"کردنی به‌رهه‌مه‌کانی "ئابووریی کاڵایی" ئێمه ده‌یگێڕن، ده‌خرێته پێشچاو. بۆ نموونه پێناسه‌ی کارکردی ئیمپریالیزم وه‌کوو میکانیزمێکی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی زێدهبایییهک که له وڵات‌دا به‌رهه‌م هاتووه، په‌یوه‌ندیی ئیمپریالیزم هه‌تا ڕاده‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی جوگرافیایی زێده‌بایی، وه یان خاوه‌ندارێتی حوقووقی زێده‌بایی، دێنێته خواره‌وه و له‌بیری ده‌چێته‌وه که ئه‌گه‌ر زێدهبایییهک که به‌هۆی سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵییهوه به‌رهه‌م هاتووه له ئێرانیشدا بمێنێته‌وه، نه‌ک هه‌ر هیچ شتێک له خه‌سڵه‌تی ئیمپریالیستیی به‌رهه‌مهێنان و چه‌وساندنه‌وه ناگۆڕێ، به‌ڵکوو تونتریشی ده‌کاته‌وه. یان تیۆری ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی کاڵای "بنئهمباری" بێجگه له‌وه‌ی که سه‌باره‌ت به "بایی مه‌سره‌فی کاڵا" ده‌کاته یه‌ک و له بنچینه‌وه ئه‌و جیاوازییه ڕاشکاو و بنچینه‌ییه‌ی له‌بیر ده‌باته‌وه که لێنین له‌نێوان ئیمپریالیزم وه‌کوو ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌رمایه له لایه‌که‌وه و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌یه‌کی دیکه‌وه دای ده‌نێ.
به‌م جۆره فۆرمووله‌کانی سه‌ره‌وه، ڕوانگه‌ی نادروستی خۆیان له باره‌ی سه‌رمایه، ده‌کێشنه سه‌ر ئیمپریالیزمیش. له‌م فۆرموولانهدا ئیمپریالیزم (که سه‌رمایه‌داری ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه) نیزامێکی به‌رهه‌مهێنان نییه، یانی کۆمه‌ڵێک له په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رهه‌مهێنان که هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان له‌نێو ده‌روونی خۆیدا بپهروهرێنێ (وه یان له قۆناغێکی دیاریکراودا مه‌یدانی گه‌شه‌کردنیان لێ ته‌نگ بکاته‌وه)، نییه، به‌ڵکوو له بنچینه‌وه نیزامیی تاڵان و وێرانگه‌رییه. ئیمپریالیزم له ڕوانگه‌ی چینی کرێکاره‌وه نابینن که له‌نیزامی ئیمپریالیستیدا خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانه و له په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رهه‌مهێناندا خه‌ریکه ده‌چه‌وسێته‌وه، به‌ڵکوو له ڕوانگه‌ی توێژه ناوه‌نجییه‌کانی بۆرژوازییه‌وه که له‌سه‌ر دابه‌شکردنی به‌رهه‌می ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه ململانێیه‌کی بێ ئه‌نجامیان له‌گه‌ڵ مۆنۆپۆڵدا هه‌یه، ده‌ی بینن و تێی ده‌گه‌ن. ئاخر ئه‌وه ڕێک بار و دۆخی به‌رهه‌مهێنانه که ئیمپریالیستییه و باندهستبوونی مۆنۆپۆڵه‌کان به‌سه‌ر سه‌رمایه غه‌یره مۆنۆپۆڵهکاندا له چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی گشت زێده‌بایی به‌رهه‌مهێنراو، له هه‌لومه‌رجێکدایه که مۆنۆپۆڵه‌کان به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێناندا زاڵن و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریدا هه‌یه. که‌وایه سه‌باره‌ت به پێکنه‌ری دووه‌می پێناسه‌ی وابه‌سته‌بوون، یانی ئیمپریالیزم، دیسان ده‌بێ له په‌یوه‌ندی به‌رامبه‌ریه‌کی کاری کرێگرته و سه‌رمایه‌وه، وه له بار و دۆخی ئیمپریالیستیی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه ده‌ستپێ بکه‌ین و پاشان (وه دروست ئه‌و وه‌خته) بچینه سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه که چۆن هه‌بوون، به‌رده‌وامبوون و هێشتنه‌وه‌ی بار و دۆخی ئیمپریالیستیی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی کرێکار، چه‌ند مهوازینێکی دیاریکراویشی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی به‌رامبه‌ریه‌کی توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه و بۆرژوازیدا سه‌پاندووه. ته‌نیا پاش تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندی نێوان کار و سه‌رمایه، له سه‌رده‌می ئیمپریالیزم له وڵاتی ژێردهستهدایه که ده‌توانین په‌یوه‌ندی به‌رامبه‌ریه‌کی ته‌کنه‌لۆژیک، پوولی، ئیعتیباری، بازاڕی، وه هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی سیاسی_ ئایدیۆلۆژیکی نێوان توێژه جۆراوجۆره‌کانی بۆرژوازی ڕوون بکه‌ینه‌وه و له‌و په‌یوه‌ندییانه به قازانجی چینی کرێکار له شۆڕشدا که‌ڵک وه‌ربگرین.
بۆ خستنه‌ڕووی دروستی مه‌سه‌له‌ی وابه‌سته‌بوون و به‌ده‌ستهێنانی هه‌ڵوێستی سیاسیی شۆڕشگێڕانه به‌و پێیه، ده‌بێ له ناسینێکی دروست سه‌باره‌ت به سه‌رمایه و ئیمپریالیزمه‌وه ده‌ستپێ بکه‌ین. سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته، سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌می ئیمپریالیزم له وڵاتی ژێردهستهدایه. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه که یه‌که‌م، له‌م نیزامه‌دا به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان به‌گشتی له چوارچێوه‌ی گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێ. دووه‌م، ڕه‌وتی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له وڵات‌دا له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێویستییه جیهانییه‌کانی سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵدا، به له‌به‌رچاوگرتنی دابه‌شبوونی ئاشکرای جیهان به وڵاته ئیمپریالیستییه ژێرده‌سته‌کان، له پله‌ی ئابووری و سیاسی‌دا قه‌واره ده‌گرێ. به‌م جۆره کاتێک باسی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته ده‌که‌ین، باسی شێوه به‌رهه‌مهێنانێک ده‌که‌ین که دامه‌زرانی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می ئیمپریالیزم له وڵاتی ژێرده‌سته‌دا به‌شوێن خۆیدا هێناوه[١٠]. که‌وایه پێش هه‌موو شتێک قسه له وابه‌سته‌بوونی نیزامێکی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمه، نه‌ک وابه‌سته‌بوونی میکانیکی و ڕواڵه‌تی به‌شبه‌شی ئه‌و نیزامه. ئه‌م خاڵه ده‌بێ بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که باسی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته ده‌که‌ن ڕوونبێته‌وه که بۆچی ده‌ڵێین سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته و ناڵێین " ئابووریی ژێرده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌دارانی وابه‌سته".
هه‌ر وه‌ک وتمان له ڕوانگه‌ی مارکسیزمه‌وه نیزامێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، پێش هه‌موو شتێک به قانوونمه‌ندیی ده‌روونی ڕه‌وتی خۆی دیاری ده‌کرێ و ئێمه له لێکدانه‌وه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته‌دا ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک له باسی وابه‌سته‌بوونی قانوونمه‌ندییه ئابوورییه‌که‌ی ڕه‌وتی ئه‌م نیزامه به ئیمپریالیزمه‌وه و له باسی یه‌ککه‌وتنی قانوونه‌کانی ڕه‌وتی گشتیی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران له‌گه‌ڵ قانوونه‌کانی ڕه‌وتی سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵییهوه ده‌ستپێ بکه‌ین و پاش تێگه‌یشتن له وابه‌سته‌بوون له‌م پله‌یه‌دا ئه‌مجار بچینه سه‌ر باسی چۆنیه‌تی په‌ره‌گرتنی هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان و باسی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان چینه ئه‌سڵییه‌کانی کۆمه‌ڵ و چۆنیه‌تی دابه‌شبوونی گشت زێده‌بایی له‌نێوان توێژه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه‌دا و توێژتوێژبوونهوهی نێوخۆی بۆرژوازی و توانا و لێهاتوویی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و توێژانه. بێگومان ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه نه‌ک هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه نووسراوانه‌دا ناگونجێ، به‌ڵکوو له بناغه‌وه له توانای تیۆریک و لێکۆڵینه‌وه‌ی گروپێکی بچووکی کۆمۆنیستی[١١]دا که ئیمکاناتیان به‌رته‌سکه ناگونجێ. ئه‌مه ئه‌رکێکه که له لێکدانه‌وه‌ی ئاخردا ته‌ماشای بکه‌ی به‌سه‌رشانی هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستیی وڵاته‌وه‌یه. ئه‌و ئه‌رکه‌ی که ئێمه له‌م نامیلکه‌یه‌دا ناومانهته به‌رانبه‌ری خۆمان، خستنه‌ڕووی ئوسووڵیی مه‌سه‌له‌ی وابه‌سته‌بوون و به‌ده‌ستهێنانی به‌رهه‌می سیاسیی گشتییه سه‌باره‌ت به توانا و لێهاتوویی (وه یان بێتوانایی و لێنه‌هاتوویی) دیاریکراوی سیاسیی توێژه جۆراوجۆره‌کانی بۆرژوازی له ئێران‌دا.
چوارچێوه‌ی گشتی لادانه باوه‌کان خۆی یه‌که‌م هه‌نگاوی لێکدانه‌وه‌که‌ی ئێمه دیاری ده‌کا. "به‌شی ئه‌فسانه‌ی بۆرژوازیی میللی و پێشکه‌وتنخواز" به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی پایه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تێگه‌یشتنی مارکسیستیی لێنینیستی له سه‌رمایه. نیزامی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم ده‌ستپێ ده‌کا. نیازی ئێمه له‌م به‌شه‌دا دووباره‌کردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه و پێناسه پایهیییهکانی مارکسیزم له چه‌شنی چه‌وساندنه‌وه، زێده‌بایی، هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ... نابێ، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمان توێژینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی گشتی ئه‌و لادانه‌یه که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ کردووه. بۆ ئه‌م به‌شه کتێبی کاپیتاڵ (هه‌ر سێ به‌رگه‌که‌ی) و بهشبهشێک له "تیۆرییه‌کانی زێده‌بایی" (به‌رگی یه‌که‌م، به‌شی کاری به‌رهه‌مهێنه‌ر و بهرههمنههێنهر)، "فۆرماسیۆنهکانی ئابووریی پێش سه‌رمایه‌داری" ، "گرۆندریسه" له مارکسه‌وه و "خهسڵهتنوێنی ڕۆمانتیزمی ئابووری" و "په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری له ڕووسیا" و "ئیمپریالیزم وه‌کوو به‌رزترین قۆناغی سه‌رمایه‌داری" و "کاریکاتۆری مارکسیزم و ئیکۆنۆمیزمی ئیمپریالیستی" و "ئیمپریالیزم و له‌تبوون له سۆسیالیزمدا" له لێنینه‌وه، وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی تیۆریک ده‌گرینه به‌رچاو. پاش خستنه ڕووی مه‌سه‌له پایهیییهکان، ده‌چینه سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی مێژوویی دامه‌زران و هه‌لومه‌رجی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته له ئێران‌دا. سه‌رچاوه‌ی که‌ڵک لێوه‌رگیراو بۆ ئه‌م به‌شه له کۆتایی نامیلکه‌که‌ی تردا ده‌ناسێنین. ئه‌وه‌ی له‌م به‌شه‌دا لێی ده‌کۆڵینه‌وه، ڕوونکردنه‌وه‌ی قانوونه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ڕه‌وتی گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له وڵات‌دا ده‌بێ و مه‌سه‌له‌ی توێتوێبوونهوهی ده‌روونیی بۆرژوازیی ئێران و ڕه‌خنه‌گری له یۆتۆپیای سه‌رمایه‌داریی سه‌ربه‌خۆ و دیموکرات. ڕه‌خنه‌گری له به‌شبه‌شی پێناسه و بۆچوونه لاده‌ره‌کان که هێڵه گشتییهکانیمان له‌م سه‌ره‌تایه‌دا باس لێ کرد، له‌م به‌شه‌دا ده‌یخه‌ینه به‌رچاو. پاش خستنه‌ڕووی مه‌سه‌له ئابوورییه‌کان، ده‌چینه سه‌ر باسی ڕۆڵی بۆرژوازیی لیبراڵ له‌م شۆڕشه‌ی ئێستادا و به ڕاشکاوی و به به‌ڵگه‌هێنانه‌وه، ئه‌و خۆشخهیاڵییانهی که سه‌باره‌ت به ده‌وری سیاسی ئه‌م توێژه لای هه‌ندێک له هێزه شۆڕشگێڕه‌کان هه‌یه، ده‌خه‌ینه به‌رچاو. ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م به‌شه که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرین، زۆرتر نووسراوه‌کانی لێنین سه‌باره‌ت به ده‌وری بۆرژوازی له شۆڕشه‌کانی ١٩٠٥ و ١٩١٧دا ده‌بێ و هه‌روه‌ها نووسراوه و وتاره‌کانی ڕابه‌رانی سیاسیی بۆرژوازیی لیبراڵ له ئێران و هه‌ڵوێسته‌کانی سازمانه کۆمۆنیستییه‌کانی وڵاتمان به‌رانبه‌ر به ڕه‌وتی ئابووری و سیاسیی بۆرژوازیی به‌ناو میللی و ڕابه‌رانی سیاسیی ئه‌و، ده‌خه‌ینه به‌رچاو. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که له ئێستاوه به‌ڕوونی لێمان مه‌علووم نییه که چه‌ند نامیلکهمان بۆ به‌شی "ئه‌فسانه ... " ده‌بێ و ناونیشانیان چی ده‌بێ. هیوادارین که بتوانین له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی نامیلکه‌ی دووه‌مدا، که به مه‌سه‌له‌گه‌لی تیۆریکی گشتی تایبه‌ته، سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی دابه‌شکردن و مێژووی بڵاوبوونه‌وه و سه‌رچاوه‌ی که‌ڵک لێوه‌رگیراو بۆ هه‌ر نامیلکه‌یه‌ک زیاتر هاوڕێیان ئاگادار بکه‌ین.
په‌راوێزه‌کان:
[١]
هه‌رچه‌نده، ڕووداوه سیاسییه‌کانی ئه‌م یه‌کساڵه‌ی دوایی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر خه‌رمانه‌ی موباره‌کی له نێوچاوانی بۆرژوازیی لیبراڵ سڕیوه‌ته‌وه، که له سایه‌ی لادانه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستییه‌وه هه‌ی بوو، گۆشه‌یه‌ک له واقیعییه‌تی ناشیرین و وابه‌سته‌بوونی به ئیمپریالیزمه‌وه و ملهوڕبوونی ئه‌وی به ئاشکرا ده‌رخستووه، به‌ڵام بێگومان ئه‌وه مانای تێکشکانی بۆچوون و بیروباوه‌ڕی تێکڕا گه‌لی و مه‌نشه‌ڤیکی (که باوه‌ڕ و متمانه‌کردن به بۆرژوازی توێژه لیبراڵه‌کانی ته‌نیا ڕهنگدانهوهیهکێتی) نییه و پێش به‌وه ناگرێ که ئه‌و بۆچوون و بیروباوه‌ڕه له دواڕۆژدا سه‌ر هه‌ڵداته‌وه.
[٢]
مانگی ئاخری پایز (٢٢ ی تشرین تا ٢١ کانوون) مه‌به‌ست ئاخری پایزی ٧٩ بووه.
[٣]
ئه‌وانه‌ی وتمان هه‌رگیز به مانای لێکۆڵینه‌وه‌ی هۆی لادانه تیۆریکه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی ئێران نییه. ئێمه هه‌ر ته‌نیا یه‌کێک له پێکنه‌ره تیۆریکه‌کانی ئه‌و لادانانهمان خسته به‌رچاو. به هه‌ندێک سه‌رنجدان ده‌کرێ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیروڕای لاده‌رانه‌ی نووسه‌ری چهپنوێنی وه‌ک "پۆل سوئیزی"، "پۆل باران" مۆریس داب"، " فرانک" و ... له ئه‌ده‌بییاتی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی ئێران‌دا به تایبه‌ت له‌سه‌ر باسی ئیمپریالیزم و ئابووریی ژێرده‌سته بدۆزیته‌وه.
[٤]
مه‌به‌ست دهسکۆتابوونی زه‌حمه‌تکێشانی دێهاته له زه‌وی و بوونیانه به فرۆشیاری هێزی کار.
[٥]
مه‌شرووته، نیزامی پارله‌مانی به ڕاگرتنی پاشایه‌تییه‌وه.
[٦]
مه‌به‌ست ده‌وڵه‌تی کاتییه که ئه‌و کاته به سه‌رۆکایه‌تی بازرگان پێک هاتبوو. و.
[٧]
گه‌لێک نموونه له‌و فۆرموولبهندییانهی که باسی ده‌که‌ین له نووسراوه‌کانی زۆربه‌ی سازمانه کۆمۆنیستییه‌کاندا هه‌ن. ئێمه له‌م کورته باسه‌دا باسی نووسراوی سازمان، یان گروپێکی دیاریکراو ناکه‌ین و ئه‌وه دێڵینه‌وه بۆ نامیلکه‌کانی دوایی و پاش خستنه به‌رچاوی مه‌سه‌له پایهیییهکان، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که ئه‌و تێبینییانهی که ئێمه لێره له‌سه‌ر هه‌ر فۆرموولبهندییهک باسی ده‌که‌ین، ته‌نیا بۆ وردکردنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و فۆرموولانهیه، نه‌ک بۆ ڕه‌خنه‌گری له‌وانه. ئه‌و ڕه‌خنه بنچینه‌یییانه و ئه‌و تێکه‌ڵاوکردنه تیۆریکانه‌ی که له‌م جۆره پێناسانه‌دا شاردراوه‌ته‌وه، له نامیلکه‌کانی دواییدا، به وردی و به دوورودریژی ده‌خه‌ینه به‌ر لێکۆڵینه‌وه.
[٨]
به‌م پێیه هه‌ردوو بۆچوونه‌که‌ی سه‌ره‌وه، واته چ ئه‌وانه‌ی باسی نیزامی نیوهفیۆداڵ_ نیوهکۆڵۆنی ده‌که‌ن و چ ئه‌وانه‌ی که نیزامی به‌رهه‌مهێنانی زاڵ له ئێران‌دا به سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته ده‌زانن به‌ڵام تێگه‌یشتنێکی غه‌یره مارکسیستی و غه‌یره لێنینییان لێی هه‌یه، له کرده‌وه‌دا له باری هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌وری توێژێکی دیاریکراو له بۆرژوازی ئێران له‌م شۆڕشه‌ی ئێستادا، که هه‌ردووکیان پێی ده‌ڵێن "بۆرژوازیی میللی" ئه‌گه‌نه یه‌ک شت و به‌ناچار سیاسه‌ت و تاکتیکی چۆنیه‌ک، به‌رانبه‌ر به‌و ده‌گرنه پێش. ئێمه له‌م زنجیره نامیلکانه‌دا، بۆچوونی یه‌که‌م، واته ئه‌وانه‌ی که حاشا له‌وه ده‌که‌ن که نیزامی سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران‌دا زاڵه واته، لایه‌نگرانی تێزی نیوهفیۆداڵ_ نیوهکۆڵۆنی نادوێنین! قسه و باسی ئێمه له‌م نامیلکانه‌دا زۆرتر له‌سه‌ر په‌رده‌لادان له‌سه‌ر تێکه‌ڵاوکردنه تیۆریکهکهی به‌شی دووه‌م (که هیچ نه‌بێ به ڕواڵه‌ت له ئێمه نزیکترن) ده‌ڕوا، هۆی ئه‌وه‌ی که له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئێمه ئه‌م شێوه‌یه ده‌گرینه پێش ئه‌وه‌یه، که لایه‌نگرانی تێزی نیوهفیۆداڵ_ نیوهکۆڵۆنی، له‌چاو بۆچوونی دووه‌م پله‌یه‌ک له تێگه‌یشتنی بار و دۆخی کۆنکرێتی ئێران دوورترن. گیروگرفتی زیاتری ئه‌م به‌شه که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوه لێکۆڵینه‌وه‌ی نا‌مارکسیستی ئه‌وه‌یه، که نموونه بۆ خۆیان داده‌نێن و لاسایی ئه‌زموونی وڵاتی دیکه ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مڕۆ ئه‌وه گرنگ نییه که ئه‌وان له سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری به باشی تێنه‌گیشتوون، وه یان ژماره و ئاماری ئابووری ته‌واو کامڵیان بۆ تێگه‌یشتن له پایهییترین نیشانه‌کانی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان له ئێران به‌ده‌سته‌وه نییه. باسکردنی ئه‌و لادانه، به شێوه‌ی ئوسووڵی ته‌نیا کاتێک ده‌ست ده‌دا که بۆچوونی فیکری دووه‌م واته، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به هه‌بوونی نیزامی سه‌رمایه‌داریی وابه‌سته له ئێران‌دا هه‌یه، به‌هۆی به‌ده‌سته‌وه‌دانی لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕوونی تیۆریک و به‌ڵگه‌دار، ئه‌و تێکه‌ڵ و پێکهڵییه فیکرییه‌ی که هه‌یانه لایبه‌رن و به تێگه‌یشتنێکی مارکسیستی_ لێنینیستی له ده‌سته‌واژه‌ی ئابووری و سیاسی و ئه‌و ڕاستییانه‌وه که هه‌ن، به‌ره‌و ڕووی بۆچوونی یه‌که‌م ببنه‌وه.
[٩]
مارکس، "میتۆدی ئابووریی سیاسی"، گروندریسه (له چاپی ئینگلیزی) لاپه‌ڕه‌ی ١١٠.
[١٠]
ئێمه هه‌لومه‌رجی دامه‌زرانی سه‌رمایه‌داری به گشتی و خه‌سڵه‌تی ئیمپریالیستی ئه‌و پرۆسه‌یه له ئێران‌دا له نامیلکه‌کانی دواییدا به وردی لێک ده‌ده‌ینه‌وه.
[١١]
مه‌به‌ستی گروپی "سه هه‌ند"ه له‌و سه‌رده‌مه‌دا/ و.
وه‌رگێڕانی: ڕێبواری شاعیر
تایپکردنه‌وه‌ی: ئامانج ئه‌مین
Kurdish translation: Rebwar Sha'ir
hekmat.public-archive.net #0110ku.html
|